دیــــــدار نانەکەلی /ھەولێر : پاش مامەڵەیەکی پڕ لەگومان و مەترسی، گەنجێک لە قەزای چۆمان زیاتر لە ھەزار دەفتەر دۆلاری لەھاوڵاتیان دەدزێت و خۆشی وون دەکات.
ماوەی سالێکە گەنجێک بە ناوی (فاخیر شیخ ئەحمەد ) کە خەڵکی گوندی ناوەندە سەر بە قەزای چۆمان و کارمەندی پۆلیسی ھاتوچۆیە، خەریکی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە مۆدێل بەرزەکانی سنووری شارۆچکەی سۆران و قەزای چۆمان و دەوروبەریەتی بەشێوەی قیست بەجۆرێک تەواوی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لەلایەن ئەو گەنجەوە کڕدراون زۆر زیاتر لە نرخی خۆیانیان پێدراوە، لە بەرامبەر ئەوەی فرۆشیارەکان ئامادەبوونە ماوەی ٤٥ رۆژ لەسەر پارەی ئۆتۆمبێلەکانیان بوەستن و داوای نەکەن. لەھەمان کاتدا ھەمان ئۆتۆمبێل لە لایەن ئەو گەنجەوە بە نرخێکی زۆر ھەرزان فرۆشراوەتەوە. لە ماوەی ئەو مامەلەیەدا خەڵکێکی زۆری سنووری سۆران و چۆمان سوودمەندبوونە و داھاتێکی ماددی باشیان بۆخۆیان دروست کردووە.ھەر بەو ھۆیەوە لەگەڵ درێژبوونەوەی ماوەی مامەلەکردنی ئەو گەنجە خەڵکی ناوچەکە بە تامەزرۆیی بەدەستھێنانی سەرمایەکی گوماناوی و بێ ماندووبون خۆیان خزاندۆتە نێو کێبڕکێکانی ئەو مامەڵە تەمومژاویە.ھەربۆیە مەھدی ئیسماعیل ی دانیشتووی چۆمان دەڵێت :”سەرەتا من بە گومانەوە سەیارەکەی خۆم بە قازانجی ٣٥ وەرەقە پێی دا، بەڵام ئەو لە دوای ٤٥ رۆژ و لەکاتی خۆی ھەموو پارەکەی پێدام”
(ف.ش.ئ) بۆ رەواندنەوەی گومانەکانی ئەو مامەڵەیە بۆ ماوەی چەندین مانگ ، تەنانەت رۆژێکیش لە وادەکەی خۆی بۆ تەسلیم کردنی پارەکە دوانەدەکەوت، ھەربۆیە خەڵکی ناوچەکە بەو ھۆیە و بەمەبەستی داھاتە ماددیەکە ھەموو متمانەی خۆیان بەو بەخشی بوو.بۆیە زانا چۆمانی دەڵێت ” من ئاگاداربووم کە خەڵکی ناوچەکە مۆدێلە بەرزکانی سەیارەیان دەکڕی بۆ ئەوەی بە قازانج بە ف بفرۆشنەوە”
دەنگۆی مامەڵە سەیرەکانی ئەو گەنجە بە ھەموو شوێنێک گەیشتبۆوە و ھەمووان مەترسی تەمومژاوی ئەنجامەکانیان دەکرد ھەر بۆیە مامۆستای ئاینی نێو قەزای چۆمان لە ووتاری ھەینیدا مەترسی ئەو مامەڵەیەی لە رووی ئاینی و دونیای بە خەڵکەکە ڕاگەیاندبوو، بۆ ئەوەی لێی دووربکەونەوە.بەڵام قازانجە زۆرەکەی ئەو مامەڵەیە زۆرکەسی پەڵکێشی ناو ئەو تاریکیە کردبوو کە رۆژ بە رۆژ گومانەکانی زیاتر دەکرد.تا رۆژێکیان دادنووس و دادوەری سنوورەکە مەترسی نایاسایی ئەو مامەڵەیەی بە خەڵکی راگەیاندبوو چونکە ف لەو مامەڵەیەدا بەر لەوەی ھیچ پارەیەک بە ئۆتۆمبێلە گران بەھاکان بدات ،کاروبارە یاساییەکەی جێ بەجێ دەکرد و بەناوی خۆی دەکردن . سیروان کە ئۆتۆمبێلەکەی جۆری سۆناتا بووە و بە بەھای ٢٣٠ وەرەقە بە ف ی فرۆشتووە و بەر لەوادەی وەرگرتنی پارەکەی خۆی لێ وون کردووە دەلێت : ” ئەوەی من ئاگاداربم ف بەر لەوەی بڕوات بە سەدان سەیارەی وەک (وەنەوشە) و سۆناتا و کامری و بیکاشۆی ٢٠١٢ ی لە خەڵک وەرگرتبوو بەڵام پارەی نەدابوو”
بۆیە بەرێوبەری پۆلیسی چۆمان بڕی ئەو پارەیەی کەلای( ف )ە بە زیاتر لە ١٠٠٠ دەفتەر دۆلار مەزەندە دەکات.
ئیستا کە ماوەی مانگێکە ئەو گەنجە خۆی وون کردووە، خەڵکی ناوچەکە و فرۆشیاری ئۆتۆمبێڵەکان بە ھاوکاری پۆلیس بەدووایدا دەگەڕێن و تا ئێستا روون نیە کە لە کوردستان ماوەتەوە یاخود چۆتە دەرەوەی ووڵات.