توانا تەھا : رۆژی ٢٧-١١-٢٠١١ لە پرێس کۆنفرانسێکدا ھەنگاوەکانی دەستپێکردنی ناشناڵ پارکی ھەڵگورد-سەکران راگەیەنراو عەبدولواحید گوانی، قائیمقامی چۆمان و سەرۆکی بۆردی ناشناڵ پارکیش رایدەگەیەنێت کە وەک ھەنگاوی یەکەم لە باڵەکایەتییەوە دەست پێدەکات و دواتر وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژی دەخرێتە بەرنامەی کاری حکومەت بۆ ئەوەی ھەموو کوردستان بگرێتەوە.
عەبدولواحید گوانی، قائیمقامی چۆمان، سەرۆکی بۆردی ناشناڵ پارکی ھەڵگورد-سەکران گوتی “ناشناڵ پارکی ھەڵگورد سەکران، دامەزراوەیەکی سەربەخۆی نیشتمانیی ژینگە پارێزی و کولتوریە، لە سەرەتایی ساڵی ٢٠٠٤ وەک بیرۆکە ھاتە ئاراوە، لەوەش بەدواوە کاری لەسەر کرا، لە رێکەوتی ١٤-٩-٢٠١٠ بە پاڵپشتی و ھاوکاری ئەنیستۆتی نەمساوی بۆ تەکنەلۆژیاو حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لایەن پارێزگاری ھەولێر گرێبەستی جێبەجێ کردنی واژوو کراوە” گوتیشی “ئەم دامەزراوەیە لە چەند بەشێکی جیاجیا پێک ھاتووە لە پێناو پێشخستنی بواری ژینگەی پارێزی و پاراستنی سامانی نیشتمانی، کار دەکات و لە رێگەی بەشەکانیشیەوە بایەخ بە چاککردن و پاراستنی ژینگەی سروشتی و ھۆشیاری ژینگەیی و بواری کولتووری دەدات، ھەروەھا بەشداری بە ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ چاککردن و پاراستنی ژینگەی جیھانی و رووبەڕوو بوونەوەی قەتیس بوونی گەرمی و قڕ بوونی ئاژەڵی”.
گوانی روونی دەکاتەوە کە ئەمە پڕۆژەیەک نییە بە رۆژێک و دوو تەواو ببێت، بەڵکو پڕۆژەیەکی بەردەوامەو سەرجەم وڵاتان بەشداری دەکەن تێیدا، چونکە ئەم ناشناڵ پارکە ھەر ھی کوردستان نییە، بەڵکو دەبێتە ھی ھەموو جیھان و ھەمووان بەشدار دەبن لە پەرەپێدانی ئەم ناشناڵ پارکە”.
وەک سەرۆکی بۆردی ناشناڵ پارک ئاماژەی بۆ دەکات “ئەو ناوچەی ئێمە دەست نیشانمان کردووە بۆ ناشناڵ پارک کەوتووەتە سەر ئەو خەتە سەوزەی کە لە رۆژھەڵاتی ناوەراست خەتێکی سەوز ھەیە لە تورکیاوە درێژ دەبێتەوە بۆ خوارەوە کە بەشی زۆر بچووکی ھەرێمی کوردستانی گرتووە لە چیای زاگرۆس، چانسی ئێمەش ئەوەیە ناشناڵ پارکی ھەڵگورد سەکران کەوتووەتە سەر ئەو ھێڵە سەوزەو کە رێکخراوێکی نێودەوڵەتی دروستی کردووەو ناشناڵ پارکی ئێمەش بەوە گرنگی خۆی ھەیە کە ناوچەیەکی بەرزو فێنکە”. ئەوەش ناشارێتەوە “ساڵی رابردوو کە سەردانی سویسرامان کرد، نامەیەکی سەفارەتی عێراقی ئاراستەی (ISL) کرا کە ئەو ئاژانسە سەرپەرشتی ھەموو ناشناڵ پارکەکانی جیھان دەکات، ئێمە ھەموو ھەوڵێکمان ئەوەیە ببینە ئەندام لەو ئاژانسەو بەمەش لە ئەنجامدا ھەموو خەرجیەکان و کارەکانی سەرپەرشتی کردن لە ئەستۆ دەگرێت، ISL ئەو نامەیەی ئاراستەی سەرۆکی ھەرێم کردووە کە تێیدا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ھاوکاری کردنی ئەو ناشناڵ پارکە، چونکە لە رۆژھەڵاتی ناوەراست کولتوورەکەی ھۆکارێکی خراپە بۆ خراپکردنی ژینگە، چونکە ژینگەی جیھانی لە مەترسیدایەوە ملیۆنەھا دۆلار خەرج دەکرێت بۆ پاراستنی ژینگە و جیھان لە مەترسی لەناو چوون رزگار بکەن یان دوای بخەن”.
دەربارەی بوونی لوغم و تەقەمەنی لەو ناوچانە، ئەو روونی دەکاتەوە “کە ئەمە خۆی لە خۆیدا ھەنگاوێکەو وا دەکات لەگەڵ دە ست بەکاربوونی ئەم ناشناڵ پارکە رێکخراوە جیھانییەکان ھەوڵی لە ناو بردنی ئەو مین و تەقەمەنیانە بدەن” سەبارەت بە بوونی تۆپبارانی ئێران و تورکیاش، گوانی گوتی “پڕۆژەیەکە درێژ خایەنە، بەڵام تۆپباران کاتییەو دەوەستێت، ھەر چەندە کاریگەری خراپی ھەبووە لەسەر ژینگەو گیانەوەران، بەڵام ھەوڵی جددیش لەو بارەوە دراوەو ئەو کیسَشەیەش چارەسەر دەکرێت”.
شایەنی باس کردنە دەڤەری باڵەکایەتی دەڤەرێکی فراوانی گەشتیارییە و ئەم بەدروستکردنی ئەم پرۆژەیە گەشتیارییە ئەم دەڤەرە بوژانەوەیەکی ئابووری گەشتیاری گەورە بە خۆیەوە دەبینێت، ئەم پرۆژەیەش بە پرۆژەیەکی گرنگ دادەندرێت، چونکە یەکەم پرۆژەی گەشتیاری دەبێت لەم دەڤەرە دروست بکرێت”. ھەڵکەوتەی ئەم ھاوینە ھەوارە بەدووری زیاتر لە ١٦٠ کم دەکەوێتە باکوری ھەولێر، کەوتۆتە ناوچەی بالەکایەتی، لەناو دۆڵێکی پڕ لەدارو درەختدایەء ڕووبارێکی سازگار بەناویدا رەت دەبێت. بەشێوەیەکی سادە ژمارەیەکی زۆر کەپری گەشتیاری لێ دروستکراوە، بەڵام بەھۆی دیمەنی جوانء سازگاریی کەشء ھەواکەی، ساڵانە ژمارەکی زۆر گەشتیار کاتەکانیان لەم شوێنەدا بەسەر دەبەن”.
twanapress@soranu.com