سەدیق سەعید ڕواندزی
کارەکتەر، بە یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی بینای ھونەری دەقی چیڕۆک دادەنرێت. کە ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەبینێت لە وازیکردنی ڕووداوەکاندا. کارەکتەر چ وەک گێڕەڕەوی ڕووداوەکان، واتە لە یەک کاتدا ھەم پاڵەوانی ڕووداوەکان و ھەمیش گێڕەڕەوەی ڕووداوەکان وەک کەسی یەکەمی تاک، یاخود تەنھا بە ڕۆڵبینینی بێت لە ڕووداوەکان و بگێڕەوە نووسەر بێت، لە ھەردوو کاتدا بایەخی خۆی ھەیە. ھیچ دەقێکی چیڕۆک و ڕۆمان نییە، کەسایەتی وەک ڕەگەزێکی دەق، یەکێک لە پێکھێنەرە سەرەکییەکانی نەبێت. لە چیڕۆکی (پەنجە مۆری تەنیایی) دا، کارەکتەری چیڕۆکەکە، ڕۆڵێکی سەرەکی و بنەڕەتی لە بینای ھونەری چیڕۆکەکە ھەیە و فەزای چیڕۆکەکە، باسکردنە لەو کارەکتەرە کە ناوی (کانیاوە) وە و لە میانەی دیالۆگی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکدا، باسی خۆیمان بۆ دەکات. کارەکتەری چیڕۆکەکە، کەسێکی ئاسایی نییە، بەڵکو لە سەرەتاوە ھەوڵدەدات ئەو نۆڕمە کۆمەڵایەتی و ئایینی و پەروەردەییانە تێک بشکێنێت، کە ڕەنگ ڕێژی ئەو کۆمەڵگەیە دەکەن، کە تیایدا دەژیت. بۆیەشە لە بارێکی دەروونی ئاڵۆزدایە و بە وردبوونەوەمان بۆ ڕەفتار و شێوەی قسەکردن و جوڵانەوەی ، درک بەوە دەکەین کە کارەکتەری چیڕۆکەکە، چیڕۆکێکی تایبەتی خۆی ھەیە، کە لە ھی ھیچ کەسێک ناچێت . کانیاو، نازناوی دایکی وەک شوناسێک لە بری باوک بۆ ناساندنی خۆی، بە کار ھێناوە، واتا ئەگەر مرۆڤەکان لە ڕێگەی باوکییانەوە بناسرێنەوە، بەو مانایەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، دەبێ ھەمووان باوکێکی ڕاستەقینەیان ھەبێت، بۆ ئەوەی وەک زۆڵێک لە تێڕوانینی ئەوانی دیکەوە نەناسرێن، ئەوا کانیاو باوکی دیار نییە و تەنھا دایکی ھەیە. بە دیارنەبوونی باوکیشی، واتا ئەو کوڕی ڕاستەقینەی باوکێک نییە و دەشێ دایکی لە پەیوەندییەکی سێکسی و ناشەرعیدا، کانیاوی ھێنابێتە دنیاوە. بۆیە ئەویش ھەست دەکات کەسێکی جیاوازە لەوانیتر و دەشێ ئەو جیاوازییە، بە مەرگی خۆشی تەواو بێت. بەڵام پرسیاری ئەوە دەکات، بۆ نابێت کەسێک بە دایکییەوە لە بری باوکی بناسرێتەوە ؟ جیاوازی چییە دایک یان باوک بێت؟ مەگەر منداڵ زادەی ھەردووکییان نییە؟ ئەمەش سەرەتای ھەڵگێڕانەوە و تێکشکاندنی ئەو نۆڕمە ئایینی و پەروەردەییانەیە، کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، وەک خاسیەتێکی کۆمەڵایەتی و کەسی بۆ ناسینەوەی کەسەکان دەبێتە شوناس. کانیاو، دەزانێت جیاواز و تایبەت لەوانی دیکە بیردەکاتەوە و دنیا دەبینێت، بۆیە ھەر لە سەرەتاوە ئەو جیاوازییەی خۆی، بە ترس و دڵەڕاوکێ و دوو دڵیەکی زۆرەوە دەناسێنێت (من ناوم کانیاوە، تەمەنم سی و چوار ساڵە، کانیاوی باجی سەبری، تەمەنم سی وچوار ساڵ و شتێکە، ناوی سیانیم لە جیاتی ئەوەی باوکم بێت دایکمە. نا وا مەزانن ئەمە ڕستەیەکە زۆر سادە لە دەمم دێتە دەرەوە) گەر سەرنج بدەین، دەبینین کانیاو لە میانەی خۆناساندنی لە بەردەم کامێرادا، دوو جار تەمەنی خۆی دەناسێنێ، بەڵام بە دوو شێوەی جیاواز. بە بڕوای من، ئەم جۆرە لە دوودڵی و گومانە لە ناساندنی ناسنامەی خۆی، ڕەنگدانەوەی ئەو بارە دەروونیەیە، کە کانیاو تیایدا دەژیت و مەبەستیەتی لە دەرەوەی ستایلی ئاسایی ژیانی ئەوانیتر، جیاواز بژیت، چ لە ڕووی ناونانەوە، چ لە ڕووی ناساندنی لە ڕێگەی دایکیەوە نەک باوک. بێگومان ھەموومان دەزانین لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، منداڵ لە ڕێگەی باوکییەوە دەناسرێتەوە و بەبێ شوناسی باوک، گومان لە بوونی ڕاستەقینە و ڕەوای کەسەکان ھەیە، چونکە کۆمەڵگەی ئێمە، بە ھۆی ئەو پاشخانە ئایینی و کولتوورییەی ھەیەتی، دەبێ ھەموو منداڵێک باوکێکی ڕاستەقینەی ھەبێت و لە دەرەوەی ئەو پەیوەندییە ئایینی و خێزانیی و یاساییە، ئیدی مرۆڤ بێ ناسنامە و بێ شوناسە. کانیاو ھەوڵی زۆر دەدات، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی فەرمانگەی باری کەسییەوە، بە فەرمی نازناوی دایکی بخاتە سەر ناوەکەی و ئیدی لە بری باوکی بە دایکی بناسرێت، بەڵام ئەمە لەلای فەرمانبەری فەرمانگەکە، ھەڵگەڕانەوەیە لەو نۆڕمانە و بۆیە بە گاڵتەکردنەوە بە کانیاو دەڵێت:_(ئێ ڕۆڵە باوکت کێیە، وا زانیمان مریەمی ئازیز خوا فووی پێدا کردووە، ئەی دایکت کێ فووی پێدا کردووە؟ منیش وەڵامم دایەوە خۆ دایکان شمشاڵ نین تا فوویان پێدا بکرێت) لێرەدا، ئاستی ھوشیاریی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری کانیاو، دەردەکەوێت کە بەراورد لەگەڵ ڕادەی ھوشیاریی فەرمانبەری نفووس، گوزارشت لە دوو تێگەیشتن و دنیابینی جیاواز دەکەن. کانیاو، بەلایەوە ئاساییە کەسێک ھەبێت، باوکی نەبێت و نازناوی دایکی بخرێتە سەر ناسنامەکەی، بە پێچەوانەی فەرمانبەرەکە، کە گوزارشت لە پێکھاتەی کولتووریی و پەروەردەیی کۆمەڵگەیەک دەکات، کە تووند دەستی بەو ھەموو نۆڕمە ئایینی و پەروەردەییانە گرتووە، کە دواجار دەیانکاتە پێوەرێک بۆ ناسنامە و شوناسی کەسەکان، وەک ئەوەی دەبێ ھەر ھەمووان باوکێکییان ھەبێت، ئەگەرنا دایک بە تەنھا ھیچ بەھاو پێگەیەکی نییە، کە ئەمەش ناراستەوخۆ باسکردنە لەو جیاوازییە ژێندەریی و مرۆییەی، لە نێوان نێر و مێ لە کۆمەلگەی ئێمەدا ھەیە. کانیاو، دژی ئەوەیە ژن تەنھا وەک فابریکایەکی دروستکردنی منداڵ و