سەرلەبەیانى 29/12/2009 بە ئامادەبوونى شەماڵ حەوێزى بەڕێوەبەرى گشتى رۆشنبیری و هونەر لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتى هونەرى شێوەکارى هەولێر گروپی کورد فۆتۆ یەکەم پێشانگاى تایبەتى خۆیان کردەوە و هەریەک لە هونەرمەندان: “محەمەد بەکر- ئۆسکار، ئاشتى عەدۆ، سەفین حەمید، ئازاد لەشکری” فۆتۆکانى خۆیان تێدا نمایشکرد و هەر لەو پێشانگایەشدا ئەو گروپە خۆیان راگەیاند. سەفین حەمیدى فۆتۆگرافەر لە لێدوانێکدا گوتى: ئەم پێشانگایە یەکەم پێشانگاى گروپی کورد فۆتۆیە کە لەرێگەى ئەو پێشانگایەوە خۆمان رادەگەیەنین، ئەوەش یەکەم چالاکیمانە و هەوڵدەدەین لە ئایندەدا گۆڤارێکى تایبەت بە فۆتۆگرافی دەربکەین، هەروەها بەنیازی کردنەوەى وۆرک شۆپ و خولى فۆتۆگرافین لە ناوەوە و دەرەوەى کوردستان.
هەروەها ئاشتى عەدۆی هونەرمەند دەربارەى ئەو پێشانگایەیان گوتى: گروپەکەمان لە 5 فۆتۆگرافەر پێکهاتووە و هەریەکەو بە ستایلی جیا کاردەکا. دەربارەى دامەزراندنى ئەو گروپە ئاشتى عەدۆ گوتى: دامەزراندنى ئەو گروپە وەک هەستکردن بوو بە بۆشاییەک کە ئەمڕۆ لەو بوارەدا هەستى پێ دەکرێ. هەروەها محەمەد خەتاب وەکو هونەرمەندێک دەربارەى ئەو پێشانگایە گوتى: تەجروبەیەکى نوێیەو هەوڵێکى زۆر باشە، کە 4-5 هونەرمەند بەیەکەوە ئەو کارەیان کردووە، فۆتۆى بەشداربووانیش شتى جوانن و یەکەم جاریشە پێشانگاى فۆتۆگرافی بەو قەبارە گەورەیە بکرێتەوە، کە دیارە ئەوانە ئیمکانیاتیان هەیە.
جێی ئاماژەیە هەریەک لەو فۆتۆگرافەرانە تا ئێستا چەندین کارى فۆتۆگرافی ناوازەیان کردووە و بڕیاریشە لە داهاتوودا کارى باشتر بکەن.
مەسعودى مەلا هەمزە