نوسین و ئامادەکردنی:عەلی حەمەڕەشید بەرزنجەیی
ئەگەر گەشتێک بە نێو بڵاوکراوەکاندا بکەین و بە وردی سەرنج بدەین کۆمەڵێک ئەستێرەی گەش لە ئاسمانی ئەدەبی کوردیدا دەردەکەون کە پێویست دەکات تا لە ژیاندا ماون ڕۆشنایی زیاتریان بخرێتە سەر و بە شکۆوە ناویان بھێنین و شانازیان پێوە بکەین.بۆیە بۆ ئاشنا بوونی زیاتر بەو مرۆڤە ماندوو خاوەن بەخششانە لێرەدا تیشکی زیاتر دەخەینە سەر مرۆڤێک کە بە چالاکی و گورجوگۆڵی و بەبێدەنگی بێ گوێدانە ماندوو بوون و پاداشت لەکاردایە و ھەوڵەکانی خێراترە و لەگەڵ ئەوەی کە تەمەنیشی بەرەو ھەڵکشان دەچێت کەچی ئەو ھەنگاوەکانی گورجترە و جێگە دەستیشی بە ڕوونی دیارە.ئەویش مامۆستا (ئەحمەد حسێن ئەحمەد)(پێزان)ە ،مرۆڤێکی ھەمیشە ئارام و لەسەرخۆ و لێو بەخەندە و ھەمیشەش نوکتە و قسەی خۆشی ئامادەیە و دەربارەی ھەندێک لە نوسەران و شاعیران بەتایبەتی ئەوانەی کە کۆچیان کردووە زانیاری لایە. کێ ھەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان گۆڤاری سلێمانی نەخوێندبێتەوە کە یەکێکە لەو گۆڤارە تایبەتانەی کە گرنگی بە بەڵگەنامە و ئەرشیف و پیشەوەر و ھەموو ئەو کەسایەتیی و پیشەو چالاکیی و کارە تایبەتییانەی شاری ڕۆشنبیری ،شاری سلێمانی دەدات .مامۆستا ئەحمەد حسێن ھەر لەسەرەتای دەرچوونی ئەم گۆڤارەوە یەکێک بووە لە نوسەرە چالاکەکانی و سەدان بابەتی بەپێزی تێدا بڵاوکردۆتەوە ،ساڵانێک سەرنوسەری ئەم گۆڤارە ئازیزەش بووە و جێگەدەستیشی بە گۆڤارەکەوە دیارە و ھەوڵێکی زۆریشی داوە کە ئەم گۆڤارە ھەر بەردەوام بێت و نەوەستێت،مامۆستا یەکێک لەو کارانەی کە جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە خۆی گەڕاوە و چووەتە لای ئەو نوسەر و کەسایەتییانەی کە دەیزانی سود بە گۆڤارەکە دەگەیەنن و چاوپێکەوتنیشی لەگەڵدا ئەنجام داون.یان بۆ داوای بابەت سەردانی هەندێک لە نوسەرانی کردووە.ئەو لە کۆمەڵێک بواری ئەدەبیی جیا جیادا ئەسپی خۆی تاو داوە و دەنوسێت.ئەوشاعیرە و خاوەنی چەند دیوانە شیعری خۆیەتی و کۆمەڵێک شیعری ھەمەجۆری ھەیە ،نوسەرە و بە نوسینەکانیشی خزمەتێکی باش و بەرچاوی ئەنجام داوە،لەبارەی کەسایەتیی و پیشەوەران و شاعیرانەوە بە نوسینەکانی بەسەری کردوونەتەوە و لاپەڕەکانی گۆڤاری سلێمانی پێ نەخشاندووە. بۆ منداڵانیش دەنوسێت و ئەوانیشی فەرامۆش نەکردووە، بە چەند کتێبێکی تایبەت