بەمەبەستی زیاتر گرنگی دان بە بەھرەو توانای گەنجان و ھاندانیان بۆ بەشداری کردنیان لە چالاکیە ھونەریء رۆشنبیریەکان, دوای نیوەرۆی رۆژی سێ شەمە رێکەوتی ١٢-٧-٢٠١١ لە باخچەی (سەنتەری چالاکی گەنجانی رانیە) بە ئامادەبونی سەرپەرشتیاری سێکتەری گەنجانء رێژەیەکی زۆری گەنجانی کورو کچ, بەشی مۆزیکی سەنتەری گەنجانی رانیە ھەڵسا بە ئەنجامدانی ئاھەنگێکی گۆرانی مۆزیک لەو چالاکیەدا (٧) ژەنیار بەشدارییان کردء چەند بەرھەمێکی گۆرانی و مۆزیک پێشکەشکرد. ھاوکات لەگەڵ ئەوە پێشبرکێیەکی رۆشنبیری بۆ فێرخوازانی زمانی ئینگلیزی سەنتەر ئەنجامدرا, کە تێیدا ١٤ گەنجی کورو کچ دابەشکرابوونە سەر دوو گروپی (A) و (B). پاش چەند پرسیارێکی ھەمەجۆر گروپی (B) بە (١٤) خاڵ سەرکەوتنیان بە دەست ھێنا. پاشان دیاری خەڵات بەسەر بەشداربوانی پێشبرکێیەکە دابەشکرا. جێگای ئاماژەیە ھەر لەو چالاکیە ( مامۆستای گروپی دەفی سەنتەری چالاکی گەنجانی دەربەندیخان ( ھونەر)کە میوانی چالاکیەکە بوو لەسەر داخوازی و خۆشەویستی گەنجانی رانیە بە بە دوو گۆرانی بەشداری کرد. پێویستە بگوترێت سەنتەری چالاکی گەنجانی رانیە لە ماوەی رابردوودا چەندین کۆرس و خولی تازەی بۆ گەنجانی ناوچەکە کردۆتەوە, کە بە سەدان کورو ناوچەکە بەشداریان تێدا کردوە بە تایبەت لە کۆرسی زمانی ئینگلیزی کە بە سێ گروپ و لە ھەردوو شەفتی و بەیانی و دوای نیوەریان دەوترێتەوە.