هونەرمەندی گۆرانیبێژ (لوقمان سەلیم) گۆرانییەکی دیکەی نێو پێکهاتەی گۆرانییەکانی دوایین ئەلبومی گۆرانی خۆی کلیپ کرد، ئەو گۆرانییە بە ناوی “هەڵوەرین”ـە، ئاوازی هونەرمەند (سالار عەبدوڵڵا)ـیە، تێکستەکەی لەلایەن شاعیر (دیار هەڵبجەیی) نووسراوە، ئامادەکاری موزیکی لەلایەن هونەرمەند (هەڵبەست سەڵاح) ئەنجامدراوە، کاری دەنگی لە ستۆدیۆ میلۆدی لە لایەن (ئاکۆ عومەر) جێ بەجێکراوە. هونەرمەند (لوقمان سەلیم) دەربارەی بەرهەم هێنانی ئەو کلیپە تازەیەی، بە رۆژنامەی “هەولێر”ـی راگەیاند : “کلیپی گۆرانی “هەوڵوەرین” بە شێوازێکی تازە کاریی بۆ کراوە، سیناریۆ و دەرهێنانی لەلایەن (پێشەوا نەبەرد) ئامادە کراوە، (بەهمەن عەزیز) کاری وێنەگرتنی ئەنجامداوە، مۆنتاژی لەلایەن (گۆران سەڵاح) جێ بەجێکراوە”.
هەروەها (سەلیم) گوتیشی : “لەو کلیپەدا خۆم کاری نواندن ئەنجام نادەم، بەڵکو هەریەک لە بەڕێزان (شەهرام نامیق) و (راژان ئاسۆ) کاری نواندیان بە شێوازێکی جوان ئەنجامداوە”.
لە کۆتایی دا (لوقمان سەلیم)ـی هونەرمەند گوتی : سوپاسی کەناڵی (سلێمانی tv) و (بزاڤی رۆشنبیری سلێمانی) هاوکارییەکی زۆریان کردم، بۆ بەرهەم هێنانی کاری ئەو کلیپە، هەروەها سوپاس بۆ (شەهرام) کە لە هەولێرەوە هات بۆ سلێمانی و زۆر ماندوو بوو لەگەڵمان”.
لە کۆتایی دا هونەرمەند دەربارەی بەرهەم هێنانی ئەلبومی تازەی گوتی : چەند کارێکی تازەم لە بەردەستدایە، بەڵام دیارە بودجەیەکی زۆری پێویستە کاری هونەریی و بەرهەم هێنانی گۆرانی ئەرک و ماندوو بونێکی زۆری پێویستە، بۆیە جارێ ناتوانم کاتی بەرهەم هێنانی و بڵاو کردنەوەی ئەو بەرهەمانە رابگەینم”.
جێگەی ئاماژە بۆ کردنە گۆرانی “هەڵوەرین” لە گۆرانییەکانی ناو ئەلبومی “هەمیشە عەشق”ـی (لوقمان سەلیم)ـە، کە دوایین ئەلبومی گۆرانی ئەو هونەرمەندە بوو لە ساڵی (2007) بڵاوی کردەوە.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا