هونەرمەندی بە ئەزموونی بواری شانۆ و درامای کوردی (مستەفا ئەحمەد)، هونەرمەندێکە پتر لە نیو سەدەیە خزمەت بەو بوارانە دەکات و، توانیویەتی بەشداری چەندیین شاکاری درامی تەلفزیۆنی کردووە، دەتوانین بڵێن هونەرمەند (مستەفا ئەحمەد) بەشێکی هەر زۆری تەمەنی خۆی بۆ هونەرەکەی تەرخان کردووە، دیارە باسکردن و پێناسە کردنی هونەرمەندێکی ئاوا بە ئەزموون گەورە لە چەند دێرێکدا من ناتوانم پڕ بە پێستی خۆی ئەو دەربڕینە دەرببڕم.
دوای دابڕانێک لە بەشداریی کردنی لەکاری درامی تەلفزیۆنی دا، لە ئێستادا هونەرمەند (مستەفا ئەحمەد) خەریکی بەشداریی کردنە لە زنجیرە درامایەکی تازە تەلفزیۆنی بەناوی (رەیحانە)، لەو درامایەدا رۆڵێکی سەرەکی بەرجەستە دەکات، بەپێی لێدوانەکانی دەرهێنەر سینارستی ئەو زنجیرە درامایە (لوقمان غەریب)، رۆڵی (مستەفا ئەحمەد) رۆڵی ئەو لەو زنجیرە درامایەدا یەکێکە لە رۆڵە هەر سەرکییەکان و بەشێوەیەکی زۆر جوان و تارادەیی ئەفراندن توانیویەتی رۆڵەکەی خۆی بەرجەستە بکات.
هونەرمەند (مستەفا ئەحمەد) لەدیدارێکی تایبەتدا بۆ خوێنەرانی هەفتەنامەی “هونەر” باسی لەناوەرۆکی ئەو کارە تازە هونەرییەی خۆی بۆ کردین، هەروەها هۆکاری بەشداربوونی لە زنجیرە درامای “رەیحانە”، دوای ئەو دابڕانەی لە درامای کوردی و شاشەی tv ییە کوردییەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بۆ کردین.
دابڕانی لە دراما کوردییەکان…
لەسەرەتای قسەکانی دا هونەرمەند (مستەفا ئەحمەد) دەربارەی هۆکاری دابڕانی ئەو چەند ساڵەی لەدرامای کوردیی گوتی : “پێم وایە هونەرمەند زۆر جار ئەگەر دوور بکەوێتەوەو دوورە پەرێز باشترە لەوەی زۆر دەربکەوێ و بەشدار بەرهەمی خراپ بکات، لەوانەیە بیکاتە مایەی ئەوەی بەرهەمەکانی پێشووتری لەبەرچاوی جەماوەرەکەی کەم بایەخ بکات، منیش نامەوێ بەشداری هەموو کارێک بکەم، تاقەتی هەموو بەرهەمێکم نیە، تەنها ناو بێت و ناوەرۆکی نەبێت، هەر ئەو هۆکارەش بوو ماوەیەک دانیشتنەکەم لەلا چاکتر و باشتر بوو”.
بەهەموو کارێک رازی نابێت…!!
هونەرمەند دەربارەی بڕیاردانی بەشداریی کردنی لە زنجیرە درامای “رەیحانە”ـدا گوتی : “دوای ئەوەی زانیم یاخوود بیستم هونەرمەند (لوقمان غەریب) خەریکی ئامادەکردن و بەرهەم هێنانی زنجیرە درامایەکی تازەیە، دوای ئەوەی پەیوەندیمان گرت و لە نزیکەوە چەند جارێک گفتوگۆمان کرد لەسەر دراماکە، ئەو پێی گوتم کە رۆڵەکەم بەو شێوەیە دەبێت، کە بریتیە لە رۆڵی سەرەکی درامای “رەیحانە” دوای ئەوەی سیناریۆکەم خوێندەوە، بەڕاستی بابەتەکەم زۆر بەلاوە جوان بوو، زۆر سەرنجی راکێشام و بەدرامایەکی باش هاتە بەرچاوم، ئیتر هەر لە رووی ناوەرۆک و سیناریۆی دراماکە، بەلای من کارێکی نایاب و بۆیە بڕیارمدا بەشداری بکەم، ئەگەینا هەروەک ئاماژەم بۆ کرد، من بە هەموو کارێک رازی نابم”.
ناوەرۆکی درامای “رەیحانە” لەناخی کێشەکانی کۆمەڵگا سەرچاوەی گرتووە..
(مستەفا ئەحمەد)ـی هونەرمەند هەر دەربارەی بەشداریی کردنی لەو زنجیرە درامایە زیاتر گوتی : “ئەو بابەتانەی کە لەزنجیرە درامای “رەیحانە” وروژێندراوەو باسی لێوە کراوە، شتێکە لەگەڵ ناخی کۆمەڵگای کوردەواری دەگونجێت و هەموو دیمەنەکانی بریتیە لەو بابەتە سەرنج راکێش و پڕ دەردانەی کە تائێستاکەشی لەگەڵ دابێت میللەتی کورد بەدەستیەوە دەناڵێنێت، ئەگەر چی ناوەرۆکی دراماکە باس لەسەردەمێکی کۆن و مێژووی دەکات، بەڵام پێم وایە لەگەڵ واقیعی ئێستای کۆمەڵگاکەمان هەر دەگونجێ، ئەو جۆرە کارانەش بەڕاستی زۆر گرنگە بایەخی پێ بدرێت، فەرموو ئەگەر سەیری وڵاتانی دەوروبەری خۆمان بکەین، دەبینین بە زمانی دراما چۆن باس لەناوەرکی ژیانی کۆمەڵگای خۆیان و دەردو ئازار و مەینەتیەکانی خۆیان دەکەن، تەنانەت باس لە تەنگ و چەڵمەکانی کە کاتی خۆی لە ئەنجامی شەڕ و داگیرکاری و بەرنگار بوونەوەی دوژمن و دەیان بابەتی دیکە، بەزمانی دراما نیشانی خەڵکی دەرەوەی دەدەن، بۆ نموونە وڵاتێکی وەکو سوریا لوبنان ئەو دراما کۆمەڵایەتیانە و ئاینیانەی کە لە ئێران بەرهەم دەهێندرێت، سەیربکەن چۆن سەرنجی خەڵکی بەلای خۆیاندا راکێشاوە، بۆیە پێویستە بایەخ بەو جۆرە درامیانە بدرێت و بوونیان هەبێت”.
رۆڵی (غەیاس بەگ) بەرجەستە کردووە…
دەربارەی ناوەرۆکی ئەو رۆڵەی بەرجەستەی کردووە، لەو زنجیرە درامایە تازەیەدا (مستەفا ئەحمەد) گوتی : “رۆڵەکەی من هەروەک باس کراوە سەرکیە لە زنجیرە درامای “رەیحانە”ـدا، رۆڵی کەسایەتی (غەیاس بەگ) بەرجەستە دەکەم، رۆڵەکەم بریتیە لەرۆڵی کەسێکی چاو چنۆک و زاڵم و تەماع کار و رێزی خەڵک ناگرێت و بەردەوام خەریکی ئەزیەت دانی خەڵکەو، کەسایەتیەکەم بەکوردییەکەی خۆمان بزێو و نالەبارە، ئیتر خوا رەحەم بکات، دوای سەیرکردنی خەڵک ئیتر نازانم خەڵکیش چۆنی وەردەگرێت و چ ناوێکی بۆ دادەنێت”.
نەبوونی سینارست و نووسەری سیناریۆ لە کوردستان
ئەو هونەرمەندە بەئەزموونە لەبەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا ئاماژەی بۆ کێشەی ئێستای درامای کوردیی کرد و گوتی : “بەرای من کێشەی هەرگەورەی ئێستای درامای کوردی بریتیە لە نەبوونی سینارست و نووسەری سیناریۆیە لە کوردستان، چونکە سەیردەکەی زۆربەی ئەو درامایانەی کە بەرهەم دەهێندرێن لە ئێستادا، کەموکوریان لە سیناریۆدا هەیە، بۆیە پێم وایە لەرووی سیناریۆی درامادا زۆر هەژارین، ئەو هۆکارەش بەشێکە لە نەبوونی درامای خۆماڵی، هەروەها دەرهێنەرەکانیش زۆربەیان لە ئێستادا گرفتی گەورەیان نەبوونی سیناریۆیە، چونکە هەموو دەرهێنەرێک ناتوانێ خۆی کاری سیناریۆی دراماکەی دابڕێژێت”.