کاڵایەک لە خزمەت پیاودا، بە مەبەستی تێرکردنی ماکە سێکسییەکەی ببینرێت و لە چوارچێوەی بازنەیەکی کۆمەڵایەتی داخراودا، لە ژێر ستەمی نێردا بوونی ھەبێت. بۆیە بە توانجەوە بە فەرمانبەرەکە دەڵێت ( خۆ ژن شمشاڵ نییە، فووی پێدا بکرێت!) ئەمەش ڕەخنەکردنی ئەو ئەقڵە پیاوسالاریەیە، کە خێزانی کوردی لە سەر بونیاد نراوە و تیایدا ژن وەک ئامێری دروستکردنی منداڵ و وەچە خستنەوە دەبینێت. ھەروەک فەرمانبەرەکە بە کانیاو دەڵێت ( باوکت گونی ھەبووە لە دروستکردنی تۆ یان دەستی ھەبووە؟) جەختکردنەوە لێرەدا لە گونی مرۆڤ، کە سەرچاوە و دروستکەری ئەو ئاوەیە کە منداڵی لێ دروست دەبێت، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە پیاوی کورد، ژن تەنھا وەک کاڵانێک بۆ شمشێرەکەی دەبینێت و ئەگەر کەسێک ھەموو ئەندامەکانی جەستەشی کار بکەن، بەڵام توانای سەر جێیی نەبێت، ئەوا بە پیاو بە تێگەیشتنە باوەکەی کۆمەڵَگە دانانرێت. بۆیە کە فەرمانبەرەکە ئەو پرسیارە لە کانیاو دەکات، مەبەستیەتی دڵنیا بێت کە ئایا ئەو بەرھەمی ئەو گونەیە کە ھی باوکییەتی، یان دەشێ گونەکە ھی کەسێکی دیکە بێت؟ چیڕۆکنووس زۆر ھوشیارانە و وەک دەروونناسێک، یەکێک لەلایەنە دۆگماو شاراوەکانی پیاوی کورد دەناسێنێت، کە ئەویش شانازیکردنە بە پیاوبوون، کە سەرچاوەکەی لەو توانستە سێکسییەوە ھاتبێت کە ھەیەتی. بۆیە فەرمانبەرەکە بە گومانە لەوەی کانیاو، بەرھەمی ئەو توانایەی باوکی بێت و پرسیاری ئەوەی لێ دەکات کە باوکی دەستی ھەبووە، یان گون لە دروستکردنیدا. بەڵام کانیاو دژی ئەم جۆرە ئەقڵیەت و بیرکردنەوەیە، کە مافێکی سەرەتایی ھەموو مرۆڤێکە، چۆ دەژیت و چۆن خۆی دەناسێنێت، وەک ئەوەی خودا لە سەرەتادا، مرۆڤی بە ئازادییەوە دروستکردووە، ئیدی ئەوە کۆمەڵگەیە، ڕەنگ ڕێژی ژیانی مرۆڤەکان دەکات و ئەو ئازادییە کەسی و تایبەتییانە لە مرۆڤ دەسێنێتەوە. کانیاو وەک کارەکتەرێکی جیاواز، بەردەوام دەبێت لەوەی کە ھەر دەبێت فەرمانبەرەکە، بە ناوی دایکییەوە ناوی سیانی تۆمار بکات. سەرەنجام دوای ئەوەی چەند دیکۆمێنتێک و ڕەزامەندی دایکی پیشانی فەرمانبەری نفووس دەدات، فەرمانبەرەکە ڕازی دەبێت، بەڵام ئەمجارەیان، شەڕ و ڕووبەڕووبونەوەکانی ئەو، لە ململانێی فەرمانبەرێکەوە، دەبێتە شەڕ و ململانێی ھەموو کۆمەڵگە بە گشتی. بۆیە فەرمانبەرەکە پێی دەڵێت (من ئەمەت بۆ دەکەم، بەڵام ڕەنگە ھەموو ژیانت بکەوێتە بەر تانە و توانجی خەڵکی، خەڵکێکی زۆری بێ ئیش دەکەونە وێزەت، تەنھا لە بەر ئەوەی پاشناوەکەت بە ناوی دایکتەوەیە) کانیاو بە دووڵییەوە دەپرسێت (خۆمن زیانم بۆ کەس نییە) بۆیە لە نێوان پاشگەزبوونەوە، لەو بە ناوکردنەی ناسنامەکەی بە ناوی دایکی و چوونە سەر ڕیتمی ژیانی ھەمووان، بژاردەی دیکەی نییە، بەڵام کانیاو سوور دەبێت لە سەر ئەوەی کە ھەر دەبێت، ناسنامەکەی بە ناوی دیکییەوە (کانیاوی باجی سەبری) بکرێت. بۆیە قسەکانی فەرمانبەرەکە، کانیاو وەک تاکێک، کە شەڕی ناسنامەی خۆی دەکات، سارد ناکاتەوە، سەرەنجام فەرمانبەرەکە ڕازی دەکات، بەڵام ململانیێ و شەڕی گەورەی کانیاو لێرەوە دەست پێ دەکات، چونکە ئەگەر لە پێشدا، تەنھا فەرمانبەرەکە تانەی ئەوەی لێدا بێت، کە چۆن دەبێت پیاوێک ناسنامەکەی بە ناوی ژنێکەوە بێت، ئیدی لەمەودوا ھەموو کۆمەڵگە، دەکەونە تانە و گاڵتە کردن بە کانیاو. فەرمانبەرەکە پێی دەڵێت (من کارەکەت بۆ دەکەم، بەڵام دەکەویە بەر گاڵتەی ھەمووان) بەڵام کانیاو سور دەبێت، لە سەر شەڕی ناسنامە و سەپاندنی بوونی خۆی وەک تاکێکی جیاواز لە ھەمووان لە نێو کۆمەڵگەدا. بەم شێوەیە ناوی دەبێتە ( کانیاوی باجی سەبری) لەدوای ئەمە، بە ھۆی ئەوەی لە دەرەوەری نۆڕمە باوەکانی کۆمەڵگە جوڵاوەتەوە، ئیدی دەکەوێتە بەر نەفرەتی ھەمووان و فڕێ دەدرێتە دەرەوەی بازنە باوەکەی ژیان و کۆمەڵگە و لە دەرەوەی ئەو ئەقڵیەتە جێگەیەکی نامێنێتەوە بۆ ژیان. ئاخر ئەگەر کەسێک پیاو بێت، چۆن دەبێت لە بری باوکی بە ھۆی دایکییەوە خۆی بناسێنێت و ناسنامەی ھەبێت؟ مەگەر دایک و باوک، وەک دوو ڕەگەزی جیاواز لە یەکتری وەک یەکن، بە تێگەیشتنی ئەوانی دیکە؟ بەم شێوەیە کانیاو گۆشەگیر و تەنھا دەبێت و ھەموو ڕۆژێک، بە چاوی پڕ فرمێسکەوە، لە سۆنگەی ئەو گاڵتەکردنەی بە ھۆی ناوی دایکییەوە پێی دەکرێت، دەگەڕێتەوە ماڵەوە ( وایان کرد، بەرە بەرە خۆم گۆشەگیر بکەم، بگەڕێمەوە ناو خۆم، تەریک و تەنیا و بێ ھاوڕێ، حەزم نەدەکرد بچمە دەرەوە و تێکەڵاوی کەس بم، ھەر جارێکیش چووبمە دەرەوە، بە چاوی پڕ گریان ھاتوومەتەوە) ھەموو ئەو توانج و گاڵتەو بەکەم تەماشاکردنەی کانییاو لەلایەن ئەوانی ترەوە کە کۆمەلگەیە، کانیاو لەو خواستە تاکایەتی و سەربەستیەی خۆی سارد ناکەنەوە، بەڵام دەکەوێتە دۆخێکی دەروونی دژوارەوە، کە بە تەنھا لە ماڵەوە دەژیت و ئەو تەنھایە وای لێ دەکات، بەتایبەتیش دوای ئەوەی کە دایکی دەمرێت، چیڕۆک و حیکایەت بۆ ئینجانەکان بگێڕێتەوە و لە میانەی ئەو پەیوەندییەی نێوان خۆی و گوڵدانەکانیشدا، گوڵدانەکان لە بری گوڵ، کتێب دەردەکەن و ئەمەش بۆ ھەمووان، شتێکی سەیر و سەمەرەیە. تەنانەت ھاوڕێ باڵا کورتەکەی خۆشی، بڕوا بەم ڕووداوە ناکات. تاکو سەردانی کانیاو دەکات و بە چاوی خۆی ئینجانەکان دەبینێت و چەند ھەوڵدەدات ناتوانێت کتێبەکان لێ بکاتەوە. لێرەدا، چیڕۆکنووس وێنەیەکی ھارمۆنی و ھاوواتایی لە نێوان چیڕۆکی ژیانی خۆی وەک تاکێک و کتێبی نێو گوڵدانەکان دروستکردووە. چونکە ئەگەر لەلایەکەوە کەس نەتوانێت ئەم کتێبانە لێ بکاتەوە، ئەوا پێشتریش وێرای ئەو ھەموو گاڵتە و سووکایەتیەی لە پای ناونانی بە ناوی دایکییەوە پێی کرا، بەڵام کەس نەیتوانی، کانیاو لەو خواستە کەسی و ئازادیییەی خۆی پەشیمانی بکاتەوە، یاخود بێتە سەر ڕیتمی ژیانی کلاسیکییانەی ئەوانیتر، کە ھەر دەبێ ناسنامەکانییان بە ناوی باوکییانەوە بێت، بۆ ئەوەی وەک منداڵێکی ڕاستەقینە و کوڕی باوکێک بناسرێن. کە ھەردوو کارەکەش مەحاڵن. بێگومان لە پەراوێزی، دیالۆگی نێوان کارەکتەری سەرەکی چیڕۆکەکە و فەرمانبەرەکە، ئێمە خەسڵەت و تایبتمەندی کەسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییانەی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی دەبینین. بەو پێیەی ھەر یەک لەو کەسایەتییانە، نماییندەی دوو تێگەیشتن و دنیابینی جیاواز دەکەن. کانیاو، کەسێکی یاخی، ئازاد و سەربەست، بڕوای بە ئازادی ژیان و تیۆری چۆن ژیان ھەیە، بەمەش ھەموو ئەو نۆڕمە پەروەردەیی و کولتووریانە تێکدەشکێنێت، کە لای مرۆڤی کورد پیرۆز و ڕێزلێگیراون. لە بەرانبەردا، فەرمانبەری نفووس، گوزارشت لەو ئاراستە کۆمەڵایەتیی و دنیابینییە گشتییەی مرۆڤی کورد لە کۆمەلگەی کوردی دەکات، کە ناسینەوە لە ڕێی باوک و بە کەم تەماشاکردن و جیاوازیکردن لە ڕووی ماف و ژیانەوە، لە نێوان ژن و پیاودا، یەکێکە لە خاسیەتە کۆمەلایەتییەکانی. گەر سەرنج لە زمان و ئاستی ھوشیاری ھەردوو کارەکتەرەکەش بدەین، ڕوونتر ئەمەمان بۆ دەردەکەوێت. بۆ نموونە فەرمانبەرەکە، چەندین وشەی زبر و بریندارکەر و میللی، بەرانبەر ژن دەردەبڕێت، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ھیچ بڕوای بە ژن، وەک ڕەگەزەکەی دیکەی ژیان نییە. بەڵام کانیاو، وێرای ئەو ھەموو بریندارکردن و شکانەوە و بەکەم تەماشاکردنیشی، کە چی بەو پەڕی ئاکار و بڕوابوون بە مرۆڤ و ئازادییەکانی دەدوێت و وەڵامی ئەوانیتر ناداتەوە، بەمەش لە بەردەم مرۆڤێکی دیکەی جیاواز داین.وەک ئەوەی خۆشی دەیڵێت( گەر مرۆڤ لە بەردەم تەنیایی خۆی وەستایەوە و لار نەبوەوە ئیدی بەرگەی ھەموو شتێک دەگرێت) چونکە شەڕی گەورەی مرۆڤ لە پێناو مانەوەی خۆی، لە خودی خۆیەوە دەست پێ دەکات. کانیاو، سەرەتا لە بەرانبەر ناخی خۆی، دواتر ئەوانیتر، پاشان ھەمو کۆمەلگە دەوەستێتەوە و یاخی دەبێت. دەسپێکی ئەو یاخیبوونەش، لە ھەڵگەڕانەوەی نۆڕمێکی جێگیری کۆمەڵگە کە وەک پیرۆزییەک و بەھایەکی گەورەی خێزانی و میللی سەیر دەکرێت، کە دەبێ ھەربە باوکمانەوە بناسرێینەوە، دەست پێ دەکات و سەرەنجام لە سەر پێی خۆی دەوەستێت و لە ململانێی نێوان خود و کۆمەلگەدا، براوە دەبێت و ژیانێکی جیاواز و تایبەتی دەبێت.
ئەم چیڕۆکە، ھەڵگریی گەلێک دەلالەتی سیاسی و مێژوویی و کەسی و کۆمەڵایەتییە، کە ڕەنگە ھەر یەکەیان پێویستی بە باسێکی سەربەخۆ بێت، چونکە لە گەلێک خاسیەت و ڕەھەندی کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگەی کوردی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دواوە. ئەمەش لە ڕێگەی ئەو دەربڕین و دیالۆگانەی لە چیڕۆکەکەدا، لە نێوان کارەکتەرەکاندا ھەن. بۆ نموونە، خانمی پێشکەشکاری تیڤییەکە دەڵێت 🙁 بۆ ئەوەی لە شاشە لاواز دەربکەوم، تا ئێستا پڕ بەدڵ نانم نەخواردووە) ئەمە دەرخستنی ڕووێکی کاری ڕاگەیاندنە لە نێو ئێمە، کە تەنێ جوانی ڕووخسار و لاش و لار دەکەنە پێوەر. چیڕۆکنووس ئەوەمان پێ دەڵێت، کەسانێک لە بری ھزر، جوانی بکەنە پێوەری کارکردن، دەتوانن ھیچ گۆڕانکارییەکی ھزریی و ڕۆشەنبیری بێنە ئاراوە؟ یاخود دەڵێت: ( تا کەسێکی ڕاستگۆ دەبینییەوە، ھەزارەھا درۆزن پەیدا دەبن) ئەمە دروست وێناکردنی واقیعی ژیانی تاکەکانی ئێستای کۆمەڵگەی ئێمەیە. لەم چیڕۆکەدا، چیڕۆکنووس سەرکەوتووانە لە ڕێگەی تەکنیکێکی سەرنجڕاکێشەوە، بینای ھونەری چیڕۆکەکەی داڕشتووە.کاتێ دەست بە خوێنەوەی چیڕۆکەکە دەکەین، وا ھەست دەکەین ئەوە دەسپێکی ڕووداوەکانە، کاتێ پەیامنێرەکە، بۆ بەرنامەیەک لە بارەی گوڵەکانی کە کتێب لە بری گوڵ دەگرن، سەردانی کردووە و دیمانەیەکی لەگەڵ دەکات، بەڵام دواتر کە چیڕۆکەکە تەواو دەکەین، دەبینین دوایین ڕووداوەکانی چیڕۆکەکە، دەگەڕێتەوە سەر سەرەتای ڕووداوەکان، چونکە ھاوڕێکەی داوا لە کانیاو دەکات، ئاگاداری بەرنامەی سەیر و سەمەرە بکاتەوە تاکو بێن ئەو شتە سەیرەی گوڵەکان، بکەنە بەرنامەیەک و لە پڕۆگرامی شتە سەیرو سەمەرەکان پیشانی بدەن. ئەم شێوازە لەڕێکخستن و گێڕانەوەی ڕووداوەکان، فۆڕمێکی ھونەرییانەی جوانی بە چیڕۆکەکە داوە، کە گێڕانەوەکە بازنەیی نەبێت. دواجار دەڵێم کاک ئارام، یەکێکە لە چیڕۆکنووسە دیار و بە تواناکانی ئێمە، کە ستایلێکی تایبەتی خۆی ھەیە لە نووسینی چیڕۆکدا. لە ھەمووشی گرنگتر ئەوەیە، کە بایەخێکی زۆر بە دیوی ناوەوە و لایەنی دەروونی کارەکتەرەکانی دەدات و لە پەراوێزی ئەو خاسیەتە دەروونی و سایکۆلۆژییانە، خوێندنەوە بۆ ڕەفتارەکانی مرۆڤ و دیاردەکانی نێو کۆمەڵگە دەکات. دەستخۆشانە لە نووسەر دەکەم بە ھیوای چیڕۆکی جوانتر.
سەرنج: پەنجەمۆری تەنیایی، چیڕۆکێکی (ئارامی کاکەی فەلاح) ەو لە ژمارە (٢) ی گۆڤاری سەنگینی (وانەر) بڵاوکراوەتەوە.
*ئەم بابەتە لە ژمارە ٦ ی گۆڤاری (وانەر) حوزەیرانی ٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post