ئه‌رسه‌لان مه‌حمود : شوێن: پارچه‌یه‌ك له‌كوردستانی مه‌زن، ده‌سه‌ڵات: حكومه‌تی خۆجێی، ئۆپۆزسیۆن: ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵات ئۆپۆزسیۆن! هیچ بوونه‌وه‌رێك هه‌ل و بۆنه‌یه‌كی له‌ده‌ست نه‌چووه بۆ به‌رپرسیاركردنی ئه‌وی دی له ئاست ئه‌و نا عه‌داله‌تی و كێشه‌و ئاریشه زۆر‌و زه‌وه‌ندانه‌ی ماف و ئازادییه سروشتییه‌كانیان له‌هاوڵاتی و خه‌ڵكی به كۆی چین و توێژه‌كانه‌وه سنوردار كردووه‌و،
شه‌ڕیش هه‌ر شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندییه ئایدیۆلۆژیه حزبی و تایبه‌تیه‌كانه، كه هه‌نێ جاران حاڵه‌ته سروشتیه‌كانی به‌ره‌و نزیكبوونه‌وه له‌پێكدادان و هه‌ڵمه‌تی كوتان نزیك ده‌كاته‌وه، دنیای رۆژنامه‌و رۆژنامهگهرـیـ( میدیا )ـش، تیایدا: تا دێ ده‌كرێته ده‌می ئه‌و مه‌قاشه‌ی كه هه‌ر لایه‌ك بۆ به‌لاداخستنی ململانێكان و شكاندنی ئه‌ویتر، زۆرجارانیش بۆ ونكردنی راستیه‌كان و داپۆشینی لاوازییه‌كان هه‌لهه‌له‌و هه‌ڵڵاو ته‌حلیلاتی له‌ده‌مه‌وه ده‌رژێ، ئه‌مه‌یش رۆژنامه‌نووسانی زیاتر له‌هه‌ر چین و توێژ‌و ده‌سته‌و پیشه‌وه‌رێكی تری ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته خستۆته به‌رده‌م یارییه‌كی پڕ له‌رووبه‌روبوونه‌وه‌ی قه‌به‌و ده‌مارگیرانه‌و چاره‌نووسی برینداركارو نادیار‌و خولیا كوژ، رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤیش: به‌رده‌وام وه‌ها راستینه‌یه‌ك دوپاتده‌كه‌نه‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نن پێشێلكاری دژ به مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادی كاری رۆژنامه‌نوسی به‌رده‌وام له‌هه‌ڵكشاندایه‌و ئه‌م حاڵه‌ته‌یش وه‌ك”زه‌نگی ترسناك دژ به مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادی راده‌ربڕین” باس ده‌كه‌ن. سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵیش رایده‌گه‌یه‌نن، ئینیستیتیویهك بۆ مافه‌كانی مرۆڤ (KIHR) له سێهه‌مین راپۆرتی ساڵانه‌ی خۆیدا بۆ ساڵی 2009 ئاماژه به‌وه داوه” پێشێلكاریه‌كانی دژ به‌ماف و ئازادی رۆژنامه‌نووسان له‌و هه‌رێمه به‌رده‌وام له زیادبووندایه”، رونیانكردۆتهوه له”( 1/1/2009 ) وه، بۆ ( 31/12/2009 ) زیاتر له ( 67 ) كه‌یسیان له سێ پارێزگاكه‌ی ئه‌و هه‌رێمه‌وه پێگه‌یشتووه، له‌وانه: یه‌ك هه‌وڵی تیرۆركردن، سوتاندنی سێ بڵاوكراوه، 10 حاڵه‌تی ده‌ستگیركردن، 12 حاڵه‌تی لێدان و سوكایه‌تپێكردن، 14 دیارده‌ی راپێچكردن به‌ره‌و دادگه، 4 لێكپژان، 8 حاڵه‌تی بێبه‌شكردن، 2 فڕاندن، 7 ده‌ستگیركردن و به‌ندكردنی رۆژنامه‌نوسان، 1 حاڵه‌تی ههڕهشهلێكردن و سوكایهتیپێكردن”. له‌هه‌مانكاتدا راوێژكارێكی سه‌رۆكی حكومه‌تیش رایگه‌یاندووه” یاسای كاری رۆژنامه‌نوسی وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك له‌لایه‌ن سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانه‌وه داڕێژراوه‌و، له‌سه‌ر زاری سه‌رۆكی حكومه‌تیشه‌وه گوتراوه” ئه‌م یاسایه كاتی هه‌مواركردنه‌وه‌ی هاتوو”، چونكه ساغبۆته‌وه هه‌ندێك له‌برگه‌و به‌نده‌كانی له‌به‌رژه‌وه‌ندی رۆژنامه‌نووسان و ئازادی راده‌ربڕیندا نین، به‌رپرسه‌كانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانیش وه‌ها كه‌م و كورتییه‌كیان له‌لێدوانه‌كانیاندا نه‌شاردۆته‌وه، به‌ڵام هێشتا ناكرێ ئه‌م قوربانیانه ته‌نێ هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و تێستكردنهی سه‌ندیكادا ببینین، چونكه پێشێلكاری و سنورداركردنی ماف و ئازادییه‌كان هێشتا له‌وه‌ها كه‌موكورتییه‌كی یاسایی پێهه‌ڵڵا ترن، هۆكاره‌كه‌یش دیسانه‌وه ته‌نێ هه‌ر ئه‌وه نییه هێشتا به‌رپرسی یاسا نه‌ناس و كاربه‌ده‌ستی دژه یاسا له‌م هه‌رێمه‌دا زۆربن به‌قه‌د ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كانی یه‌قینیان به‌چه‌قینه‌وه گرتووه‌و، هه‌ر كرانه‌وه‌یه‌ك جا له‌هه‌ر بوار‌و مه‌جالێكدا بێت نامۆ‌و پێوه هه‌ڵزنانیشی بێهوده ده‌بینن، به‌و مانایه‌ی نه ئه‌م كرانه‌وه‌یه‌یان پێوهردهگیری و نه تازه‌یش بهبێیههڵدهكهن.
ئاخر خۆ له‌وه‌ته‌ی حزبه‌كانیشیان هه‌یه، تایبه‌تیش له‌دوای راپه‌رینی ئاداری( 1991 )ـیانه‌وه‌و، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و دامه‌زراندنی حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی تریان، ئه‌وه‌نده‌ی كاریان بۆ رازاندنه‌وه‌ی دیوی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دامه‌زراوانه كردووه، هێنده نه‌ك هه‌ر كاریان له‌سه‌ر راستكردنه‌وه‌ی كه‌سێتی تاك تاكی مرۆڤه‌كان و هۆشیاركردنه‌وه‌ی به‌پرۆگرام و مه‌ده‌نیانه نه‌كردوه، بگره دیوی ناوه‌وه‌ی خودی دامه‌زراوه‌كانیشیان هێنده‌ی به‌میزاج وه‌رێیانخستوون ئه‌وه‌نده به یاسا نا، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تایشه‌وه ئه‌م تێگه‌یشتنه له‌بێ ئهزموونییهو زۆرجارانیش له‌بێ موبالاتییهوه سه‌رچاوه‌ی پێگیرابێت و، له‌و باوه‌ڕه‌دا بووبن به‌و رێگه‌یه ده‌توانرێ پێش لهداروخانی زیاتر بگیرێت، هیچ مانایه‌كی نیه دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه لهحوكمرانێتی خۆجێی و ئه‌م هه‌موو ههڵكشهو داكشه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكدادانه نێوخۆییانه، هێشتان به‌رده‌وامی بده‌رێته دیوی ده‌ره‌وه‌ی كۆشك و ته‌لارو رازاندنه‌وه‌ی تابلۆكان و، دیوی ناوه‌وه‌یش هه‌ر یه‌ك دیزاین