توانا تەھا : ئەو کاتانە ھەست بە شەرمەزاری دەکەم کە کوردێک، ئافرەتێک دەکوژێت، ئەو رۆژەی لە نزیک ماڵی ئێمە کوڕێک بە پاساوی ئابڕووپارێزی و سڕینەوەی شەرمەوە، خوشکەکەی خۆی خەڵتانی خوێن کرد، ھەستم بە شەرمەزاری زۆر کرد، چونکە قەناعەتم وایە نابێت ھیچ کەسێک لەسەر ئەوین بکوژرێت، خۆم لە گەلێک شت پاراستووە بۆ ئەوەی پێوەی دووچاری سووکایەتی نەبمەوە، ئەمە یەکەمین جارم بوو ھەست بە شەرمەزاری وەھا بکەم، کە منیش وەکو ئەو کوردم، ئەویش دوای کوشتنی خوشک.
من لەگەڵ ئەوە بووم، ئێستاش لەگەڵ ئەوەم ھەر مرۆڤێک بەبێ تاوانی بکوژرێت دەست بەجێ بکوژانی روبەڕووی مەرگ بکرێنەوە، ئەو دەمەی دوعا بەردباران کرا، شەرمەزارییەکی گەورە بوو بۆ خەڵکەکەی، کە دەستیان ھەبوو لە بەرد بارانکردنی مرۆڤێک، دەبوو ئەوان بەسزای تاوانەکەیان گەیشتبان، ئەگەر ھیچمان لەوە نەبینی ھەمان کوشت و بڕین درێژەی کێشا لەوێ بەرد بارانکردن لە شوێنی دیکە گوللە باران کردن و لە جێگەی تر لەت و پەتکردن و سوتاندن و زیندانی کردن… تا کۆتایی، ھەموو ئەوانەی دوعایان ئەنفالکرد من پێم کەمتر نەبوون لە ئەنفالکردنی نەتەوەیەک و سوتاندنی لادێیەک بە مرۆڤەکانییەوە، دەپرسم بەڕاست بەردبارانکردنی کیژۆڵەیەک بە تۆمەتی ئەوەی دڵداری کردووە، ھچی کەمترە لە ئەنفالکردنی میللەتێک؟
ئەگەر گوایە ئەوانەی دوعایان بەرد باران کرد، کوردی رەسەن بن، ئەوا من لە ئێستاوە حاشا لە کوردبوونی خۆم دەکەم. ئەگەر بڕیارە ئەوانەی دوعایان بەردباران کردو وێنەیان دەگرت، مرۆڤ بن، من ئەوا بێ وەستانەوە حاشا لە مرۆڤ بوونی خۆم ئەکەم، ئەوانەی دوعایان بەردباران کردو ئەوانەی دوعاکانی تریش ئەکوژن، پیسن، چونکە من کوشتنی ژنان بە دژی ئیین، دژی ئەخلاق، دژی یاسا، دادەنێم، ئەوەی بڕوای پێ بێت با گومان لە ئایین و ئەخلاق و مرۆڤایەتی خۆی بکات، ئەوەی ئاسانکاری بۆ بکات یا لە ئاستیدا بێدەنگ بێت، ھاوبەشە لە کوشتنی ژیان و کەرامەتی خۆی و مرۆڤایەتی ھەموو کۆمەڵگە، ئەوەی ئەنجامی بدات نەک ھەر ئایین و ئەخلاق و کەرامەتی سفر دەبێتەوە، بەڵکو لە مرۆڤایەتی دەردەچێت و دەبێت ناوێکی تری بۆ بدۆزینەوە، ناوێک کە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەی شارستانی جێگەیەکی وەھای نابێتەوە.
ئاخر منێک کە توانای ئەوەم نییە، سەیری فیلمێکی پێنج دەقیقەی گوللە بارانکردن بکەم، منێک کە توانای دەقیقەیەک روخسار گرژکردنم نییە، چۆن ھەست بە شەرمەزاری نەکەم کە ھاوخوێنەکانم بەوپەڕی خوێنساردییەوە، کچێک گوللەو بەردباران دەکەن؟ بەڕاست کەی ئەم بەردو خشتە لەسەر مرۆڤ لادەبەن؟ کوشتنی ژنان پەڵەیەکی رەشە بە تەوێڵی پەروەردەی کوردی، دانانی خاڵێکی کۆتاییە بۆ کۆمەڵگەی کوردی. دواجار بە تەوێڵی خەڵکی بەعشیقە، چونکە ئەوان بەردبارانکردینان زیندوو کردەوەو وێنەیان گرت و مرۆڤ نەبوونی خۆیان سەلماند. خۆزگە دانیشتوانی ئەم دەڤەرە، چی زووترە، نەفرەتیان لە کوشتنی دوعا دەکرد، خۆزگە لە مرۆڤ بوونی خۆیان پەشیمان دەبوونەوە. ئاخر مرۆڤێک ھی ئەوەنییە بەم شێوەیە بەرد باران بکرێت، ئاخر مرۆڤ ھی ئەوەنییە لەسەر ئەوین بکوژرێت و لەسەری بە خوێنی خۆی رەنگ بکرێت، قسەی ئێمە لەگەڵ شاخ نییە، لەگەڵ مرۆڤە، ئێمە چیا نادوێنین، روو دەکەینە مرۆڤ، کەچی ئەویش تێ ناگات و لە سنووری مرۆڤایەتی خۆی لادەدات.
ئەوانەی کوژراون مرۆڤی پاکن، وەکو بەفری سەر لوتکەی چیا سپی و بێگەردن، ئەوان گوڵ بوون دەستێکی نەرم نەبوو لەباوەشیان بگرێت، ئەو دەستەی ئەوانەی کوشت پیس بوون، ئەوانەی قەسابخانەیان دروست کرد، خاوێن نەبوون، دەستە پیسەکانیان لە دەستی خوێناوی بەعس دەچوون، ئەوان بەعسین، لەوێوەش فێرە کوشتنی مرۆڤ بوونە، ئاخر بەعس وەکو دڕندە وابوو لە ھیچ شتێک سڵی نەدەکردەوە، مرۆڤی پاک دەستی ناچێتە کوشتنی چۆلەکەیەکیش، چ جای مرۆڤ.
بوونی چەک لە ماڵان، لێنەپێچینەوە لە کوشتنی مرۆڤ و نەبوونی سزایەکی توند، دروست کردنی جەللاد، ھۆکاری سەرەتایین بۆ سەرھەڵدان و دووبارە بوونەوەی رووداوی لەم شێوەیە، دەبوو دەمێک بوایە لە کوردستان حکومەت پلانی جیددی ھەباو یاساو بڕیارەکانی توندترکردبا، بۆ قەدەغەکردنی ھەڵگرتنی چەک. چونکە ماوەیەکە لەکێشە کۆمەڵایەتییەکانی دەرەوەو ناوەوەی شارەکاندا، چەک بەکاردێن و قوربانی گەورەی لێدەکەوێتەوە و چەندین جار لە سەر شتێکی کەم پێنج پێنج مرۆڤ بەربوونەتەوەو بە خوێنی خۆیان رەنگ بوون، دەبێت پەرلەمان بەزووترین کات، بەکارھێنانی چەک لە حاڵەتی مەدەنیدا نەفرەت و غەرامە بکات بۆ ئەوەی ئێمەی ھاووڵاتی ئاسودەترو ھێمنتر ئاخاوتنەکانمان سازبدەین، دەبێت وەزارەتی ناوخۆش لەم رووەوە ھەنگاوی شیاو و بوێرانە بھاوێت.