کاتێ مرۆڤ دڵی پڕپڕ دەبێت لە غەریبی، لەپاڵ ھەر خەندەیەک خەمێک خۆی ھەڵدەواسێ, لە ناو ھەر خەمێکیش خەندەیەک فەنادەبێ. لە تەک ھەر قریوەیەک، لەتەک ھەر خەندەیەک، خەمێک خۆی حەشاردەدات. واتە مرۆڤ ھەمیشە لە نێو تاڵی و شیرینی ژیاندا دەگوزەرێنآ، دەمێک سەرمەست و حەیران، دەمێک ئاوێزانی خەم و ماتەم، ئەمە ناوەڕۆکی فیلمی دۆکیۆمێنتاری (کۆنتراستی ژیان)ە. کە لەدەرھێنانی ھونەرمەند (کەریمۆک)ە و لەم ماوەیەی پێشوودا سەرجەم کارەکانی تەواو بوو.
(کۆنتراستی ژیان) کۆنتراستی ئەو دیمەنە دژبەرانەیە کە لە ڕۆژانی جەژندا دێنە کایەوە, فیلمەکە باس لەو دیمەنە خەمئامێزە لەبیرکراوانە دەکات کە لەرۆژانی جەژندا کەمتر ئاماژەی پێ دەکرێت, چونکە لەجەژندا تەنیا خۆشی و شادی بەرقەرار نیە، بەڵکو چەندین مرۆڤی ئەم شارە دوور لە ئاسودەیی دەگوزەرێن.
(کەریمۆک) دەرھێنەر بۆ “ھەولێر” دەلێ: “مرۆڤ ھەمیشە فرمێسکەکانی دووجار دەڕێژێت، جارێک بۆ شین و جارێک بۆ شادی. فیلمەکە بەشێوەیەکی زۆر ریالی رووداوەکان دەگێڕێتەوە، بەڵام بەدیدێکی شاعیرانەء لە رێی وێنەو گۆشەنیگاو جوڵەی کامیراوە بەشێوەیەکی ھونەری باس لەو حاڵەتانە دەکات”.
لەو فیلمەدا ژنێک لە دوای (٢٤) ساڵ لە مردنی ھاوسەرەکەی, ھەموو رۆژانی پێنج شەممەو لەرۆژانی جەژن سەردانی گۆڕی ھاوسەرەکەی دەکات و وەفاو خۆشەویستی خۆی دووپات دەکاتەوە. وەک خۆی دەلێ (ئەوە بیست و چوار ساڵە ھەموو جەژنان، قوربان ء رەمەزان سەردانی گۆرەکەی دەکەم) کە ئەمە ھێلی سەرەکی فیلمەکەیە و ھەموو شتەکانی تریش لەم چوارچێَوەیەدا دەسوڕێنەوە.
وەک لە نەڕێیشنی فیلمەکەدا ھاتووە: “مردووەکانیش لەم رۆژەدا فەرامۆش ناکرێن، خەڵک سەردانی گۆڕی ئازیزانیان دەکەن. بەتایبەتی ئەو خانەوادانەی کەیەکەم جەژنە کەسێکی خۆشەویستیان لەدەست چووە، لەم رۆژەدا دووبارە بە یادەوەری مردووەکانیان ماتەم دەگێڕن و چێشتی جەژن لێنان ء جلی تازەو جوانیش ناپۆشن”. ھەروەھا باس لە دابونەریتەکانی رۆژانی جەژن دەکرێت و لە نەڕێشنەکەدا بەمجۆرە دەدوآ: “لە بەیانی یەکەم رۆژی جەژندا برنج ء گۆشت بە شلەی قەیسیەوە لە ھەموو ماڵەکاندا ئامادە دەکرێت، بەڵام سفرەی ماڵە ھەژارەکان جیاوازە لەگەلڕ سفرەی ماڵە دەوڵەمەندەکان!!.
(کۆنتراستی ژیان) فیلمێکی دۆکیۆمینتاریە, وێنەگرتنی (سھیل سخن پژو) و مۆنتاژی فیلمەکەش لەلایەن (محێدین رەزا) جێبەجێ کراوە, (سەرھەنگ غەریب) وەک دەنگھەڵگر کاری کردووەو (ھەژار عومەر)یش وەک یاریدەدەری کامیرا ھاوکار بووە، (دلۆڤان حسێن)یش وەک فۆتۆگرافەری فیلمەکە کاری کردووە.
ئەم فیلمە لە ناو شاری ھەولێر و دەورووبەری بە کامیرای (HD) وێنەی گیراوە و ئێستا سەرجەم کارەکانی بەکۆتا ھاتووەو ئامادەی نمایشکردنە، ءابریارە لە ماوەی داھاتوودا، بەشداری ڤێستیڤاڵەکانی ناوخۆ و دەرەوە بکات، دواتریش لە کەناڵە ئاسمانیەکان پەخش بکرێت.
ماوەتەوە بگوترێ ئەم فیلمە ماوەکەی (١٨)خوڵەکە و بەرھەمی (گروپی کوردپیکچەر)ە کە گروپێکی ئەکادیمی فیلمسازییە کۆمەڵی لە قوتابیان و مامۆستایانی بەشی سینەمای کۆلێژی ھونەرەجوانەکان دایان مەزراندووە.
ئاریان دەرگەڵەیی