قەیس قەرەداغی : ئوردن یان باشتر وایە بڵێین شێوی ئوردن ( غور الاردن ) وڵاتێکە بەریتانییەکان دوای جەنگی جیھانی یەکەم درووستیان کرد ، لاتان سەیر نەبێت گەر بڵێم ئەو وڵاتە تەنھا بۆ بەدیھێنانی کەسێک درووستکرا ئەویش میر عەبدوڵای یەکەم پاشای ئەم وڵاتە بوو، کورتەی چیرۆکەکەش بەم شێوەی خوارەوەیە :
ھاشمییەکان کە باپیرە گەورەیان ناوی ھاشمی کوری عەبد کوری مەنافە لە سکەوە سەر بە قورەیشن و پێغەمبەری ئیسلام لەوانە، لە دێر زەمانەوە پاراستنی بەردە ڕەشەکەی کەعبە بەوان سپێردرا بوو ، لە سەردەمی حوکمڕانی عوسمانییەکان پلەی شەریفی مەککەیان پێبەخشرا و ھەر وەکو ویلایەیەکی سەربەخۆ مامەڵە لە گەڵ مەککە دەکرا ، یەکێک لە ئەشرافەکانی مەککە ( موحسین ) منداڵی نەدەبوو بۆیە یەکێک لە خزمەتکارەکانی خۆی دەکاتە کوڕی خۆی کە ناوی عۆن بوو بە (عۆن راعی الھلام ) ناسرا بوو ئێدی نەوەکانی دیکە ھەمو لەو عۆنەوە ھاتنە خوارێ ، عۆن عەبدی بوو ، عەبدیش موحەمەد و ئەویش عەلی و عەلیش حوسێن کە بە ( الشریف حوسێن ) ناسرا ، ئەم شەریفەیان لە گەڵ تورکەکان نەدەگونجا تا جارێکیان بۆ چەند ساڵێک لە کارەکەی دوور خرایەوە بۆ ئەستەنبوڵ و لەوێ ھەرسێ کورەکەی نایە بەر خوێندن ( عەلی ، عەبدوڵا و فەیسەڵ ) ، ھەر لە ئەستەنبوڵ ژنە تورکێکی ھێنا و کورێکی لێی بوو بە ناوی ( زەید ) ، کاتێکیش کاتی مەنفای کۆتایی پێھات گەرایەوە و بە ھەماھەنگی لە گەڵ دەزگای ھەواڵگەری سەربازی ئینگلیز لە قاھیرە کە پێشتریش ژێراوژێر پەیوەندی پێیانەوە ھەبوو شۆڕشێکی دژ بە عوسمانیەکان ھەڵگیرساند کە بە شۆڕشی گەورەی عەرەب نێوبانگی دەرکرد ، شۆرشەکەی دابەش کردە سەر چوار کەرتی سەرەکی و ھەریەک لە کورەکانی کرد ە فەرماندەیان ، لە بەر ئەوەی نەوەکانی شەریف بێ تەجرەبە بوون لە مەیدان بۆیە ئنگلیز کۆمەڵێک لە ئەفسەرە پلەبەرزەکانی کورد و عەرەب کە پێشتھر سەر بە سوپای عوسمانیەکان بوون لە دیلی بەرەڵا کرد بە مەرجی خزمەتگەیاندن بە کورەکانی شەریف حوسەین ، ئەو شۆڕشە گەڵێ بایەخ دار بوو بۆ بەریتانیا لە بەر ئەوەی دەبوو ئەوان سەربازیکی زۆر رەوانەی ناوچەکە بکەن لە کاتێکدا وڵاتانی ناوەند ( ئەڵمانیا و ھاوپەیمانەکانی ) سەرکەوتنی گەورەیان ئەنجام دابوو لە مەیدانە گرنگەکانی جەنگ ، ھەر بۆیە ئینگلیز بەڵێنی ئەوەیان دا بە شەریف کە کاتێک سەردەکەون لەم جەنگەدا ئەو دەکەن بە پاشای ھەموو ناچە عەرەبییەکان بەڵام لە ھەمان کاتیشدا بە پێی ڕێککەوتنی ژێراژێری ئینگلیز و فەرەنسا ( سایکس- بیکۆ ) بە شێوەیەکی دیکە ناوچەکەیان دابەش کردبوو کە بواری باس کردنی نیە لەم شوێنەدا
دوای سەرکەوتنی سوێندخۆرەکان ( بەریتانیا و ھاوپەیمانەکانی ) و بە پێی رێککەوتنی بەریتانیا و فەرەنسا ناوچەکە دابەش کرا ( دەبوو روسیاش بەشی خۆی ھەبوایە لەو دابەشکردنە بەڵام بەھۆی بەرپابوونی شۆڕشی ئوکتۆبەر و دروستبوونی یەکێتی سۆڤێت ئەوان لە جەنگ کشانەوە ) ، فەیسەڵ کە پێشتر کەرتەکەی بە یارمەتی نوری سەعید پاشا و لۆڕەنس ( کە دوتر بە لۆرەنسی عەرەب ناوبانگی دەرکرد ) دیمەشقیان پاک کردەوە لە عوسمانیەکان و فەیسەڵ لەوێ بە مەلیک دامەزرا بەڵام کاتێک فەرەنسییەکان ھاتنە سوریا قایل نە بوون بە مانەوەی فەیسەڵ و دامودەزگاکەی چونکە پێشتر لە گەڵیان ھیچ جۆرە رێککەوتنێک نەبوو بۆیە فەیسەڵیان لە سوریا دەرپەراند و نەفییان کردە دوورگەیەک لە ناوەڕاستی دەریای سپی.
