سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کەلتوری دووەمین فیستیڤاڵی کەلتورە جۆراوجۆرەکانی کوردستان ئەنجام دەدات
بە ئامادەبوونی ھەزاران بینەر و لە چالاکیەکی ناوازەی ھونەریدا, (سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کەلتوری R.C.E) لە ژێر دروشمی ( بەرەو پتەوکردنی پردەکانی پەیوەندی کەلتوری ناوچەو
دەڤەرە جیاوازەکانی کوردستان) دووەمین فیستیڤاڵآ کەلتورە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە بەشداری چەندین گروپ و کەلتوری جۆراو جۆر ئەنجام دەدات, ئەمەو لە کاتژمێر ٦:٣٠ ئێوارەی ٣٠-١٠-٢٠١٢ لە پارکی دەروازەی شاری رانیە مەراسیمی کردنەوەی دوومین فیستیڤاڵی کەلتورە جۆراو جۆرەکانی کوردستان بە دەقەیەک وەستان بۆ گیانی شەھیدان دەستپێکرد, دواتر وتاری ھەر یەک لە (بەرێوبەرایەتی گشتی و رۆشنبیری ھونەری سلێمانی)ء وتاری( قائمقامی قەزای رانیە)و (بەرێوبەریەتی ھونەر و رۆشنبیری رانیە)و (سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کەلتوری) خوێندرایەوە, ھەروەھا ژمارە (٢)ی بڵاوکراوەی ( ئاڵوگۆر) کە تایبەت بوو بەبەرنامەی فیستیڤاڵ و کارو چالاکیەکانی سەنتەری رایەڵ بەسەر ئامادەبوانی چالاکیەکە دابەشکرا, پاشان بەرھەمەکانی یەکەم شەوی چالاکیەکە بە چەند بەرھەمێکی تیپی کیژانی رانیە دەستپێکردو چەند گۆرانییەکیان پێشکەش کرد, دواتر بەرێوبەرایەتی کەلەپوور و ھونەرە میللیەکانی ھەولێر بە چەندین تابلۆی سەرنج راکێش و پر لە مۆرکی رەسەنی کوردی بەرھەمەکانیان نمایش کرد, ھەروەھا چەند پارچە مۆزیک و گۆرانیەک لە لایەن ھەمان گروپەوە پێشکەش کرا, پاشان بە چەند بەرھەمێکی جوان و پر لە تەکنیکی ھونەری (تیپی ھونەری روباد)ی دھۆک, فیستیڤاڵەکە جۆش و خرۆشێکی زیاتری بەخۆیەوە بینی, دواتر تیپی ھونەری میللی سریان, بە چەندین تابلۆی ھونەری گوزارشتیان لە ناساندنی ھونەری سریان کردء چەند بەرھەمێکی سەرکەوتویان پێشکەش کرد. لە دوا گروپی یەکەم شەوی فیستیڤاڵ (تیپی ھونەری شاریا)ی ئێزیدی بە چەندین تابلۆی سەرنج راکێش و بەرھەمی رەسەنی ئێزدیانەوە نمایشی چالاکیە کەلتورییەکەی خۆیانیان کرد. بەم شێوەیە یەکەم شەوی فیستیڤاڵ لە ناو جۆش و خرۆشی ھەزاران ئامادەبووی چالاکیەکە کۆتایی ھات. لە دووەم رۆژی فیستیڤاڵ چالاکیەکان ئاستێکی فراوانتریان بە خۆیەوە بینی بە شێوەیەک کە چەندین دەنگ و رەنگی جۆراو جۆر لە ناو کەشێکی جوانی ھونەریدا ئاوێزان بووبوون. ئەمەو لە کاتژمێر ٦:٣٠ ئێوارەی ٣١-١٠-٢٠١٢ دەستپێکی چالاکیەکان بە نمایشی تابلۆیەکی ھونەری تیپی شاریای ئێزیدیان دەستپێکردەوە, دواتر تیپی (ھونەری میللی برایەتی کەرکوک) کە ( کورکء عەرەب و تورکمان, کلدان)ی