سەدیق سەعید ڕواندزی
زۆرجار لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەگوترێت:_( سیاسی و سەرکردەکانمان دەست بەرداری سیاسەت و کورسی فەرمانڕەوایەتیکردن نابن، ئەگەر تەمەن و لایەنی تەندروستی و ھزری و یادەوەریشییان بەرەو ھەڵکشان چووبێت) بەڵکو تا دەمرن، وەک بتێکی سیاسی دەمێننەوە و پیرۆز دەکرێن. بەڵام پێ دەچێت ھەمان بۆچوون، بەشێکی زۆری نووسەرانی ئێمەش بگرێتەوە. بەو مانایەی ئەگەرچی ئەوانیش دڵنیانە لەوەی کە ھەگبەکەیان بەتاڵ بووە و کەوتوونەنە خولانەوە بە دەوری وشە و گوتنەوەی ھەندێک بابەت و نووسین کە نیو سەدە پێشووتر دەیانگوتەوە، کەچی ھێشتا بوێری ئەوەیان نییە دەست بەرداری نووسین ببن و بڵێن ئەزموونەکەمان بە سەرچووە. بێگومان ھەر کاتێکیش نووسەرێک، ئەدیبێک، نەیتوانی شتێکی تازە و نوێ بڵێت، ئیدی لە سەر خەرمانی ڕابردووی دەژیت و ھەمان ئەو شتانە دەڵێتەوە، کە پێشتر ھەموومان زیاد لە جارێک گوێبیستی بووینە. یەکێک لەو نووسەرانەی چارەگە سەدەیەک زیاترە، خووی بە ھەندێک وشە و دەستەواژەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی گرتووە (شێرزاد حەسەن) ە. ئەم نووسەرە، کە لە کۆتایی ھەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، شێوازێکی دیکەی لە تیمەی چیڕۆک و پاڵەوانسازیی ھێنایە نێو ڕەوتی چیڕۆکی کوردی، لە ئێستادا ھەمان ئەو وشە و بابەتانە دەڵێتەوە، کە پەنجا ساڵ دەبێت دەقی پێوە گرتوون. ئەم نووسەرە، بەردەوام لە نووسینەکانی باسی (دڵڕەقی مرۆڤ، کوڕان و کچان نامۆن بە یەکتری، پەروەردەی سەقەت، ڕاوکردن، ژن کاڵایە، مەرگدۆستی، ڕەشبینی، کۆمەڵگەی دڵڕەق، داڕمانی بەھاکان، ئێمە کۆیلەین، نەبوونی عەشق و خۆشەویستی) ئەمانە و چەندین وشەی دیکەش دەکات. بە ڕادەیەک خوێنەر ئەگەر نووسینێکی سی ساڵی لەمەو بەری ئەو نووسەر ببینێت و نووسێنێکی ئێستاشی بخوێنێتەوە، ھەست ناکات نوێکاریی و داھێنان و شتێکی تازەی گوتبێت. ئەم نووسەرە، لەدوو وتاریدا کە لەم دواییانە لە کوردستانی نوێ بڵاویکردوونەتەوە، ھەمان ئەو دەستەواژانە دەڵێتەوە کە دەقی پێوە گرتوون. بێگومان ئێمە لە سەردەمێک دەژین، پێویستیمان بەوە نییە مامۆستا پێمان بڵێت بەھا جوانەکانی ژیان نەماون، چونکە خۆمان دەیانبینین، پێویستیمان بەوە نییە وتارێکی پڕ لە باق و بڕیقی ئەو بخوێنینەوە، تا بزانین مرۆڤ چەند دڕندە و خوێنڕێژە و ئێمە چەند لە سەردەمێکی ناشرین و نامیھرەبان دەژین، چونکە ڕۆژانە ئێمە بەر ئەو شتانە دەکەوین. بۆ ئەوەی بزانین مرۆڤ بۆ خۆی دەکوژێت و خۆکوشتن چۆن بۆتە دیاردە، پێویستیمان بەوە نییە ڕۆمانی مرۆڤی ھەرزان بخوێنینەوە، وەک ئەوەی ئەو لە وتارێکی درێژیدا باس لەوە دەکات کە ئەم ڕۆمانە ڕۆمانی سەردەمی داڕووخانە. ئێمە لە سەردەمێک دەژین، ھەموومان دەزانین سەردەمی داڕووخانە و ئەدگار و خاسیەتە کۆمەڵایەتی و کەسی و سایکۆلۆژیی و پەروەردەیەکانی چین. ھەموومان دەزانین مرۆڤ چەند بێ بەھاو بێ پێگە و سووک بووە، ئیدی پێویستیمان بەوە نییەگوێ لە حیکایەتەکانی مامۆستا بگرین، کە پەنجا ساڵە دەیانڵێتەوە. سەیر لەوەدایە، ئەو ھەموو دەقە کاڵ و کرچ و کتێبە بێ ناوەڕۆکانە چاپ دەکرێن، نووسەر شتێکییان لە بارەوە ناڵێت. کوا نووسین و سەرنجەکانی ئەو نووسەرە لە بارەی نەوەی نوێی شیعری دوای ڕاپەڕین، کە شیعرییان بێ بەھاو بێ ناوەڕۆک کرد، تا ئەو ئاستەی ھەندێکییان باسی گووکردن لە شیعردا دەکەن ( لە ئاییندەدا نموونەی ئەو شیعرانە دەخەینە ڕوو) کوا ڕەخنەکانی مامۆستا لە نەوەی نوێی چیڕۆکنووسانی دوای ڕاپەڕین، کە ھەندێکییان چیڕۆک بە گێڕانەوە دەزانن و ھەندێکیشان وا دەزانن بە تەکنیکێکی تازەوە چیڕۆکییان نووسیوە، کە محمەد موکری چڵ ساڵ لەمەو بەر چیڕۆکی پێ نووسیوە؟ کوا ھەڵسەنگاندنی بزاوتی ئەدەبی و ڕۆشنبیری ئەم سی ساڵەی دوایی لەلایەن مامۆستاوە؟ کوا ڕۆمان و نۆڤلێتێکی داھێنەرانەی تازەی ئەم نووسەرە، کە حەسار و سەگەکانی باوکمی تێ پەڕاندبێت؟ مەگەر باسکردن لە دڵڕەقی مرۆڤ و نەبوونی خۆشەویستی و میھرەبانی دەمانکاتە داھێنەر؟ تا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی مابێت، ئەو شتانە بوونیان دەبێت، بۆیە ھەر نووسەرێک پێی وابێت ئەوانە کەرستەی نووسینن و دەتوانێت سەدان ساڵ لە سەریان بژیت، لە ڕاستیدا بە ھەڵە داچووە وبە دەوری وشە دەخولێتەوە. خەرمانەی ڕابردوو کەس ناکاتە داھێنەر، مەگەر نووسەر خۆی شتێکی تازەی پێ نەبێت، کە جیاواز بێت لەوانەی لە ڕابردوودا گوتوویەتی!