شنە پێنجوینی:
هه‌ر له دروست بوونی مرۆڤه‌وه ومامه‌ڵه‌ی له ژیاندا راستیه‌کمان بۆ دوپات ده‌بێته‌وه که مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی ، ئاڵۆزه و پره له ره‌هه‌ندی جیاواز، له ناخی هه‌ر مرۆڤێکدا به‌ره‌ی خێر و شه‌ڕ هه‌یه، ده‌کرێ بوونه‌وه‌رێکی زۆر گه‌وره بێ له‌هه‌مان کاتتدا هێنده ی گه‌وره‌يی خۆی ده‌توانێ شه‌ره نگێز و و کاری خراپه ئه‌نجام بدات، به‌ڵگه‌شمان بۆ ئه‌م قسانه چه‌ندین مرۆڤی به توانا له بواری زانست و فه‌لسه‌فه و پزیشکی و فه‌له‌ک ناسی و هه‌موو بوارهکانیتردا هه‌یه که خزمه‌تیان کردوه، هه‌روه‌ها چه‌ندین شه‌ڕی جیهانی و کوشتنی به کۆمه‌ڵ و وێران کردن و خراپه‌کاریش هه‌ر له لایه‌ن مرۆڤه‌وه ڕووی داوه، هه‌ر بۆیه تا ئێسته ناتوانین پێوه‌رێکی بنه‌ڕه‌تیمان هه‌بێت و بتوانین له ناخی مرۆڤ و ده‌مامکه‌کانی و توانا و داوا و خواسته‌کانی له ژیاندا تێبگه‌ین، نموونه‌شمان تا ئێسته بۆ مرۆڤایه‌تی له‌ژیاندا به‌رده‌وامه.
مرۆڤ زۆر جار گه‌وره‌یه زۆرجاریش زۆر قێزه‌ونه، ئه‌م هاوکێشه‌یه جۆری ژیان و مامه‌ڵه‌ی پێک هێناوه، ناکرێ جیهانێکی نموونه‌يی دروست بکرێت که پارسهنگیيهکی ته‌واو بدات به ژیان, هه‌موو وه‌ک یه‌ك وا بین و به هه‌مان شێوه بیر بکه‌ینه‌وه، هه‌رچه‌نده زۆربه‌مان له تێۆریدا مرۆڤ دۆستین و توند‌و تیژی ره‌د ده‌که‌ینه‌وه, به‌ڵام ده‌کرێ هه‌ر ئه‌و تاکه له‌کاتی پراکتیکدا پێچه‌وانه‌که‌ی بسه‌لمینێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخانه‌دا به‌رده‌وام هه‌ندێ له مرۆڤه‌کان له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان جیهان جوان بکه‌ن و ته‌بایی و خۆشگوزه‌رانی بۆ سه‌رجه‌م بێننه ئاراوه، هه‌ر له‌میانه‌ی هه‌موو ئه‌و کاره هونه‌ری و ئه‌ده‌بی و رامیاری و ئابووری و زانستیانه‌وه که ده‌یانه‌وێت به جۆرێکی تر ژیان وێنا بکه‌ن و مرۆڤه‌کان سوودمه‌ند بن تێیدا و وانه‌ی ژیانی لێوه فێر بن, یه‌کێ له‌و نموونانه ئه‌ده‌بی گریکی کۆنه که سه‌ره‌تاکانی فه‌لسه‌فه‌ن و تا ئێستا ئاماده بوونیان هه‌یه و مرۆڤایه‌تی کاریان پێ ده‌کات.
شانۆی (ئۆتێلۆی شکسپیر) که به‌رهه‌می مرۆڤایه‌تیه توانیویه‌تی شاکاری خۆشه‌ویستی و رق وکینه وفێڵ و خیانه‌ت و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان ده‌ستنیشان بکات که تا ئێسته‌ش کاره‌کته‌ری ئه‌و شانۆیه به‌رده‌وامه، مرۆڤی تووشی تێرامان و پرسیار کردوه و لێێدهکۆڵرێتهوه وبه‌رده‌وام مانا و هێمای تازه‌ی بۆ ده‌دۆزنه‌وه.
هۆنراوه و ئه‌فسانه و موزیك, ژیانی راسته‌قینه‌ی مرۆڤه‌کانی دروستکردوه ، شانبه‌شانی کایه رامیاری وئابووری وکۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و کلتووريیهکان, نه‌خشی خۆیان له‌سه‌ر ژیان هه‌بووه‌و وده‌یانه‌وێت رهنگێکیتر بده‌نه ژیان که مرۆڤه‌کان تێێدا زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بن وهه‌ست به ئاسووده‌ی بکه‌ن.
