کارۆخ ئیبراھیم حەکیم: ئەوە سەرەتایە، ھەگبەمان شتی گەورەتری تێدایە
راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی : کاتژمێر ٣ی نیوەڕۆی رۆژی ٩/٢/٢٠١١ نمایشی شانۆگەری “قەبرستان” لە پڕۆژەی وێستگە” کە شانۆیەکی سەر شەقام بوو لە شەقامی ٦٠ مەتری شاری ھەولێر، دەستیپێکرد و دوو سەعاتی خایاند، بەڵام ئەمجارە لەجیاتی ئەوەی خەڵک لەناو ھۆڵەکان ببێتە میوانی شانۆ، بەڵکو شانۆ بووە میوانی خەڵکی سەر شەقام.
لە شەقامی ٦٠ مەتری، گەراجی پارکی شەھید سامی عەبدولڕەحمان نزیکەی ٥٠ کەس بەشێوەیەکی بازنەیی کۆببوونەوە، ئەوان ئەکتەر و بینەرەکانی شانۆگەری “قەبرستان” بوون، ھەموان ئۆتۆمبێلەکانی خۆیان جێھێشت و سواری پاسێکی سپی بوون و شانۆگەری قەبرستان ھەموانی برد، چونکە ئەوە شانۆگەری سەر شەقام بوو، بەدرێژایی شەقامی ٦٠ مەتری نمایش بەردەوام بوو، تاکۆتایی نمایشەکە گەیشتینەوە ھەمان شوێن، باخچەی بەردەم پارکی شەھید سامی عەبدولڕەحمان، ئەوانەی ناو پاسەکە بوون بریتیبوون لە ھونەرمەند، رۆژنامەنووس، شاعیر، مامۆستای زانکۆ، چالاکوانی مەدەنی، بەڵام پاسێکی بێ سەکن بوو، خۆ لەوەش دەچوو شەفێرەکەش ئەکتەری شانۆگەریەکە بووبێت، ھەر کەس لە شوێنی خۆی حیواری ھەبوو، حیوارێکی تر وەڵامی دەدایەوە، جارجارەش دەرھێنەر و نووسەری شانۆگەریەکە کارۆخ ئیبراھیم دەیگوت “ئەرێ کەسێک ھەیە دابەزێت؟”. وابزانم ئەویش دەویست رۆڵی سەکن ببینێ، بەڵام چۆن؟ ھەموو شتێک ببووە تەمسیل، بەڕاستی رۆژێکی جیاواز بوو.
٣٠ گەنجی شانۆکار، نمایشی شانۆگەری “قەبرستان”ـیان دەکرد، کە تەنیا سایە ئافرەت بوو، کارۆخ ئیبراھیم حەکیم نووسەر و دەرھێنەری شانۆکە ھاوکات سەرۆکی گروپی گەنجە بۆ شانۆ، کە لەو رۆژەدا ھەم بینەرێکی سادە بوو ھەمیش رابەری گروپەکە بوو، پاسەکە جاری یەکەم لەبەردەم پارەگای سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ھەموان لە پاسەکە دابەزین و دیمەنێکی دیکەی شانۆگەریەکە لەسەر شەقام دەستیپێکرد، ئەوانی دوور لەو شانۆگەرییە حەپەسابوون، ئەو خەڵکە چی دەکەن؟ زۆری تریش واتێگەیشتن ئەوە خۆپیشاندانە، کە زیاتر نزیک دەبوونەوە ئەوە شانۆگەرییە، پێنج گەنج بەیەکەوە ھاتن، کە یەکێکیان تەواو ھۆگری ئەو جۆرە شانۆگەریانە بووە، چونکە پێشتریش کارەکانی ئەو گروپەی بینیووە، محەمەد تەلعەت، تەمەن ١٩ ساڵ، بۆ (سڤیل) گوتی “ساڵی پار شانۆگەریەکی دیکەی ئەو گروپەم لە ناو بازاڕ بینی، زۆر سەرسامی ئەوانم، پێم خۆشە منیش وەک ئەوان بچمە ناو شانۆگەریەکە، بەڵام نازانم ئەوان منیان دەوێت یان نا”. گەنجێکی دی بە ناوی مەسعود خۆی ناساند، تاکسیە کوردستانییەکەی لە سوچێکی شەقامەکە وەستاند، تاکۆتایی سەیری نمایشەکەی کرد، ئەو دەڵێت “قەت نەچوومە ھۆڵی شانۆ، بەس جارێک چوومە سینەما، ئێستاش یەکەمجارە شانۆ لەسەر جادە دەبینم، گوێم لێ نەبووە شتی واھەبێت، پێمخۆشە بزانم ئەوەیان چۆنە و منیش بەدوای پاسەکە دەکەوم”.
شانۆی سەر شەقام، یەکێکە لە ستایلە زۆر دێرینەکانی شانۆ، کە چەند ساڵێکە لەکوردستان کاری لەسەر دەکرێت، بەتایبەت لە شاری ھەولێر و لەلایەن گروپی گەنج بۆ شانۆ خەریکە ئەو ستایلە پەرەدەسەنێ، بڕیاریشە لە رۆژی ڤالانتاین شانۆگەری “ڤالانتاین” لە دەرھێنانی محەمەد جەمیل لەنێو پاری شاندەر لە ھەولێر نمایش بکرێت، کە پێنج کچ تێیدا بەشدار دەبن.
ھونەرمەند دکتۆر فازل جاف، ئەو رۆژە یەکێک بوو لە بینەرانی نمایشەکە، “یەکێک بوو لە نەفەرەکانی نێو پاسەکە”. باس لەوە دەکات، شانۆی سەر شەقام پەیوەندی بەوە نییە ھۆڵ ھەیە یان نا، بەڵکو ئەو دەڵێت “ئەوە شێوازە شانۆیەکە نزیکە لە بینەر، شانۆیەکە دەیەوێ بچێتە ناو خەڵکەوە و شانۆیەکی زیاتر میللیە”. دکتۆر وێرای ئەوەی دەستخۆشی لە دەرھێنەری شانۆگەریەکە کرد، ھەبوونی ئەم ستایلە شانۆییە بەپێویست و کارێکی باش دەبینێ، چونکە دکتۆر جاف دەڵێت “شانۆ لە ھیچ وڵاتێک یەک ستایلی نییە، شانۆی سەر شەقام و شانۆی ناو ھۆڵە گەورەکان و بچووک و ناو رێستورانتەکان ھەیە، ھەتا شانۆی ناو چایخانە و پاپۆر و بەلەمیش ھەیە”. دوای نمایشێکی ١٠ خولەک، ھەموان چوونەوە ناو پاسەکە، بۆ شوێنێک دەڕۆین کە نازانین کەی دابەزینێکی دی ھەیە، دیسانەوە ناو پاسەکە تەمسیل و دیمەنی دی دەستیپێکرد، لەپڕ دەنگی حەیرانێک ھات بە دەنگی حەیرانبێژی ناوداری ھەولێر رەسوڵ گەردی، لەوکاتەدا ھونەرمەند ئیبراھیم حەکیم باوکی کارۆخ فرمێسکی ھاتە خوارەوەوە، (سڤیل) پرسیاری ئەوەی لێکرد لەوکاتەدا بۆچی دەگری؟ لە وەڵامدا وتی “لەبەرئەوەی شانۆی کوردی بەرەو مردن دەچوو، ئێستا دەبینم کوڕەکەم خەریکە زیندووی دەکاتەوە، ئینشاڵڵا کوڕەکەم سەرکەوتوو دەبێت”. ئیبراھیم حەکیم تەمەنێکی زۆرە لەنێو شانۆ و درامای کوردی کار دەکات، دەڵێ ئەوەندەی من لەو ھەولێرە بوومە، ئەو نمایشەی ئەمڕۆ بینیم، شتێکی نوێیە بۆ شاری ھەولێر دەکرێت، گوتیشی “ھیوای سەرکەوتن بۆ کوڕەکەم دەخوازم و ھیوادارم بتوانێ خزمەت بە چینی چەوساوان بکات”.
کارۆخ ئیبراھیم دەرھێنەر، باسی لەوەکرد، ئەوەی ئەوان دەیکەین دوو حاڵەتی زۆر گرنگی تێدایە، “یەکەم خۆمان لە بینەر نزیک دەکەینەوە و پێیان دەڵێین شانۆ و بینەر شتێکی جیانەکراوەیە، دووەم ھاندانی بینەرە بۆ ناو ھۆڵەکانی شانۆ، پێیان دەڵێین وەرنە ناو ھۆڵەکان شتی زۆر جوانتر دەبینن”. کارۆخ ئەوە ناشارێتەوە، ئەو کارانەی لەسەر شەقام کردوویانە رەنگدانەوەی زۆری ھەبووە لە ناساندنی گروپەکیان و دروستبوونی بینەر بۆ کارە شانۆییەکانی ناو ھەڵەکانیشیان، دەپرسێ “کام گروپی شانۆ و کام کەسایەتی وەک کارەکانی گەنج بۆ شانۆ لە ھەولێر جەماوەری ھەیە؟”.
