دارا خونچە: ئەمن تا ئێستا وە پێی ئەو توانا و ئەزموونەی کە هەمبووە لە چەندین بواری فەرهەنگیی بەشدار بوومە.. ئەگەر وە هۆی ئەو کار و ئەرکانەشم کە لە نێو پانتایی رۆژنامەگەریی وە تایبەتیش لە نێو (رۆژنامەی رێگای کوردستان و رۆژنامەی ئەمڕۆ و ماڵپەڕی ئەمڕۆ) ئەنجامم دانە هێندەک خوونەر وە رۆژنامەنووسم بزانن.. ئەوە باشترین پەیامی من لە یادی ١١٧ ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردی ئەوەیە؛ ئیدی پێویستە ئەو کەسانەی وە (رۆژنامەنووس) ناودێر دەکرێن ناوی (رۆژنامەنووسیی) لە خۆیان بکەنەوە و داوای بووردن لە فەرهەنگە هەژارەکەی کوردی و میللەتەکەی خۆیان بکەن.. ئەویش لەبەر ئەو هۆیانەی خوارێ:
● یەک رۆژنامەی ناحیزبیی و ئازاد و سەربەخۆمان نییە، نەک ١١٧ بەڵکە زۆر لە راستییەوە نێزیکە ئەگەر بێژم ١٧ رۆژنامەنووسی ئازاد و سەربەخۆشمان نییە! ئەگەر نا دەبووایە ئێستا وە لایەنی کەم چەند رۆژنامەیەکی ئازاد و سەربەخۆمان هەبووایە.. نەک ئەو گەڕەلاوژێیەی وەسەر رۆژنامەگەرییدا هاتیە کە هەر کەسەی راست دەبیتەوە بێ ئەوەی بزانی تەنانەت نامەیەکی جوان بنووسی ژێربەژێر هێندەک پارە لە حیزبەک یان رێکخراوەکی نێوخۆ یان رێکخراوەکی بیانیی – کە هەموویان وە ناوی هاوکاریی و گەشانەوە و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان خەریکی کاری سیخوڕیین – وەردەگرن و رۆژنامەیەکی پێ دەردەکەن و لە سەری دەنووسن (رۆژنامەیەکی ئازاد و ئەهلیی و سەربەخۆیە!!!)!
● زۆربەی هەرە زۆری رۆژنامەنووسان کاری رۆژنامەنووسیی تەنێ وەک کاری نووچەگەهانی و پیشەی پەیداکردنی بژێوی ژیان تەماشا دەکەن.. ئەوە بێجگە لەوەی کەمیان هەن بتوانن یەک وتار بنووسن پڕاوپڕ نەبی لە (هەڵەی رێنووس، هەڵەی زمانیی و رێزمانیی، هەڵەی خاڵبەندیی و تەنانەت هەڵەی دروستکردن و دانانی پەرەگرافیش)، کەچی زۆریان هەن لە پێناو ئەوەی خۆیان وەها پیشان بدەن کە زۆر شارەزان دەو لە فەلسەفە دەکوتن و قسەی گەورە گەورە دەترنجێننە نێو وتارەکانیان.. زۆر جار لە ڕێی ئەو وەڕگێڕانە بێ پێزانەی کە وەرگێڕدرانەتە سەر زمانی کوردی یان هەر خۆیان قیچەکی زۆر کەم لە زمانەکی دیکە فێربوونە قسەی یەکەک لەو چەقەچەقکەرانە (هابرماس، هۆبز، جۆن لۆک، نیچە، فۆکۆیاما، ژیژک، چۆمسکی، و… هتد) وە خواروخێچیی دووبارە و چەندبارە دەکەنەوە و چەندین لاپەڕەی (جوان و خاوێن)ی پێ پیس دەکەن!
● بێجگە لەوەی ١١٧ رۆژنامەنووسمان نییە ناوی دایکیان وەک ناوی دووەم وەکارببەن و ئیدی خۆیان وە (کوڕ یان کیژ)ی دایکیشیان بزانن و واز لە نێرسالاریی و باوبسالاریی بهێنن.. ژمارەیەکی ئێجگار زۆر رۆژنامەنووسیشمان هەن ناوی دووەمیان یان ناسناوەکانیان ناوی (خێڵەکی یان گوندیی و ناوچەگەریی یان دینیی یان پیاوسالاریی و پاشدامایی)ن .. کە ئەو ناسناوانە دەژنەوی وەها هەست دەکەی لە دیوەخانی ئاغایان دای!
