دیــــــدار نانەکەلی: ماوەیەکە کۆمەڵێک بەناوی راوێژکار و شارەزا کۆبوونەتەوە و خەریکی گەڵالە کردنی پرۆژەیاسایەکن تا لە پەرمان بخرێتە بەرباس و بریاردان. ئەویش یاسای دەست واڵاکردنی پیاوە بۆ گەیشتن بە ھەوەسەکانی بەناوی (ھاوسەرگیری مسیار).
لەو جۆرە ھاوسەرگیریەدا ئافرەت دەبێت لە زۆربەی مافەکانی خۆی دەست بەرداربێت لەبەرامبەر گەیشتنی بە باوەشی پیاو.ئەویش بۆی ھەیە پاش ئەوەی ھەوەسی ھێنا دەست بەرداری بێت بەبێ ھیچ گرفتێک. ئەوجۆرە پێکەوەژیانەی کە بۆ نەریت و رەسەنایەتی کورد زۆر نامۆیە بۆچی دەخرێتە بەرباس پرسیارێکە و وەڵامی دارێژەرانی یاساکەش ئەوەیە کە لە زەمەنی ئەمرۆدا پیاو کەمترە لە ئافرەت. ئەگەر ھەمووشیان ھاوسەرگیری بکەن ھێشتا چەندین کچ بێ پیاو دەمێننەوە.خۆ ئەگەر بە ووردی رایەکان بخوێنینەوە راستیەکی حاشاھەڵنەگرمان دەست دەکەوێت. ھیچ پێویست بە ماندووبونی دەستەی ئامار و سەرژمێری ناکات، چونکە ئەگەر بە ھەقیقەت پیاو کەم نەبا،بەرێوبەرێکی گشتی ماوەی ٢٠ ساڵ بە کورسیەکەی وەنەدەنوسا. بریکارێکی وەزارەت مۆمی ٢٥ سالەی دەسەڵاتی پێنەدەکرد. ئەگەر پیاو کەمتر نەبا،وەزارەتێک لەسەر ناوی کەس تاپۆ نەدەکرا. ئەگەر بەو جۆرە نەبا کە باسی لێوەدەکەن تەنھا پیاوێک ٣ ئەرکی مەزنی ووڵاتەکەی پێکەوە رایی نەدەکرد.پەرلەمانتارێک بەیانیان لە مەکتەب سیاسی و نیوەرۆیان لە پەرلەمان و ئێواران لە کۆمپانیا نەدەبوو.. مەلا نەدەچووە رێکخراوی حیزبی و مێژووی حیزب و پالەوانیەتیەکانی لە چیاتی قورئان بۆ خەڵک نەدەخوێندەوە. مامۆستای زانکۆ لەبەردەرکی لق و مەڵبەندەکان نەدەبینران. ئەفسەری سەربازی رۆژنامەنوس نەبوو.بازرگان سیاسەتی ووڵاتی بەرێوەنەدەبرد..ئەگەر پیاو بەرێژەی خۆی ھەبا مۆسیقاژەن بەرێوبەری ناحیە نەدەبوو.نەخوێندەوار نەدەبوو بە شارەزا و راوێژکار.
راگەیاندن نەدەبووە بوکەشووشەی دەست بەرپرسان.ئەگەر پیاو ھەبا نەدەچوون بە موچەی ھەشت ملیۆن دیناری مانگانە گرێبەست لەگەڵ عەرەبێک بکەن بۆ کارێکی سادە و ساکار,مامۆستا مارکێتی بەڕێوە نەدەبرد. نەدەچوون ووڵات پرکەن لە کرێکار و موچە خۆری بیانی.میزخواردن نەدەبووە دەوای سەردەم. بەنگلادیشی و ھیندی نەدەبوونە دەستی کاری ووڵات. دکتۆر نەدەبوون بە بازرگان. دیپلۆمات نەدەبوون بە قۆنتەراتچی.جوتیار نەدەبووە پۆلیس. شوان بە پسپۆری پەروەردەیی..بە ھەقیقەت کەمن پیاو.بۆیە باشترە پالپشتبین بۆ یاسای مسیار