دەرھێنەری بواری فیلم و دراما ناسر حەسەن یەکێکی دیکە بوو لە بینەرانی نمایشەکە، لە بارەی نمایشەکە و پڕۆژەی شانۆگەری سەر شەقا، گوتی “پێشتر ئەو جۆرە شانۆیانە کراوە، بەڵام لەو سەردەمەی ئێستادا نەماوە، بەڵام بەڕاستی کارۆخ لەئێستادا کارێکی نوێ نیشانی ئێمەی دا، ھیوادارم دەرھێنەری دیکەش بێن ئەو کارە بکەن”. ناسر حەسەن ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە شاری ھەولێر دەرھێنەری بە توانای گەنج زۆر ھەن، گوتیشی “کارۆخ ئیبراھیم دەرھێنەرێکی گەنج و بە توانایە، لە ماوەیەکی کەم خۆی گەیانە ئاستێکی ھونەری جوان”.
نمایش دوای نمایش، لە کاتی سەرکەوتن و دابەزینی پاسەکە، تامان شاکر ھەردەم لە یزی پێشی پێشەوە لەسەر سەقام دوای ئەکتەر و نمایشی شانۆیەکە کەوتبوو، ھێندە لە ئەکتەرەکان نزیک دەبوویەوە، ھەندێجار واتدەزانی تامانیش ئەکتەرە، بە (سڤیل)ـی گوت، لە زووەوە ھێندە بەبێ نەڕۆیشتووە، بەڵام گوتی “حەزدەکەم چوار سەعاتی دیکەش دوایان بکەم”. تامان لە بارەی شانۆکەوە دەڵێت “پێم وایە ئەوە داھێنانێکی نوێیە لە مێژووی شانۆی کوردی”.
ھونەرمەند کارۆخ ئیبراھیم حەکیم، کە خاوەن ٤٧ بەرھەمی شانۆییە، پێی وایە ئەو جۆرە کارانە ھەنگاوێکی دیکە، کە دەبێ شانۆکاران خۆیان بخزێننە ناو بیر و ھۆشی خەڵک، ئاماژەی بەوەشدا بەو نمایشە، شانۆی کوردی مێژوویەکی دیکەی نووسیەوە، کە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێنەپەڕیووە، بەڵام دەڵێت “ئەوە سەرەتایە، ئیشی زۆر باشترمان لە ھەگبەدایە”. ناوبراو ئاشکراشیکرد، پڕۆژەی “وێستگە” دەبێتە پڕۆژەیەکی ساڵانە، نەک تەنیا ٦٠ مەتری، بەڵکو ھەموو شەقامەکانی ھەولێر دەگڕێتەوە.
لە سەرەتای چوونە نێو پاسەکەدا نامەکیان پێداین و دەشیانگوت مەیکەوە، نمایشەکانی نێو پاسەکە و شەقامەکانیش نمایشی رەخنەیی بوون لە واقیعی سیاسیی کوردستان، لە بێزاری خەڵک لەو ململانێیە، لە سەرەتاوە ھەردی بەدوای گۆڕی دایکیەوەیە، ئەو لەو دۆخە پرٍِ لە ململانێیە سیاسییە جاڕسکەرەدا کۆڵنادات لە گەڕان بەدوای گۆڕی دایکی، ھەر ئەو ململانێیە سیاسیانە دایکیان گۆڕ غەریب کردووە و ھەر ئەوانیش نایەڵن بیدۆزێتەوە، تاوێستگەی کۆتایی کە باخچەی بەرامبەر پەرلەمان بوو، یەکێک بە راکەراک ھات و نامەیەکی بۆ کوڕەکەی ھێنا و گوتی “ئەو نامەیە لەنێو پاسەکەدا بەجێماوە” کە نامەکەی کردەوە ئامادەبووانیش نامەکەی خۆیان کردەوە، کاغەزێکی تێدا بوو، لەنێو کاغەزەکەدا وێنەی گۆڕێک ھەڵکەندرابوو کە بەرزت دەکردەوە لەنێو گۆڕەکەدا وێنەی پەرلەمان دەرکەوت.