بۆ ئەو جیھانە ڕەنگین و ڕازاوەیەش بەشداری کردووە لە چیرۆک و شیعر ، مامۆستا ئەحمەد کاتێک کە لە گۆڤاری سلێمانی کاری کردووە و تا ئەم دوییانەش دەبێتە ھاندەر بۆ کۆمەڵێک کەس کە دەزانێت زانیاری باش و تایبەتیان دەربارەی شاری سلێمانی لەلایە و نوسەر نین وایلێکردوون کە وەک نوسەر دەربکەون و بابەتەکانیانی لە گۆڤاری سلێمانی دا بۆ بڵاوکردونەتەوە ،وەک ڕێنیشاندەر و ڕێنمایی کار و پشتیوانی لێکردوون و زۆریشیان لەسەر ئەوکارە بەردەوام بوون لە ئێستاشدا ھەندێکیان وەک ناوێکی دیار وان بێجگە لە گۆڤاری سلێمانی لە شوێنەکانی تریش بابەت و نوسینەکانیان بڵاودەکەنەوە.لەگەڵ ئەمانەشدا ھاوکار و یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوانەی کە تازە دەستیان داوەتە نوسین و بەڕێنماییکردن و پاڵپشتیکردنیان وایلێکردوون کە بەردەوام بن و لەو کارەیاندا سەرکەوتوو بن.ساڵانێک مامۆستا بووە و لە بواری پەروەردە و فێرکردنیشدا وەک ئەرکێکی پیرۆزی سەرشانی درێغی نەکردووە و خزمەتی بە منداڵانی کورد کردووە کە ئێستا زۆربەی ئەوانەی کە ئەو کاتی خۆی وانەی پێ وتوون خوێندنیان تەواو کردووە و ھەریەکەیان لە بوارێکدا خزمەت دەکات.هەروەها وەک مامۆستایەکی بە ئەزموون لە کتێبی مامۆستا بە ئەزموونەکاندا چاوپێکەوتنێکی دوور و درێژی لەگەڵدا سازکراوە .ھەر کاتێک دەیبینی کتێبێک یان گۆڤارێکی بەدەستەوەیە ،ھەر خەریکی خوێندنەوەیە و بەردەوامە. زۆر جار نوسین و شیعرەکانی لەگۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بە ناوی (پێزان)ەوە بڵاوکردۆتەوە وەک نازناوێک کە خۆی ھەڵی بژاردووە.ئێمە حەزمان کرد بۆ پێزانینی زیاتری پێزان ئەم چەند وشەیە دەربارەی بنوسین کە لەڕاستیدا ئەو شایانی زیاترە ،کەسەرنج دەدەی وەکو پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە .مامۆستا ئەحمەد حسێن تا ئێستا زیاتر لە دە بەرھەمی جۆراوجۆری بە چاپ گەیاندووە و کۆمەڵێک بەرھەمی تریشی ئامادەن کە چاپ بکرێن و ڕۆشنایی ببینن.چەند خۆشە مرۆڤ بەتایبەتی ئەوانەی کە ھاوشێوەی مامۆستا ئەحمەدن تا لە ژیاندا ماون بەسەر بکرێنەوە و بەھەند وەربگیرێن و دەربارەی کار و چالاکیی و بەخششە ئەدەبییەکانیان بنوسرێت و خۆیان بە چاوی خۆیان بیبینن کە دڵنیام ئاسودە و خۆشحاڵ دەبن و ئەو ھەموو ماندوو بوونەشیان لەبیر دەچێتەوە کە لەپێناو ئەو کارانەدا ئەنجامیان داوە.
