مامۆستا بەھرام: ئەو کاتە شیعر دەنووسم کە دێت قدیلانەی ھەستەکانم دەکاتەوە
نووسەرو شاعیری دیاری کوردستان بەھرام محەمەد تاھیر- کاکل ناسراو بە (مامۆستا بەھرام ) ، وەکو شاعیر و چیرۆک نووس شوێن پەنجەی لە نێو کتێبخانەی کوردی دیارە خزمەتێکی زۆری بواری ئەدەبی کردوە خاوەنی چەندین کتێبە لەبواری شیعر،رۆمان ،چیرۆک ،وەرگێران..لە چەندین گۆڤاری وەکو ئەندامی دەستەی نووسەران کاری کردوە بەمەبەستی ئاگارداربوون لە کار و چالاکییەکانی ئەم ھەڤپەیڤینەمان لە گەڵ دا ئەنجام دا.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*دەرگاکانی نووسینی شیعر زۆرن وەکو(دایک، یادگار، ئازار، غەریبی،خەیاڵ..) بەرێزتان لە کام دەرگاوە شیعرەکانت لەنگەردەگرن؟
– بەڵێ دەرگاکانی نووسینی شیعر زۆرن.. چونکە شیعر باڵاخانەیەکی بەرزە و لە سەر ڕووبەرێکی پان و پۆڕ..بنیات دەندرێت, بۆیە بۆ ھەوا گۆڕکێی دروست چەندین دەرگاو پەنجەرەی گەرەکە دنیای نووسینی شیعر فراوانە و دەرگاکانی چوونە ناوەوەشی کراوەن , ھەتا ئەگەر کراوەش نەبن , مرۆڤ بەو بەھرە شاردراوە و ھەستە ناسکە و ئارەزووە پەنگخواردووە و ویستە بەھێزەی لە ناو ناخ و مێشک و دڵی دا ھەنە “دەتوانی دەرگاکان بکاتەوە..واتە ئەگەر کلیلەکانی بەھرەو ھەست و ویست و ئارەزوو ھەبێت دەتواندرێ دەرگاکان بکرێنەوە..
بەڵێ من چەند کلیلێکی ئەو دەرگایانە بەکار دەھێنم ، بەڵام لەوانەیە دەرگایەک لەو دەرگایانەم بە ئاسانتر بۆ بکرێتەوە.. پێم وایە شیعر ئەگەر بۆ خۆشەویستی خاک و دایک و جوانی نەبێت ، ئەگەر شەڕ بە نەفرەت نەکات , ھەناوی ببرسییەک نەخاتە بەرچاوی تێران ، منداڵێک لە باوەشی شیعردا ھەست بە ئارامی نەکات ، ژنێک پێیەوە سەربەرز نەبێت، کێرڤی ورەی پێشمەرگەیەک و شەڕڤانێک لە مەورەد نەدات و تیژی نەکاتەوە،پێیە خوارەکان ئاگادار نەکاتەوە و ھەوڵدان نەبێت بۆ ڕاستکردنەوەیان ،ئەوە ھەر نەبێت باشترە..
*زۆرێک لە شاعیران کاتێکی دیارکراویان نییە بۆ شیعر نووسین ئێوە کاتێکی دیارکراوتان ھەیە بۆ شیعر نووسین بۆ (شەو،بەیانی ،ئێوارە..)؟
– ئەو کاتە شیعر دەنووسم کە شیعر خۆی سەرەتاتکێم لە گەڵدا دەکات و ھانام بۆ دەھێنی بۆ ئەوەی بینووسم.. ئەو کاتە شیعر دەنووسم کە دێت قدیلانەی ھەستەکانم دەکاتەوە..
شیعر کات و ساتی دیاری کراوی نییە.. بەیانی و ئێوارەو شەو و نیوە شەو لای ئەونییە ، ھەر کاتێک ویستی دێت و لە دەرگات دەدات , ئەگەر ئازای زوو دەرگای لێ ناکەیەوە و پێشوازییەکی گەرم و گوڕی لێ ناکەی.. ئیدی چیدی بەو شێوە جوانییە و ڕەزا سووکییەی ھاتووە نایبینییەوە ، لەوانەیە جارێکی دی و بە شێوەیەکی دی ، جیا لەوەی پێشتر بێتەوە..
