زانا دڵشاد دزەیى : هونەرمەند محەمەد غەریب قەدرى لەساڵى 1935 لەپێنجوێن لەدایکبووە و گەڕەکى تەیراوەى شارى هەولێریش گەڕەکى بەڕێکردنى تەمەنى منداڵى ئەوبووە، خوێندنى سەرەتایى و ناوەندیشى هەر لەو گەڕەکە تەواوکردووە، لەبەرئەوەى باوکى بووە عەمیدى کۆلیژى شەریعە لەبەغدا، کوردستانیان جێهشێت و لەبەغدا نیشتەجێ بوون، قەدرى هەر لەبەغدا خوێندنى ئامادەیى و پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى بەشى مۆسیقاى تەواوکردووە، ئێستا ئەو باوکى پێنج کوڕە، سێ لەکوڕەکانى هونەرمەندن و لەبەغدا دەژین، دوو کوڕیشى لەگەڵ خۆى لەهەولێرن.
محەمەد قەدرى ئەو هونەرمەندەى کە گەنجەکانى ئێستا لاسایى پێش پەنجا ساڵى ئەو دەکەنەوە، ئێستا خاوەن 450 گۆرانى تۆمارکراوە، لەو دیمانەیدا لەگەڵ (سڤیل) وەڵامى چەندین پرسیار دەداتەوە و قسە لەسەر سەرەتاکانى هونەرکردنى و حەز و لایەنە تایبەتییەکانى ژیانى خۆیشى دەکات.
زانا دڵشاد دزەیى: لەسەردەمى منداڵى خۆت، چۆن موتابەعەى گۆرانیت دەکرد؟
محەمەد قەدری: لەسەردەمى منداڵی مندا هەر رادیۆ هەبوو، زۆریشم حەز لەرادیۆ هەبوو، گوێم لەگۆرانییەکان دەگرت، کاتێک گوێم لەگۆرانى و مۆسیقا دەبوو، دەمویست بچمە ناو رادیۆ و بزانم ئەو دەنگانە چۆن دەردەچێ، جگە لەوەش خوا لێى خۆشبێ، هونەرمەند تاهیر تۆفیق دەهاتە تەیراوە و ئاهەنگى بووک و زاواى دەگێڕا، یەکسەر خۆمان دەکردە ماڵەکە و دەچووین گوێمان لەگۆرانییەکانى تاهیر تۆفیق دەگرت، لەو وەختەش هەر تاهیر تۆفیق و حەیدەر کەچەڵ هەبوون، ئەو تورکمان بوو، قۆریاتى دەگوت.
زانا دڵشاد دزەیى: لەساڵى چەند دەستت بەکارى هونەرى کرد؟
محەمەد قەدرى: هێشتا قوتابى قۆناغى دووەمى پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى بەغدابووم، کاک یەحیا مەرجان شیعرێکى بۆم هێنا و گوتى: بۆ نایەى ئاوازێکى بۆ دابنێى؟ شیعرەکەش دووقۆڵى بوو، هى محەمەد شەنگە بوو، (کوڕەکە دەڵێ: جوانى هونەرخوازى کچە کوردى نیشتیمان.. بۆیە وابەنازى خۆت ئەنوێنى بەسەرمان، کچەش دەڵێ: کوڕە کوردى شیرینم، ئەمرم رۆژێک نەتبینم، گەر نەبى لەژینم.. خەسارە هەموو ژینم) ئاوازم بۆى دانا، لەساڵى 1957 لەفیستیڤاڵى پەیمانگاى هونەرەجوانەکان پێشکەشمان کرد، یەحیا مەرجان لەگەڵ کچێکى بەشى شێوەکارى بەجووتە گۆرانییەکەیان گوت، لەڤیستیڤاڵەکە شەماڵ شائیب دانیشتبوو، هاتە لامان و گوتى: گۆرانییەکەتان زۆر خۆشە، وەرن بۆ ئیزگە با بۆتان تۆمار بکەم، ئێمەش نەماندەزانى ئێزگە و تۆمارکردن چییە، ئەو وەختە هونەرمەند جەمال جەلال هاتوچۆى ماڵمانى دەکرد، گوێى لەگۆرانییەکە بوو، وەختێک زانیم گۆرانییەکەى بردووە لەگەڵ گوڵبەهار تۆمارى کردووە. ئیتر ئەو گۆرانییە بوو بەنسیبى جەمال جەلال و گوڵبەهار.
زانا دڵشاد دزەیى: ئەى بۆچى خۆت گۆرانییەکەت تۆمار نەکرد؟
محەمەد قەدرى: هەر حەزم دەکرد ببم بەئاوازدانەر، ئاوازم بۆ فوئاد ئەحمەد، عەبدوڵڵا دڵسۆز، گوڵبەهار و کۆمەڵێکى دیکەش، بەڵام خۆم شەرمم دەکرد گۆرانى بڵێم، خەڵک بەچاوێکى سووک سەیرى گۆرانیبێژیان دەکرد، جگە لەوەش براگەورەکەشم بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەبوو لەهەولێر، لەبەرخاترى ئەویش نەمدەویست ببم بەگۆرانیبێژ، نەوەک تەئسیر لەسومعەى بکات. بەڵام رۆژێک نازم نەعیم، کە بەڕێوەبەرى بەشى کوردى بوو لەئیزاعەى بەغدا، گوتى: باشە تۆ ئاواز بۆ ئەو گۆرانیبێژانە دادەنێى، خۆ تۆ دەنگت لەوانە خۆشترە، بۆ خۆت گۆرانى ناڵێى؟ منیش گوتم: بەخوا شەرم دەکەم ناتوانم.. گوتى: حەیفە ئەو دەنگەت دەمرێنى، ئەگەر گۆرانى نەڵێى، ئاوازەکانت بۆ تۆمار ناکەم، وەڵڵا ئیتر لەوەوە دەستم پێکرد بەگۆرانى و ئاوازدانان. یەکەم گۆرانیشم لەساڵى 1958- 1959 بەناوى (پەشیمانى) تۆمارکرد.
زانا دڵشاد دزەیى: بۆچى زۆر حەزتکردووە لەگەڵ ئافرەتەکان دووقۆڵى گۆرانى بڵێى؟
محەمەد قەدرى: ئەوە حەزى خۆم بوو، زۆر حەزم لەدووقۆڵى بوو، دەگەڕام بۆ ئافرەتێک دەنگى خۆش بێ، ئەوانەى کە لێم نزیکبوون گوڵبەهار و نەسرین شێروان بوون، هەروەها جەمیلە و غالیدە سالم، ئەوانە عەرەب بوون، هەروەها لەگەڵ مائیدە چوار گۆرانیم تۆمارکرد، کە جوانترین دەنگى ئافرەتى عێراقییە و لەگەڵ کەس گۆرانى نەدەگوت، بەڵام ئەو دەنگى منى پێخۆش بوو، ئێستاش هەموو گۆرانییەکانم بە ڤیدیۆ ماوە، دواتر ژیان ئەحمەد (دکتۆرە بەلقیس) هات، چەند ئاوازێکم بۆى دانا و ئەویش دەنگى زۆر خۆش بوو، من پەنجا و دوو ساڵ پێش ئێستا گۆرانى دووقۆڵیم لەگەڵ ئافرەت کردووە، تازە گەنجەکان خەریکن دووقۆڵى دەکەن.
زانا دڵشاد دزەیى: مادام هەموو ئەو گۆرانیانەت ماوە، بۆچى نایدەیتە کەناڵە کوردییەکان پەخشى بکەن؟
محەمەد قەدرى: ئێ بیدەم بەکێ؟ کەس داواى لێ نەکردووم، ئەوە پێنج ساڵە لەکوردستانم، تائێستا کەسێک نەیگوتووە مەرحەبا، من یەکێکم لەو هونەرمەندانەى، کە پێنج ساڵە لەکوردستانم کەس نەهات بڵێت کەرت بەچەند.
زانا دڵشاد دزەیى: ئەوە نزیک لەپێنج ساڵە لەکوردستانى، بۆچى لێرەدا کارێکى هونەریت نەکردووە؟
محەمەد قەدرى: لێرە زۆر هەوڵمدا کار بکەم، بەڵام دەست و قاچم بەستراوە و لێناگەڕێن کاربکەم، بۆ زۆر شوێن چووم و داوام کردووە شوێنێک هەبێ ئیشى مۆسیقا و ئاوازدانان بکەم، هەرچى دەرگا هەیە لێمداوە، بەڵام بەداخەوە کەس دەرگاى ئیشى بۆ نەکردمەوە، چووم بۆ لاى بەڕێوەبەرایەتى هونەرەکانى موزیک لاى کاک شێرزاد سەرسپى، ئەویش مەجال نادات ئیش بکەم، دەیان ئاوازم لەماڵەوە هەیە، دەیان ئاوازم لەماڵەوە کەوتووە، من ئامادەم بۆ ئەو گەنجانەى، کە دەنگیان خۆشە، ئاوازیان بۆ دابنێم.
زانا دڵشاد دزەیى: تۆ پێت وایە هۆکارەکەى چییە، کە ڕێگەت پێنادەن کار بکەى؟
محەمەد قەدرى: هەرکەسێک بۆ خۆى جێگایەکى گرتووە، لەوە دەترسن ئەو کەسەى کە تواناى کارکردن و داهێنانى هەیە، نەوەک شوێنى ئەوان بگرێتەوە، من پەنجا و دوو ساڵ خزمەتم کردووە، حەزدەکەم لەوکارەى کە لەگەڵ روحى مندا دەژى تێیدا بەردەوام بم، بە حەیفى دەزانم لەکاتێکدا بمرم، کە هیشتا توانام ماوە، چونکە مردن هەر ئەوە نییە لەژیاندا نەمێنى، هونەرمەند ئەگەر لەبوارەکەى خۆیدا کارنەکات بەرەو مردن دەڕوات، منیش نامەوێ بەزیندووێتى بمرم، من تێناگەم ئایا هونەرمەند کە بەتەمەن دەبێ، ئەوها رێزى نامێنێ و کەس ناچێ بەلایەوە.
زانا دڵشاد دزەیى: گۆرانییەکانى ئەو قۆناغە چۆن دەبینى؟
محەمەد قەدرى: هەنگاوى باش نراوە و دەنگى خۆشیش هەیە، بەڵام ئەوەى جێگاى داخە لەناو کورددا ئاوازدانەر کەمە، زۆربەیان تەقلیدە، یەکێکم نەدیووە بەدڵ ئاوازدابنێ، خوا وامنى خوڵقاندووە، کە نەتوانم لەگۆترە ئاواز دابنێم، زۆربەى ئاوازەکانى ئێستا لەگۆترە دادەنرێ، ئەوەش هۆکارەکەى ئەوەیە، کە کەسێکمان نییە ئیختیساسى خۆى ئاوازدانان بێ.
بەڵام هەڵکەوت زاهیر کوڕێکى بەتوانایە و زۆرم خۆشدەوێ، روحیەتێکى زۆر جوانى هەیە لەئاوازدانان، ڕێگایەکى زۆر جوانى گرتووە، بەداخەوە وابزانم زۆر دژایەتى دەکرێ، جێگای داخە لەکوردستان هەموو شتێک بووەتە دژایەتیکردن، ئەو کەسانە هەموو حەسوود و موتەخەلیفن، کە دژایەتى ئەو گەنجە دەکەن، من لەنزیکەوە هەڵکەوت زاهیرم بینیوە، کوڕێکى زۆر موئەدەب و نموونەى ئەخلاقى بەرزە، ئەو خۆیشى یەکێکە لەو هونەرمەندانەى حەز لە ئاوازەکانى من دەکات.
زانا دڵشاد دزەیى: پەیوەندی و هاوڕێتیت لەگەڵ جیلى ئێستا چۆنە؟
محەمەد قەدرى: من هەر لەتەلەفزیۆن دەیانبینم، قوربان جاران لەئێزگەى بەغدا کافتریا هەبوو، هەموو هونەرمەندان لەکافتریا کۆدەبوونەوە و کامەیانت دەویست لەبەردەست بوون، ئەگەر عارەبت دەویست هەبوو، کوردت دەویست هەبوو، بەڵام ئێستا کەس کەس نابینێ، ئێستا من دەگەڕێم بۆ ئافرەتێک ببینمەوە لەگەڵیدا گۆرانى شێوەى تازە بڵێم، بەڵام کوا کەس نییە، زۆر هەوڵمدا ئافرەتە گۆرانیبێژەکانى کورد ببینم ئاوازیان بۆ دابنێم، دەمەوێ لۆکە ببینم ئاوازى بۆ دابنێم، دەنگێکى زۆر ناسک و خۆشى هەیە، بەڵام کوا کەس ئەوانە نابینێ، من نازانم لە تەلەفزیۆن بۆ ئەوەندە زۆرن و لەهیچ جێگایەکى ئەو شارەش دیارنین.
