عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی :زۆربەی جار لەگەڵ بیرکردنەوەکانماندا هە ستێك دروست ئەبێت کە ڕامان دەکێشێ بۆ خۆی و کاریگەرییەك لەلامان بەجێدەهێڵێ. بەڵام بۆچی ئەوەندە بە زەحمەت هەندێ شتمان بیردەکەوێتەوە؟ بۆچی ئەوەندە ئاسانە لەسەر قەنەفەیەك دابنیشی بۆ ماوەیەکی زۆر لەکاتێکدا تۆ پێویستت بە جوڵەیە؟ بۆچی بۆ تۆ زەحمەتە کە ئەو پارچە چۆکلاتەی دانراوە نەیخۆیت لەکاتێکدا تۆ ئەتەوێ کێشت دابەزێنی؟ بۆچی تۆ جگەرە ئەکێشی کە ئەزانی زیانی هەیە؟ بۆچی هەندێ شت ئەکڕی کە ئەزانی زۆر زوو تاقەتت لێی دەچێ؟ بۆچی هەندێ قسەی ناخۆش ئەکەیت و دڵی خەڵك لەخۆت زویر ئەکەی لەکاتێکدا تۆ مەبەستت ئەوە نیەو پەشیمان ئەبیتەوە؟ بۆچی هەندێ جار بڕیاری خراپ ئەدەیت لەکاتێکدا تۆ پێچەوانەکەیت پێ باشترە؟ بۆچی بۆت ئاسانترە کە بگەیتە ئامانجە کورت خایەنەکانت؟
ئێمە ڕۆژانە بڕیاری زۆر ئەدەین، بچوك و گەورە بەبێ ئەوەی تەرکیزمان لە ئاکامەکەی بێت. بڕیارە بچوك و ئاسانەکان بەرەو ئاراستەیەکی چاوەڕوانکراوماندا دەبات لەبەر ئاسانی بڕیارەکە. ئەم جۆرە بڕیارانە وامان لێدەکات کە ئیتر بوێرین بڕیاری لەو شێوانە بدەین و خەونی لەو شێوەیە ببینین. کە ئاکامی ئەو بڕیارانەش سەر لەنوێ وەك سەرئەنجامی بڕیارەکانی پێشترت ئەبێ. بەڵام ئایا ئێمە ئەتوانین گەورەترو دروستتر بڕیار لە ژیانماندا بدەین؟
چۆن ئەبیتە بەرچاوڕوونی ژیانی خۆت؟ تۆ دوو ڕێگات هەیە بۆ بەرچاوڕوونی ژیانت: یەکەمیان بیرکردنەوەکانتە و دووەمیان هەستەکانتە. ئێمە زۆربەی جار بەهۆی هەستەکانمانەوە کاردانەوەمان ئەبێ. بەتایبەت لە کاتی کاڵا کڕیندا هەستەکانمان زۆرتر ڕەنگدانەوەیان ئەبێ. هەرکاتێ کە هەستمان بۆ کاڵاکە جوڵا ئەیکڕین و زۆر جار سەرئەنجامەکەی ئەوەیە کە کەمێك پێی ئاسودە ئەبین. وە زۆرجار خەڵکیش کارمان تێئەکات بۆ ئەوەی کە شتێك ئەنجام بدەین. زۆربەی جار کەمێ دوودڵی لەلامان دروست ئەبێ، بەڵام هەر بریارەکەش ئەدەین هەرچەندە لە ناخەوە ئەزانین کە هەڵەیە. بەڵام هەر کە هەلێکمان بۆ ڕەخسا و توانیمان بڕیارەکەمان بگۆڕین خێرا پەشیمان ئەبینەوە لێی.
هەر کە درکمان کرد بەوەی کە ئەوە هەستەکانمانە ئێمە بەو ئاڕاستەیەدا ئەبات، ئیتر ئەوە زۆر گرنگە کە بزانیت ئەو بڕیارانە بەرەو چ تەندروستیەکی بردوین. لێرەدا با هەندی نمونە بخەمە ڕوو: لە کاتێکدا تۆ ئەزانی جگەرە کێشان ئەو هەموو زیانانەی هەیە و دەبێ وازی لێبێنیت. لەکاتێکدا تۆ کێشت بەرزەو نابێ ئەوەندە شیرین و چەوری بخۆیت. بەلام هەستەکانت تۆ ڕادەکێشێت و فریوت ئەبات بۆ ئەوەی بەردەوامیت لە جگەرە کیشان و شیرین خواردن و دانیشتنی زۆری سەر قەنەفە خۆشەکە و تاد. لە هەمان کاتدا تۆ ئامانجێك لە مێشکتا هەیە کە تۆ واز لە جگەرە بێنی و کێشت دابەزێنی و کاری باشتر بکەیت و تاد. ئەوەی کە لێرەدا هەڵەیە ئەوەیە کە تۆ ئەو ئامانجانەت بەتەواوی لە ناختا پڕۆگرام/ خەزن نەکردووە هەتا ببێتە بەشێك لە تۆ و هەڵسوکەوتەکانت. ئەگەر لە ناختا پڕۆگرام کرا ئەو کاتە تۆ وێنەیەکی خۆت ئەبینی بە خەزنکراوی کە دوای ئەوەی تۆ وازت لەجگەرە هێنا یان کێشت دابەزی تۆ چۆنی. کە ئەوەیشە ئەبێتە هۆی هاندانت بۆ بەکاربوونت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەت.
لەکاتێکدا کە ئێمە تەندروستیمان باش نیە زۆربەی جار بڕیارەکانیشمان هەڵە ئەبێت، لەبەر ئەوەی لەو کاتانەدا لەوانەیە ئێمە قسەیەك بکەین کە مەبەستمان نەبێ، حەزکردن لە خواردن و کەمجوڵەی و ژیادکردنی ژمارەی جگەرە کێشان بۆئەوەی ئەمانە ببێتە چالاکیەك بۆ دڵنەوایمان. لە لایەکی تریشەوە ئێمە خۆمان ئەزانین کە ئەو هەستە چەند خۆش ئەبێت کە بگەینە ئەو ئامانجانەی کە هەمانە، بەڵام ئەو هەستانەش هەر وەك هەستەکانیترمان دێن و ئەڕۆن کە ئەمەش زۆرجار وادەکات کە ئێمە سەر لەنوێ دەست پێبکەینەوە بە دانانی ئامانجەکەمان. بەڵام ئایا ئەگەر سەر لەنوێ دەست پێبکەینەوە باشترە یان بە لاوازی چاوەڕێ بکەین هەتا هەستێکیترمان بۆ یەتەوە؟
هەستەکانمان هەمیشە لە گۆڕانکاریدان. لەوانەیە تۆ بەسەرت هاتبێ کە کاتێك لە کارەکەت بەرەو ماڵەوە ئەڕۆیتەوە هەست بە ماندوو بوون و بێ وزەیی و سەر ئێشە ئەکەیت. بەڵام کە لە ماڵەوە کتوپڕ تەلەفونێکت بۆیەت و کەسێکی نزیکت بیرۆکەیەکت ئەداتێ کە پێکەوە چالاکیەك ئەنجام بدەن. تۆ خێرا وزەکەت بۆ ئەگەڕێتەوە. چی ڕوویدا؟ ئەی تۆ ماندوو نەبویت؟ بەڵێ ماندوو بویت، بەڵام بیرکردنەوەکانت زیاتر ماندوویان کردبووی. کاتێك کە شتێکی نوی ڕوویدا تەرکیزت گوازرایەوە بۆ دەرەوەی ناو خۆت، بەم شێوەیە تۆ مانوو بوونەکەت لە بیر کرد.
بۆ ئەوەی باشتر ببیتە بەرچاوڕوونی خۆت بەم شێوەیە بکە:
– هەرکات ویستت کە بڕیارێك بدەیت، پرسیار لە خۆت بکە بزانە ڕاستی ئەو بڕیارە لە کوێیایە.
– بزانە هەستەکانت لە چ شوێنێکی جەستەتدا درك پێ ئەکەیت.
– ئەگەر ئامانجت ئەوەیە کە کیشت دابەزێنی بەڵام هێشتا حەزت لە چۆکلاتە، کەمێکی تر چاوەڕێ بکە و بڕیار مەدە. ئەتوانی شتێکیتر بکەیت وەك وەرزش و پیاسەکردن.
– ئامانجی کورت خایەن دابنێ لەباتی درێژ خایەن، بۆئەوەی تۆ زۆرتر هەست بە سەرکەوتن بکەیت و ئاسانتر بەدەستی بهێنی.
– هەوڵبدە ئەوە بکە کە تەندروستیت باشتر ئەکات بۆ ماوەیەکی درێژتر. هەر بیرکردنەوەیەك لە بارێکی باشدا ئەبێتە هۆی تەندروستیەکی باش.
– هەڵبدە چالاکی خۆش ئەنجام بدە. لەبەر ئەوەی هەر جۆرە چالاکیەکی خۆش چالاکی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێ و ئەویش ئەبێتە هۆی ئەوەی کە تۆ بڕیاری باشتر و دروستتر بدەیت.
سەرکەوتوبن