بەشداریی کردنی (هیوا)ـی کوڕی لەدرامای “ڕەیحانە”…
لە زنجیرە درامای “رەیحانە”ـدا (هیوا ئەحمەد) کە دەکاتە کوڕی هونەرمەندی بە ئەزموون (مستەفا ئەحمەد)، بەشداریی کردووەو وەک یەکەم ئەزموونی لەکاری درامی دا بەشداریی کردووە، هونەرمەند دەربارەی بەشداریی کردنی کوڕەکەی گوتی : “(هیوا)ـی کوڕم لەسەرەتاشدا لەچەند کارێکی هونەریی دا بەشداریی کردووە لەگەڵ من، بەتایبەتی لە هەندێک لە بەرنامەکانی (کەشکۆل و بەرنامەی بەرنامە)، بەڵام بە هۆی ئەوەی ماوەیەک رووی کردە هەندەران ئەو دەرفەتەی نەبوو بەردەوامی بدات بەکاری نواندن، بەڵام لەو کارە درامایەدا پێم باش بوو لەگەڵ خۆم لەژێر چاودێری خۆمدا بەشداریی بکات و کاری نواندن ئەنجام بدات، بەتایبەتی لەو کارەدا کە هونەرمەند (لوقمان غەریب) کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجام دەدات پێم خۆشبوو بەشداریی بکات و پێم وایە ئەو درامایە بۆ (هیوا)ـی کوڕم هەنگاوێکی تازەو زۆر باش دەبێت، بە شێوەیەکی گشتی حەزی لەکاری نواندن زۆرەو منیش وەکو کەڵەشێر سێ چوار شەڕم پێکردووە و واتە ئەزموونێکی بچووکی هەیە، پێم وایە رۆڵەکەشی جوان بەرجەستە دەکات”.
پێویستە دەرهێنەرەکان چەند ئەکتەرێکی گەنج و سیمای تازە بهێنێتە نێو دراماکان…
ئەو هونەرمەندە بەئەزموونە کە پتر لە (50) ساڵە بەشداریی کارای هەیە لەکارە درامی و شانۆیەکاندا، لە درێژەی قسەکانی دا ئاماژەی بۆ خاڵێکی دیکە کرد و گوتی : “من پێم وایە هەر کارێکی تازەی درامی کە دێتە بوون، پێویستە دەرهێنەر چەند ئەکتەرێکی گەنج و سیمای تازە بهێنێتە نێو کارەکەیەوە، چونکە ئەو سیما تازانە دەبنە کەرستەیەکی چاک بۆ دراماکەو هەروەها دەبێتە مایەی پشتکگیری و هاندانێک بۆ هاتنە پێشەوەی چەند ئەکتەرێکی تازە، من نەبێتە پیاهەڵدان بۆ (لوقمان غەریب) بەڵام توانی لەو درامایەدا کۆمەڵێک ئەکتەری لاو سیمای تازە بهێنێتە پێشەوەو رۆڵیان بۆ دابین بکات لە دراماکەدا، هەروەها بۆ ئەو گەنجانەش کارێکی باشە لەگەڵ کۆمەڵێک ئەکتەری بە ئەزموون بەشداری کارێکی درامی دا دەکەن”.
هونەرمەند (مستەفا ئەحمەد) دەربارەی زنجیرە درامای “رەیحانە” کە خۆی رۆڵی سەرەکی تێدا بەرجەستە دەکات، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد و گوتی : “من ئەو زنجیرە درامایە بە هەنگاوێکی گەورە لە مێژووی درامای کوردی هەژمار دەکەم، پێم وایە چۆن کاتی خۆی زنجیرە درامای “ژاڵە” توانی هەنگاوێکی چاک بهاوێژێت سەرنجی بینەرێکی زۆر بەلای خۆی دا رابکێشێت، پێم وایە درامای “رەیحانە” هەنگاوێکی گەورەیە و دەبێتە “ژاڵە”ـی دووەم لە درامای کوردیی و ئەو زنجیرەیە دەبێتە جێگای سەرنج راکێشانی بینەری کوردو هەنگاوێکە زۆر بەچاکی شوێن پێی خۆی دەکاتەوە لەناو هەموو ئەو زنجیرە درامایانەی کە لەم چەند ساڵەی دوایی دا بەرهەم هاتوون، من ئەو پێناسەیەی لێرەدا دەیکەم بۆ ئەو درامایە موجامەلە نیە، یاخوود بلێم خۆم بەشدارییم تێدا کردووە، نەخێر بەڵکو ئەگەر ئەو درامایە ئەو هێزەی تێدا نەبووایە ئەستەم بوو خۆشم قەناعەت بکەم و بەشداریی تێدا بکەم”.
