ئاشتی گەرمیانی..ھەولێر: ھەرکات زەردەخەنەی دەم و لێوەکان تەڕ دەبنەوە ، قاقای پێکەنین و گریان سیماو دەم و چاومان دەگرێتەوە ، ھەر کاتێک بەگەرمیان و ناوچەکەدا گوزەر بکەیت ، بۆنی بارووت و زیل و سەگی ھاری لێ دێت.
کەلە گوندە چۆڵەکەدا خاکەکە بەدەستی خۆم ھەڵ دەدەمەوە جامانە و میروو و شوشەی ڕەنگاڵە دەبینم ، کاسە فافۆنێکم دۆزی یەوە لەو سەری ماڵی باپیرەم جێگای دەم و لێووی ئێوەی پێوە دیار بوولەکاتێک لەگەرمە سێریدا ئاووت تیادا دەخواردەوە .. تاکە پێڵاوەکەت تاکێکی دیارەو ئەوی تریان وونە ، جێگا پێ ی تەسلیم بوونەوەتان لەم ھەردەیەدا بەرەو خوار دەڕوات تا لای پاشماوەی تایەی زیللەکان.
لەم گوندە گەرمیانی یەدا چی ماوە پریشکی ھاوەن وتاکە گوللەی پێوە نەبێت .. ئەنفال لەسەر ھەموو بەردێکی ئەم گەرمیانە کوردستانی یەدا نەنوسرابێتەوە.
کەدەگەمە باواو مامشەو تایەر بەرز و زەردە بۆنی خاکی خاکان دەکەم ، کە لەعەلی مستەفاوە نزیک دەبمەوە ، لەئالیاوەی ووشک .. ووشک وەکو ڕووحی من ئەو ڕۆژانەم وەبیر دێتەوە کە سەگە ھارەکان کەڵپەیان تیژ کردبوو بۆ گۆشتی لاوە ناسکەکان ، مەیدانی مرۆڤ و ئاژەڵ .. تەرمیناڵی بارھەڵگری کەلەسەرو مرۆڤ بۆ عەرعەر و دیوانیەو ئەنبار .. تەرمیناڵی جیھانیم بینیوە بۆ١٠٠کم تا ٢٠٠ کم نەک ڕێگای یەکسەری کوردستان بۆ بیابان.
کڕینی ئەم جارە بێ پارە بێ بەرانبەر ھەروا بە خۆڕایی .. ئەنفالێک ١٨٤ ھەزار مرۆڤ بەجل و بەرگی جۆراو جۆرەوە بەرو خوار بۆ خاک و خۆڵ.
ئەو لاوانەی کە گەرمیانی بوون و بەرانبەر بە تۆپ و تەیارە دەوەستان ئەو مرۆڤانەی کە ژیانێکی سادەو ساکاریان ھەڵبژاردبوو دوور لە تەکنەلۆجیاو مۆدێرینی ژیان .
من گوڵ و نامەو پارە و خانووی نوێم ناوێت .. من پەنجەکانم نینۆکەکانم گلێنەی چاوەکانم دەدۆزمەوە .. من ڕازی مەکە بە جاخە پڕ لەزێڕەکانت .. تۆ تەنھا ئەمڕۆ دەگریت بۆ یادی من ، من چەندین ساڵە چاوەڕوانی بەردەرگام .. ڕۆژانە وەکو کوڕی دەسەڵات دارێک بەسەر خاکەکەمدا گوزەر دەکەیت .. پێت شەرمە تەماشای ڕۆژانی ڕابردووت بکەیت.. لەم دێ یەدا نانت دەخواردو فیشەکەکانت چەور دەکرد ، تەنھا ستەمە ئاوڕێک لەکانی یەکەش بدەیتەوە کاتێک لە تینیوتیدا دەمت ووشک ببوو.
بۆ یادی ئەنفال بەبۆن و بەرامەوە ھاتوویت ، بەوپەڕی مەدەنیەتەوە دانیشتویت و بیرو ھزرت لەکارگەکانتانە .. ناوجەرگی دایکانی ئەنفالکراوەکانیش وەکو کورەی کارگەکەی تۆ دەسوتێت وبارانی ئەنفال دەبارێنێ بەناو کێڵگەو گوندەکانی گەرمیاندا.
یادی ئەو دایک و منداڵ و لاوانە تا ئێستا لەمێژووی ووڵاتەکەمدا کە ووڵاتی فیدراڵی و دیموکراسی یە نەبۆتە ڕۆژێکی جیھانی و بەجینۆسایدی نێو دەوڵەتی کە بتوانێت ووڵاتانی عەرەبی و جیھانی ڕیسوا بکات.
چۆن ئەنفالکراوەکان ..ھەروا خاک و پاشماوەکانیان وجێگای پێ یەکانیان ماوەتەوە بێ ئەوەی شەتڵە ڕەیحانەو دارێکی سەوزی ئەنفالی لێ بنێژن.
دەم و چاوەکانی گەرمیان .. ھێمای مرۆڤایەتی و خاکە بۆ مێژوو ، کارەساتی بەئەنفال بوونیان داوایەکی مرۆڤایەتی یە لەسەر بیرو ھزرمان .. ڕازی کردنی ئەم گەرمیانە تەنھا ئاوەدان کردنەوەو چاندنی داری ئەنفالە ، تادەشتی سەوزایی سەوز خاکی بۆرو خاک دابپۆشێت و ئاسەواری کەلەسەر بکەین بە ووڵاتی بەھاری ھەمیشەیی ئەنفالەکان بۆ کوردستان .