کامەران حاجی ئەلیاس
کاتێ باس لە ھونەری شانۆ درامای کوردی دەکەین ناکرێت ناوی ھونەرمەند” زایەر عەبدوڵڵا” لەریزی ئەو ھونەرمەندە نەبێت کە لە پێشرەوانی شانۆ و درامای کوردیدا ھەژمار دەکرێن ..ئەو ھونەرمەندێکی بلیمەت نووسەرێکی لێھاتوو مرۆڤێک تا سەر ئێسقان نیشتیمان پەروەر عشقی کوردستان عشقبازی تەیراوە بوو..زایەر خاوەن بەھرەیەکی فرە رەھەند بوو توانی لە رێگەی ماندووبوونێکی زۆرخۆی پێبگەیەنێت لە ھەر کارێکی ھونەری (شانۆ و دراما)دا کە بەشداری کردوە بوونی خۆی سەلماندووەو داھێنانی لە بەرجەستە کردنی رۆڵەکەی خۆی کردووە .. بۆیە زۆرێک لە ھونەرمەندان خولیاو ھیوایان دەخواست کاری لەگەڵ بکەن.. منیش وەکو ھەرھونەرمەندێک ،حەزوو ئارەزووی ئەوەم ھەبوو لە کارێکی ھونەری لەگەڵیا بەشداربم.. بەڵێ لە ساڵی ٢٠٠٠٨ لەمیانی دووەمین فیستیڤاڵی ساڵانەی شاری ھەولێر کە بە بەبۆنەی ١١ی ئادار و راپەرینی جەماوەری شاری ھەولێری ساڵی ١٩٩١ ساز دەکرێت، لە کارێکی شانۆیی بەناوی (پانۆرامای شارەکەم) کەباس لە مێژووی شاری ھەولێری دەکرد لە نووسینی ودەرھێنانی ھونەرمەند” ھیوا سوعاد”بوو بەندەش لەگەڵ کۆمەڵێک لە ھونەرمەندە ناودارەکانی شاری ھەولێر وەکو (سەلام کۆیی،جەلال بەیار ،عەلی ئەحمەد ،ئیبراھیم حەکیم ،تارق ئاکرەیی، ئەنوەر عزیز.. بەشداری بووین بۆیە لەرۆژانی پرۆڤە و رۆژی نمایشیش ئەو ھەمیشە بە قسەخۆشەکانی و ھەڵس و کەوتەکانی ھەمیشەجیاواز بوو.
لە کارێکی تری شانۆیی کە بەناوی (لەدایک بوون ) لە نووسینی کاکە “زایەر عەبدوڵڵا” وە لە دەرھێنانی ھونەرمەند(حەسیب قەرچوغی”بوو لە ساڵی ١٩٩٥ لە میانی فیستیڤاڵی پەیمانگەی ھونەرەجوانەکانی ھەولێر بەشی شانۆ نمایش کرا بەندە وەکو ئەکتەر لەگەڵ کۆمەڵێ لە مامۆستا و قوتابیانی پەیمانگا لەبەشدار بووم..کاکە زایەر لە میانی رۆژانی پرۆڤەکردنی چەندین جار سەردانی کردین زۆرجار وەکو نووسەری شانۆگەرییەکە لە ھەمان کاتدا وەکو ھونەرمەندێکیش تێبینییەکانی خۆی لە پێناو سەرکەوتنی نمایشەکە دەخستە روو.. بۆیە ھەمیشەلەیادو یادەوەریمان بە نەمری دەمێنتەوە.
لە چلەی ئەم ھونەرمەندە حەزدەکەم باس لە ھونەرمەند و نووسەر زایەر عەبدوڵڵا و شاری راواندز بکەم کەلەوانەیە بەشێک لەئێوەی ئازیز زانیاریتان نەبێت کە ھونەرمەند کاکە زایەر بەشێک لەژیانی لە ساڵەکانی حەفتایەکانی سەدەی رابردوو لە شاری رواندز بووە.. ھەربۆیە لە دانیشتنێکم لەگەڵ کۆچکردوو ھونەرمەند زایەر عەبدوڵڵا سەرەتا پرسیاری ئەو کۆمەڵەچیرۆکانەم لێکرد لە ساڵانی زوو بە ناوی (خەرەند) بڵاویکردبوویەوە راستییەکەی وەکو رواندزییەک ئەوەی سەرنجی راکێشام مانشێتەکە بوو(خەرەند) لێم پرسی بۆچی مانشێتی (خەرەند)ت ھەڵبژرادوە بۆ ئەوکۆمەڵە چیرۆکە ئەو لەوەڵامەدا گووتی” بەھۆی ئەوەی باوکم لەساڵانی حەفتایەکان شۆفێری ھێلی رواندز – ھەولێر کاری دەکرد ئێمە تێکەڵاوێکی زۆرمان لەگەڵ رواندزییەکان ھەبوو بۆیە رواندز بەگشتی خەرەندیش بەتایبەتی دیمەنێکی جوان و دڵفرێن بوو وەکو وەفایەک بۆ شارەکەوخەڵکەکەی بەباشم زانی ئەوکۆمەڵە چیرۆکەی بڵاوکردەوە ناوی لێبنێم (خەرەند)”.
لە کۆتاییدا دەڵێم ئەگەر چەندین کتێب لەسەر ژیان و بەرھەمەکانی ئەم ھونەرمەند بنووسین ھێشتا تەواو نابێت.. سەدحەیف و مخابن لۆ کاکە زایەری ھونەرمەند و نووسەر و میدکار .. کە زۆری لە ھەگبەدا مابوو لە خودای گەورە دەپارێمەوە بەبەھەشتی خۆی شاد بکات .
Discussion about this post