(لە کوێ ژیان و ئارامیت هەبوو، ئەوێ ووڵاتى تۆیە)
( ئیمامى عەلى)
بەشى یەکەم
دیـدار نانــــەکەلى
ئینتیمابوون بۆ خاک ووڵات ، بە هەموو واتا و لێکدانەوەکانى بریتیە لە خۆشەویستى و ئەشق لەگەڵ دار و بەردى زێدێک کە لە خۆشەویستى ژیان، ئینسان تێدا دێتە وجود.
ئەو بەرگرى و پاراستنەى هەموو کەسێک لە خولقانیەوە تێکەڵ بە سیفاتە ئیجابیەکانى دەبێت و بەرامبەر زۆرلە ڕووداو و پێشهاتەکانى ژیانى بەکارى دێنێت. بە شێکى هەرە زۆرى بۆ بەردەوامى دان بەو هەست و ئەوینەى بۆ خاک بەکاردەخرێ.
موحیبەتیش پرۆسەیەکى هێندە ساکار و ئاسان نیە هەموو کەسێک جێگاى بۆ بکاتەوە لە هەست و دەروون و دڵى خۆى.
لە ژیانى هەرتاکێکى کۆمەڵگادا هۆکار و بنەما بۆ بنیاتى خۆشەویستى جۆربەجۆرە. خۆشەویستى ڕاستەقینەش ئەوەیە کە تاکۆتایى تەمەن کاڵ نەبێتەوە.وەلێ خۆشەویستى بۆ خاک بە دایکى موحیبەت دەناسرێت.چونکە لەوێدا ئەشق بۆ لایەنەکانى دیکەى ژیان دروست دەبێت.یان بە واتایەکى دیکە. ئەو ئەشقەى بۆ خاک و ووڵات هەیە بە لانە و بێشکەى ئەوینەکانى دیکە دا دەنرێت. ئەوەى ئێستا درکى پێدەکرێت و بۆتە باس و خواسى میدیا و توێژەرەکان نە بوونى ئەو ئینتیما زۆر پێویستەیە بۆ خاک، لە لایەن زۆرینەى هەرە زۆرى گەنجى کوردستان.کە زۆر هۆکار هەن بۆ دروست بوونى ئەو حالەَت و دیاردەیە.چونکە لە هیچ شوێن و سەردەمێک ناتوانرێت ئەشق و خۆشەویستى بە زۆرەملێ تێکەڵ بە خوێن و ئاکارى هەرکەسێک بکرێت و ئەو بیرکردنەوەیەش دەچێتە دەرەوەى بازنەى ئەقڵ و تواناى مرۆڤــ. بۆیە دەبێ هەموومان سەربەستى و هەق بدەینە چۆنیەتى لێکدانەوە و مامەڵەکردنى هەموو گەنجانى ووڵات سەبارەت بەو پرسە.چونکە ئەو خاک و ووڵاتە نەبۆتە جێگاى متمانە و سایە و سێبەرى حەسانەوەى ئەبەدیان. بەڵکو زۆر جار هۆکارى واهەن دەبنە مایەى دروست بوونى ڕق و بێزارى لەو خاکەى کە ئەگەر تەنها خۆشەویستیەکمان هەبێت دەبێ بۆ ئەو بێت.هەر بۆیەش ئەگەر ئەو هەستە بۆ ووڵات نەما هەرگیز بۆ لایەنەکى دیکەى ژیانیش نابێت..گەنج لە ووڵاتى ئێمەدا هەموو کات پەراوێزخرا و تەنانەت بەش خوراوە. لە سادەترین بنەماکانى ژیان بێ بەشە. نە خەمخۆرێکى ڕاستەقینەیان هەیە نە سیاسەتى بەڕێوەبردن تروسکایى دەخاتە سەر ڕێگا دروست و سەرکەوتووەکان. ئایندەیەکى تەمومژ و ئێستاشیان نائومێدیە. چونکە هەر ڕێگەیەک دەگرنە بەر نایانگەیەنێت بە ئامانج. ئەوەتا لە بوارى خوێندن و پەروەردە بە بوونى چەندین گرفت و سیستەمێکى نادروستى خوێندن سەریان لێ شێواوە و دوواجاریش بەو زانکۆ و کۆلیژەى کە حەز و خولیایانە پێى ناگەن و دەکەونە هەڵبژاردنێکى ئاڵۆز. دوواى دەرچوونیش نە دامەزراندن هەیە و نە لە دامەزراندنیش کار بە شارەزایى و پسپۆریەکەى دەکرێت. لێرەدا تەواوى ماندووبونى خوێندنى بەهەدەرچوو. لە بوارى کارکردنیش تەواوى ئەو کۆمپانیا و ڕێکخراوانەى ئێستا لە گۆرەپانى کوردستاندا هەن دەرەکین و نەک بۆخۆیان دەستى کارى بیانى بەکاردێنن بەڵکو حکومەتەکەشمانیان لەسەر هەمان سیاسەتى خۆیان ڕاهێناوە و پشت بە کادیر و کرێکارى بیانى دەبەستن.