زانا دڵشاد دزەیى: بابێینەوە سەر قۆناغى گەنجێتیت، لەگەڵ دڵدارى چۆن بووى؟
محەمەد قەدرى: ئەگەر دڵداریم نەکردایە، نەمتوانى ئاواز دابنێم، زۆریشم خۆشویستووە، هەر یەکێکیان تامى خۆى هەبووە، زۆربەى ئەوانەشى کە خۆشم ویستوون کچە عەرەب بوون، بەڵام لەیەکێکیان زۆر عاشقى ببووم، من لەساڵانى حەفتاکان مامۆستابووم لەپەیمانگاى مامۆستایانى بەغدا، عەشقى قوتابییەکى خۆم بووم، ئێستاش ئەو عەشقەم هەرماوە.
زانا دڵشاد دزەیى: ئێ ئەو عەشقە چى لێهات؟
محەمەد قەدرى: وەڵڵا فەشەل بوو، چەند جارێک چوومە داواى، بەڵام باوکى قبووڵى نەکرد، چونکە کورد بووم، کچەکە ئێستاش ماوە، لەبەرمن شووى نەکردووە، جارجارە تەلەفۆنم بۆ دەکات.
زانا دڵشاد دزەیى: بۆخاترى کچێکى تایبەت گۆرانیت گوتووە؟
محەمەد قەدرى: بەڵێ، کچێک بەناوى (ئەمیرە) لەسوریا بۆخاترى من هاتبووە بەغدا بمبینێ، بەڵام بەداخەوە من فریاى نەکەوتم، من ئەو رۆژە مۆڵەت بووم لەئێزگە، کە گەڕامەوە گوتیان: کچێک ناوى (ئەمیرە)ـیە هاتووە بۆئەوەى بتبینێ، تۆ لێرە نەبووى، رۆیشت بۆ هۆتێلى (بەینە نەهرە)، منیش خۆم گەیاندە هۆتێلەکە و پرسیم کچێک بەناوى (ئەمیرە) لەو هوتێلەیە دەمەوێ بیبینم، گووتیان: ئەمڕۆ سەفەرى کرد، ئەوە زۆر کارى تێکردم.. شاعیر محەمەد ساڵەییم لەلابوو، گوتم: لەسەرئەوە شیعرێکم بۆ بنووسە.. ئەوکاتە سەڵاح حیلمى بەڕێوەبەرى ئیزگە بوو، شیعرەکەم بۆ برد، بەناوى (ئەمیرە) بیکەم بەگۆرانى، گوتى: بۆ نایکەى بەشلێرە؟ گوتم: ئاخر بەو ناوە کراوە.. گوتى: نا بیکە بەشلێرە.. ئەگەر نەمکردایە بەشلێرە بۆیان تۆمار نەدەکردم، ئیتر ناچاربووم بەشلێرە تۆمارم کرد.
زانا دڵشاد دزەیى: بۆ تۆ بەغدا خۆشتر بوو یاخود کوردستان؟
محەمەد قەدرى: وەڵڵا زیاتر لەپەنجا ساڵ لەبەغدا ژیاوم، ئەگەر وەزعى بەغدا باش بوایە، ئەوێ بۆ من خۆشتر بوو، زۆربەى برادەرکانم لەوێن، لێرە برادەر و شتم زۆرە، ئەگەر مەسلەحەتیان هەبێ، تەلەفۆنم بۆ دەکەن، کەسێک تەلەفۆنێکم ناکات، ئەگەر من تەلەفۆنی بۆ نەکەم، من دڵ بەوان خۆش نییە، لەبەرئەوە زۆربەى کات لەماڵەوەم، جارجارە پیاسەیەکى بازاڕ دەکەم، بەڕاستى بێئیشى زۆر زەحمەتە.