ئاکۆ عارف : زنجیرە درامای گەردەلول کە لەنوسین و سیناریۆ و دەرھێنانی ھونەرمەند ( جەلیل زەنگەنە ) یە دەنگ دانەوەو کاردانەوەیەکی زۆر و زۆر باشی لای بینەران و بگرە لای تەواوی کۆمەڵگای کوردی دروستکرد ، بەشی یەکە و بەشی دووەمی زنجیرە دراماکە سەرباری رەخنەو سەرنج و تێبینیەکان بەڵام جێگای ھەڵوەستە و دەستخۆشی بوو چونکە لەبەرامبەر ھەژاری و نەبوونی و بەدەستەوەنەھاتنی تەواوی ئەوشتانەی بۆ بەرھەم ھێنانی دراما یان فیلمێک پێویستن گەردەلول توانی بگاتە دڵی بینەر .
بەشی سێیەمی گەردەلول مژدەی وێنەگرتن و تەواو بوونی دراوەتە بینەرانی و ھەموو بینەرێکی کوردیش بگرە تاک و کۆی کۆمەڵگای کوردی لە چاوەروانیدایە ،
چونکە گەرچی دەرھێنەری دراماکە دەڵێت من میژوو ناگێرمەوە ، بەڵام دراماکە گەرانەوەیە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ڕەشی رژێمی رەفتار فاشستی بەعسی رووخاو و شۆڕشی پڕ شکۆ و زێرینی نوێی گەلەکەمان ، یاخود ئاوردانەوەیەکی خێرایە لە دوێنێ ، دوێنێ یەک کە پێویستە ودەبێت تەواوی رووداوەکانی گەر تاڵ و تفتیشبن وەک خۆی لە چاو و ھەست و بیرماندا بۆ ھەمیشە بمێنێتەوە ، بۆیە تەمەنادەکەین بەشی سێیەمی گەردەلول کەمترین ھەڵەو کەم و کوری ھەبێت و بتوانێت گەورەیی شۆرشی نوێ و ئازیەتی و قارەمانێتی لەرادەبەدەری پێشمەرگەو ستەم و زۆرداری رژێمی داگیرکەر لانی کەم بەنەوەی نوێ کەبەنەوەیەکی خۆشبەخت پێناسەکراوە بگەیەنێت .
قسە زۆرە لەسەر زنجیرە درامای گەردەلول بکرێت بەڵام لەم کاتەدا کەجارێکیتر دراما بیانیەکان چاوی بینەریان پرکردۆتەوە دەخوازین لە نزیکترین کات دا گەردەلول چاومان رۆشنتر بکاتەوە ھەروەک دەخوازین ئەمجارە گەردەلول پر رووداو تربێت و وەک کاکی دەرھێنەریش دەڵێت پر لە رووداوی چاوەروان نەکراوبێت .
بۆبینی بەشی سێیەمی زنجیرەی تەلەفزیۆنی گەردەلول رۆژەکان دەژمێرین ، چونکە ناوەرۆکی دراماکە زیاتر لە واتایەکی ھەیە ، خۆ ئەگەر پێشکەشکردنی بەشی سێیەمی زنجیرە درامای گەردەلول بکەوێتە مانگی ئازاری ئەمساڵ کە ئەو مانگە یادکردنەوەی رۆژانی راپەرینەمەزنەکەی بەھاری ساڵی ١٩٩١ ە ئەوە بەدڵنییایەوە زۆرترین رەنگ و کاردانەوەی لای بینەر بەدیوی ئەرێنی دا دەبێت .