دوای ئەوەی چەند ژمارەیەک بەر لە ئێستا ھونەرمەندی کۆمیدی کار (حەمکۆ) لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاماژەی بۆ چەند لایەنێک لە کارە ھونەرییەکانی و ھەروەھا باسی کاری ھونەریی کۆمیدیای کرد لە کوردستان، بە تایبەتی کارکردنی کۆمیدیا شێوازەکانی، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردبوو، لە ئێستادا لە کوردستان تەنیا ھونەرمەند (ماھیر حەسەن) لە کۆمیدیا شارەزایی ھەیەو بە شێوازێکی چاک کاری بۆ کۆمیدیا کردووە، بەرای ئەو تەنیا کارەکانی (ماھیر) دەچێتە چوارچێوەی کۆمیدیا، لەو دیدارەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو زۆربەی ھونەرمەندانی کورد بە ھەڵە لە کۆمیدیا گەیشتوون کۆمیدیا ئەوەیە خەڵک لەگەڵت پێبکەنێت، نەک خەڵک پێت پێ بکەنێت!”.
(حەمکۆ) لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەی ھەولێردا ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو، کە ئارەزوو دەکات، کارێکی ھونەری لەگەڵ ھونەرمەندی ناسراوی کۆمیدیکار (ماھیر حەسەن)ـدا بکات و ئەو داواکارییەی لە رێگەی ئەو دیمانەوە ئاڕاستەی (ماھیر)ـی ھونەرمەند کردبوو.
لە بەرامبەر ئەو داواکارییەو بۆچوونەکانی بەرامبەر ئەو، ھونەرمەند (ماھیر حەسەن) لە دیدارێکی دا بۆ “ھەولێر”ـی راگەیاند : “من سوپاسی ئەو ھەست و ھەڵسەنگاندنەی ھونەرمەند (حەمکۆ) دەکەم، ئەو بۆچوون و ھەڵسەنگاندنانەی ئەو بۆ من و کارە ھونەرییەکانی من جێگای رێز و سوپاسە، من زۆر جار گوتوومە ئێمەی ھونەرمەندان پێش ئەوەی داوا لە ھەرکەسێک بکەین رێز لە خۆمان و ھونەرەکەمان بگرێت، پێویستە خۆمان رێز لەیەکتری و کارە ھونەرییەکانی یەکتری بگرین و بە باشی لەیەکتر بڕوانین”.
ھەروەھا (ماھیر) دەڵێت : “ھونەرمەند (حەمکۆ) توانیایەکی زۆرباشی ھەیەو پێشتریش کاری جوانی کردووە، دیارە ئەو دابڕان و دوورکەوتنەوەی لە کاری ھونەری و ھەروەھا لە کوردستان، تاڕادەیەک ئەو بۆشایەی لە نێوان (حەمکۆ) بینەر و جەماوەرەکەی دا دروست کردووە، بۆیە لە ئێستادا من پێشنیاری ئەوەی بۆ دەکەم، بێتەوە ناو کارە ھونەرییەکانی چونکە ھونەرمەند تاکە پەیام کە لە ئەستۆیەتی ھونەرەکەیەتی، بۆیە پێویستە لەو پەیامە دانەبڕێت و بەردەوامی ھەبێت، دابڕان بۆ ھونەرمەند باش نیە، بەتایبەتی بۆ کەسانی بە توانا لێھاتوو”.
لە بەرامبەر داواکارییەکەی (حەمکۆ) بۆ ئەوەی کارێکی ھونەریی بە یەکەوە بە ئەنجام بگەینن، (ماھیر حەسەن)ـی ھونەرمەند دەڵێت : “من ئەو داواکارییەی (حەمکۆ)ـی بەڕێز لەلای خۆمەوە بەرز دەنرخێنم، پەنا بە خوای گەورە لە داھاتوودا کارێک بەیەکەوە دەکەین، وە ئێمە لەم رۆژانە دوای ئەوەی من دیمانەکەی رۆژنامەی “ھەولێر”ـم خوێندەوە، لەگەڵ ھونەرمەند (حەمکۆ) بە تەلەفۆن قسەمان کردووە، لەو پەیوەندیەدا حەمۆکۆ جارێکی دیکە باسی ئەو بابەتەی کردو منیش پێم راگەیاندووە، دوای ئەو جارەی سەردانی کوردستان دەکاتەوە، لەنزیکەوە گفتوگۆی زیاتر دەکەین لە سەر ئەو بابەتە، من لای خۆمەوە لارییم نیە کاری لەگەڵ بکەم، بەڵام پێویستە کارێک بێت لە رووی ناوەرۆک و بابەتەوە شتێکی نایاب بێت، بۆ ئەو مەبەستە من ھەوڵدەدەم کارێکی باش ئامادە بکەم، بەڵام تا ئەو کاتەی دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان ناتوانین کار لەسەر ئەو بابەتە بکەین، چونکە ئەو لە دەرەوەی وڵات دەژی و ئیتر ئەو کارە جاری کاتەکەی دیاری نەکراوە”.
لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەی دا (ماھیر) ئاماژەی بۆ دوایین بەرھەمی تیپەکەی کرد، کە زیاتر لە (٢) مانگ نمایشکرا لە شاری سلێمانی و لەمبارەیەوەش گوتی : “شانۆگەرییەکەمان لە چەند رۆژی رابردوو راگرت، چونکە بۆندێکمان لە گەڵ تەلەفزیۆنی نالیا لە بەردەست دایە و بۆ ئەوەی کاریان بۆ بکەین، لە شێوەی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ھەفتانە پەخشی بکەن، بۆ ئەو مەبەستە لە ئێستادا لە ئامادەکاریین بۆ ئەو کارە، ھەروەھا چەند کارێکی دیکەمان لەبەردەستە لە وانە زنجیرە درامایەک و فیلمێکی تەلەفزیۆنی، بۆیە ناچار بووین شانۆگەرییەکەمان دوای (٧٤) رۆژ و (٨٥) نمایش بوەستێنین، چونکە ھەندێک رۆژ دوو نمایشمان ئەنجامداوە، بۆیە رێژەی نمایشەکانمان لەگەڵ رۆژەکان زیاترە”.
ھەروەھا (ماھیر حەسەن) گوتی : “ئەو شانۆگەرییە (١١)ـمین بەرھەمی تیپەکەمان بوو، کە ھەموو سالێک ئێمە بەرھەمێکی شانۆیی کۆمیدی رەخنە ئامێز نمایشدەکەین و بینەرێکی زۆر دێن بۆ سەیر کردنی ئەم ساڵیش رێژەی ھاتنی بینەر نزیکەی (٣٣) ھەزار کەس بوون، داوای لێبوردن لەو بینەرە بەڕێزانەمان دەکەین کە نەمان توانی بەردەوامین بین لەگەڵیان، چونکە ئێمە ساڵانە بۆ ماوەی (٣) زیاتر شانۆگەریەکانمان نمایش دەکرد، ئەم سالیش لەبەر ھۆکاری ئەو کارە ھونەرییانە نەمانتوانی بەردەوام بین لە نمایشی زیاتر”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا