نووسینی: بورھان شێخ رەئوف
لە کاتێکدا ململانێ و ناکۆکیەکان گەلێک فراوان بووە لە نێوان ھێزە سیایە سەرەکیەکانی ھەرێمی کوردستان لە سەر شێوازی حوکمڕانی و پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان , ھەرێم لە بەردەم گەلێک کێشەو قەیرانی جدیدایە لەوانە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و دەرھاویشتەکانی کە سەرلەبەری جومگەکانی حوکمڕانی لە ھەرێمدا نزیک بە ئیفلیج بوون خستۆتەوە .
جگە لە ھەڵگیرسانی شەڕلە باکووری کوردستان و ھەرەسھێنانی ئاگربەس لە نێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و سوپای تورکیا و کاردانەوەی ئەو کێشەش بۆسەر ھەرێم و سنوربەزاندنی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر قەندیل .
ھەرچەندە ئەنجومەنی شورای ھەرێم بە بڕیارێک لە ١٧ / ئاب /٢٠١٥ ولایەتی سەرۆکی ھەرێمی درێژ کردۆتەوە بە ھەموو دەسەڵاتەکانیەوە بۆ ماوەی دووساڵ بەڵام ئەم بڕیارەش نەیتوانی ململانێ و ناکۆکیەکان بپوکێنێتەوە و بگرە ناکۆکیەکانیشی قووڵتر کردەوە و لایەنە سەرەکیەکانی بە سەر دوو بەرەدا بەشکرد لایەکیان ئەو بڕیارە بە ناڕەواو نایاسیی لە قەڵەم دەدەن و لایەکەی تریش بە ڕەوای دەزانن کە لە حاڵەتی درێژە کێشانی ئەم ململانێ و ناکۆکیانەدا پێدەچێت ھەرێم بەرەودۆخێکی بۆشایی یاسایی بەرێت کە نیگەرانی زۆری لێبکەوێتەوە لەوانە :-
١. ڕەخساندنی ھەلی زیاتر بۆ داعش و ھێزە تیرۆریستەکانی تر بۆ نەشونما و گەشەکردن و پەلھاویشتن لە کاتێکدا لە یەک ساڵی ڕابردوودا ھێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵێکی باڵاو گرنگیان بینی لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا ,
٢.ڕەخساندنی بواری زیاتر بۆ وڵاتانی ئیقلیمی بۆ دەستێوەردانی زیاتر لە کاروباری ھەرێم و سەپاندنی ھەژموون وبۆچوون و بەرژەوەندیەکانی خۆیان بە سەر ھەرێمدا ,
ھەموو ئەوانەو ھەرچەندە لە ماوەی ڕابردوودا زۆر خاڵی ناکۆکی و بۆچوونی جیاواز لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمدا ھەبوو کە کارێکی سروشتی وئاسایی و تەندروستیش بوو سەبارەت بە پەیوەندی لە گەڵ ناوەند و مەسەلەی باکوورو ڕۆژئاوای کوردستان و زۆر کەیس گرنگی تر بەڵام ھیچیان وەکو ئەم قەیرانەی سەرۆکایەتی کاریگەری خراپیان لە سەر ڕەوشی ھەرێم نەکرد کە ھەموو دامودەزگا فەرمیەکانی پەرلەمان و حکومەت و جومگە گرنگەکانی تر ی گرتۆتەوە لە حاڵەتی درێژە کێشانی ناکۆکیەکان زیاتر قووڵ دەکاتەوە و چارەسەرکردنیان ئاسان نابێت و ھەموو ئەو ئومێدو ئاواتە دێرینانەی کورد کە ساڵانێکی زۆرە قوربانی بۆ دەدات بۆ پێکھێنانی قەوارەیەکی سەربەخۆ بە تایبەتی دوای ئەو گۆڕانکایە گرنگانەی بەسەر ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناویندا ھاتوون و شەڕی داعش لەبەر ئەو ڕۆڵە کاریگەرەی کورد لە باشوورو رۆژئاوا گێڕای لە بار دەبات و شکستێکی گەورەی ئەزموونی حوکمڕانی کوردی و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتە و دۆستەکانی مەسەلەی ڕەوای کورد نیگەران و دوژمنەکانیشی دڵشاد دەکەن .