سلێمانی: هونەرمەندی دەنگ خۆش محەمەد رەئوف كەركوكی پێویست بەناساندنی ناكات، ئەو زەمەنێكە گۆرانی بۆ خۆشەویستی مرۆڤو، عاشقو، نیشتمیانو خاك دەڵێت، جەماوەرێكی زۆری لەرێگەی گۆرانیەكانیەوە بۆخۆی پەیداكردووە، بەڵام خەمی سەرەكی ئەو ئەوەیە كە ئیتر چاوەڕوانی مەرحەمەتی حكومەت نەكەین كە دەستی یارمەتیان بۆ درێژبكات گووتیشی “پێویستە دەوڵەمەندو سەرمایەدارەكان بێنینە ناو ئەم رەوشەوە تاكوو كۆمپانیای ئەهلی دروست بكەنو خزمەتێكی بەرچاو بەهونەری گۆرانی ووتن بكەن”. زنار: ئەوكاتەی گۆرانی دەچڕیت هەست دەكەیت دڵو دەرونت ئاسوودەیە
محەمەد رەئووف: هەموو كەسێك كەكارێكی جوان ئەنجام دەدات هەست دەكات بەرهەمەكەی باش بووە، ئاسوودەیەكی زۆر خۆش دڵو دەرونی داگیر دەكات بۆیە منیش كاتێك كە گۆرانی دەچڕمو چاوەكانم لێك دەنێم تاكوو زیاتر عەشقی گۆرانیەكە لەناخمدا چەكەرە بكات وادەزانم ئەم جیهانە باوەشی خۆشەویستی بۆ كردمەتەوە، یاخوود كاتێك خۆم لەسەر تەختی شانۆو كەناڵەكان دەبینمەوەو جەماوەریش بەرێزەوە پێشوازیم لێدەكەن ئارامیەكی زۆر دڵو دەرونم داگیردەكات وادەزانم كۆرپەیەكی تر لەگۆرانی لەدایك دەبێتو ناخم زیاتر ئاسوودەیی رووی تێ دەكات.
زنار: بروات وایە كە گۆرانی كوردی هەیە رەسەنایەتی خۆی لەدەست نەداوە
محەمەد رەئووف: پێویستە هەر تاكێكی ئەم كۆمەڵگایە پابەندی كلتورو كەلەپوری كۆمەڵگاكەی خۆی بێتو خزمەتی زۆری بكات، تۆ ناتوانیت لەو كلتورو كەلەپورە بچیتە دەرەوە كەلەگەڵ مێژووی گەلەكەمان تێكەڵاو بووە، تۆ تەماشاكە وڵاتان هەمیشە شانازی بەبچوكترین پاشماوەی كلتورو شارستانیەتی خۆیانەوە دەكەن ئەی بۆچی ئێمەش ئەو رەسەنایەتیە نەپارێزین، ئەگەر وەڵامی پرسیارەكەشت بدەمەوە من واهەست ناكەم كە گۆرانی كوردی رەسەنایەتی خۆی لەدەست دابێت چونكە كۆمەڵگاكەمان خاوەن كەلەپورو فۆلكلۆری زۆری هەیە، گۆرانی ووتنیش خەڵك لەخۆیەوە فێر نابێت، ئەگەر هونەرمەندەكە دەنگی خۆش نەبێتو خۆی رانەهێنێت لەسەری، بۆیە كاتێك ئەو گۆرانیەی كەدەیچڕم حەزدەكەم بچێتە ئەرشیفی گۆرانی كوردیەوەو رەسەنایەتی خۆی لەدەست نەدات.
زنار: ئەگەر لەكاتی گۆرانی گووتندا كەموو كوڕی روویدا چی دەكەیت.
محەمەد رەئووف: ئەو كاتەی كە هەست بەكەمووكوری بكەم لەكاتی گۆرانی ووتندا هەموو شتێك دەخەمە لاوە بۆئەوەی هونەرێكی جوان پێشكەش بەگەلەكەم بكەم چونكە من لەكاتی كاركردندا بیروباوەڕی خۆم هەیە، بۆئەوەی گۆرانیەكە رەسەنایەتی خۆی وەربگرێتو لەدوا رۆژدا بەرێزە لێی بڕوانن.
زنار: زۆر لەگۆرانی بێژەكان لەرەخنە دەترسن كاتێك رووبەروویان دەبێتەوە تۆ لەرەخنە ناترسیت.
محمەد رووف: رەخنە ئەگەر بۆكاری خزمەتكردنی بێت هەمیشە دەبێت بەدڵێكی فراوانەوە لێی بڕوانین تاكوو كاری جوانتر پێشكەش بكەیت، من هەمیشە رەخنەم گرتووەو بگرە زۆرجاریش رەخنەم لێگیراوە بەڵام هەموو رەخنەكان بۆ خزمەتكردن بووە نەك بۆ روخاندنی هونەرمەندەكە ئێمە دەبێت هەمیشە گوێ لەبەرامبەرو جەماورەكەمان بگرین چونكە بۆ ئەوان گۆرانی دەڵێین، ئەوەی ووتومانە بۆ ئەوانە لەپاشەرۆژداو د دەبنە خاوەنی، جەماوەر حەزدەكات كاری جوانی پێشكەش بكەیت نەك گۆرانیەك تەنها بۆووتن بێتو سەرپێیانە لەكۆڵ خۆتی بكەیتەوە.
زنار: لە بەرهەمە نوێیەكەتەدا چ جیاوازیەكی دەبینی لەوانی دیكەو بەچ ستایلێكی تازەوە گۆرانی دەڵێیت.
محەمەد رەئووف: من هەمیشە حەزم كردووە بەرهەمی نوێم هەبێت هەر بەرهەمێكیش بكەوێتە بەردیدەی جەماوەر دەبێت جیاوازتر بێت لەوەی تریان، بۆیە ئێستا سەرقاڵی تۆماركردنی كۆمەڵێ بەرهەمی نوێم بەستایلێكی تازەوە جیاواز لەوانەی رابردوو هەوڵیشم داوە لەم بەرهەم نوێیەدا ئاوازی خۆم بەكارنەهێنم ئەو پرۆژەیەی كەدەستمان پێكردووە یەكەم بەرهەمم بەناوی (پەری) لەشیعری (جەمال شارباژێریە) ئاوازو مۆسیقای (خلیل عەبدوڵڵایە) وەبەرهەمی ئایندەشم برییتە لەتۆماركردنی بەرهەمێكی تر بەناوی (گوڵ) لەشیعری (بابەتاهیری هەمدانی) ئاوازی (سوارە محمد)( مۆسیقای (خەلیل عەبدوڵڵا).
زنار: ئەو بەرهەمە جیاوازیەكەی لەچیدایە.
محەمەد رەئووف: ئەو بەرهەمە جیاوازەی كە خۆم بۆ ئامادەكردووە ستایلی سونەتی هاوچەرخی لەخۆی گرتووە كاریگەریو ئسلوبی ووتنی رۆژهەڵایەتیە، شێوە تەسەوفە كەزیاتر سەرنجی گوێگران بۆلای خۆی رادەكێشێ من لەكۆمەڵێ ستایلی تر كارم كردووە بەڵام حەزدەكەم ئەم شێوەیەم جیاوازی زیاتر بنوێنێو كاریگەری خۆی بدات بەدەستەوە پرۆژەكەشم 4گۆرانیە و دەمەوێت بەم شێوازە كاربكەم.
زنار: ئەو شیعرانەی هەڵیدەبژێریت بۆگۆرانی گووتن قەناعەتی تەواوت پێی هەیە.
محەمەد رەئووف: شیعرو ئاواز، گۆرانی دروست دەكات ئەگەر شیعرو ئاوازەكە جوان بێت كاریگەری خۆی بەجێدەهێڵێتو سەرنجی گوێگران بەلای خۆیدا رادەكێشێت بۆیە كاتێك دەمەوێت گۆرانیەك بڵێم پێش هەموو شتێك دەبێت ئەو شیعرو ئاوازە كاریگەری لەسەر خۆم هەبێت و قەناعەتی تەواوم پێی هەبێ دوای ئەوە تۆماری دەكەم خەڵك خۆی بڕیاردەداتو هەڵیدەسەنگێنێ.
زنار: هەندێك پێیان وایە گۆرانی كوردی لەم قۆناغەدا لە قەیراندایە، تۆ لەو بارەیەوە چی دەڵێت.
محەمەد رەئووف: دیارە كاری گۆرانی ووتن هەروا ئاسان نیە كەتۆ بتەوێت خەڵك رازی بكەیتو بەدەنگ گۆرانیەكەتەوە بێت هونەری گۆرانی ووتن زۆر ریتمی تێدایە یەكێك لەو ریتمانە گۆرانی هەڵپەڕكێیە. كەزۆر بەداخەوە چەند جارێك چوومەتە ئەوروپا زۆر لەگۆرانی بێژەكانی ئەوێ بەراستی بەشێكی زۆریان حەزیان لەگۆرانی خێرایە، گۆرانی ووتنیش باشو خراپی تێدەكەوێ حەزناكەم خەڵك وا فێر ببێت كە حەزی لەگۆرانی خێرا بێت پێم خۆشە گۆرانیەكە خاو بێت هەرچەندە هەندێك جار لەرووی هونەریەوە گۆرانیەكە باشە بەڵام دواتر دەبینی كلیپەكەی خراپە یاخوود دەبینین ئافرەتی بیانی دەهێنن بۆگۆرانی هەڵپەڕكێ كەئەمە لەگەڵ دابو نەریتی ئێرە ناگونجێ چونكە ئێرە رەگو ریشەی كۆمەڵایەتی تێدا بەهێزە.
زنار: هەست ناكەیت كاریگەری نەوەی كۆنت بەسەرەوە ماوە.
محەمەد رەئووف: من خۆم بەنەوەی نوێ نازانم حەزدەكەم هەمیشە كاریگەری نەوەی كۆنم لەسەر بێت و ئەو كاریگەریە جوانانە بمێننەوەو لەكیسمان نەچێت تاكوو نەوەی نوێ بزانن لەرابردوودا چیمان بەرهەم هێناوەو چۆن ئەو نەوەیە خزمەتیان كردووە، ئەو گۆرانیە كۆنانەشی كە پێویستە ئاماژەی پێبدەم من حەزدەكەم گۆرانیەكە بڵێمەوە بەشێوازێكی نوێتر بەڵام نەك دەقاو دەق لەو گۆرانیە بچێت كەلەو پَپێش ووتراوە.
زنار: ئایا رەوتی گەشەكردنی هونەری گۆرانی كوردی لەكوردستان بەرەو پێشەوە چووە.
محەمەد رەئووف: ئێستا بزوتنەوەیەكی گەورە لەسەرتاسەری كوردستان بۆ گۆرانی ووتن پەیدا بووەو نەوەیەكی نوێش پەیدا بووە كەبەشێكی زۆر لەگوێگران حەزدەكەن ئاشنایەتی لەگەڵ گۆرانیەكانیان پەیدا بكەن بەرهەمێكی زۆر تۆماركراوە تەكنەلۆژیا كوالیتی زۆر رووی لەناوچەكە كردووە بەڵام بەداخەوە زۆربەی گۆرانیەكان ئەوەندە خراپن باشەكانیان ون كردووە خەڵك بەرهەمی باش دەوێت كەبەرهەم بێت.
زنار: قۆناغی دوای راپەرین لەهونەری گۆرانی گووتندا بەرەو كوێ هەنگاوی نا.
محەمەد رەئووف: راپەرین دەرگایەكی گەورەی بەرووی هونەرمەنداندا كردووە ئەوانەی كەچەندین ساڵە نەیانتوانیووە بەرهەمەكانیان بكەوێتە بەر دیدەی گوێگران ئەوا لەدوای راپەرین بەبێ سانسۆر هونەری گۆرانی وتن بەچاكو خراپیەوە برەوی هەبوە. لەدوای راپەرین زۆربەی كارە هونەریەكانی خۆمم لەشاری سێمانی دەستپێكرد، ئێمە چەند گۆرانی بێژێك بووین بەپەنجەی دەست دەژمێردراین لەسەر كۆششو بەهەوڵو هیمەتو ماندووبونو بەپارەی خۆمان چەندین ساڵە لەم رەوتە دانەبڕاوین و بەردەوام بووین لەسەر كارە هونەریەكانمان بەشداری زۆر بۆنە ڤیستیڤاڵەكانمان كرووە لەكەناڵەكانی تەلەفزیۆنو رادیۆو رۆژنامەكان دەركەوتوین تاكوو لەو رێڕەوە دانەبڕێینو خزمەتی زیاتر بكەین بەگەلەكەمان هەرچەندە شاری سلێمانی قۆناغێكی گەورەو گەشەسەندووی هەیە لەرووی هونەرەكەیەوەو، جیاوازترە لەشارەكانی تری وەك دهۆك، كەركوك هەولێر لەسەر شێوەی گۆرانی وتن، گۆرانی هونەری كوردی ئەم دەڤەرە رەسەنایەتی خۆی لەدەست نەداوە، بەڵام بەداخەوە لەو سێ شارەی تر بەتایبەتی گەنجەكانیان زیاتر گۆرانی بەشێوەی ئەرەبسك دەڵێن، ئەو ئسلوبە توركیەی كەهەیە زاڵە بەسەریانداو سوود لەوان وەردەگرن بۆدانانی میلۆدی كوردی كەی گۆرانی بێژەكانی پێش خۆمان ئەو شێوازەیان وتۆتەوە.
زنار: چی بكرێت بۆ بەرەو پێشبردنی گۆرانی كوردی.
محەمەد رەئووف: ئەگەر بمانەوێت خزمەت بكەین دەبێت هیلاكو ماندووبین ئەوەندە چاوەڕوانی مەرحەمەتی حكومەتو ئەمو ئەو نەكەین دەبێت جیاوازتر بیربكەینەوە هەوڵ بدەین كەخۆمان پێبگەێنین خەڵكانی دەوڵەمەند فێری دروستكردنی كۆمپانیانی ئەهلی بكەین تاكوو سوودی هەبێت بۆ دوارۆژی گەلەكەمان.
زنار: لەم ماوەیەدا لەگەڵ ئاڤان خان كۆنسرتێكتان پێشكەش كرد مەبەستان چی بوو.
محەمەد رەئووف: ئەو بەرهەمە بەناوی ( ساتێك بۆ میلۆدیە رەسەنەكان) لەراستیدا فكرەی ئەو كۆنسێرتە فكرەی من بووە لەگەڵ ئاڤان خانو گروپی مۆسیقای تیپی هونەری میللی بۆماوەی دوورۆژ لەشاری سلێمانیو كەركوك پێشكەشمان كرد جەماوەرێكی زۆر هاتبوون بۆئەو كۆنسێرتەو دەنگو سەدای باشی دایەوە ئێمە مەبەستمان بوو گۆرانی پێشكەش بكەین گڕوتینی جاران بدەینەوە بەگۆرانی وتنو بتوانین جەماوەر ئاشت بكەینەوە خۆشبەختانە توانیمان لەو رێگەیەوە خەڵكانێكی زۆر هاندەین بۆ بینینی كۆنسێرتەكەو لەو رێگەیەشەوە هەرچەندە پارەیەكی زۆر كەم تەرخان كرابوو بەڵام دەبێت سوپاسی وەزارەتی رۆشنبیریو بەرێوەبەریەتی رۆشنبیر هونەری سلێمانی بكەین كەزۆر هیلاك بوون پێمانەوە. بۆیە دەكرێت كاری جوانتر پێشكەش بكەین لەشارەكانی تری كوردستان بەستایلی جیا جیا گۆرانی بڵێین.