وشیار ئەحمەد ئەسوەد : ماوەیەک پێش ئێستە ئاماژەکانی دوورکەوتنەوە بوون لە گۆرانیگوتن، ئەگەر ڕاستەوخۆش بڕیاری دوورکەوتنەوەی ڕانەگەیاندبێ، بەڵام ئەو بۆنەمان لە ھەناسەی کرد. لەم ماوەیەی دواییشدا ئاماژەکان پێچەوانە بوونەوە و دڵخۆشی کردین بەوەی بیرۆکەی تێھەڵچوونەوەی ھەیە، ئەوەیان بەخشینی گەشبینییە بە ئێمە، لێرەشەوە لە چاوەڕوانیی باخانداین و دەمانەوێ بزانین چیی تری پێیە ھاوشێوەی ئەوانەی پێشتر پێی بەخشیوین؟ لەو پێودانگەوە دەمەوێ وەک ھەوادارێکی ئەو دەنگ و ستایلە کارکردنە ھونەرییەی باخان ئێمەی پێ ڕاھێناوە، قسەیەکی کورتی لەبارەوە بکەم.
بۆ تێھەڵچوونەوەی باخان و قسەکردن لەبارەیەوە، بەر لە ھەر شتێک دەخوازێ بۆ ژینگەی ماڵەوەی و سەرەتاکانی بگەڕێینەوە. چونکە ئەو کچی ھونەرمەندی گۆرانیبێژ و ئەکتەری بەئەزموونی کورد “سەڵاح مەجید”ە، واتە لە ژینگەیەکی ھونەریدا پەرەوەردە بووە کە دەکرێ سەرەتای لەدایکبوونی بەسەرەتای خولیابوون بەھونەر لای ئەو خاتوونە ھونەرمەندە وەربگرین، بەلایەنی کەمەوە لە کۆرپەڵەیییەوە بەدەنگە بەسۆزەکەی باوکی گۆش کراوە و ئەمەش ڕێگە بۆ وەرگرتنی سۆزەکان لە نەستیدا خۆش دەکات، واتە لاواندنەوە لە سەڵاح مەجیدەوە بۆ باخانی کۆرپەڵە لە تۆنە پاکەکانی دەنگەوە بەرجەستە بووە کە ئەوەش کاریگەریی زۆری بۆ دەرخستنی تۆنی پاک لەلای کۆرپە بەجێ دێڵێ. واتە لایەنێکی کاریگەری تۆنی پاک لە دەنگی باخاندا بۆ سروشتی ژینگە ھونەرییەکەی و بەشێکیش لە بۆماوەیی دەگەڕێتەوە، لەوەش بەدوا دەمێنێتەوە کێیە ئەو کەسەی ئەو دەنگە بەشێوەیەکی داھێنەرانە پەروەردە دەکات؟ چونکە ئەوەی لە توانا دەنگییەکەی ئەو خاتوونە ھونەرمەندەمان بینیوە، زۆر گەورەترە لەوەی بەئاسان پەروەردە بووبێ، واتە دەبێ چەند زانستانە کاری بۆ کرابی، لەوەش پتر بەھێمنی ھەڵسوکەتی لەگەڵدا کرابێت.
کاتێکیش دوای کارە پڕ داھێنانەکانی “کێ وەکو من خۆشی ویستووی” و “ڤالانتاین” و بەرھەمەکانی تری کە لە ستایلەیلی تایبەت بە دەنگە دەگمەنەکەی ئەو کاریان بۆ کراوە، لە ناوەندەکە ھونەرییەکە دوور دەکەوێتەوە و خۆیمان لێ دەکاتە “ھەنارە شیرینە بۆ نەخۆش”، جێی خۆیەتی بەو ھەڵوێستەی نیگەران بین. چونکە دەبێ باخان بزانێ لەوە تێپەڕیوە تەنیا موڵکی خۆی بێ و حیساب بۆ ویستەکانی ئێمەی ھەوادارانی نەکات، لەبەرئەوەی وەک سەرەتا کەسمان داوامان لێ نەکردووە خۆی بخزێنێتە باوەشی کۆڕە ھونەرییەکەوە، ئەوە ویستی خۆی بووە و ئێمەشی گیرۆدەی حەزکردن لەو دەنگە کردووە، ھاوکات نە پیر بووە و نە پەککەوتە، ئەوەی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانیشەوە پێمان گەیشتووە، ھۆی دوورکەوتنەوەکەی تەنیا ڕەنجانیەتی لە مامۆستاکەی “ھەڵکەوت زاھیر”، واتە ھۆیەکانی کەسین نەک ھۆیەلێکی ھونەری و پرەنسیپیی وا کە مەحاڵ بێ بۆ گەڕانەوە، لەوەشدا جیا لەوەی خۆی زیانمەند دەبێ و بەدەستی خۆی خۆری بەرەو ئاوابوون دەبات، ئێمەشی تێدا کردووەتە قوربانی.
