بورهان شێخ رەئوف
ناكرێت و نابێت سەروەری و دەستكەوتەكانی راپەڕینی ئازاری 1991ی خەڵكی كوردستان، ببەسترێنەوە بە كەموكوڕییەكانی حوكمڕانی ئێستای هەرێمی كوردستانەوە سی و چوار ساڵ بەر لە ئێستا، خەڵكی كوردستانی باشوور لە یەكەم دەرفەتدا كە بۆیان رێكەوت، راپەڕین، من نامەوێت باسی هەل و مەرج و هۆكار و ئەوە كێ كردی بكەم، ئەوانە بابەتگەلێكن بەدرێژایی ساڵانی پێشوو زۆریان لەسەر وتراوە، بۆیە ئەوە كاردانەوە و ئەركی نەوەی ئەو دەمە بوو بۆ ئەنفال و كیمیاباران، بۆ ئەوانەی نەیان بیستووە یان خۆیان و كەسوكاریان ئەو چەرمەسەری و مەینەتەیان نەبینیووە، با ئەو مێژووە بخوێننەوە، سەدان كتێبیان لەسەر نووسراوەو دەیان فیلم و دۆكۆمینتیش هەیە لەسەری، چ ناوخۆیی یان تەنانەت بیانیش، كە باس لە جەور و ستەمی ئەو قۆناغە دەكەن. ئەوەی من دەخوازم باسی بكەم، لەم یادە شكۆدارەدا، ئەوەیە، كە ناكرێت و نابێت سەروەری و دەستكەوتەكانی راپەڕینی ئازاری 1991ی خەڵكی كوردستان، ببەسترێنەوە بە كەموكوڕییەكانی حوكمڕانی ئێستای هەرێمی كوردستانەوە، چونكە ئەوانەی گیانی خۆیان بەخشی پێش سی و چوار ساڵ، بۆ ئازادی و دادپەروەری و مانەوەی نەتەوەی كورد بوو، چونكە مانەوە و بوونی ئەم گەلە لە مەترسیدار بوو لە عیراق، كەسیش بەتەمای پلە و پۆست و ئیمتیاز نەبوو، باسكردنی ئەو دۆخەی كە خەڵكی تێدا دەژیا ئەوكات، ئاسان نییە بۆ نەوەی ئێستا، كێشەی خەڵك مووچە نەبوو، مەسەلەی مان و نەمانی ئەم میللەتە بوو.
لایەنی دووەمی باسەكەم، كەموكورتییەكان و شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێمە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، كە ئەوە بابەتێكە دەبێت ئەوانەی حوكمڕانی هەرێمن، شان بدەنە بەری و وەڵامی گلەیی و گازندەو كەموكورتییەكان بدەنەوە، نەوەك شۆڕشگێڕانی ئەو دەمە ئۆباڵەكەی هەڵبگرن و هەموو كورتییەكانی ئێستا بخەنە سەرشانی ئەوان، ئەوە لۆجیك و بۆچوونێكی ڕەواو هەق نییە. چونكە قەیرانەكانی ئێستا شاراوە نین لە خەڵك و قەیرانی جددین، فاكتەر و بكەرەكانیشی دیارن، دۆخی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش كاریگەری خۆیان هەیە، خۆ لە بانگەشەكانی هەڵبژاردنی 20/10/2024 دا، بە ئاشكرا لایەنێكی گرنگ و هاوبەشی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، دروشمی راستكردنەوەی رێڕەوەی حوكمڕانی بەرز كردەوە، ئەوەش بۆخۆی داننانە لەسەر بوونی كێشەی گەورە لە بەڕێوەبردنی هەرێمدا.
































































بورهان شێخ رەئوف







Discussion about this post