*پێتان وایە شیعر تەینا گوزارشت لە خەم ودووری نەھامەتی دەکات ؟ یان پەنجەرێکە بۆ ھیوا و ستاتیکا؟
– ئێمە میللەتێکی بەش مەینەت و ماف خوراو و ستەم لێکراوین ، مێژوو فەرامۆشی کردووین و جوگرافیاش دژمانە، ئەگەر ئێمەی نووسەر و شاعیر و چیڕۆک نووس و ڕۆمان نووس، ھەروەھا مێژوونووسان ھەر کەسەو لەلای خۆی ئەو ڕاستییانە نەخاتە بەر گوێ و چاوی جیھان ئەدی دەبی کێ بیکات.. خۆ ناکرێت لە بەرامبەر شکست پێھێنانی شۆڕشێکی تەمەن چواردە ساڵی کڕ و بێ دەنگ بی و شیعرێکی بۆ نەنووسی، چۆن دەکرێ ئەنفال و کیمیاباران فەرامۆش بکەی و جیھانی لێ تێنەگەیەنیت ، ئایا دەکرێ (درۆن) بارانت بکەن و بە شیعر نەڵێی ئۆف.؟ دەکرێ وڵاتت پارچە پارچە بێت و خەمی بۆ نەخۆی.؟ پاکیزەکانی نەتەوەکەت تۆبزی گێ (اغتێاب) بکرێن و جەرگت بۆیان نەسووتێت.؟..بەڵام سەرەڕای ئەو نەھامەتییانەش ، خۆ ناکرێت شیعر بکەینە ئامرازی پرسە دانان و قوڕ پێوان بەڵکو دەکرێت و دەتوانین بیکەینە پەنجەرەیەک بۆ ھیوا بەخشین و ورە بەرزکردنەوە..
*زۆرێک لە شاعیران کە شیعر دەنووسن بۆخۆیان دەنووسن، ئایا شیعرەکانی تۆپەیامێکی بۆ خوێنەر لە خۆ دەگرێت؟
– بڕوا ناکەم شاعیرێکی شاعیر، کە زۆربەی خەسڵەتەکانی شاعیریی تێدابی بەو جۆرە بیر بکاتەوە کە شیعر تەنھا بۆ خۆی بنووسی.. ئەوە قسەی من نییە ، لە مێژە گوتویانە : (شاعیر کە دەقێکی شیعریی دەنووسی تا ئەو کاتەی بڵاوی دەکاتەوە، ئەو شیعرە ھی خۆیەتی، بەڵام کە بڵاوی کردەوە دەبێتە موڵکی ھەموو خوێنەرانی.. لەبەر ئەوەی پەیامی ھەمە جۆر ھەیە، بۆیە ڕەنگە ھەر شاعیرێکیش جۆرە پەیامێکی لەو جۆرانە ھەبێت کە لە شاعیرێکی دیکەی جیا بکاتەوە..پەیامی من لە شیعر نووسین دا ن کە ئامانجی سەرەکیشمە ، بریتییە لە:
* زمان : کە یەکێکە لە ئەستوندە ھەرە بە ھێزەکانی بەرزکردنەوەی ڕەشماڵی سێ ئەستوندەی شیعرەکانم…من دەمەوێ لە ڕێگەی زمانی پاراوو ڕەسەنەوە پەیامەکەم بگەینمە خوێنەرانمەوە و سەرنجیان بۆ شیعرەکانم ڕابکێشم ، لە ھەمان کاتدا چەندین وشەی ڕەسەنی مردوو زیندوو بکەمەوە.. (دیلان تۆماس) ی شاعیری پایە بەرزی بەریتانیا دەڵێت : من کە قەسیدەیەک دەخوێنمەوە ، سەرەتا وشە جوانەکان سەرنجم ڕادەکێشن ، دواتر بیرۆکەی شیعرەکە..
* بیرۆکە: واتە خولانەوە بە دەوری جغزی یەک بیرۆکە ، نەک تێکەڵ و پێکەڵ کردن ، چونکە شیعر چیڕۆک و ڕۆمان نییە بواری باز بازانێی تێدابێت ، خوێنەر و ئارەزوومەندانی شیعر خەز لە شیعری درێژ و تێکەڵ و پێکەڵ ناکەن..
* ئاڵۆزی و تەم و مژاویی : شیعر مەتەڵ نییە ھەڵی بێنی ، من لە گەڵ ئەو جۆرە شیعرانە نیم خوێنەر دەیان جار بیخوێنیتەوە و تێی نەگات ، یان چەندین لێکدانەوەی بۆ بکرێ ، یان ئانە پانەی بۆ بکرێ.. کەوانە شیعر دەبێت ڕەنگ و بۆن و تامی ھەبێت و پێیانەوە بناسرێتەوە.. بۆ یەکەم جار کە سەیری شیعر دەکەی ئەگەر شاعیر بی ، یان خوێنەرێکی بەردەوامی شیعر بی ، بە ڕەنگەکەی دەزانی خۆماڵییە یان نا..بۆنی مانشێتی شیعرەکە ئارەزووی خوێنەر بۆ خوێندنەوەی شیعرەکە زیاد دەکات.. بیخوێنەوەو بڕۆ ناو قووڵایی شیعرەکە ئینجا دەزانی تامی شیرینە یان تفت و تاڵ
*مانشێتی شیعرەکانت سەرنج راکێشن تاچەند گوزراشت لە ناوەڕۆکی شیعرەکانت دەکات ، پێتان وایە مانشێتی شیعر دەبێ گوزراشت لە ناوەرۆک بکات؟
– بەڵێ لای من زۆر گرنگە مانشێتی شیعر گوزارشت لە ناوەڕۆکی شیعر بکات ، چونکە زۆر لە خوێنەرانی شیعر (ھەتا خوێنەرانی بابەتەکانی دیکەی نووسین و چیڕۆک و ڕۆمانیش) ئەگەر مانشێتی شیعرەکە سەرنج ڕاکێش نەبێت لەوانەیە شیعرەکە پشتگوێ بخەن و نەیخوێننەوە..
*شاعیری فەرنسی (لویس ئارگونی) دەڵێت “ئەگەر شیعر نەبوایە ھەموومان تووشی خوورپەی(سەکتە) دڵ دەبووین،بۆچوونت لەسەر ئەم دەستەواژە چیە؟
– لەوەتی مرۆڤ ھەیە شیعر ھەر ھەبووە و تاکو ئێستاش بەردەوامە ، خەڵکیش ھەر تووشی خوورپەی دڵ بووە و دەبی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش کەسانی تووشی خوورپەی دڵ دەبن لە زیاد بوون دانە ، لەوانەیە زۆربەشیان شاعیر بن.. من قسەی ئەو ھاوڕێ شاعیرەمان بەو نوکتەیە دەچوێنم (دەشوبھێنم) کە کابرایەکی سەر بە عەشیرەتێک لە ناو خەڵکی عەشیرەتەکەی خۆی گۆتبووی : ئەرێ ئەوانەی لە عەشیرەتی ئێمە نینە کوو دەتوانن بژین!!!! من ئەگەر پێچەوانەی سەرلە بەری ئەو بیرکردنەوەیە نەبم ، لەبەر ئەوەیە کە لەوانەیە کەسێکی لاوازی ھەست تەنک و ناسک شیعرێکی پڕ لە ئازارو خەم و نەھامەتی بخوێنێتەوە کاری لێ بکات و تووشی خوورپەی دڵی بکات ،کە ئەوەش زۆر دەگمەن ڕوودەدات
خەڵکی عەشیرەتەکەی خۆی گۆتبووی : ئەرێ ئەوانەی لە عەشیرەتی ئێمە نینە کوو دەتوانن بژین!!!! من ئەگەر پێچەوانەی سەرلە بەری ئەو بیرکردنەوەیە نەبم ، لەبەر ئەوەیە کە لەوانەیە کەسێکی لاوازی ھەست تەنک و ناسک شیعرێکی پڕ لە ئازارو خەم و نەھامەتی بخوێنێتەوە کاری لێ بکات و تووشی خوورپەی دڵی بکات ,،کە ئەوەش زۆر دەگمەن ڕوودەدات..