بیانووەکانی باخان لە ڕەنجانی ھەرچی بن، نابنە بیانووی ڕژد بۆ دوورکەوتنەوە لە کاری ھونەری، ئەگەرچی پێم وایە لەوەشیاندا زیرەکیی نواندووە کە لەم ماوەیەی دوورکەوتنەوەیدا خۆی لە قەرەی بەرھەمی کرچوکاڵ نەداوە، چونکە دوای ئەو ستایلەیلەی ئەو خاتوونە لە ناوەندە ھونەرییەکەدا خۆی پێ ناساند، خۆی بخزێنێتە ناو ھەر ستایلێکی تری کوردی، چ گومانم نییە لەوەی خۆی تووشی جۆرێک لە داڕمان دەکا نەک ھەڵپەی بۆ پێشەوەچوون، ئەمەش دروست ئەوە دەگەیەنێ کە باخان لە دەرەوەی دنیا ھونەرییەکەی ھەڵکەوت زاھیر، ھەرگیز ناتوانێ ببێتە ئەو باخانەی ئێمە ناسیومانە، ڕەنگە بتوانێ بەشێکی کەم لە ھەوادارانی سادەی گۆرانی ڕازی بکات، بەڵام لەلام یەقینە ناتوانێ بگاتە ئەو ئاستەی بتوانین لە ڕەخنە و ھەڵسەنگاندنی ھونەریدا بیخەینە بەر قسەوباسەوە، مەگەر تەنیا بکەوێتە سەر لاپەڕەی ھەواڵە کرچەکان، نەک ڕۆشنبیرانی بوارەکە بەدوایەوە بن.
ھەموو ئەمانە وامان لێ دەکەن لەو دوورکەوتنەوەیەدا باسی ھەردووکیان “باخان و ھەڵکەوت” بکەین، ئەرێنی یان نەرێنی، چونکە بێ ئەوەی ھیچ لەبارەی وردەکارییەکانی کێشەیانەوە بزانم، گومانم نییە لەوەی ھەموو کێشەکانی کۆمەڵگەی ئێمە دوولایەنەن، واتە لایەنێک بەتەنیا کێشەی پێ دروست ناکرێ ئەگەر لایەنەکەی تر ئارەزووی وەرگرتنی کێشەکەی نەبێت، بۆیە ھەریەک لەو دوو ھونەرمەندە بەشێک لە خەوشەکانیان بەردەکەوێ، بەلایەنی کەمەوە یەکیان نەیتوانیوە بەرامبەر ویستێکی ناواقیعیی بەرامبەرەکەی بە ئارامی وەڵامدانەوەی ھەبێ، ئەمەش لە خۆیدا بەشداربوونە لە دروستکردنی کێشە. بۆیە من لێرەدا بۆ ئەوەی تووشی ھەڵە نەبم، نامەوێ پتر لەسەر ئەم دیوەی دوورکەوتنەوەکەی باخان و زیانەکانی بوەستم، ئەوەندەی مەبەستمە چی بکەین بۆ ھاتنەوەی باخان؟
دەرگەیەکە و باخان لێی داوە، بڕیارێکە و ھەڵکەوت دەرگەکەی کردووەتەوە سەر پشت، لەو پێوەندییەدا شارایەک بەرھەمی ھونەریی ناوازە دروست بوون، ئەو بەرھەمانە بە ئەفراندنی ھەردووک ھونەرمەند لەدایک بوون. واتە دەمەوێ بڵێم باخان دەیتوانی لە دەرگەکە نەدا و ھەڵکەوتیش نەیکاتەوە، کاتێکیش لێ دەدرێ و دەکرێتەوە و لە ئەنجامدا ئێمەش دەھێننە ناو دۆخە ھونەرییەکەوە، لێرەوە ھەقدار دەبین لەپێناو ویستەکانی خۆمان ئێمەش داواکاریمان لێیان ھەبێ کە ئەویش داواکاریی بەیەکتر گەیشتنەوەیانە، لەبەرئەوەی وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا، زۆر دڵنیام لەوەی باخان ئەگەر لە دەرەوەی دنیا ھونەرییەکەی ھەڵکەوت ھەرچی بکات، ناتوانێ باڵایی “کێ وەکو من خۆشی ویستووی” و چەند بەرھەمێکی تری دووبارە بکاتەوە، واتە ناتوانێ دووبارە لەو ئاستەدا خۆیمان پێشان بداتەوە، ھەرچیی تر بکات، تەنیا نواندنی دەنگەکەیەتی نەک داھێنانێ نوێی ھونەری لە بەدەستھێنانی میلۆدی و جۆری ئەداکردنیدا.
ڕاستیتان دەوێ بەشێک لە خەوشەکە بەر ھەڵکەوتیش دەکەوێ، چونکە ئەزموون سەلماندوویەتی لە دوای وەستانی باخانەوە باخانێکی تر دروست نەبووە، بەلایەنی کەمەوە ئەمەیان بۆ فێرگەکەی ھەڵکەوت دروستە، ئەگەر ھەڵکەوت پێی وابێ توانیویەتی دەنگێکی سەرووتر لە توانا دەنگییەکەی باخانمان پێ ئاشنا بکات، لێرەوە دەڵێم لەکەیەک بەمێژووی ھونەریی خۆیەوە دەنووسێنێ و بەئاسانیش لێی نابێتەوە. ئەوەیان ڕاستە “میرا” لە دەنگە زۆر بەتواناکانی گۆرانیی کوردیی سەردەمە، ئەوەش دروستە “لۆکە” لە دەنگە زێڕینەکانە و ھیوایەکی زۆرمان لە داھاتوودا پێی ھەیە، بەڵام ھەریەک لەو دەنگانە بەشێوازی دوورتر لە شێوازی باخان ھاتوونەتە قبووڵکردن، تەنانەت ناتوانین باخان لەگەڵ لەیلا فەریقی و پەیمان عومەر و نازدار و ھانی و فاتێ و ھیچ دەنگێکی تری ئافرەتاندا بخەینە بەراوردەوە، ھەریەک لەوان بە چێژێکی جیا لە باخان خۆیان ھاویشتووەتە دڵی ئێمەوە. باخان تایبەتمەندییەکە دەبوو بەھەر شێوەیەک بێ ھەڵکەوت دەستی پێوە بگرێ، کە نەیتوانیوە بەو شێوەیە ھەڵسوکەوتی لەتەکدا بکات، ئەوەیان خەوشێکە و دەھێنێ دانی پێدا بنێ، ھاوکات کێشەیەکە و دەخوازێ بە بوێرییەوە کار بۆ چارەسەرکردنی بکات. ڕاستیتان دەوێ فێرگەکەی ھەڵکەوت گەورەیە، ئەو ھەموو دژایەتییەی دەکرێ شایەتییەکی بەرچاوی گەورەیییەکەن، بەڵام نکوڵی لەوەش ناکرێ کە ئێستە فێرگەکەی ھەڵکەوت بەبێ باخان بۆشاییی تێ کەوتووە و دەھێنێ کار بۆ پڕکردنەوەی بکرێ.
دواتر مەبەستمە جەخت لەوە بکەم کە دەھێنێ بۆ بەیەکگەیشتنەوەی ئەو دوو ھونەرمەندە داھێنەرە “ھەڵکەوت و باخان”، ھەوڵی چەند لایەنەی بکەوێتە پشت، واتە ئێمەش خۆمانیان لێ بکەینە خاوەن و پشکمان لە جوانترکردنەوەی جوانییەکانیان ھەبێ، بەڵام ڕاستی و ھەڵسوکەوتی دروست ئەوەیە کە دەبێ ئەوانیش خۆیان شلتر بکەنەوە و وەک ھونەرمەندی ڕاستینە ھەڵسوکەوت بکەن، چونکە ھونەرمەندی ڕاستینە لە گەورەیی دڵ و دەرووندایە نەک تەنیا کارە ھونەرییەکانی. بۆیە تەنیا ئەو کەسە گەورەیە کە خاوەنی دەروون و ئەقڵی گەورەتر بێ، واتە دەبێ ھەڵکەوت و باخان بۆچوونە لاوەکییەکان لە کێشە کەسییەکاندا بەلاوە بنێن، یان خۆیان ڕاستەوخۆ قسەیان لەبارەوە بکەن بەمەبەستی چارەسەرکردن، ئەمەش بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و ھونەرەکەیان، چونکە ئەزموون فێری کردین کە ئەو دوو ھونەرمەندە ھیچیان بێ ئەوی تریان کامڵ نین، واتە بۆشایی دەکەوێتە ھونەرەکەیانەوە. لێرەش بەدواوە لە چاوەڕوانیی ھاتنەوەی باخانداین بۆ ئەو باخچەیەی سەرەتا تێیدا خونچەیەک بوو و دواتر بووە گوڵ.