دوای پەردە ھەڵدان لە سەر ( سایکس بیکۆ ) جارێکی تر ئنگلیز لە گەڵ شەریف کورەکانی لە سەر ئەوە رێککەوتن کە فەیسەڵ ببێتە پاشای سوریا و عەبدوڵا ببێتە پاشای عێراق و عەلیش بە پادشای حیجاز، بەڵام دوای نەمانی فەیسەڵ لە سەر عەرشی سوریا سیناریۆکە بۆ جاری سێیەم گۆڕا، ئنگلیز بە باشی فەیسەڵی شێلابوو لە ھەرسێ براکانی دیکەی زیاتر متمانەی پێدەکرد بۆیە بریاری دا لە مەنفاکەی خۆی بیگێرێتەوە بیکاتە پاشای عێراق ، لێرەدا عەبدوڵا دەنگی نارەزایی لێبەرز بووەوە لێرە و لەوێ گلەی لە ئنگلیز دەکرد کە چۆن غەدر لەم دەکەن ، تەنانەت ھەندێ دۆستی خۆی ھەبوو لە لەندەن پاڵی پێوە نان کە وتاری ڕەخنە ئامێز لە حکومەتی بەریتانیا بگرەن سەبارەت بەو مەسەلەیە ، دیارە ئەو ڕەخنانە شوێنی خۆی گرتەوە و ئنگلیز چارەسرێکی نێوەندیان دۆزییەوە بۆ رازی کردنی عەبدوڵا ئەویش بە کێشانی نەخشەیەی وڵاتێک بۆ عەبدوڵا لە ئەنجامدا عەبدوڵا ملکەچی ئەم چارەسەرە بوو ھەرچەندە تامی عەرشی عێراق ناداتەوە، بەو شیوەیە وڵاتێک داتاشرا بۆ شکاندنی تینوێتی تاقە کەسێک کە عەبدوڵا بوو ، لێرەدا خوێنەری ئازیز دەبێت بە زەقی بیر لەوە بکاتەوە کە چۆن ئنگلیزەکان خەڵاتی چەوریان بەخشییە ئەوانەی ھاوکارییان کردن لە کاتی جەنگدا بەڵام داخی گران لەو دەمەدا شێخ مەحمود کەسایەتی سیاسی نێو مەیدانی کوردستان بوو لە جیاتی ئەوەی بیر لە عەرشێک بکاتەوە بۆ خۆی و میللەتی کورد ھات و ھێلکەکانی خستە ناو سەبەتەی عوسمانیەکان و لە ژێر تەوژمی ئاین شۆرە سوارەکانی کوردی کۆ کردەوە و بە خوێنیان خاکی شعێبەی سوور کرد لە مەیدانی جەنگ کردن دژ بە سوپای ئنگلیز کە بە سەرکردایەتی جەنەراڵ مۆد دەیانەویست لە دەروازەی بەسرەوە بێتە ناو عێراق و سزای کردەوەکەشی بێگومان تەنھا بۆ خۆی نەبوو بەڵکو میللەتێکی بێبەش کرد لە کیانێک کە کاتی گەیینی ھاتبوو ، لە بەرامبەردا ھۆسەیەکی عەشایەری عەرەبی باشوری عێراقی قازانج کرد کە دەڵێ ( پلپێن الجنە لکاکا احمد و اکرادە و پلپ لعلی ھادینا ) واتا سێ لە چواری بەھەشت بۆ کاکە ئەحمەد ( مەبەست شێخ مەحمودە ) و کوردەکانێتی و یەک لە چواریشی بۆ عەلی ھادیمانە ( مەبەست لە عەلی الھادییە کە یەکێکە لە دوانزە ئیمامەکەی شێعە مەزھەبەکان .