*چۆن دەڕوانیتە ئاستی شاعیرە لاوەکان؟
– پێم وایە ئەو ھەویرە ئاوی زۆری دەوێ ، بۆیە ئەگەر بەو پەلە پەلییەی وەڵام دانەوەی پرسارێک ئاستی لاوەکانمان ھەڵبسەنگێنم ھەلەمە.. تەنھا من ئەوە دەڵێم : کەم کەس ھەیە چەندین شیعری (حاجی قادرو فایەق بێکەس و گۆران و……..ھتد) لەبەر نەکردبی ، کەچی ئێستا کەم کەس ، یان بەدەگمەن ھەیە بتوانی شیعرێکی نوێ ئەزبەر بکات ، لەبەر ئەوەی سەرو بنیان یەک ناگرنەوە ، یان ئەو ئاوازو مۆسیقایەی لەواندا ھەیە ، ئێستا ناڵێم ھەر نییە ، بەڵام دەگمەنە..
*جگە لە بواری نووسینی شیعر لە چیرۆک نووسینش ئەسپی خۆتان تاوداوە چەمکی چیرۆکەکانت لە چییەوە سەرچاوە دەگرن؟
– بەڵێ دوو کۆمەڵە چیڕۆک و ڕۆمانێکم چاپ کردووە ، ڕۆمانێکیشم لەبەر دەستە زۆری نەماوە تەواوی بکەم.. پێم وایە ، ڕۆمان و چیڕۆک و شیعر سێ برای گەورە و ناوەنجی و بچووکن، بەڵام بە جەستەو خەسڵەت جیاوازن.. لای من چیڕۆک و ڕۆمان نووسین، لە نووسینی شیعر ئاسانترە.. شیعر تیف تیفەی زۆری دەوێ، واتە گەڕان بە دوای وشەی جوانی ئاوازبەخش بە جۆرێک لە گەڵ نۆتەی مۆسیقا بسازێت..ھەروەھا شیعر بە دەربڕینێکی کەم مانایەکی زۆرت پێ دەبەخشی ، کەچی لە نووسینی چیڕۆک و ڕۆمان بۆ ھەمان مەبەست دەتوانی درێژدادڕی بکەیت و ئەو ھەموو جوانکارییەی شیعریشی ناوێت.. چیڕۆک و ڕۆمانەکانیشم ھەر زیاتر لە مەینەتی و نەھامەتییەکانی نەتەوەکەم سەرچاوە دەگرن ، ھەتا ئەگەر چیڕۆکێکی خۆشەویستیش بنووسم ناتوانم لەگەل بەدبەختییەکی میللەتەکەم تێکەڵی نەکەم..
نووسەر و چیرۆک نووس “محمد تاھیر- کاکل، ناسراو بە (مامۆستا بەھرام ) لە چەند دێرێک دا:
* ئەندامی کارای سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە
*ئەندامی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتییە
*ئەندامی یەکیەتی نووسەرانی کوردە
*،ئەندامی یەکیەتی مامۆستایانی کوردستانە
*ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (ھەرێمی کوردستان) بووکەلەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری دەردەچوو.
*ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (داد) بوو کە لەلایەن وەزارەتی داد دەردەچوو.
تاکو ئێستا ئەم کتێبانەی بە چاپ گەیاندووە:
– کاتم بەفیڕۆ نادەم کۆمەڵە چیرۆک بۆ منداڵان ٢٠٠٥
-ڕۆشنبیری … کۆمەڵگەی مەدەنی وەرگێڕان ٢٠٠٦
– کورد- عەرەب- شۆڤێنیزم وەرگێڕان ٢٠٠٩
– شەلم کوێرم ناپارێزم کۆمەڵێک وتاری خۆی ٢٠١٠
– ئەوەشمان فت کۆمەڵە چیرۆک ٢٠١٤
– ڕەوشت و سیاسەت برتراند ڕاسل وەرگێڕان ٢٠١٥
– ئێمە کێین؟ سامویل. ب. ھنتگتۆن وەرگێڕان ٢٠١٦
– زامەکان دەکولێنەوە ڕۆمان بەرھەمی خۆی ٢٠١٨
– کەزی دایکمیان بڕیوە کۆمەڵە چیرۆک – خۆی ٢٠١٩
– تووڕەم لە ھەور و با شیعر ٢٠٢٤
شکۆی شاژنایەتی خۆرم شکاند شیعر ٢٠٢٤
*ئەم کتێبانەشی ئامادەن بۆ چاپ:
-راپەڕینی جووتیاران – رۆمان
-ململانێی زلھێزەکان کۆمەڵێک وتاری وەرگێڕدراو
– لە گوندەوە بۆ شار – رۆمان
Discussion about this post