و، یه‌ك خزمه‌تگوزاری و، یه‌ك هۆڵی پێشوازی و، دو ته‌والێت بۆ مانه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان، ئه‌گه‌ر نا خۆ ناكرێ پانتایی و ده‌روازه سنوریه‌كانی وڵات جا به‌هه‌ر برو بیانوێك بێ، بۆ ئه‌م و ئه‌وێكی داگیركا‌ر، واڵاو له‌سه‌ر پشت بنوێنێ و، ڕێ به‌كرانه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی ناوخۆی دڵی گه‌یه‌نه‌رێكی رۆژنامه‌وانیش بگری، خۆ ناكرێ تۆ خاوه‌ن دامه‌زراوه‌یه‌كی یاسا دانه‌ری وه‌ك په‌رله‌مان بیت و، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆرشیش بریارو راسپارده ده‌ر بكات، ناكرێ تۆ حكومه‌تت هه‌بێ، كورت و كه‌می، زۆری و بۆری، وه‌رگرتن و ده‌ركردن، ماف و موچه‌و حه‌ره‌كاتی هێزه سه‌ربازییه‌كان ( پێشمه‌رگه ) حكومه‌ت ته‌حه‌كومی پێوه نه‌كات، ناكرێ تۆ دادگه‌ت هه‌بێ و، به‌پێی بڕگه‌و بابه‌تی پرۆگرام و پێرۆی حزب، ئه‌و پرۆگرام و پێرۆ حزبیانه‌ی كه ده‌یه‌ها ساڵه به‌پێی برگه‌و بابه‌تی نێوه‌رۆكی خۆیان، عیباراتی یاسایی خۆیان له‌ده‌ست داوه، حوكم به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا بكه‌ی، هه‌روه‌ك چۆن ناشكرێ بۆ روخاندن و له‌به‌ینبردنی ئه‌زموون و ئه‌م ده‌سكه‌وتانه، ئه‌وه‌ی كه تا ئێره جوان و ناشرین كه به‌ده‌ست هاتووه، كوێرانه‌و به‌خاتری هه‌نێ حاصڵاتی ئایدیۆلۆژی و تایبه‌ت به‌ناوی ئۆپۆزسیۆن یا خۆشفرۆشكردنی میدیا، راست و چه‌پ و بێ په‌روا په‌لاماری بده‌ی.
ئاخر خۆ توركێك نابینی وه‌ها په‌لاماری حكومه‌ته‌كه‌ی خۆی دابێت و بدات، فارسێك شك نابه‌ی له‌به‌ر هه‌ر هۆكارو به‌خاتری هه‌ر ده‌سكه‌وتێكی تایبه‌تی، بێ و، سازش له‌سه‌ر مه‌سه‌له قه‌ومییه‌كانی خۆی كردبێ و بكات، عه‌ره‌ب تا ئێستایش به‌گشتیانه‌وه له‌به‌رامبه‌ر مرۆڤی غه‌یره ره‌گه‌ز نه‌ك هه‌ر هی ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته، خۆیان سه‌رده‌سته‌و خه‌ڵك پله دو ده‌بینن، سه‌رانی هیچ ده‌سه‌لات و ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تێكی هه‌ڵگری ئایدیۆژی چه‌پگه‌رایشت نه‌بینیوه‌و نابینی وه‌ك هاونیشتیمانیه‌كانی خۆی، ده‌ستی سڵاو بۆ مرۆڤ و گه‌لانێكی تری غه‌یره ره‌گه‌زی خۆی به‌رز بكاته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ڵگرو شوێنگرو كه‌وته‌ی هه‌مان وه‌ها ئایدیۆلۆژیهتێكیش بن، زانا‌و دانا‌و كاربه‌ده‌ستانی هیچ وڵات و ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تێكی ئیسلامییشت نه‌بینیووه‌و نابینی نه‌ك هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌لاحه‌دین له‌پێناو خوادا بۆ جیهانی ئیسلامی كردی، ئه‌وان بۆ خودا‌و رزگاری و پاراستنی برا مسوڵمانه‌كانیان بیكه‌ن، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌هه‌ر كه‌س و ده‌سه‌ڵاتێك زیاتر له به‌شینه‌وه‌ی خاكی ئه‌م هه‌رێمه سودمه‌ند بوون و هه‌وڵی چه‌ن قۆڵییان بۆ له‌ناو بردنی دۆزه‌كه‌ی پڕ مه‌ترسیدارو حازر به‌ده‌ست تر بوون، لای هه‌مووانیش ئاشكرایه ئا هه‌ر ئێستا تاران به‌رامبه‌ر قه‌زییه‌كه‌یان چ پلانێك داده‌رێژرێ، شاراوه‌یش نیه له ئانكه‌را چ گه‌مه‌یه‌ك به‌چاره‌ی سیاسییانه‌وه ده‌كرێ، وه‌ك نوێژی نیوه‌رۆیش دیاره به‌غدا ئه‌گه‌ر بۆی بلوێ ناو یا دۆسیه‌كه‌یان له قوتوی هیچ عه‌تارێكدا ناهێڵێت، كه وابوو بایه‌خی ئه‌م هێزو حزبانه‌ی له‌مه‌ڕ خۆیان، له‌مسه‌ر بۆ هه‌تا ئه‌و سه‌ریان بگری، هێشتا له‌هه‌ر كات بۆ خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه پێویست تره‌و، هیز له یه‌كخستنی خیتاب و به‌هێزكردنی یه‌كێتی گیانی نه‌ته‌وه ویستی و نیشتیمانپارێزییان دایه، نه‌ك له میزاج و مه‌رامی ته‌سكبینانه، نه‌ك له فرێدان و ده‌رهاویشته‌ی توراسی سڕینه‌وه‌ی یه‌كتری له‌سه‌ر نه‌خشه‌و نه‌خشی سیاسی، ئیداری، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری…هتد نه‌ك سنورداركردنی ئازادی هه‌ڵسوران و گه‌یاندنی میدیا‌و میدیاكاری، هیچ نه‌بێ ماده‌مێك مناسه‌به و بێ مناسه‌به له‌راگه‌یاندن و لێدوانی به‌رپرسانی پایه بڵندی وڵاته‌وه شانازی به نموزه‌جی ئه‌و كه‌شه دیموكراسیه به به‌راورد له‌گه‌ڵ دنیای ده‌وروبه‌ری خۆیان و نزیك له‌خۆیان ده‌كرێ، ده‌بێ بزانرێ كه له‌ناو سیستیمی دیموكراسیدا، رۆژنامه‌گه‌ری چالاكییه‌ك نییه كه‌وتبێته ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی ئازادی و ماف، به‌ڵكو چالاكییه‌كی سنورداركراوه به توانای ره‌وایه‌تی وه‌رگرتن لهپرینسیپهكانی ئه‌و دیموكراسیه‌ته‌ی كه هه‌یه‌و و ههڵسوڕانێكه له‌سه‌ر هه‌ردو ته‌وه‌ری چاودێری ده‌سه‌ڵاتی باڵا‌و به‌شداریپێكردنی هاوڵاتی له‌ئازادی بیرورا‌و ره‌خنه‌ییدا، دیاره ده‌رئه‌نجامه‌كه‌یشی مه‌علومه كه دواجار كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئاگامه‌ندو هاوڵاتی و تاكێكی هۆشیارو به‌شداری لێده‌كه‌وێته‌وه. منێكیش پێموایه له‌بری به مه‌ترسی بینینی ئازادی هه‌ڵسوڕانی ره‌ها بۆ تاك تاكه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌و میدیاكارانی، كه ته‌مننا ده‌كه‌م ئه‌مساڵ ساڵی هه‌ڵسورانی ئازادییه ره‌هاكانی میدیا‌و میدیاكارانیان بێ، حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی تری په‌یوه‌ست به‌بواره ژیانی و ژیارییه‌كان، گونجاوو شیاو‌و ته‌ندروست تره رۆڵی هه‌ره گرنگ له پێشخستنی ئه‌زموون و به‌شداریپێكردنی ئه‌واندا بگێڕێن و، فراوان و دور تر ئاینده بینبن.