سەدیق سەعید ڕواندزی
گەلێک جار، مێژوو و ناوی کەسایەتییەک، دەبێتە مێژووی گشتی شارێک و بە ناوھێنانی کەسایەتییەکە، شوناسی شارەکەمان دێتە بەرچاو. بۆ نموونە: ھەر کاتێ باسی دڵداری شاعیر بکەین، کۆیەمان دێتە بەرچاو ، باسی سلێمانی بکەین، ڕەفیق حیلمی و تۆفیق وەھبی و دەیان کەسایەتی دیکەمان بە بیر دادێت، لەو ڕوانگەیەشەوە، ھەر کاتێک باسی (مامۆستا زرار) بکرێت، ئەوا ناوی ڕواندز وەک شاری ھونەر و ڕۆشنبیری دێتە بەرچاو و باسی ڕواندزیش بکرێت، مامۆستا زرار ئامادەیە. چونکە ئەو ھونەرمەندە، کە بە داخەوە چڵ ڕۆژ لەمەو بەر ماڵئاوایی لێکردین، ڕۆڵێکی سەرەکی و بنەڕەتی لە بونیادنانی پایەکانی ھونەر لەو شارەدا بینی و تا دواساتەکانی تەمەنیشی، ھەمیشە وەک ھونەرمەندێک، لە خەمی ھونەر و کایەی ھونەری ئەو شارە دابوو، کە لە سەردەستی ئەو، دەیان ھونەرمەندی بە توانا دەرکەوتن و پێگەیشتن، کە بە داخەوە دواجار ھەمووشیان، بێ باک و بێ نمەک بەرامبەر مامۆستاکەیان دەرچوون . مامۆستا زرار، لە ساڵی ١٩٣٧ لە ئامێزی خێزانێکی ڕۆشنبیر لە دایک بووە، دوای ئەوەی قۆناغی ئامادەیی، کە ئەو کات تا پۆلی یانزەی ئێستا بوو تەواو دەکات، لە ڕێگەی بینینی خولێکەوە* دەبێتە مامۆستا و بۆ یەکەم جار لە دەڤەری تێکۆشەری باڵەکایەتی، لە گوندی(دەربەند- رایات)دەبێتە مامۆستاو وانە بە قوتابییان دەڵِێتەوە، ھەر ئەو کاتیش، پەیوەندی بە شۆڕشەوە دەکات ، بەڵام زوو دەستبەرداری ژیانی حزبایەتی دەبێت و بە کاری مامۆستایەتییەوە سەرقاڵ دەبێت.
لە سەرەتای ھەفتاکاندا، لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکی بۆ یەکەم جار تیپی مۆزیکی ڕواندز دادەمەزرێنن و چەند چاڵاکییەکی ھونەری لە یادی ڕێکەوتننامەی ئازار و جەژنی نەورۆز و یادی لە سێدەرادانی چوار ئەفسەرەکە پێشکەش دەکەن، بەڵام ئەم تیپە، دوای چەند ساڵێکی کەم لە دامەزراندنی، ھەڵدەوەشێتەوە. بۆیە لە نیوەی دووەمی ھەفتاکاندا، مامۆستا زرار، کۆمەڵێک حوێندکاری قوتابخانەی (پاشای گەورە) ھەڵدەبژێرێت و لە ڕێگەی کردنەوەی خولێکی ھاوینەوە، ئەو خوێندکارانە، فێری ژەنینی ئامێری مۆسیقا دەکات و پاشانیش خوێندکارەکان دەچنە ئەکادیمیای ھونەرە جوانەکان و ئەو بناغە ھونەرییەی مامۆستا بۆی دانابوون ، لە ئەکادیمیا پەرە پێ دەدەن و دواتریش لە تیپی پاشای گەورە، وەک دیارترین و ئەکتیڤتیرین تیپی مۆزیکی سەرەتای ھەشتاکان لە سەر ئاستی کوردستان، دەردەکەون و چەندین بەرھەمی سروود و گۆرانی، بە ئاشکراو نھێنی بۆ ھونەرمەندان (وەلی دۆسکی و بەکر لەزگەیی و نەجمەدین غولامی) تۆمار دەکەن. تیپی پاشای گەورە بە درێژایی ساڵانی ھەشتاکان، یەکێک بوو لە ناسراوترین و پڕ چاڵاکترین تیپ. لە دوای ڕاپەڕینەوە، جگە لە ئاھەنگەکانی (شوان پەروەر و ناسڕی ڕەزازی) بە داخەوە ھیچ چاڵاکییەکی دیکەی نەبوو، ئیدی وردە وردە بە ھۆی پەرتەوازەیی ئەندامەکانی و سەرقاڵبوون بە ژیانی تایبەتی و بەرژەوەندی خۆیان، قوربانییان بەو تیپە و ناوبانگی تیپەکە داو داخێکی گەورەش کەوتە سەر دڵی مامۆستا زرار، کە تاکو مرد لە دڵی دەرنەدەچوو. ھاوشان لەگەڵ دەسپێکی کارەکانی ئەو تیپە، مامۆستا زرار، کۆڕسێک لە کوڕ و کچە گەنجەکانی شار پێکدێنێت و دەیانکاتە کۆڕسی تیپ. بێگومان ئەو کارەی مامۆستا بۆ ئەو کات، سەداو داھێنانێکی گەورە بوو، چونکە ئەو کات لە ڕواندز وەک ھەر شارێکی دیکەی کوردستان، بەشداری کچان لە چاڵاکییە ھونەری و ڕۆشنبیرییەکاندا، سنوورداربوو، یاخود لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە وەک خەوشێک دەھاتە بەرچاو.
ھاوشانی ھونەری مۆسیقا، مامۆستای کۆچکردوو تیپێکی شانۆش بە ناوی تیپی شانۆی (شلێر) دادەمەزرێنێت و چەندین شانۆگەری لە ڕێگەی ئەو تیپەوە، بە بەشداری کوڕان و کچانی شار پێشکەش دەکات. کە ھەندێکییان ڕەھەندێکی سیاسی و شۆڕشگێڕی گەورەیان ھەبوو، پێشکەشکردنیان لەوکات، ڕیسککردن بوو بە ژیان. بەڵام ھەستی کوردانە و ڕوحی شۆِرشگێڕانەی مامۆستا، گوێی بەو مەترسییانە نە ئەدا.بەم شێوەیەمامۆستا، بناعەی مێژووێکی دەوڵەمەندی ھونەری لە شاری ڕواندز بۆ شانۆ و مۆسیقا دانا کە لە مێژووی شاری ڕواندز، وەک بەخشش و کارێکی گەورە و مەزن دەمێنیتەوە. ئەمە وێرای پێگەیاندنی چەندین نەوە و ئاشناکردنییان بە ھونەرە جۆراو جۆرکان، لە ڕێگەی ئەو خولانەی بە بەردەوامی تا ئەم ساڵانەی دوایی دەیکردنەوە. مامۆستا زرار لەم ساڵانەی دواییدا، بە داخەوە بە ھۆی نەخۆشییەوە، لە چاڵاکی و کاری ھونەری دوورکەوتبووەوە، بەڵام بە ڕێنوێنیییەکانی، ھەمیشە ھانی گەنجان و ھونەرمەندانی دەداو ئەوەندەی بۆی کرابا (لە بەر باری تەندروستی) ئامادەی کار و چاڵاکییەکان دەبوو. بۆیە دوا ساڵەکانی ژیانی بە تەنھایی دەبردە سەروو زۆربەی کات، لە دوکانی ھونەرمەند ( تەیب موعتەسیم) دادەنیشت و کۆڕ و دانیشتنی بە قسەی خۆش و باس و خواسی ھونەر و ژیان لەگەڵ ڕۆشنبیران و ھونەرمەندان دەبردە سەر . مامۆستا، پیاوێکی خاکی و بێ فیز، کۆمەڵایەتی و کراوە بوو، ھیچ کاتێک ئەو ناوبانگ و شوناسە گەورەیەی خۆی، نەدەکردە پێوەرێک بۆ جیاکردنەوەی خۆی لە خەڵکی. ڕێزی لە منداڵ و کەسانی ئاساییش دەنا و خۆی جیا نەدەکردەوە لە چین و توێژەکانی دیکەی شار و ئەمەش ئەوەندەی تر، کەسیەتی مامۆستای لای ھەمووان ڕێزلێگیراوتر و خۆشەویستر کردبوو. وێرای ئەمەش، مامۆستا دەیتوانی وەک ھەزاران ھونەرمەندی دیکەی ئەم ھەرێمە، پشت بکاتە مێژووی ھونەریی و ڕابردووی خۆی و سازش لە سەر ھەڵوێست و بیر و بڕواکانی لە پێناو پارە و پۆست و دەسکەوتی ماددی و کەسی بکات، وەک ئەوەی لای زۆربەی خەڵکی و ھونەرمەندان بەتایبەتی لەم سەردەمەدا باوە، بەڵام ڕێزی خۆیی و ھونەرەکەی دەگرت، بۆیە تا مردیش، سادە و خاکی، تەنھا و گۆشەگیرانە، لە ژوورێکی تەنراو بە کتێب و بڕوانامە و وێنە و یادگاریی ژیا و ئەو ژیانە سەربەرزانەی نەگۆڕییەوە بە فرۆشتنی ھەڵوێست و بیر و مێژووی ھونەرییانەی خۆی، کە زۆرباش دەیتوانی بیکات. بەڵام مێژووی ھونەریی خۆی، پێ لە ھەمووشتێک بەھادارتر وگەورەتر و شکۆمەندانەتربوو. ھەر بەوشێوەیەش تا ڕۆژی کۆچی دواییکردنی مایەوە. واتا سەربەرزانە ژیا وسەربەرزانەش ماڵئاوایی لە شار و ھونەر و ھەموومان کرد. دواجار دەڵێین، مردنی مامۆستا زرار، کۆست وکەلێنێکی گەورەی لە مێژووی ھونەری شاری ڕواندز دروست کرد کە ھەرگیز پڕ نابێتەوە، چونکە مێژووی ھونەری ئەو شارە، مێژووی ئەو بوو، بێگومان بە مردنیشی، ئەو مێژووە بەردەوام نابێت. ڕەنگە کەسانێک ئەمەیان بەلاوە قوڕس بێت، بەڵام ئەمە ڕاستییەکەیە، ڕاستیش ھەمیشە دەبێ بگوترێت. سلاو لە گیانی پاکی و بۆ ھەمیشە ئەو لە نێو دڵی ھەموومان، بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
*گەلێک جار باس لەوە دەکرێت کە مامۆستا (زرار) خانەی مامۆستایانی لە بەعقوبە تەواو کردووە، بەڵام ھاوڕێی نووسەرم ( یاسین برایم)، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە ھەڵەیە و مامۆستا لە ڕێگەی بینینی خولێکەوە بۆتە مامۆستا. بێگومان زانیارییەکانی ئەویش ڕاست و دروستن، چونکە خۆشی دیمانەیەکی درێژی لەگەڵ مامۆستا ئەنجام داوە و ئێستا لە شێوەی کتێبێک ئامادەیە. ھیوادارم کتێبەکە ڕۆشنایی چاپ ببینێت.
*ئەم بابەتە لە ھەفتەنامەی(ڕێگای کوردستان) ژمارە(١٢٧٨) ڕۆژی ٢٥/١/٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە.