ھونەرمەندی دەرھێنەری بواری سینەما (ھەڵکەوت مستەفا) لە ئێستادا خەریکی ئامادەکارییە بۆ بەرھەمھێنانی فیلمێکی سینەمایی بە ناوی (فیزەی شنگل)۰ ئەو فیلمە بە شێوازێکی جیا لە کارە سینەمایەکانی تر کاری بۆ دەکرێت،
باس لە چیرۆکی دوو گەنجی کوردی ناوچەی ھەورامان دەگێڕێتەوە کە بۆ یەکەمین جارە لە مێژوو لە لایەن یانەی بەناوبانگی بەرشلۆنەی ئیسپانیەوە بانگێشتێکیان بە دەست دەگات تاکو لە یاری کۆتایی نێوان ھەر دوو یانەی بە نێوبانگی جیھانی ئیسپانی (بەرشلۆنە و ڕیاڵ مەدرید) ئامادە بن و دوو جووت کڵاشی تایبەتی پێش کەشی لیۆ مێسی و کریستیان ڕۆناڵدۆ بکەن کە بە دەستی خۆیان بۆیان دروست کردوون، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم سەفەرە ئەنجام بدەن پێویستیان بە فیزەیە۰
لە لێدوانێکی دا ھونەرمەند (ھەڵکەوت مستەفا) دەربارەی ناوەرۆکی ئەو فیلمە تازەیەی راگەیاند : “ماوەی شەش مانگە لەگەڵ نوسەرێکی نەرویجیدا خەریکی ئامادە کردنی سیناریۆی فیلمەیکی سینەماین لە ژێر ناوی (فیزەی شنگل)، دەمانەوێت لەو ڕێگەیەوە پایامێکی وەرزشی لاوانی کورد لە ڕێگای شاشەی سینەماوە بە جیھان بگەیەنین۰
گوتیشی : “بۆ ئەو مەبەستەش بابەتێکی وەرزشی گرنگ، کە پەیوەستە بە دوو یانەی گەورەی جیھانی تۆپی پێ ئەمڕۆ ئەوانیش ھەریەک لە یانەکانی (ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنە)ـیە، ھەروەھا باسکردنی کەللتور و ناوچەیەکی زۆر تایبەتی و گرنگ کە ئەویش ھەرامانە بۆ ئەوەی فەرھەنگ و کلتور و گۆرانی ھەورامی بەشێکی گرنگی ھەبێت لە فیلمەکەدا”۰
دەربارەی ناوەرۆکی بابەتەکەی ئەو دەرھێنەرە سینەماییە کوردە، روونتر قسەی بۆ کردین و گوتی : “دوو گەنجەکە لە کوردستان لە ناوچەی ھەورامان، داوەتنامەیەکیان لە یانەی (بەرشلۆنە)ـوەبەدەست گەیشتووە، بۆ ئەوەی ئامادەی یاریی نێوان ھەردوو یانەی (بەرشلۆنە و ریاڵ مەدرید) بن لەوڵاتی ئیسپانیا، ئەو دوو گەنجە (٢) جووت کڵاشی ھەورامی بە دیاری بۆ ھەریەک لە یارزانان (مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ) بە دیاری دەبەن، بۆ ئەوەی لە ناو یاریگا پێش کەشیان بکەن، بۆ ئەو گەشتەیان ئەو (٢) گەنجە کوردە لە ھەورامانەوە بە ڕێ دەکەون بەڵام بۆ بە دەست ھێنانی فیزە توشی ملمانێیەکی بەھێز دەبنەوە۰ وەمن زۆر خۆشحاڵم لەم کاتەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەڕیز (مەسعود بارزانی) بانگێشتێکی لە لایەن یانەی بەرشلۆنەوە پێگەیشتووە بۆ ئامادە بوون لە یاریەکی بەرشلۆنەدا”.
دەربارەی ژمارەی ئەو ئەکتەرانەی بەشداریی لەو فیلمە سینەمایەدا دەکەن و زمانی قسەکردنی ئەکتەرەکان لەو فیلمەدا چۆن دەبێت؟ (ھەڵکەوت مستەفا) لەوەڵامدا گوتی : “ئەو فیلمە سینەماییە بۆ یەکەمین جارە بە شێوە زاری ھەورامی بەرھەم دەھێندرێت، دوو گەنجی کورد رۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا بەرجەستە دەکەن، لەگەڵ چەند ئەکتەرێکی دیکەش وەک رۆڵی بچووک و کۆمبارس، ھەروەھا ووردەکارییم کردووە بۆ نیشاندانی کەللتوری ھەورامان و چەند کەسێکیش بۆ ھەندێکی رۆڵی جیا جیا لە شاری ھەولێر و سلێمانی بەشداریی دەکەن”.
لایەنی موزیک لە فیلمی سینەمایی (ڤیزەی شنگن) بایەخی پێ دەدرێت و لەمبارەیەوەش دەرھێنەری فیلمەکە گوتی : “لەلایەن تیپی مۆسیقای ئۆکێسترای وڵاتی سوید کاری ئامادەکاریی موزیکی بۆ دەکرێت، لەگەڵ کاک کارزان مەحمود قسەمان کردووە کە بەڕێزیان سەرپارشتی گشتی موزیک بکات، لەگەڵ تۆمارکردنی چوندین گۆرانی ھەوارامی تایبەت بە فیلمەکە۰ مۆسیقا بە گشتی بەشێکی زۆری فیلمەکە داگیر دەکات لەگەڵ چەند پارچە مۆسیقایەکی ئیسپانی کە ئەویش ھەوڵ دەدەین ھەر لە سوید تۆماری بکەین۰
دەربارەی پشتکگری لایەنی پەیوەندی دار بۆ بەرھەم ھێنانی فیلمەکەی، (ھەڵکەوت) ئاشکرای کرد و گوتی : “بڕی تێچووی ئەو فیلمە بە پێی ئەو ئامارە ژمێریارانەی ئەنجامم داوە، زیاتر لە (٢) ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، بۆ ئەو مەبەستە نووسراوێکمان ناردووە بۆ یانەی (بەرشلۆنە)، بۆ ئەوەی سپۆنسەری ئەو بەرھەمە بکەن لەگەڵ چەندین لایەنی پەیوەندی دار و کەسایەتی و کۆمپانیا کە بەڵێنی ئەوەیان داوە ھاوکاری پرۆژەکە بکەن، وە ھیواداریشم کە لە کوردستان ھاوکاری ئەم پرۆژەیە بکرێت لە ڕووی بەرھەمھێناوە چونکی پەیامێکی گرنگی لاوانی کورد دەگەیەنێت بە دنیایی دەرەوە کە بەڵێ کوردستان دەیەوێت دەرگا بکاتەوە بە ڕووی وڵاتانی دەرەوەدا بە تایبەتی وڵاتانی ئەوروپا۰
لەلدەرھێنەر (ھەڵکەوت مستەفا) گوتیشی : “ئێمە تا ساڵی ئایندە ھەوڵدەدەین سەرجەم کاری وێنەگرتنی تەواو بکەین، بۆ ئەو چەند ستافێکی وێنەگرتن لەدەرەوە بە ھاوکاری چەند ستافێکی کوردی پرۆژەکە بە ئەنجام دەگەیەنن بۆ ئەوەی فیلمەکە لە ئاستێکی بەرزدا ئەنجام بدرێت و لە ساڵی داھاتودا بتوانرێ لە سینەماکانی ئەوروپا و کوردستان نمایش بکرێت۰
لە کۆتایی لێدوانەکەی دا دەرھێنەری فیلمی سینەمای “ڤیزەی شنگن” گوتی : “ھیوادارم لە ڕێگەی ئەو فیلمەوە پەیامێکی وەرزشی کلتوری پێشانی ھەموو لایەک بدەین۰
جێگەی ئاماژە بۆ کردنە ھونەرمەندی دەرھێنەر (ھەڵکەوت مستەفا) یەکێکە لە دەرھێنەرە بە تواناکانی بواری سینەما، پارساڵ فلیمێکی سینەمای لە کوردستان بەرھەم ھێناو لەناوەڕاستی ئەم ساڵدا لە (٢٥) سینەما لە وڵاتی نەرویج نمایشکراو و لە ھەفتەی رابردووشدا لە شاری سلێمانی بە ھەمان شێوە نمایش کراو لە مانگی ٥ ئەم ساڵدا لە بازاڕی فیستیڤاڵی کانی فەڕەنسا لە لایەن کۆمپانیای واید مێنجمێنتەوە گرێبەستی بڵاو کردنەوەی بۆ ئیمزا کرا کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بڵاو بکرێتەوە۰ ھەڵکەوت مستەفا پێشتریش خاوەنی فیلمی ھاوارێک لە غەریبیە و ئێستا وەکو دەرھێنەر لە کۆمپانیای فیلم ھاوسی نەرویجی کار دەکات۰
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا