دیـدار نانــــەکەلی : ئینتیمابوون بۆ خاک ووڵات , بە ھەموو واتا و لێکدانەوەکانی بریتیە لە خۆشەویستی و ئەشق لەگەڵ دار و بەردی زێدێک کە لە خۆشەویستی ژیان, ئینسان تێدا دێتە وجود.
ئەو بەرگری و پاراستنەی ھەموو کەسێک لە خولقانیەوە تێکەڵ بە سیفاتە ئیجابیەکانی دەبێت و بەرامبەر زۆرلە ڕووداو و پێشھاتەکانی ژیانی بەکاری دێنێت. بە شێکی ھەرە زۆری بۆ بەردەوامی دان بەو ھەست و ئەوینەی بۆ خاک بەکاردەخرێ.
موحیبەتیش پرۆسەیەکی ھێندە ساکار و ئاسان نیە ھەموو کەسێک جێگای بۆ بکاتەوە لە ھەست و دەروون و دڵی خۆی.
لە ژیانی ھەرتاکێکی کۆمەڵگادا ھۆکار و بنەما بۆ بنیاتی خۆشەویستی جۆربەجۆرە. خۆشەویستی ڕاستەقینەش ئەوەیە کە تاکۆتایی تەمەن کاڵ نەبێتەوە.وەلێ خۆشەویستی بۆ خاک بە دایکی موحیبەت دەناسرێت.چونکە لەوێدا ئەشق بۆ لایەنەکانی دیکەی ژیان دروست دەبێت.یان بە واتایەکی دیکە. ئەو ئەشقەی بۆ خاک و ووڵات ھەیە بە لانە و بێشکەی ئەوینەکانی دیکە دا دەنرێت. ئەوەی ئێستا درکی پێدەکرێت و بۆتە باس و خواسی میدیا و توێژەرەکان نە بوونی ئەو ئینتیما زۆر پێویستەیە بۆ خاک, لە لایەن زۆرینەی ھەرە زۆری گەنجی کوردستان.کە زۆر ھۆکار ھەن بۆ دروست بوونی ئەو حالەَت و دیاردەیە.چونکە لە ھیچ شوێن و سەردەمێک ناتوانرێت ئەشق و خۆشەویستی بە زۆرەملێ تێکەڵ بە خوێن و ئاکاری ھەرکەسێک بکرێت و ئەو بیرکردنەوەیەش دەچێتە دەرەوەی بازنەی ئەقڵ و توانای مرۆڤــ. بۆیە دەبێ ھەموومان سەربەستی و ھەق بدەینە چۆنیەتی لێکدانەوە و مامەڵەکردنی ھەموو گەنجانی ووڵات سەبارەت بەو پرسە.چونکە ئەو خاک و ووڵاتە نەبۆتە جێگای متمانە و سایە و سێبەری حەسانەوەی ئەبەدیان. بەڵکو زۆر جار ھۆکاری واھەن دەبنە مایەی دروست بوونی ڕق و بێزاری لەو خاکەی کە ئەگەر تەنھا خۆشەویستیەکمان ھەبێت دەبێ بۆ ئەو بێت.ھەر بۆیەش ئەگەر ئەو ھەستە بۆ ووڵات نەما ھەرگیز بۆ لایەنەکی دیکەی ژیانیش نابێت..گەنج لە ووڵاتی ئێمەدا ھەموو کات پەراوێزخرا و تەنانەت بەش خوراوە. لە سادەترین بنەماکانی ژیان بێ بەشە. نە خەمخۆرێکی ڕاستەقینەیان ھەیە نە سیاسەتی بەڕێوەبردن تروسکایی دەخاتە سەر ڕێگا دروست و سەرکەوتووەکان. ئایندەیەکی تەمومژ و ئێستاشیان نائومێدیە. چونکە ھەر ڕێگەیەک دەگرنە بەر نایانگەیەنێت بە ئامانج. ئەوەتا لە بواری خوێندن و پەروەردە بە بوونی چەندین گرفت و سیستەمێکی نادروستی خوێندن سەریان لێ شێواوە و دوواجاریش بەو زانکۆ و کۆلیژەی کە حەز و خولیایانە پێی ناگەن و دەکەونە ھەڵبژاردنێکی ئاڵۆز. دووای دەرچوونیش نە دامەزراندن ھەیە و نە لە دامەزراندنیش کار بە شارەزایی و پسپۆریەکەی دەکرێت. لێرەدا تەواوی ماندووبونی خوێندنی بەھەدەرچوو. لە بواری کارکردنیش تەواوی ئەو کۆمپانیا و ڕێکخراوانەی ئێستا لە گۆرەپانی کوردستاندا ھەن دەرەکین و نەک بۆخۆیان دەستی کاری بیانی بەکاردێنن بەڵکو حکومەتەکەشمانیان لەسەر ھەمان سیاسەتی خۆیان ڕاھێناوە و پشت بە کادیر و کرێکاری بیانی دەبەستن.
ئەوەش لە بنیاتی ژیان و پێکھێنانی لانەیەک, ھیچ گەنجێک نیە پاش دروستکردنی ژیانی ھاوسەری توشی سەدان گیروگرفتی کۆمەڵایەتی نەبێتەوە لە ئەنجامی نەبوونی شوێنی نیشتەجێ بوون و دەرفەتی کار تا دەگاتە ڕادەی لێک جیابونەوە, کە ئێستا تەڵاق بۆتە دیاردەیەک و ڕێژەکەی رۆژ بە ڕۆژ لە زۆربوون و زیادبوون دایە.لە کاتێک چینێکیش ھەر لە کۆمەڵگایە بێ ماندوبوون و ھەولێک جیاوازی زەوی و ئاسمانیان دروستکردوەە لە ژیان و گوزەران.بەبێ ئەوەی کەس بزانێت ئەو ھەموو سەرمایەدارەی کوردستان لە کوێ و بەچی گەیشتوونەتە ئەو پلەیە.ئاخر نارەحەتی گەنجی کورد سەرەتا لە نەبوونی ئەو نا عەدالەتیە خۆی دەبینێتەوە کە لە بنەرەتدا ھەمووی سامانی ئەو میللەتەیە و بەشی ھەرتاکێکی ئەو کۆمەڵگایەیە.دەبێ ئەو گەنجەی ویستویەتی بە ماندووبون و ھیلاکی و دڵسۆزی کاربکات و ژیانی بگوزەرێ بە ھەناسە ساردیەوە چاو لە مل ئەستوربوونی ڕۆژ بە ڕۆژی ئەو نەھەنگانە بکات. لە ئەنجامی ئەو پێشبرکێیەش لە دروست بوونی سەرمایەدار لە کوردستان تەواوی کار و پیشە و جموجۆلی ئەو ووڵاتە تێکەڵ بە بازرگانی کردن بوونە.دکتۆر و ئەدازیار و پارێزەر و مامۆستا و ………………. ئەوەندە لە پیشەکەی خۆیان سەرکەوتوو نین ئەوەندەی لە دۆزینەوە و بنیاتنانی ڕێگە بازرگانیەکە شارەزا و پسپۆرن. بەھۆی چەندیــــن سیاسەتی بێزارکەر و ھۆکاری کاریگەری دیکە گەنج لەو ووڵاتەی ئێمە لەوپەڕی ئەقلیانەتی خۆی دایە ئەگەر لە شوێنی ئینتیمابوون بۆ ووڵات بە دووای حەقیقەتی ژیان دا بگەڕێت و بیر لەو ئایندە تەواو وێرانەی خۆی بکاتەوە.با ئینتیما و خەمخۆریەکە بۆ ئەوانەبێت بونەتە خاوەن و مولکداری سەرەتا و کۆتایی ئەو ووڵاتە و بە ڕەواش نابینن باس لە ئایندە و ژیان و گوزەرانی گەنج بکرێت.ئاخر بەلای ئەوانەوە گەنج توێژێکی بێ سود و کاریگەر و دەست و پێ سپیە.لە توانیان دانیە لەو خەرمانە پڕ لە بەرەکەتەی ئەوان ببینن.چاویشیان لە ئاست ئاوەدانی و ئارامی ووڵاتدا کزە ئەگەرچیش با ھەزار کۆسپ و گیروگرفتیان ھەبێت و ساڵانەش بەدەیانیان لە ئەنجامی بێ ئومێدبونیان لە چارەسەری ئەو دۆخە تاریکە ڕێگاکانی مەرگ ھەڵبژێرن.
* ووتەی ( ئیمامی عەلی)
دیـدار نانــــەکەلی
dedar_nanakaly@yahoo.com