ئەوەش لە بنیاتى ژیان و پێکهێنانى لانەیەک، هیچ گەنجێک نیە پاش دروستکردنى ژیانى هاوسەرى توشى سەدان گیروگرفتى کۆمەڵایەتى نەبێتەوە لە ئەنجامى نەبوونى شوێنى نیشتەجێ بوون و دەرفەتى کار تا دەگاتە ڕادەى لێک جیابونەوە، کە ئێستا تەڵاق بۆتە دیاردەیەک و ڕێژەکەى رۆژ بە ڕۆژ لە زۆربوون و زیادبوون دایە.لە کاتێک چینێکیش هەر لە کۆمەڵگایە بێ ماندوبوون و هەولێک جیاوازى زەوى و ئاسمانیان دروستکردوەە لە ژیان و گوزەران.بەبێ ئەوەى کەس بزانێت ئەو هەموو سەرمایەدارەى کوردستان لە کوێ و بەچى گەیشتوونەتە ئەو پلەیە.ئاخر نارەحەتى گەنجى کورد سەرەتا لە نەبوونى ئەو نا عەدالەتیە خۆى دەبینێتەوە کە لە بنەرەتدا هەمووى سامانى ئەو میللەتەیە و بەشى هەرتاکێکى ئەو کۆمەڵگایەیە.دەبێ ئەو گەنجەى ویستویەتى بە ماندووبون و هیلاکى و دڵسۆزى کاربکات و ژیانى بگوزەرێ بە هەناسە ساردیەوە چاو لە مل ئەستوربوونى ڕۆژ بە ڕۆژى ئەو نەهەنگانە بکات. لە ئەنجامى ئەو پێشبرکێیەش لە دروست بوونى سەرمایەدار لە کوردستان تەواوى کار و پیشە و جموجۆلى ئەو ووڵاتە تێکەڵ بە بازرگانى کردن بوونە.دکتۆر و ئەدازیار و پارێزەر و مامۆستا و ………………. ئەوەندە لە پیشەکەى خۆیان سەرکەوتوو نین ئەوەندەى لە دۆزینەوە و بنیاتنانى ڕێگە بازرگانیەکە شارەزا و پسپۆرن. بەهۆى چەندیــــن سیاسەتى بێزارکەر و هۆکارى کاریگەرى دیکە گەنج لەو ووڵاتەى ئێمە لەوپەڕى ئەقلیانەتى خۆى دایە ئەگەر لە شوێنى ئینتیمابوون بۆ ووڵات بە دوواى حەقیقەتى ژیان دا بگەڕێت و بیر لەو ئایندە تەواو وێرانەى خۆى بکاتەوە.با ئینتیما و خەمخۆریەکە بۆ ئەوانەبێت بونەتە خاوەن و مولکدارى سەرەتا و کۆتایى ئەو ووڵاتە و بە ڕەواش نابینن باس لە ئایندە و ژیان و گوزەرانى گەنج بکرێت.ئاخر بەلاى ئەوانەوە گەنج توێژێکى بێ سود و کاریگەر و دەست و پێ سپیە.لە توانیان دانیە لەو خەرمانە پڕ لە بەرەکەتەى ئەوان ببینن.چاویشیان لە ئاست ئاوەدانى و ئارامى ووڵاتدا کزە ئەگەرچیش با هەزار کۆسپ و گیروگرفتیان هەبێت و ساڵانەش بەدەیانیان لە ئەنجامى بێ ئومێدبونیان لە چارەسەرى ئەو دۆخە تاریکە ڕێگاکانى مەرگ هەڵبژێرن.