ئا : حەیدەر عەبدولڕەحمان :لە پەیو ەندییەکی تەلەفۆنیدا لە گەڵ ھونەرمەندی سینەماکاری ئێرانی جەعفەر دەھناق – ناسراو بە – ماکسی میللیان – لە زنجیرە درامای پیاوانی ئەشکەوت ,
توانیمان ئاخافتنێکی لە گەڵدا ساز بکەین و پێی رابگەیەنین کە ئەو خاوەنی پانتاییەکی بەرفرەوانی جەماوەرە لە کوردستان و لە رێگەی چەندین زنجیرەی درامی وەک یوسفی راستگۆ و پیاوانی ئەشکەوت و چەندین درامای تر بەو ئەکتەرە ناودارە ئاشناین کە ئەمڕۆکە سنووری وڵاتی خۆی تێپەڕاندووە و بۆتە ئەکتەرێکی جیھانیی و لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا پێگەی جەماوەری خۆی ھەیە ..
لەو پەیوەندییەدا بە ماکسی میلیانم راگەیاند کە ئێمەی کورد ھەموو ھونەرمەندێکی جیھانیی داھێنەر بە ھونەرمەندی خۆمان دەزانین لە ھەر پارچەیەکی جیھان دابێت , چونکە ھونەر پەیامێکی مرۆییە وپەخشی سەر ھەموو مرۆڤایەتی دەبێت , بۆیە ئێمە ماکسی میلیان بە ھونەرمەندێکی نزیک لە خۆمان دەزانین و پێمان وایە ئەوبەخششە ھونەرییەی کە ئەو لە رێگەی بەرھەمە بە پێزە سینەمایی و درامییەکانییەوە پێشکەش بە گەلەکەی خۆی کردووە , بە ھەمان شێوە پێشکەش بە سەراپای مرۆڤایەتی کردووە , لەوانەش ئێمەی کورد …
جەعفەر دەھقان – خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر بەو پەیامەی ئێمە راگەیاندو گوتی : زۆر ھەست بە بەختەوەری دەکەم کە من توانییوومە وەک ھونەرمەندێک کاریگەرییەکی ھونەری ئەوتۆ لە دڵی بینەرانی خۆمدا بە جێ بێڵم لە ئێراقدا , بە تایبەت لە شاری ھەولێردا , کە لێم رازی بن , بەراستی ئەمە بۆمن جێگەی شانازیی و بەختەوەرییەکی گەورەیە, من ھەمیشە ئاسوودەیی و سەرفیرازی خۆم لەوەدا دەبینم کە ھەست دەکەم کەسانێک ھەن وەک ئێوە بەرھەمە درامییەکانم دەبینن و بەم شێوەیە گوزارشت لە ھەستی خۆیان دەکەن بەرامبەر بە من … من ھەمیشە بەرامبەر بە کەسانی بینەری وەک ئێوە خۆم بە بچووک دەبینم و وادەزانم ھێشتا کارێکی وام نەکردووە بۆ خزمەتی بینەرانی خۆم , جگە لە چەند کارێک نەبێت کە ویستوومە خزمەتی ئەوانی پێ بکەم ,من ھەمیشە بە چاوێکی گەورە تر لەوەندە دەڕوانمە ئایندە و پەیوەندییم لە گەڵ ئێوەی بینەردا لە ھەر کوێیەک دابن ..
بۆ خواستی ئێوەش لە رووی سەردانم بۆ ئێراق – لەوانەش شاری ھەولێر من پێتان رادەگەیەنم کە من پێشتر سەردانی ئێراقم کردووە بەڵام رەنگە دەرفەتی ئەوەم نەبووبێت بێمە شارە خۆشەویستەکەی ئێوە , بەڵام ئێستاکە ئارەزوویێکی زۆرم ھەیە بۆ ئەو سەردانەو بینینی ھەوادارە خۆشەویستەکانی خۆم ئەگەر بە شێوەیەکی فەرمی بانگھێشت بکرێم , دڵنیابە چۆنیش ئەوان ئارەزووی بینینی من دەکەن , منیش بە ھەمان شێوە, کە بێگومان ئێمە ھەمیشە لە رێگەی بەرھەمە ھونەرییەکانمانەوە بە یەک دەگەین و پێشیان رادەگەیەنم کە دوای پیاوانی ئەنجلۆس و زنجیرەی یوسفی راستگۆ چەندین کاری ھونەری دیکەمان لە بواری سینەماو زنجیرەی تەلەفزیۆنیدا ئەنجامداوە , ھیوادارم جێگەی رەزامەندییان بێت , ئێستاکەش بەردەوامین لە کاری ھونەریدا , کە رەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا ھەندێ لەو بەرھەمە تازانە ببینن ببینن , جارێکی دیکە خۆشەویستیم بۆ ھەمووتان .
haederabdulrahman@yahoo.com