مامەیارە ئەحمەد
هیچ شتێک مۆندیال و خولی عێراق پێکەوە نابەستێتەوە، تەنیا ئەوە نەبێت کە هەردووکیان تۆپی پێیان تێدا دەکرێت.
جیاوازییەکی وەها لە نێوان مۆندیال و خولی عێراقدا هەیە، مەگەر تەنیا بە دووریپێوێکی تایبەت بیپێویت، کە ئەویش هەر لە “عێراق” دروست بکرێت.
نزیک بە کوفرە کە لەگەڵ ناوی خولی عێراق، مۆندیال بخەیتە ڕستەوە، وەلێ من بەو مەبەستەوە بە کارم نەهێناوە کە خولی عێراق بەرز بکەمەوە، بەڵکوو ئامانجی من، دیاریکردنی نزمیی ئاستی خولەکە و بێ سیستمییەتی.
بڕوام وایە نێوی خولی عێراق بگۆڕێت بۆ (خولانەوەی عێراق)، چونکە پێم وایە زیاتر خولانەوەی تیپەکانە، نەک خولێکی ڕاستەقینەی تۆپی شەق!
دوای ئەوەی لەگەڵ (خولی عێراق) زستانمان تەواو کرد، بەهاریش ڕۆییشت و ئێستا تینی گەرما حەیاتەکەیە، سوپاس بۆ خودا خولەکە بە قۆناغی بژاردە گەییشتووە و زۆری نەماوە (فاتیحە)کە بخوێنین و خولەکە بە کۆتا بێت.
ئەگەر وا بڕوات، لەمەودوا دەبێت لە دوو ساڵدا، ئینجا خولێک بۆ یانەکانی عێراق ساز بکرێت، هەروەها پاڵەوانی خولەکە دوو جامی بدرێتێ، بە ڕاستی یانەکانی عێراق پاڵەوانن، چونکە چوار وەرزەی ساڵ هەر لە یاریکردندان و ڕاکەڕاکێدان.
خولی عێراق، کە پڕی مەراقە و هاوشێوەی زنجیرەی (ماریمار)ـە، نزیکەی 40 یانەی تێدا بەشدارە، کەچی بەو چل یانەیەوە هەڵبژاردەیەکی لێ پێک نایەت کە بگات بە مۆندیال، تەنانەت لە قۆناغێکی زووی پاڵاوتندا بای بای دەکەن (رەبی قەت نەگەن).
ئەوە سەیر دەبێت کە ئەگەر هەندێک لە بەرپرسانی خولەکە، شانازی بە سازکردنی وەها (لیگ)ـێکەوە بکەن، خۆ شکستهێنانی ئەو خولە نەنگی نییە، هەر وەکوو چۆن خەریکە سیاسەتییشیان شکست دەنۆشێت.
سیاسەت قووڵە و ئیشی من نییە قسەی تێدا بکەم، وەلێ سیاسەت و وەرزش ئێستا ئەوەندە هاوتەریبن، دەڵێی جمک (دووانە)ـن، ئەوەندە نێوانیان خۆشە، ئەستەمە برا لەگەڵ برایەکەیدا ئەوەندە نێوانی خۆش بێت.
زۆر جاران ڕووداوێک کە دەقەومێ، کورد دەڵێ یاخوا دوژمنیشت وای بەسەر نەیەت، ئێمەیش دەپاڕێینەوە کە یاخوا لە دنیادا هیچ خولێکی دیکە بە دەردی خولی عێراق نەچێت، بە ڕاستی خولەکە خەریکە دەبێتە “فیلمی هیندی”، هەرچەندە ئەو وشەیە کەمێک بازاڕییە، وەلێ خولەکە هەر شیاوە کە وشەی وەهای لە هاوشان ڕیز بکرێت، نەک ناوی گەورەی مۆندیال.