حوکمی ھاشمیەکان لە حیجاز کۆتایی پێھات و عەلی کورە گەورەی شەریف پەنای ھێنایە لای فەیسەڵی یەکەمی برای و دوای چەند ساڵێک کۆچی دوای کرد و لە گۆرستانی پاشایەتی لە ئەعزەمییەی بەغدا نێژرا و تاقە کوڕێک بە ناوی ( عەبدولئیلاە ) و شەش کچی لە دوای خۆی بەجێ ھێشت عالیە گەورەکەیان بوو بوو بە خێزانی مەلیک غازی کوری فەیسەڵ و دایکی فەیسەڵی دووەم کە لە ١٤ ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٥٨ بە پێی کودەتایەکی سەربازی بە سەرکردایەتی عەبدولکەریم قاسم مۆمی تەمەنی خۆی و خێزان و پادشایەکەشی کوژایەوە ، ئەوەی مایەوە تەنھا ئوردنی دروستکراو بوو ، ئوردن بوو بە مەتبەخی دووەمی درووستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل ، تەنانەت باوکی عەبدوڵاش ھەر لە شاری قودس کوژرا بەدەستێک تا ئێستاش نادیارە، ھەروەھا عەبدوڵاش ھەر لەم رێگەیەدا سەری نایەوە دوای ئەوەی ئیسرائیل لە ١٩٤٨ دروست بوو عەبدوڵا لە گەڵ گۆلدا مائیر رێککەوت کە بەری رۆژھەڵاتی فەلەستینییەکان ببەخشێتە ئوردن ئەوە بوو ئەو کارە لە ١٩٥٠ سەری گرت و ئوردن لە میر نشینییەوە کرا بە پادشانشێنی ، عەبدوڵاش ھەر وەک باوکی کاتێک لە ئەقسای قودس نوێژی دەکرد ھاوڵاتییەکی فەلەستینی سێ فیشەکی کوشندەی گرتە کەللەی کە لە جێی خۆیدا گیانی تەسلیم کرد .
لە دوای عەبدوڵا تەڵاڵی کوری کرا بە پادشا بەڵام بە تومەتی شێت بوون لە عەرش داگیرا و حوسەینی کوری لە جیاتی دانرا ، حەسەنی براشی بوو بە جێگری ، حوکمی حەسەین لە ١٩٥٢ دەستی پێکرد تا ١٩٩٩ و پێش مردنی بە ھەفتەیەک نەخۆشخانەکەی ئەمریکای بەجێ ھێشت و گەڕایەوە عەممان بۆ ئەوەی بە فەرمانێکی پاشایەتی حەسەنی برای کەنار بکات و عەبدوڵای کوڕی بکاتە جێگری ئەوە بوو دای مردنی عەبدوڵای دووەم تا وەکو ئەمرۆ لە سەر تەختی پادشایەتییە بەڵام ئەگەرەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمساڵ دووچاری دوورێییانێک بێت ، رێی ھات کە ئەگەری فراوانکردنی ئەم پاشانشێنییەی ھەیە و رێگەی نەھاتیش نەمانی تەواوەتی عەرشی ھاشمییەکان دەبێ کە دواتر تیشکێک دەخەینە سەر ھەردوو ئەگەرەکە .
سوپای ئەمریکیی کاتێک لە عێراق دەکشێتەوە تەرمی عێراقی دەستکردی بەریتانیا لە مەیداندا بەجێ دێڵێت ، کۆمەڵێک وڵات بە کۆمەڵێ سیناریۆی جۆراوجۆرەوە لە ئێستاوە و پێشتریش چاویان بریوەتە کەلاکی عێراق بە ھیوای ئەوەی ھەر وڵاتەو بەشێ خۆی لێ جیاکاتەوە ، یاریکەرانی ناوەڕاست کورد و سوننەی عەرەب و شیعەیە ، بەڵام یاریکەرانی دەوروپشت ئێران و سعودیە و تورکیا یە و ئوردنیش یاریکەری سپێرە ، بەڵام یاریزانانای گەوەرە بێگومان ئەمریکا و بەریتانیایە جگە لە چەند وڵاتێکیتر لە پەراوێزدا کە رۆڵی سەرەکی نابینن لە سەرجەمی سیناریۆکە .
ئەمریکا ئەرکی پێشەکی خۆی بینیوە و لە دوورەوە چاوەڕوانی وەرزی دروێنە دەکات و ھێزەکانی مەیدانیشی لە ناو عێراق کورد و بە پلەی دووەم سوونەی عەرەبە و لە دەرەوی نەخشەکەدا سەرپەرشتی سعودیە و تورکیا دەکات ھەرگۆرانکارییەکیش گەورە یان بچووک روو بدات دەبێت بە رەزامەندی خۆی بێت لە ناو چوارچێوەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی تازە .
بەریتانیا کە لە بیستەکانی سەدەی پێشوو خۆی پاڵەوانی کێشانی نەخشەی ناوچەکە بوو پڕ بە دڵ دەیەوێت بەشێک لە ڕۆڵی سەرەکی تاوی لاوێتی خۆی ببینێت لە ناو عێراق سەرپەرشتی سوننەی عەرەب و بە پلەی دووەم کورد دەکات و لە دەرەوەی بازنەکەدا دەیەوێ لە سەنگەری ئوردنەوە شوێنپێی خۆی دانێت لە ناوچەکەدا .
ئێران لە رێگەی شیعەی عیراقەوە کە سەرجەمی سەرکردەکانی لە قوتابخانەی ھەواڵگری خۆیان گڕوگاڵیان کردووە تا ئێستا پشکی شێریان بەرکەوتووە لە دەستتێوەردان لە سیاسەتی عێراق . حکومەتی ئێستای عێراقیش بە ریمۆنکۆنترۆڵی ئەوان جوڵە دەکات تەنانەت ئەو وەزارەتانەی سوننە و کورد گرتوویانە مالکی توانیویەتی فەرمانبەرە سەرەکیەکانی شیعەرێژبکات کە ھەندێ لەو فەرمانبەرانە ھەر ئێرانیەکی رووتن و تەنھا زمانی عەرەبی دەزانن ، ئەمە لە سەرەتای دروستکردنی وەزارەتی دەعوەوە دەستی پێکردووە و بەبەرچاوی ئەمریکییەکان کە نیشانەی پرسیاریان لای گەلێ لە سیاسەتمەدار و چاودێر و رۆژنامەنووس درووست کردبوو بەڵام وا دەردەکەوێت ئەوان بە عەربانە ڕاوی کەروێشک دەکەن بە پێی پەندێکی پێشینانی کوردی ، تا کار وای لێھات مالکی کڵاوی دەبەنگی لەسەرنێت وا باوەڕ بکات کە کشانەوەی سوپای ئەمریکی کۆتایی دونیایە بۆیە ھەر بە گەرانەوەی لە واشنتۆنەوە داری دیکتاتۆری بە دەستەوە گرت و دەستوور و یاسا و ڕێسای لە ژێرپێ نا لە لایەکەوە کەوتە ھەڕەشە کردن لە پارێزگاکانی سەلاحەدین و دیالا و ئەنبار و موسڵ بۆ ئەوەی جارێکی تر پەڵپی ھەرێمی فیدرالی نەگرن بە ناوی دەستوورەوە و لە لایەکی ترەوە و لە رێگەی مەحمود مەشھەدانی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان ھەردوو قاچی تاریق ھاشمی کردە بابوجێکەوە ، یان ئەوەتا لێدوانێک بدات تێێدا پشتگیری لە مالکی بکات لە دژاتیکردنی درووست کردنی ھەرێمی فیدراڵی بۆ سووننەکان یان ئەوەتا دەیداتە دادگا و تاوانی تیرۆری دەخاتە مل بە پێی سیناریۆیەک تەنھا سەدام لە کاتی خۆیدا دەیکرد ، ئەوە بوو ھاشمی ڕێگەی دووەمی ھەڵبژارد و ئەنجامیش درووست کردنی ئەم قەیرانە سیاسییە گەورەیە بوو کە ھەمو میدیای جیھانی ھەژاندووە ، ئەمە ھەموی روو دەدات مالکی خۆیشی نازانێت کە بە دەستی خۆی بزماری نەعشی حوکمرانی خۆی دەکووتێت و لە پشت دەگاگەی خۆی کەسێکی وەک جەعفەری خۆی مەڵاس داوە بۆ فرسەتێکی نزیک کە جارێکی تر جڵەوی حوکم بگرێتە دەست .