گرفتەکانی ئێستای درامای کوردیی…
هونەرمەند (مستەفا ئەحمەد) هەر لەو دیدارەدا ئاماژەی بۆ کەموکوری کرد لەکاتی بەرهەم هێنانی دراماکاندا و لەمبارەیەوەش گوتی : “یەکێک لەو گرفتانەی ئێستاکە تووشی دەرهێنەرانی کورد دەبێتەوە، نەبوونی شوێنی وێنەگرتنە (لۆکێشن)، کە ئەوە وایکردووە زۆر جار کەموکوری دەخاتە نێو کارە درامیەکان، بۆ نموونە ئێمە لەکاتی وێنەگرتن درامای “رەیحانە”ـدا، کە ئێستاکە رۆژانە خەریکن کاری بۆ دەکەین، دەبێ ئەو شوێنەی هەڵیدەبژێرین بێدەنگ بێ دەنگ دەنگی ئوتومبیل و خەڵک و زۆر بابەتی دیکە جاری وا هەیە ماندوومان دەکات، تەنانەت زۆر جار دەرهێنەر تووشی بێتاقەتی دەکات، بەداخەوە لەکوردستان تائێستا شوێنێک نیە بۆ ئەوەی بەچاکی کارەکانی تێدا ئەنجام بدەیت، لە زۆر لەوڵاتان شوێنی تایبەت و جاری واهەیە شارێک دروست دەکەن بۆ لۆکێشنی درامایەک، یاخوود هەندێک جار پێویستمان بەکەل و پەلی ئەو سەردەمە دەبێت، کە دراماکە باسی لێوە دەکات، وەک جل و بەرگ قاپ و مەنجەڵی چێشت لێنان و چەک و هەندێک پێداویستی دیکە، ناچار دەبێ بەهەر شێوەیەک بێت چارەسەری بکەیت، بۆیە من پێم وایە لە ئێستادا کارکردن بۆ درامایەکی تەلفزیۆنی زۆر زەحمەتە و بە هەموو دەرهێنەرێک ئەو کارە ناکرێت”.
بایەخ دان بەدرامای بیانی وایکردووە درامای کوردی بەرەو کزی بڕوات…
(مستەفا ئەحمەد) هەروەها ئاماژە بۆ کەمی بەرهەمی درامای خۆماڵی کرد و گوتی : “لەئێستادا بۆیە درامای کوردی تووشی قەیڕان بووەو بەرهەمی درامی بەرەو کزی رۆیشتووە، چونکە وەک مۆدێلێک و چاولێکەری هەرچی تەلفزیۆن هەیە خوی داوەتە، دۆبلاژی درامای تورکی و کۆری و فارسی، کە بەداخەوە نەدبوو ئاوا بوایە، جگە لەوانەش وەزارەتی رۆشنبیری و تیپە هونەریییەکان و ئێمەی هونەرمەندانیش تاڕادەیەک کەمترخمین، تائێستا دەزگایەکی بەرهەم هێنی درامی دروست نەبووە لە کوردستان، ئەوە تەلفزیۆنەکانیش هەروەک باسم کردووە، تەنیا بیر لە دۆبلاژ دەکەنەوە و هیچی تر، من تێناگەم درامایەکی تورکی کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ کەللتور و ئاکاری ئەو وڵاتەی ئێمە ناگونجێ کاریگەری زۆر خراپ بەجێدەهێلێت لەناو خەڵکدا، زۆر لەو درامایانە بەئاشکرا سووکایەتی بە کورد و کەللتوری نەتەوەی کورد دەکات، کەچی لە شاشەی کوردیەوە دەرخواردی چاوی بینەری کورد دەدرێت، بە پارەیەکی خەیاڵی دەیکڕن و بەپارەیەکی زۆر و زەوەند لە دۆبلاژی دراماکە خەرج دەکرێت، کە زۆرجار من بیستوومە بەپارەی دۆبلاژێک لەوانەیە درامایەکی زۆر چاکی چەند ئەڵقەیی لێی بەرهەم بهێندرێت، بەڵام نایکەن و هەر ئەو بابەتە بیانیانە لەلایەن گرنگترە لەدرامای کوردی، بۆیە بەرای من پێویستە ئاوڕێک لە درامای کوردی بدرێتەوە و لایەنی پەیوەندی دار بەئاگا بێتەوە”.
بەنیازم چەند بەرهەمێکی شانۆیی دووبارە پێش کەش بکەمەوە
لەکۆتایی ئەو دیدارەدا هونەرمەندی (مستەفا ئەحمە) ئەوەشی گوت : “بەنیازم هەندێک لەو کارە شانۆیانەی، کە لەکاتی خۆی دا لەگەڵ تیپی شانۆی “شانۆی پێشڕەو” پێشکەشمان کرد، بەنیازین پێش کەشی بکەینەوە، بۆ ئەوەی نەوەی ئێستاش ئاشنای ئەو بەرهەمانە ببێتەوە، لەوانە (نەسرەت چۆن باسی شارەکەی خۆی دەکات؟)، کە یەکێک بوو لەو کارە شانۆیانەی لەساڵانی هەشتاکان زۆرترین بینەری هەبوو، سەرکەوتنێکی جەماوەری بەدەست هێناو لە بەغداش نەیانهێشت بۆ تەلفزیۆن وێنەی بگرین، بۆیە لە ئێستادا خەریکم کار بۆ ئەو بەرهەمەو چەند بەرهەمێکی دیکە بکەین و جارێکی دیکە پێش کەشی بینەرانی شانۆی ئەمڕۆی بکەینەوە، پەنا بەخوای گەورە ئەم کارەش لە دوای تەواو بوونی کاری وێنەگرتنی درامای “رەیحانە” بە ئەنجامی دەگەینم”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