نوسینی کتێبی سینۆهه که پزیشکی تایبه‌تی فیرعه‌ونه‌کان بوو له میسر به‌رهه‌می که‌سایه‌تیه‌که و سه‌رده‌مه‌که‌ی ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ چه‌ندین هه‌زار سال پێش زاینی، ناوه‌ڕۆکی کتێبه‌که باس له دڕنده‌یی و فێڵ و درۆ و ڕیایی مرۆڤه‌کان ده‌کات. ئه‌و ڕه‌شبینه له مرۆڤایه‌تی، ده‌ڵێ مرۆڤه‌کان له‌هه‌موو سه‌رده‌مێکدا کار و کاردانه‌وه‌یان چوون یه‌که و نه‌گۆڕه، په‌سته له خه‌ڵکی ئاسایی و ده‌سه‌ڵاتداران، شیکردنه‌وه‌یه‌کی تهواوهتيی مرۆڤه‌کانه له ڕووی ده‌رووناسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه.
ئه‌و کارانه‌ی له بواری سینه‌مادا تۆمار کراون وهه‌ر یه‌ك به جۆرێک ده‌یه‌وێت جوانی بۆ ژیان و مانا قوڵه‌کانی بدۆزیته‌وه و دژی هه‌موو کارێكی بێویژدانانه بوه‌ستن، یه‌کێ له‌و فیلمه سینه‌ماییانه (پیانست)ه که هێماگه‌لێکه بۆ ده‌سه‌ڵاتی نازی و قێزه‌ون کردنیان لای مرۆڤایه‌تی و ده‌رخستنی روویه‌کی بێ تاوانی مرۆڤه‌کانه که ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی بێ‌تاوان و تاوانکار هه‌ر مرۆڤ خۆیه‌تی.
کاری هونه‌ری زۆرجار وێنای شۆڕشێکه و له فۆرمی هونه‌ری وئه‌ده‌بی جیاوازدا، به به‌رده‌وام و له‌هه‌موو سه‌رده‌مێکدا ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و فکری جۆره گفتوگۆیه‌کی دروست کردوه که ده‌کرێ ببێته خاڵی وهرجهخان و گۆڕان له نێو خه‌ڵکیدا.
له رێی کاری هونه‌ریه‌وه ده‌توانرێ به گژ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵيی ڕامیاری و کۆمه‌ڵایه‌تی و کلتووری و ئایینی‌دا بچێته‌وه که مرۆڤه‌کان به‌رهه‌میانهێناوه، هه‌روه‌ها په‌رده له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی نادروست و سیستمی هه‌ڵه هه‌ڵبده‌یته‌وه، له‌هه‌مان کاتیش‌دا جوانی و لایه‌نه ئه‌رێنیه‌کانی مرۆڤیش ده‌ربخه‌یت.
هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌ک به پێی کلتوور و شوێنی جوگرافیای خۆی و ره‌هه‌ندی مرۆڤه‌کانی پرن له‌سه‌روه‌ری و نوشوستی, هه‌ر بۆیه ده‌کرێ له رێی کاری زنجیره دراماوه ژیانی راسته‌قینه‌ی مرۆڤه‌کان له هه‌موو روویه‌که‌وه بۆ خۆیان و بۆ گه‌لانی تر ئاشنا و تۆمار بکه‌ن تا له هزر و دیدی سهیرکهردا بمینێته‌وه.
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی دا له کوردستان له‌به‌ر نه‌بوونی کاری درامای خۆماڵی که ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی ئازادی و نه بوونی زه‌مینه‌ی دراما و کاری ته‌کنیکی پرۆفیسۆناڵی و هه‌بوونی سانسۆر له هه‌موو کایه‌کاندا و نه‌بوونی پهخشیکی ئازاد که بتوانێ سه‌ربه‌ستانه هه‌موو کارێكی هونه‌ری په‌خش بکات, ئه‌و قه‌یرانه‌ی بۆ دروست کردوین که خوو بده‌ینه کاری هونه‌ری هاورده و بیانی.
له دوای په‌خش کردنی ئه‌م دراما کۆریانه خه‌ریکه ئه‌و گرنگیه له‌ناو ده‌چێت بۆ دراما تورکیه‌کان. که ده‌بوو زووتر له‌وه تێبگه‌یشتینایه که دراما تورکیه‌کان له رێگه‌ی فیکر و ئه‌ده‌به‌وه ده‌یانه‌وێت هه‌ست و نه‌ستی رۆڵه‌کانمان داگیر بکه‌ن.
دراما کورییه دۆبلاژکراوه‌کان به‌رهه‌می (خاوێ فیلمه) ه که پشتیوان حه‌سه‌ن خاوێی و ستافه‌که‌ی هه‌ڵده‌ستن به هه‌ڵبژاردنی بابه‌ت و دۆبلاژکردنی وهه‌ڵبژاردنی کاره‌کته‌ره‌کان وهه‌موو ئه‌و کاره هونه‌ریانه‌ی تر، به‌ده‌ر له هه‌ندێ که‌موکوڕی که به‌کاری ده‌رهێنانی دۆبلاژکردنیهوه دیاره جێگای ده‌ست خۆشین. هه‌رچه‌نده له تازه‌ترین درامادا ( دکتۆر هۆر جۆن, پزیشکی ئه‌فسانه‌یی) خه‌ریکه به‌ته‌واوتی ده‌کرێ به کوردی, ئه‌وه‌ش پێم وایه له به‌های درامیهکهی که‌م ده‌کاته‌وه. به ڵام بۆ ئێسته‌ی ئێمه له نه‌بوونی کاری خۆماڵی و بوونی به‌رهه‌می تورکی باشتره، هه‌روه‌ها ناساندن و ئاشنا بوونه به مێژوو و کلتووری میلله‌تێکی دی .
کۆی دراما کۆریه‌کان، بابه‌ت، سیناریۆ، تێکسته دراماکانیان له بیروباوه‌ڕێکی به‌هێزه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه، که ده‌کرێ پاشخانێكی دینيی هه‌بێت، توانای مرۆڤ یان هێزی ناوه‌کی مرۆڤه‌کانه، مرۆڤ ده‌بێت به‌هێزبێت وبه‌رگه‌ی هه‌موو ناخۆشیه‌کانی ژیان بگرێت وهه‌وڵبدات وسووربێت ولێبورده بێت، خۆشه‌ویستی و راستگۆيی بزانێت وهه‌روه‌ها یه‌کێ له کۆڵه‌که سه‌ره‌کیه‌کانی ئه‌م درامایه‌نه پێ‌زانین (وه‌فا) یه, نه‌بوونی تووندوتیژیه که من زۆرجار له‌م درامایهندا ڕێبازه نه‌رم ونیانهکهی ( ماهاتما گاندیم) دێته‌وه یاد که چۆن ئه‌ویش بڕوای به‌بوون وتوانای مرۆڤه‌کان هه‌بوو, بێ توندوتیژی، چۆن ڕیبازه‌که‌ی ماهاتما گاندی توانی به‌ره‌نگاری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وسای ئینگلیزی داگیرکه‌ر ببێته‌وه و وڵاته‌که‌ی بێ توندوتیژی له چنگیان رزگار بکات.
درامای هۆرجۆن خاوه‌نی جیاوازیه‌کی تایبه‌ته وگهڵاڵهیهکی وردبینانه و به ئاگاداریه‌کی ته‌واوه وه نووسراوه، له کاتی سه‌یرکردنیدا بینه‌ر ده‌زانێ چه‌نده گرنگی دراوه به‌زنجیره رووداوه‌کانی ناو درامه‌که و پێکه‌وه گرێدراون.
درامای هۆر جۆن پێمان ده‌ڵێ که پزیشكی راسته‌قینه و ئه‌فسانه ئه‌و که‌سه‌یه به‌ده‌ر له ئاستی زانستی به‌رز, ده‌بێت سۆز و به‌زیی و خۆشه‌ویستی هه‌بێت بۆ نه‌خۆشه‌کانی به بێ جیاوازی، هه‌روه‌ك بینیمان له‌م درامایه‌دا کوڕی( دکتۆر ی‌و), ئاستی زانستی هیچی که‌متر نه‌بوو له ئاستی زانیاریه‌کانی هۆر جۆن, به‌ڵام هۆر جۆن وه‌ك ئه‌فسانه خۆی ناساند، ئه‌م درامایه وا له بینه‌ر ده‌کات که بپرسێ کێ پزیشكی راسته‌قینه یه؟
هۆکاری ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه لای بینه‌ر، نه‌بوونی سۆز و خۆشه‌ویستیه لای زۆرێک له پزیشکه‌کانی خۆمان و مامه‌ڵه‌کردنه، یان نه‌بوونی ره‌چاوكردنی تایبه‌تمه‌ندێتیه له کاتی سه‌ردانیان بۆ لای پزیشکه‌کان، وه‌ک ده‌بینین چه‌ندین نه‌خۆش له‌یه‌ک کاتدا ده‌چنه ژووره‌وه بۆ لای پزیشک که به‌هیچ جۆرێ روویه‌کی شارستانيی نیه، چونکه کاتێ مرۆڤ سه‌ردانی پزیشك ده‌کات یه‌کێ له و خاڵه سه‌ره‌کیانه ده‌بێ ده‌روونی ئارام بێت و بتوانێ گوزارشت له‌و ده‌رده‌ی بکات، به‌تایبه‌تی بۆ کلتووری ئێمه که ترس و شه‌رم و سنووره‌کان ته‌نگیان به مرۆڤه‌کان هه‌ڵچنیوه، ده‌بوو پزیشکه‌کان له‌گه‌ڵ سۆز‌و خۆشه‌ویستی ، فه‌زایه‌کی وایان بۆ نه‌خۆشه‌کان بخوڵقاندایه که مرۆڤه‌کان هه‌ستیان به ئاسوده بوون بکردایه، هه‌ر بۆیه له‌کاتی سه‌یرکردنی ئه‌م درامایه‌دا بینه‌ر ده‌که‌وێنه ئه‌و بیرکردنهویهوه که بپرسێ به‌کێ ده‌ڵێن پزیشکی راسته‌قینه ؟
پزیشكی هه‌ژاره‌کان ناوه‌رۆکێکی درامی قوڵی هه‌یه، هه‌روه‌ها ئامانجی کۆمه‌ڵایه‌تی له خۆ گرتوه. نموونه‌ش هۆر جۆن له‌به‌ر ئه‌وه کوڕێکی ناشه‌رعی بوو, هه‌رچه‌نده باوکی حاکم بوو, به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دایکی پله نزم وهه‌ژار بوو, نه‌یتوانی بیخوازێ، هۆر جۆنى وه‌کو پێویست به‌خێو نه‌کرا و نه‌یتوانی قوتابنخانه ته‌واو بکات له کاتێكدا ئه‌و هه‌ر له منداڵیه‌وه بلیمه‌ت بوو. ئه‌مه بووه هۆی ئه‌وه‌ی که خوو بداته لایه‌نی خراپه تا بتوانێ ئازاره‌کانی خۆی و دایکی له بیر بکات، بووه چه‌ته و رێگرو قاچاخچی، نووسه‌ری ئه‌م درامایه توانی ئه‌م کاره‌کته‌ره بگۆرێت وبیکاته ئه‌فسانه به هۆی خۆشهیوستیهوه، کاتێ که چاوی به خاتوو داهی ده‌که‌وێت که ته‌نانه‌ت سهرلهبه ری ژیانی ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه به مه‌راسیمی به‌خاك سپاردنی ناپاکێک که باوکی داهی بوو. هه‌رچه‌نده دواتر ئه‌و شه‌ره‌فه‌ی بۆ گێردرایه‌وه که که‌سێکی پاك بووه. ئه‌مه خالێكی وه‌رچه‌رخانی گه‌وره بوو له هۆر جۆندا و له چنینی هێڵی دراماکهیدا.خاڵی دووهه‌م پێمان ده‌ڵی که‌سه خراپه‌کان یان هه‌ژاره‌کان ده‌کرێ که‌سی خراپ نه‌بن گه‌ر مه‌ودایه‌کیان هه‌بێت له ژیاندا، ده‌کرێی ببنه ئه‌فسانه وه‌ك هۆرجۆن که مرۆڤایه‌تی شانازیان پیوه بکات، نموونه‌ی ترمان چارلی چاپلنه که که‌سێکی هێنده هه‌ژار و کوڕی سه‌رشه‌قامه‌کان بوو که له دوایدا توانی ببێته یه‌کێ له جوانترین وێنه‌ی مرۆڤ که له رێێ کاری کۆمیدیاوه ئازاره‌کانی مرۆڤایه‌تی به‌رجه‌سته بکات و خزمه‌ت به ڕه‌وشی مرۆڤایه‌تی بکات له جیهاندا.
فه‌زا یان ڕووپه‌ری ئه‌م درامایه زیاترباسکردن و قوڵبوونه‌وه وپشاندانی گوزه‌رانی خه‌ڵکی هه‌ژاربوو، ئه‌مجاره جاوی کامێرا جیاواز گرته‌کانی تۆمار ده‌کرد، لهناوخهڵکهوه چوو بۆ ناو کۆشک وده‌سه‌لاتداران.
دراما کۆریه‌کان ململانێیه‌کی نێوان مرۆڤه‌کانه, ده‌رخستنی هه‌موو لایه‌نه ئه‌رێنی و نه‌رێنیه‌کانی بێ کۆتايی مرۆڤه‌کان پشان ده‌دات. که سێکی وه‌ک هۆرجۆن که هه‌موو گیانی پره له خۆشه‌وستی و دڵ گه‌وره‌ی و لێبورده و به وه‌فایه، خۆشه‌یوستی بۆ مامۆستاکه‌ی که ئاماده‌یه ده‌ستی بپه‌ڕێنن به‌ڵام هه‌ڵه به‌رامبه‌ر مامۆستاکه‌ی نه‌کرێ، وه‌فای داهی ده‌رده‌خات که مرۆڤه‌کان سه‌رسام ده‌کات، هه‌روه‌ها چاوچنۆکيی که‌سه بوده‌ڵه‌کان پشان ده‌دات کاتێ که ده‌سه‌لاتێکیان دێته ده‌ست هه‌موو رێگاکان ده‌گرنه به‌ر بۆ به‌رژه‌وه‌ندیيه تایبه‌تیه‌کان ومانه‌وه‌یان، درامای هۆر جۆن پشانمان ده‌دات که له‌هه‌موو شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌دا هه‌ژاره‌کان وه‌ک یه‌کن وئازهرهکانیان وه‌ك یه‌که. باس له هه‌موو گهندیهڵیهک ده‌کات, ڕامیاری یان پیشه‌یی بێت, وانه‌یه‌کی تری ئه‌م درامایه پێمان ده‌ڵی فه‌رمانڕه‌وای راسته‌قینه له ژیانی مرۆڤدا مه‌حاڵه وهه‌رکه‌س راستگۆ بێت ده‌بێت ئاماده بێت زۆر شت له کیس بدات هه‌ر بۆیه ئه‌م درامایه زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده له په‌یامه‌کانیدا و له‌کاتی سهیرکردنيدا بینه‌ر بۆ خۆی ڕاده‌کێشێت و وات لێ ده‌کات هۆگری ببیت که ئه‌مه‌ش هۆی سه‌رکه‌وتنیه‌تی.
هونه‌ر فره ره‌هه‌ند و فره رێبازه، پاپه‌ندی کۆمه‌ڵێ هۆکارن له کات و شوێنێکی دیاریکراودا، زۆر جار گوێمان لێده‌بێت که به‌کارێكی هونه‌ری یان هه‌ر بابه‌تێکی ئه‌ده‌بی ده‌ڵێن زیندوه یان بابه‌تی هه‌موو سه‌رده‌مێکه، بۆ نموونه ڕووداوه‌کانی ئه‌م درامایه ورۆڵهکانی باس له چه‌ندین سه‌ده پێش زاینی ده‌کات، به‌ڵام کاتێ سه‌یری ده‌که‌ین هه‌موو ئه‌و کاره‌کته‌رانه له ژیانی ئێستاماندا ده‌بینینه‌وه, هه‌ر بۆیه من پێم وایه ئه‌وه ته‌نها زیندوو بوونی باباته‌کان نیه, بگره زیندووبوونی مرۆڤه‌کانه که له هه‌موو سه‌رده‌مێکدا کار و کاردانه‌وه‌یان چوون یه‌که , هه‌ر بۆیه کاره‌کانیش به زیندوويی ده‌مینیته‌وه.
شنه پێنجوێنی
ئیدن برا 14-04-2012
تێبینی ؛
له‌دوای په‌خش کردنی ئه‌م زنجیره‌یه له کۆریادا توانیویه‌تی خاڵێکی وه‌رجه‌رخان گۆڕران دروست بکات، به‌وه‌ی جارێکی تر بگه‌رێنه‌وه بۆ جاره‌سه‌رکردنی نه‌خۆشه‌کان له رێگای گژوو گیای سروشتیه‌وه ئه‌مه‌ش مانای گه‌رانه‌وه‌یه بۆ سروشت.
به سوپاسه‌وه سوودم له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگرتوه؛
*کتیبی (سینۆهه) پزیشکی ته‌یبه‌تی فیرعه‌ونه‌کانی میسر.
*هه‌ندێ زانیاری له سه‌ر مێژووی کۆریا و درامای هۆر جۆن به زمانی ئینگلیزی له ویکیپیدیا