ویستم لە زمانی خۆیەوە کورتەیەک لەژیاننامەکەی و ھەندێک ڕوداو کە خۆی بەلایەوە خۆش یان ناخۆش و گرنگە بخەمە بەر دیدەی ئێوە.( ناوم ئەحمەد حسێن ئەحمەد رەسوڵ شیت جوامێرە. سەیر لەوەدایە شیت لەجوامێر پتر نازناوی بنەماڵەکەمانە. بەندە بەکاری نەھێناوە. لەدایکبووی (١٩٤٧)م. لەتەمەنی شەش حەوت ساڵیەوە خراومەتە بەر خوێندن لەحوجرە.. ئەگەرچی پچڕ پچڕو بوو ھیچی وایش فێر نەبووم،. ساڵانی ١٩٥٦- ١٩٥٧ بەسەر سفرکراوی نێراومەتە قوتابخانەی سەرشەقامی سەرەتایی. بەڕێوەبەرەکەمان خوالێخۆشبوو مامۆستا حەمەڕەشید مەحمود بوو*.. دوای تەواو کردنی ئەو شەش ساڵە، ھەمان بینای قوتابخانەکەمان سەرشەقام کرا بەناوەندی متەوەستەی جمھوری.. ئیدی درێژەم بەخوێندن دا. بەبەرگی کوردییەوە دەواممان دەکرد. دوایی فەرمانێکیان دەرکرد دەبێت چاکەت و پانتۆڵ یان قەمسەڵەو پانتۆڵ لەبەربکەین. بەداخەوە ساڵێک لەپۆلی سێیەمدا مامەوە. ساڵانی ١٩٦٦/١٩٦٧ چوومە خانەی مامۆستایان. گەشەکردنی خۆش لەدەروونمدا پەلیکێشا بوو. بوون بەمامۆستا ئاواتێکی لەمێژینەم بوو. بینای خوێندنگەکە لەگەڕەکی (ئیسکان) ئەزمڕی ئێستا بوو. لەوە دوا کرا بەناوەندی کاوە. بەڕێوەبەرەکەمان مامۆستا محەمەد حەوێز (حەمەڕەش) کۆیی بوو.. ئەو دەمە ماڵمان لەکۆتایی گەڕەکی جوولەکان بوو. ئەو سێ ساڵە دەوامەکەمان ھەر بەیانیان بوو.. بەپێ ھاتوچۆم دەکرد. رۆژێ لەڕۆژان لەدەوام دوانەکەوتم. کەللەی ئەدەب دۆستی مێشکم بەرەو گەرمی دەچوو، بۆ یەکەمجار لەگەڵ ھاوپۆلم مامۆستا سەباح غالب بڵاوکراوەیەکی سەر دیوارمان دەرکرد. یەکەم نووسینم لەو بڵاوکراوەیەدا لەسەر سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی بوو.
ساڵانی ١٩٦٩/١٩٧٠ ئەو قۆناغەیش کۆتایی پێھات. دامەزراندن نەبوو. ساڵێک ھێشتیانینەوە. وەک مژدەیەک فەرمانی دامەزراندنمان بۆ دەرچوو، بەندە لە ٣١/٣/١٩٧١ بەمامۆستایی دانرام بۆ قوتابخانەی گوندی کوڕەداوێ. ماوەی چوار ساڵ مامەوە. زۆر دڵم بەپیشەکەم خۆشبوو. ساڵی دووەم دایکی رەحمەتیم لەگەڵ دا بوو. ئیدی لەگەڵ خوێندنەوەو پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتی و ئەدەب دۆستان و شاعیران و ئەدیباندا وردە وردە پەرەیسەند. کتێبخانەیەکی خنجیلانەم ھەبوو. لەسەرەتای چوونە خانەی مامۆستایانەوە ئاشنایەتی گیانیم لەگەڵ حاجی مەلا ئەسعەدی مەحوی و کەمالی و عەلی عارف ئاغا و مەدھۆش و رازی سەعاتچی و تینو بەرزنجی و م. ئارام بەست.لەمانگی گەلاوێژی ١٩٧٣ دا لەگەڵ خاتوو بەھیە ساڵح سەعید کە ئامۆزازام بوو ھاوسەرگیریمان پێکھێنا. لەو مێژووەوە تاکو ئەمڕۆ کە گەیشتوینەتە پایزی ژیان خودای مەزن پێنج کوڕ بەم ناوانە: پشکۆ ١٩٧٤، پێشڕەو ١٩٧٦، پێشەوا ١٩٧٩، وەرزێر ١٩٨٦، راوێژ ١٩٩٤ و دوو کچ بەم ناوانە: پێشواز ١٩٨١، بژوێن ١٩٨٩ ی پێبەخشین).
مامۆستا (ئەحمەد حسێن) لە بەشێکی ژیاننامەکەیدا باس لەوە دەکات کە لەگەڵ زۆر لە کەسایەتیی و ئەهلی قەڵەم دا نامەی بۆ نوسیون و ئەوانیش وەڵامیان داوەتەوە لێرەدا خۆی تیشک دەخاتە سەریان.
(کە بووم بەمامۆستا گەلێک نامەم دەنووسی بۆ ھاوڕێیان و کەسایەتی و ئەھلی قەڵەم.. لەوانە: ئەسعەد مەحوی، عوسمان ھەورامی، م. ئارام* و ئەحمەد رێبوارو (رازی) سەعاتچی.. نامەی شیعریمان لەنێواندا زۆر ھەبوو.. ھەروەھا مامۆستا عومەر مارف بەرزنجەیی کە شێوازێکی کوردی رەسەن و دەستوخەتێکی تا بڵێی جوانی ھەبوو.. مامۆستا ئەحمەد شوکری.. بەشیعر وەڵامی بۆ دەناردمەوە نامەکەی پڕ دەکرد لەشیعرو قسەی نەستەق.. ئێستا ئەو شیعرانە لەدیوانی ھۆنراونامەیدا تۆمارکراوە. ئەبوبەکر ساڵح رەشید ژاژڵەیی دەیان نامەی پەخشان ئامێز لەنێوانماندا ھەبوو..
دکتۆر مارف خەزنەدار بەنامەو بەسەریکردوومەتەوە دوو نامەیم لەلا ماوە.. مامۆستا (ھێمن مەھابادی) نامەی شیعریم لە ١٩٧٢دا بۆ نوسیووەو بەڕێزی بەپەخشان وەڵامی داومەتەوەو دووجارم بڵاو کردۆتەوە. مامۆستا کامەران موکریش بەھەمان شێوە. بەداخەوە لەئاشبەتاڵی ١٩٧٥ دا زۆربەیان لەگەڵ گەلێک کتێب و وێنەی دەگمەن بوون بەخۆراکی ئاگرو رزین.
ھێشتا لەخانەی مامۆستایان بووم چیرۆکێکی زۆر درێژم نووسی پیشانی مامۆستا مەدھۆش و ساجید ئاوارە و م. ئارامم دا.. بەلایانەوە خراپ نەبوو دکتۆر مارف خەزنەدار لەبەغداوە وەڵامی بۆ ناردم بۆی بنێرم بۆم چاپ بکا.. من نەموێرا وتم لەوانەیە مەرجەکانی رۆمانی تیا نەبێ و داڕشتنەکەیشی لەو ئاستەدا نەبێ. نووسراوەکە ناوی (پەرێشانی) بوو تاکو ئێستایش ماومەو دەرفەتی خوێندنەوەو بەسەراچوونەوەم نەبوو. لەکەمتەرخەمی خۆم، دەبێتە بەردی بن گۆم).
(مامۆستا هەر لە ژیاننامەکەیدا باس لەوەش دەکات کە دۆستێکی سەرسەختی کتێب و خوێندنەوە بووە و زۆر یادگاری و بیرەوەری هەیە ،هەرچەندە هەندێکیانی بڵاوکردۆتەوە ،بەڵام زۆریان ماون .
(ھەر لەو ساڵانەوە ئەمڕۆیشی لەگەڵ دا بێت، ھەمیشە لەبەردەم کتێبخانەو کتێب فرۆشەکاندا بووم. یادگارو بیرەوەری زۆرم لەوبارەیەوە ھەیەو لێم بڵاو کردوونەتەوە. لەدوای ساڵانی حەفتاوە ناو بەناو شیعرم دەنووسی و لێم بڵاو دەکردەوە. پەیوەندی ئەدەبیم وردە وردە فراوان کرد. گەلێک مامۆستاو کەسایەتیم ناسی. لەوەدوا لەئەدەبیاتی مناڵانیشدا پەلم ھاویشت. بڵاو کردنەوەی بابەت، چی، شیعر، چی نووسین زۆر گران و ئەستەم بوو. ساڵانی ١٩٧٤/١٩٧٥ کە جەنگی خوێناوی سەپێنراوی بەعس، بەسەر شۆڕشگێڕانی کوردستاندا تارمایی ترسناکی دەرکەوت، گەلێک ناوچەی ئازادکراو بەھۆی ھێرشی ئاسمانی و زەمینی دوژمنانی ئازادییەوە بوو بەکێڵگەی خوێن، بەندە وەکو کۆمەڵێک لەھاوڕێکانم لەقوتابخانەو گوندەکەم مامەوە.. لەوانە وتنەوە دوانەکەوتم.. بەڵکو دوو دەواممان دەکرد. ئەمە وەک شانازییەکی پیرۆز باسی لێوە دەکەم. ھەر لەگەرمەی ئەو شەڕەدا لەسەر خواستی خۆم گوێزرامەوە بۆ قوتابخانەی گوندی (باڵخێ) تا سەرەتای ئازاری ١٩٧٥ تا ئەو رۆژی رووبەڕووی کۆستی گەورە بووینەوە. شۆڕشی ١٤ ساڵەی ئەیلولمان لەوپەڕی ھێزدا پیر کراو بەناڕەوا لەگۆڕنرا. یەکەم چەخماخەی پەژارەی سەخت بەر دڵ و مێشکم کەوت و مێردەزمەی داگیرکەر بەتوانایەکی لەخۆبایی بووی سەرکوتکەرانە ھەموو کوردستانی گرتەوە. رەنجی کورد بەھەوانتە چوو بەبا. سەرکردایەتی کوردیش تێی تەقان و رانە مەڕیان لەبەردەم گورگی ھەرە دڕندەی کەڵبە تیژدا ھێشتەوە ئەو رۆژە رەش و تووشە بۆ گێڕانەوەو وردەکاری پێویستی بەکتێبێکی وێنەداری قەبارە گەورەی ھەزار پەڕەیە.. چەند ستەم بوو گوڵی یادگارییەکان ژاکان و پوان. گوژمی رەزاگرانی ھەناسە ساردی و کوێرەوەری ئابڵوقەی ھەست و دەروونی دابووین.. ناچاری و رادەست بوون باڵیان کێشا بەسەر کوردستانی بریندارو بێکەس دا. بەکورتی لەوەتەی مێژوو ھەیە کورد قەت کوێرەوەریی و مەرگەساتی وای بەخۆیەوە نەبینیوەو نەچەشتووە ھۆکار زۆربوون- قەڵەمە بوێرە خەمخۆرەکان کەم و زۆر لێیەوە دواون- با لەوە گەڕێین، لەئەیلولی ١٩٧٥ دا چوومەوە بۆ کوڕەداوێ و لەوەدوا فۆرمێکی گواستنەوەم پڕ کردەوەو گواسترامەوە بۆ قوتابخانەی گوندی تلەزەیت. دوای ساڵ و نیوێک دەوام و ھەراسانی شۆڕشی نوێ وردە وردە دەستی پێکردەوە.. بەبەرنامەیەکی گشتگیری و بیروباوەڕێکی کوردانەتری پەلھاوێژی ورە بەرزییەوە رووبەڕووی بەعس بووەوە.. کە ٩٠%ی خەڵکی ماندوو و ئازار چەشتووی کوردستان لەوبڕوایەدا نەمابوو پێشمەرگە بەچیاکانی کوردستانەوە ببیننەوە.. ئەم بوارەش دەیان کتێب و سەدان بەڵگەو وێنەی لەسەر دەرچووە. لەسەرەتای ساڵی ١٩٧٧دا بەفەرمانی کارگێڕی بەناڕەوا ڕەوانەی خوارووی عێراق شاری ناسریە-زیقار- کرام لەقوتابخانەیەکی دەوروبەری ئەو شارە بەناوی (الفرزدق)ەوە دانرام. سێ ساڵم بەکولەمەرگی و دڵەڕاوکێ بەڕێکرد.. لەسەرەتای ساڵی ١٩٨٠دا گواسترامەوە بۆ شارە خۆشەویستەکەم سلێمانی. لەخوێندنگەکانی -موان-کانی پانکە، زرگوێزەڵە، خەراجیان، چەقڵاوا، پاشان (کرمانج) لەگەڕەکی خۆمان لەشارەوانی درێژەم بەڕاژەو وانە وتنەوە دا. لەو رۆژانەدا خۆم بەقەرزارباری ھەموو مامۆستایەکی دڵسۆزو بەڕێز زانیوە.
ساڵی ٢٠٠٥-٢٠١٠ کردمیان بەبەڕێوەبەر.. لە ١/٧/٢٠١٠ لەتەمەنی ٦٣ ساڵیدا خانەنشین کرام. لەو تەمەنەدا کۆمەڵێ بەرھەمی ئەدەبیم لەدیوانە شیعرو ئەدەبی منداڵان و بابەتی لێکۆڵینەوەو وتار لەچاپداوە. لەدەیان گۆڤارو رۆژنامەو ھەفتەنامەدا بەردەوام بابەتی ھەمەجۆرم بڵاو کردۆتەوە.
ساڵی ١٩٩٨-١٩٩٩ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری جریوەو لەساڵی ٢٠٠٠ دا دەستە نووسەرانی گۆڤاری سلێمانی و لەساڵی ٢٠١١ تا ئەمڕۆ (٢٠٢٠) سەرنووسەری ئەم گۆڤارە (سلێمانی)ـە خۆشەویستەم.
ئاواتی ھەمیشەییم سەربەخۆیی گەلەکەم و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی و پێکھێنانی زمانی ستاندار واتا زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو، ڕەچاوی ئاشتی و یەکسانی و پەیڕەویکردنی یاسا و پاراستنی بووکی ئازادییە.. ئازادییەک بەگشت لق و واتا جوانەکانییەوە.. مەرگیش ھەرکاتێ بەرۆکی گرتم ملم تاڵە موویەکە لەئاستیا. ئێستایش کە جاربەجارێ شۆڕ دەبمەوە پتر لەنیو سەدەیەی تەمەنمدا رادەمێنم.. رامانێکی رەھا کە سنوور ببەزێنێ بۆیە ھەستم پێمدەڵێ داوای لێبوردن دەکەم لەھەر دڵێ لەنزیک یان دوورەوە ئەگەر خوا نەخواستە بەوتەیەکی من، بەکردەوەیەکی من گەردی گرتبێ.. منێکی قەرزارباری نیشتمان و گەلە ستەم دیوەکەم کە نەمتوانی وەک پێویست و بەکامی دڵ وشە بۆ گەورەیی و پیرۆزییان بڵێم بەڵام ئەوەی لەمنێکی بچووک و ئاست دیاریکراودا ھەبوو بەدڵێکی خاوێن و بەنییەتێکی کوردانەوە وەک بەشێک لەھاوڕێکانم جێبەجێم کردووە. پوازی ھەڵەیش کاری خۆی کردووە. ئەمجارەیش بۆ کۆتایی سنگم فراوانە بۆ ھەموو رەخنەیەکی بابەتی و راژەکار).. مامۆستا ئەحمەد حسێن ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندووە:
ئەم كتێبانەشی بەچاپگەیاندووە:
١- گوێڕایەڵی، شیعر بۆ منداڵان، ١٩٩١
٢- گەشتێك لەنێوان مەرگ و ژیاندا، نامیلكەشیعرییەكە بۆ كۆڕەوەكەی ١٩٩١
٣-ڕەنج، كۆمەڵەشیعر بۆ منداڵان، ساڵی ١٩٩١
٤- ئەنجامی ناپاكی، چیرۆكێكە بۆ منداڵان، ١٩٩١
٥-جەفایی جوانە مەرگ ، سەربازێكی گومناوی ئەدەبەكەمانە، لەگەڵ بەشێك لە دیوانەكەیدا. ١٩٩١
٦- شەڕی بەردەركی سەرا، ٢٠٠٢ ئامادەی کردووە.
٧- شەكرەسێو، چیرۆكی منداڵان ،٢٠٠٧
٨- باوەشی گەرم، شیعرو چیرۆك بۆ منداڵان ، ٢٠٠٦
٩- هەنار گرەوی بردەوە، چیرۆك بۆ منداڵان ، ٢٠٠٧
١٠- بیرەوەرییەكان دەبنە گزنگ، چاوپێكەوتن و گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستا ئەحمەد سەعید مەولود ، ٢٠٠٩
١١-مەلای خەیاڵ، چەند جەستە لەگیانێكدا، ٢٠٠٩
١٢- ماری باڵدار ، چیرۆك بۆ منداڵان ، ٢٠١٠
١۳- گەڕانەوەی زەردەپەڕ، شیعر، ٢٠١٠
١٤-خوایە داکاتە باران..شیعر بۆ منداڵان،٢٠١١.
١٥- لە نزیکەوە بمناسە..دیوانە شیعر،٢٠١١.
١٦- پلوسک..شیعر بۆ منداڵان، ٢٠١٢.
١٧-پریاسکەی ڕازان ..دیوانە شیعر،٢٠١٤.