بورھان شێخ رەئوف
لە ١٩٢١ تا ٢٠٢١ سەدەیەکە دەوڵەتی عێراق دامەزراوە ئەگەرچی سەرەتا کوردستان بەشێک نەبوو لەو دەوڵەتە ،بەڵام دواتر ساڵی ١٩٢٥ کوردستانی باشووریشی بە دەر لە خواستی خۆی پێوەی لکێنرا کە ئەمەش ھۆکارگەلی زۆری ھەبووە لێرەدا بواری ئەوەنیە باسی بکەم .
عێراق ھەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە بە دەر نەبووە لە قەیران و کێشەو ململانێی گەورە گەورە ، سەرچاوەی ئەوە بوون عێراق سەقامگیری و ئارامی بە خۆیەوە نەبینێت ماوەیەکی کەمی نەبێت .
سەردەمی پاشایەتی
سەردەمی پاشایەتی ١٩٢١_١٩٥٨ ئەگەر سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتەکەبووە و لە ژێر ئینیدابی بەریتانیادا بووەو ،کۆمپانیا مۆنۆپۆڵەکان چاوی تەماحیان تێکردووەو خێروو بێرەکەیان بۆ خۆیان بردووەو کەمێکیان لێ داواەتە عێراق ، ھەوڵی دروستکردنی دامودەزگای دەوڵەت دراوە ھەر لە دروستکردنی سوپاو پۆلیس و وەزارەتەکان و ئەنجومەنی نوێنەران و ھەڵبژاردن پێکھێنانی کابینەکانە حکومەت و متمانەدان لە ئەنجومەنی نوێنەران و متمانە وەرگرتنەوە ش لە حکومەت ئەمە لە مێژووی وەزارەتەکانی عێراق بە درێژی باسکراوە ، کەلەو ماوەی ٣٧ ساڵەی سەردەمی پاشایەتی دەیان کابینەی حکومی پێکھێنراوەو ھەڵوەشاوەتەوە بە ڕێکاری یاسای لە پەرلەمانەوە ،خاڵێکی گەشی ئەم سەردەمە نەبوونی جیاوازی ئتنیکی و تائیفی و نەتەوەییە چەندین جار کوردو شیعەو سوونەو پۆستی سەرۆک وەزیرییان وەرگرتووە ، پێگە گرنگەکانی سوپاو دەوڵەت بەدەستی پێکھاتە جیاوازەکانەوە بووە تا پاسەوانە مەلیکیش .
سەردەمی کۆماری
سەردەمی کۆماری سەربازی ١٩٥٨_٢٠٠٣ ئەم سەردەمە بە کودەتای سەربازی ١٤ تەمووزی ١٩٥٨ دەست پێ دەکات و دواتر کودەتای ٨ شوباتی ١٩٦٣ ی بەعسیەکان بۆ جاری یکەم کودەتای ١٧ تەمووزی ١٩٦٨ بەعسیەکان بۆ جاری دووەم ، ئەمجارە بەعسیەکان تەواوی جۆمگەکانی دەوڵەتی عێراقیان کۆنترۆڵکرد ھەنگاو بە ھەنگاو ژیانی حزبایەتیان لە عێراقدا قەدەغەکرد ئەگەرچی بەیانی ١١ ئازاری ساڵی ١٩٧٠ یان بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد دەرکرد لە ژێر فشاری شۆرشی کوردا ،بەڵام دواتر کە بەھێز بوون پەشیمان بوونەوەو ، ئۆتۆنۆمیەکی کارتۆنیان ڕاگەیاند.
ئەم سەردەمە ڕەشترین سەردەمەکانی فەرمانڕەوایی عێراق ئەژمار دەکرێت ،پڕە لە گۆڕی بە کۆمەڵ ،جینۆساید ،بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی ، ووشکردنی ھۆڕەکانی باشوور ، ئەنفالی کورد ،جەنگی بەردەوام لە گەڵ دراوسێکان ، بە تایبەتی بۆ کورد و کەمینەکان و ئاینزای شیعەش ،عێراق تووشی شەڕی درێژخایەنی دەرەکی بوو لە گەڵ ئێران ھەشت ساڵ ، داگیرکردنی کوەیت و ئابڵووقەی ئابووری نێودەوڵەتی لە سەر عێراق بۆ ماوەی سیازدە ساڵ نەگبەتی گەورەبوون بۆ گەلی عێراق .
عێراقی نوێ
سەردەمی کۆماری سێیەم یان عێراقی نوێ لە ساڵی ٢٠٠٣ تائێستا ، ئەم سەردەمە سەرەڕای ئازادی و دیموکراسی و کرانەوەی بێ مەرج و کۆت و بەند ، نووسینەوەی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ و ڕاپرسی لە سەری ٨٥% خەڵکی عێراق بە بەڵێ دەنگی لە سەردا ، بەڵام پابەند نەبوون بە دەستوورەوە کێشەی گەورەتری لەوانەی پێش خۆی بۆ عێراق و عێراقییەکان خووڵقاند ، لەوانە سەرھەڵدانی بیروباوەری توندڕەوی لە بابەتی ئەلقاعیدەو دواتر داعش و دروستبوونی گروپ و تاقمی میلیشاتی چەکدار کە توندوتیژی و بەریەککەوتنی سامناکی لێکەوتەوە .
لە کۆتاییدا لە دوای سەد ساڵ لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق خەڵکی ئەم وڵاتە شین بگێڕن یان شایی بۆ ئەم ھەموو مەرگەسات و جینۆساید و قڕکردنە ؟
ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە بۆ دڵسۆزان و بیرمەندانی ئەم وڵاتە لە دوای سەد ساڵ لە نەھامەتی بیرێکی جدی بکەنەوە لە ئاییندەی ئەم وڵاتە ؟
ئایا جگە لە دانوستان و دایالۆگ و لێبوردن و یەکتر قبوڵکردن ڕێگەیەکی تر ھەیە؟
ئایا لە ھەموو شوێنێکی ئەم جیھانە جیاوازی و فرە ڕەنگی سەرچاوەی ھێز و توانا نەبووە ، ئەدی بۆ لە وڵاتی ئێمە پێچەوانەکەیەتی ؟