لە خۆگرتبوو دەستیان بە چالاکیەکانیان کرد, ئەم تیپە رومالێکی ھونەری ئاست بەرزیان لە پێکەوە ژیانی ھەر چوار نەتەوەکەی ناو کەرکوک بە چەند تابلۆیەکی ھونەری پێشکەش کرد , پاشان گروپی میوزیکی روناک لە کوردستانی رۆژھەڵات بە چەندین بەرھەمی سەرنج راکێش و پر لە مۆرکی رەسەنی کوردییەوە ئامادەبوانی فیستیڤاڵەکەیان زیاتر ھێنایە جۆش و خرۆش, دواتر گروپی دەستەگوڵ ( شدە وەرد) ی تورکمان بە قۆریاتء گۆرانی و میوزیکە خۆشەکانیان ئاستێکی فراوانتریان بە فیستیڤاڵەکە بەخشی. دوا بە دوای ئەوان ( گروپی میوزیکی شونوار) لە خوراسان بە ئاواز و ھونەر و ئاستێکی بڵندەوە, نمایشی چالاکیەکانی خۆیان کردء چەند بەرھەمیکی سەرکەوتوویان پێشکەشکرد کە گوزارشتی لە ھونەر و کەلتوری تایبەتی ناوچەی خوراسان دەکرد, دوا گروپی بەشداربووی ئەم فیستیڤاڵەش بریتیی بوو لە گروپی ( سۆزی گەرمیان) کە بەشێوەیەکی جوان و سەرنج راکێش و چەند بەرھەمێکی گۆرانی و میوزێکی ناوچەکەی خۆیان پێشکەشکرد.
پاشان لە لایەن ( خالید قادر)بەرپرسی سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کەلتوری و ئامادەکاری فیستیڤاڵەکە, خەڵاتێکی تایبەت پێشکەشی کۆمپانیای بابیلۆن کرا کە ئەرکی تۆمارکردنء روناکی فیستیڤاڵەکەیان گرتۆتە ئەستۆ و بە شێوەیەکی راستەخۆش چالاکیەکەیان بۆ چەند کەناڵێکی ئاسمانی گواستەوە, , ھەروەھا لیژنەی بەرێوەبردنی چالاکیەکەی بە ئامادەبوان ناساندء سوپاسی پەرۆشی و دڵسۆزی ئەندامانی گروپەکەی کرد کە بە شێوەیەکی بێبەرامبەر کاریان بۆ سەرخستنی ئەم چالاکیە کردوە. پاشان لە لایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین و قائمقانی قەزای رانیەو سەرۆکی شارەوانی رانیە و بەرێوبەری رۆشنبیری ھونەری رانیە, خەڵاتی تایبەت پێشکەشی تیپە بەشداربووەکانی فیستیڤاڵەکە کراو لە ناو چەپلە رێزانی ھەزارانی ئامادەبووی چالاکیەکە کۆتایی بە فیستیڤاڵەکە ھات.
جێگای ئاماژەیە ئەم چالاکیەی (سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کەلتوری) لە رێگای بەرێوبەرایەتی رۆشنبیری ھونەری رانیەوە بودجەی بۆ دابینکراوە, ھەروەھا لە لایەن ھەردوو بێژەری بەتوانا ( ھیدی چنارنەیی و ناڵە سوپەر) بەرێوە برا.
سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کەلتوری کە ناسراوە بە R.C.E کار لە بواری ئاڵوگۆری کەلتوری لە ناوەوەو دەرەوەی وڵاتدا دەکات, ئەم سەنتەرە ئەندامە لە تۆری دەستەخوشکی نێودەوڵەتی ئەمریکا لە شاری DULUTH, تا ئێستا چەندین چالاکی ئاڵوگۆری کەلتورییان لە ناوەوەو دەرەوەی وڵاتدا ئەنجام داوە, ئەم فیستیڤاڵەش دووەمین فیستیڤاڵی کەلتورە جۆراو جۆرەکانە کە لە شاری رانیە بە ئەنجامی گەیاند.