● لەوەتەی بزووتنەوەی کوردایەتیی هەیە لە نێوان (عوسمانیی و سەفەویی)ەکانی پێشان و ئێستا دابەش بووە، کەچی زۆربەی هەرە زۆری رۆژنامەنووسان وەک پاشکۆی سیاسەتبازان ستایشکەر و دەرباری ئەو بزووتنەوەیەن تەنانەت هێندەکیان شەیپوورژەنی خودی عوسمانییەکان و سەفەوییەکانیشن!
● لەوەتەی رۆژنامەگەریی کوردی بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاودەبتەوە وە سەتان ١١٧ ژنی کورد وە ناوی بێ رەوشتیی و شوشتنەوەی ئابڕووی یپاوان وە دەستی نێرسالاران کوژرانە و ئەتک کرانە و ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی درانە و رووبەڕووی چەندین توندوتیژیی دیکەی پیاوسالاریی بووینەوە.. کەچی رۆژنامەنووسان نەک هەر رۆڵەکی ئەوتۆیان نەبووە لە بەرگرتن بەو تاوانکارییانەی سەر ژنان بەڵکە هێندەکیان هاندەر و بەشداریش بوونە تێدا!
● ١١٧ ساڵە سەرکردە دیارەکانی کوردان تێکڕایان یان خێڵەکیی و دینیی بوونە یان تاکڕەو و پاکتاوکار و نیمچە دیکتاتۆر و گەندەڵکار بوونە کەچی زۆربەی هەرە زۆری رۆژنامەنووسان وەسەریان دابەش بوونە و وەک پەرستن دەیانپەرستن و پێنووسەکانیان لە بەرانبەریان سەرشۆڕ و ملکەچن!
● هێشتا رۆژنامەنووسە وە ناو چەپەکان وە باشوور دەبێژن (کوردستانی عێراق!) و وە کورد دەبێژن (کوردزمان!) و رۆژنامەنووسە نەتەوەپەرستەکانیش هەر چاویان لەوەیە عێراقەکی دیموکراسیی دابمەزرێ و هەمیشە زمانی کوردیش لە بەرانبەر زمانەکانی وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان وە کەم دەبینن!
سەرەڕای هەموو ئەوانەی سەرێش:
● تا ئێستا وە دەیان و وە سەتان رۆژنامەنووس لە ژێر سایەی دەسەڵاتەکەی (بارزانی و بنەماڵەکەی و حیزبەکانی دیکە و داعشییە نێوخۆییەکان) و لە رێی پاوانخوازیی و پاکتاوکاریی حیزبەکان تیرۆر کرانە، لە رێی سانسۆرە دینیی و خێڵەکیی و پیاوسالاریی و دابونەریتە داڕزایەکان دەستگیر کرانە و وە شێوەی جوراوجۆر سزادرانە.. ئازرا و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی درانە و چاویان لێ سۆر کرایتەوە.. نانبڕا و گۆشەگیر کرانە.. شاربەدەر و نیشتیمانبەدەر و پەڕاگەندەی هەندەران کرانە، کەچی ئێستا بارزانی لە پاش ئەو هەموو تاوانکارییانە و دیزەبەدرخۆنەکردنی چەندین کێسی تێرۆکردنی رۆژنامەنووسان – وە تایبەتییش کێسی تیرۆرکردنی (سەردەشت عوسمان)ی رۆژنامەنووس کە خودی بارزانی و بنەماڵەکەی تێیدا تۆمەتبارن – لە یادی (١١٧)ەمین ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردی (وەک نەریتی سەرۆکە تۆتالیتار و دیکتاتۆرەکان) دەبێژی: (دەكرێ میدیای كوردی سەنگەرێكی بەهێزبێت دژی ناحەزان)!!! کەچی یەک رۆژنامەنووس نییە یان یەک رۆژنامەنووس ناوێری لێی بێتەدەنگ و راستەوخۆ و راشکاوانە پێی بێژی: (ئەزبەنی، سەنگەری بەهێزی میدیای کوردی وە هەبوونی ئازادیی دەربڕین و ئازادیی رۆژنامەگەریی و هەبوونی یاسایەکی سێکیولار و مۆدێرنانە دێتەدی نەک بەو دەردەی کە وە رۆژنامەنووسانت برد.. ئێستا لەو دەڤەرەی کە خۆت تێیدا دەسەڵاتداری رۆژنامەنووسان ناوێرن یەک فزە بکەن.. هەر رۆژنامەنووسەکیش ملکەچ نەکا و رەخنەی راشکاوانە بگری یان تەنانەت ئەگەر رەخنەیەکی ئەندێشەئامێزانەی ئەدەبییش لەسەر دەسەڵاتەکەت بنووسی ئەوە پڕی دەوی گوللە دەکرێ!!!)!
٢٢\٤\٢٠١٥