سعودیە ناحەزی تەقلیدی ئێرانە لە ناوچەکەدا و لەوەتی ئێران دەستی گێراوەتە ناو ریخۆڵەی عێرادا بە تەمایە رۆڵێک ببینێت لە کەمکردنەوەی تەوژمی ئێران بەو پێیەی عێراق سنوورێکی فراوانی لەگەڵ سعودیە ھەیە ، لەم رێگەدا چەند تەقەللایەکی بێئەنجامی کردووە بەڵام وا دەردەکەوێت ئەمژی دەخوازێت لەم قۆناخەدا رۆڵێک ببینێت لە رێگەی سووننەی عەرەبی عێراق و پاشانشێنی ئوردنەوە لە پێناوی پووچەڵ کردنەوەی مانگی شیعی کە ئێران بە تەمایە خەتێک لە شێوەی مانگی یەکشەوە درووست بکات و بەو پێیە شیعەی ئێران و عێراق و سوریا و لوبنان وەکو ئیمبراتۆرییەتێکی شیعی درووست بکات .
تورکیا یەکێکە لە یاریکەرانی ناوچەکە و دەیەوێ لە رێگەی ئەمریکا و سوننە و کوردەوە پشکێکی گەورەی چنگ بکەوێت .
ئوردنیش ھەر وەکو عێراق بەرامبەر بە سیناریۆی کۆتایی ھێنان بە عەرشی ھاشمی راوەستاوە ، لە لایەکەوە ھەر خودی ئەو ئیسرائیلەی ھاودۆستی دوێنێی ئەردن بوو ئەو میرنشینییەکەی کرد بە پاشانشێنی ھەر وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد ئەمیش رۆڵێکی گەورەی بینی لە بونیاتنانی ئیسرائیل بەرامبەر وەرگرتنی بەشێک لە خاکی فەلەستینییەکان بەڵام ئەمرۆ دوێنێ نییە ، بەرژەوەندی ئیسرائیل وا دەخوازێت چارەسەرێکی بنەرەتی بۆ فەلەستینییەکان بدۆزێتەوە کۆتایی بە سەرئێشەیان بھێنێت بەوەی کە ئەو بەشەی ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی فەلەستینییەکانە بخاتە سەر ئەو خاکە فەلەستینییەی کە پێشتر درا بە ئوردن بخاتە سەریەک و دەوڵەتێک بۆ فەلەستینییەکان درووست بکات بە مەرجێک ئەمان ببرای ببرای دەست ھەڵگرن لە داواکردنی قودس ، ئەمەش لە واشنتۆن لە نێوانی ئیسرائیل و ئەمەریکا لە پشتی پەردەکان بە تێر و تەسەلی باس کراوە و ھەندێ لە دەزووی رستنەکەش نیشانی مەحمود عەباسی سەرۆکی دەسەڵات دراوە بە ھیوای ئەوەی لە کات و ساتی خۆی پەردە لە سەر ئەم شانۆیە ھەڵبدرێت ، بەڵام عەبدوڵای دووەم تا ماوەیەک لەم کەین و بەینە بێئاگا بوو تا چەند ھەفتەیەک پێش ئێستا ، بۆیە شا عەبدوڵای دووەم یەکسەر دەستی کرد بە ئەنجامدانی سەفەرێکی مەکۆکی کە وێستگەی یەکەمی سعودیە بوو ، لە ریاز جورعەیەک ھیوای پێبەخشرا بەوەی کە سعودیە بە ھەمو ھێزێکی خۆیەوە دەوەستێت بەرامبەر ڕوخاندنی عەرشی ھاشمییەکان لە ھەمان کاتدا ھەندێ نھێنی تری بۆ درکاند کە ھەمووی لە بەرژەوەندی مانەوەی عەرشەکەیەتی و کاتێکیش ریازی بەچێھێشت چەند ملیارێکی خستە حیسابی عەبدوڵا ، نھێنییەکەش پێک ھاتبوو لەوەی کە چەند رۆژێک پێش ئێستا ئوسامە نوجەیفی سەردنی ریازی کردووە بەوە قایل بووە کە دابەشکردنی ھەرێمی سوننەکان قایل دەبێت بەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو ھەرێمە بکەوێتە سەر ئوردن بە مەرجێک پلەی ویلایەتی موسڵ بۆ ھەتا ھەتایە بە خۆی و خێزانەکەی ببەخشرێت ، بەم شێوەش زیفەی رۆژئاواش ئەگەر بدرێتە فەلەستین کار لە ئوردن ناکات و بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەردن دەوڵەمەندتر دەبێت و دەبێتە وڵاتێک لە وڵاتانی بەرھەمھێنی نەوت گاز، ھەروەھا شای سعودیە بەڵێنی ئەوەشی دایێ کە پشتگیری بکاتە لە ھاتنە ناو جڤاتی وڵاتانی کەنداو کە ماوەیەکە شا عەبدوڵا مەلی دەکات ، وێستگەی دووەمی شای ئوردن واشنتۆن بوو ، لەوێ ھەمو ئەو زانیارییانەی لە شای سعودیەوە چنگ کەوتبوو پشتراست کرایەوەو ئامۆژگاریش کرا کە لەم قۆناخە ھەستیارەدا ئاگاداری ( بەھاری عەرەبی ) بێت و لە ئێستاوە دەست بکات بە کۆمەڵێک چاکسازی دیموکراسی چونکە عەرشی ئوردن ئێستا وەکو یاریکەرێکە لە سەر تەلێکی باریک بڕوات ھەڵەیەکی بچووک دەیخاتە ناو تاریکی گۆمی نادیار ، وێستگەی سێیەمی لەندەن بوو لەوێ ماوەیەکی زۆرتر مایەوە ئامۆژگارییەکی زۆرتری وەرگرت و میوانداری کۆمەڵێ دام و دەزگای گرنگی کرد و سەرنجیدا بەریتانیا بە جدی دەیەوێ لە رێگەی ئوردنەوە ڕۆڵ ببینێت لە ناوچەکە .
دواتری سینارۆ کە ئێستا لە ئارادایە و رەنگە رۆژانەش کاری تێدا بکرێت ھێشتا کەش ھەر لێکۆڵینەوەی جیاجیای بۆ دەکرێت لە دەیان دەزگای ستراتیژی گرنگ ئەوەیە کە بەغدا بە تەنھا شەکڵێک وەربگرێت لەبەر ئەوەی ھەم شیعە و ھەم سونیشی تێدا دەژی و ناکرێت ببەخشرێتە شیعەکان ، ناوچەی فوراتی ناوەراستیش بەشێک بێت بۆ شیعە کە پێک دێت لە پارێزگاکانی بابل و کوت و کەربەلا و نەجەف و دیوانیە ، بەشێکی کەش لە باشووری عێراق بە ناوی ئیمارەتی عەرەبی بەسرا کە پێک دێت لە ھەرسێ پارێزگاکانی بەسرا و عیمارە و ناسرییە و بە زووترین کات ببێت یەکێک لە وڵاتانی کەنداو بە مەبەستی ڕوخاندنی پردی پەیوەندی ئێران و نیوچە کۆنترۆڵکردنی کەنداو لە لایەن عەرەبەوە ئەمەش بە ھاوکاری و ھەماھەنگی ئەمریکا و سعودیە و وڵاتانی کەنداو دەکرێت ، کوردستانیش بە دوو قۆناخ دەبێت بە وڵاتێکی سەربەخۆ ، قۆناخی یەکەم ڕاگەیاندنی دەوڵەتێک کە پێک دێت لە ھەرسێ پارێزگاکە و خانەقی و مەندەلی و مەخمور و شەنگاریشی دەخرێتە سەر ، کەرکوکیش لە قۆناخی یەکەم ھەرێمێکی سەربەخۆ بۆ کورد و تورکمان درووست دەبێت تا ئەو کاتەی عەرەبی تێدا چۆڵ دەکرێت بە رێکەوتنی ھەمولایەک ، ئەوجا دەکرێتە سەر دەوڵەتی کورد بەڵام بە مەرجی مۆرکردنی ھاوپەیمانییەکی درێژخایەن لە گەڵ تورکیا و زیندوو کردنەوەی بازاری ئاڵوگۆری بازرگانی لە نێوانی ھەردوو وڵاتدا ، بەم شێوەیە ھەمو یاریکەرانی مەیدانەکە سوودمەند دەبن و کۆتایی بە نەخشەیەک دێت کە تەمەنی نزیکەی یەک سەدەی تەواوە .
( ماویەتی )