ئەحمەد تاریق: محەمەد سابر، بەشداری لە دووەمین خولی پەیمانگای زەھرا بۆ ھونەر راگەیاندن دەکات، کە لەوڵاتی سوریا بەڕێوەدەچێ، وەک یەکەم گەنجی کورد لە بواری مکیاژ بەشداری لەخولەکانی ئەو پەیمانگایە دەکات.
محەمەد سابر، کە لە ٣١٧ کلیپ و ٣ فیلم و ١٤ کورتە فیلم مکیاژی کردووە، خەڵاتی باشترین مکیاژی کورتە فیلمم وەرگرتووە، لە لێدانێکیدا بە (ھەولێر)ـی راگەیاند ” لە ٢٠ی ئەو مانگەدا سەفەری وڵاتی سوریا دەکەم، بۆ بەشداریکردن لە بەشی دووەمی خولەکانی پەیمانگای زەھرا، کە تایبەت بە وێنەگرتن و مکیاژ و جلوبەرگ، لە خولی دووەمدا تاقیکردنەوەیەکە خۆی لە ٣٥١ پرسیار گرتووە، نزیکەی ٢٢٥ پرسیار کردارییە، ئەگەر لەوەشیان سەرکەوتم ئەوا لە بەشی سێیەم دەتوانم بەشداری بکەم، کە لەسەر ئەرکی خۆیان دەبێ و شەش مانگ دەخایەنێ، خولی سێیەم نیزمی خوێندنی پەیمانگایە، کە لەوڵاتی لوبنان بەڕێوەدەچێ و بەشداربووان بڕوانامەی دبلۆم بەدەست دێنن”. ئەو پەیمانگایە کە لە دوانزە وڵات ھەیە، لەوڵاتی عێراق تەنیا دوو کەس بەشداربوون، محەمەد سابر لەکوردستان، ھیشام بەشار لە بەغدا.
محەمەد سابر، گلەیی لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دەکات، کە ساڵێکە داوای لە وەزارەتی رۆشنبیری کردووە خەرجی سەفەرەکەی بۆ دابین بکەن، بەڵام وەڵامی داواکەیان نەداوەتەوە و دەڵێت “بە برادەرانی وەزارەتی رۆشنبیریم گوت ئێوە بۆ مکیاژی فیلمێک، خەڵکی ئێرانی دێنن پارەیەکی خەیاڵی پێدەدەن، بەڵام ئامادەم مکیاژی یەک ساڵ بەخۆڕایی بکەم، بەس خەرجی بەشداریکردنم بۆ ئەو خولە دابین بکەن، کە تەنیا سێ ھەزار دۆلارە، بەڵام ھاوکاریان نەکردم”. بەڵام محەمەد دەڵێ “زۆر سوپاسی کاک سەفین کانەبی دەکەم، بەڕێوەبەری لیژنەی ئۆلمپی، ئامادەبوو لەسەر ئەرکی خۆی دابینکردنی خەرجی سەفەرەکەم بۆ بدات، بۆئەوەی بتوانم وەک گەنجێکی کورد بەشداربم لەو خولەکە و چیتر پێویستمان بە خەڵکی وڵاتانی تر نەبێ”.
جێگەی ئاماژەیە ساڵی پار خولی یەکەمی پەیمانگای زەھرا بۆ ھونەر و راگەیاندن لەھەولێر بەڕێوەچوو، کە دوانزە رۆژی خایاند.