(ئەرسەلان دەورێش) : “زنجیرە درامای (ڕۆژمێری شارێک) بەبەشداریی زیاتر لە ١٠٠ ھونەرمەند بەرھەم دەھێندرێت !
دەرھێنەری بواری شانۆ و دراما ھونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش) ماوەی چەند مانگێکە سەرقاڵی زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنییە، ئەو درامایە لە ئێستادا لە قۆناغی وێنەگرتندایە، بە شێکی زۆری کاری وێنەگرتنەکە تەواو بووە، ئەو زنجیرە تەلەفزیۆنییە لە ژێر ناونیشانی (رۆژمێری شارێک) دێتە بەرھەم و خۆی لە (٢٥) ئەڵقە دەگرێتەوە، لەمبارەیەوە دەرھێنەری دراماکە (ئەرسەلان دەروێش) دەربارەی ناوەرۆکی ئەو درامایە بۆ “ھەولێر” ھاتە ئاخاوتن.
لە دەستپێکی قسەکانی دا ھونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش) گوتی : “زنجیرە درامای (رۆژمێری شارێک) لەنووسینی ھونەرمەند (دڵشاد مستەفا)ـیە، ژمارەیەکی گەورە لە ھونەرمەندانی شارەکانی کوردستان بەشداری تیادەکەن، بۆ ئەم مەبەستە و بۆ یەکەمین جارە لەکوردستاندا ستۆدیۆیەکی ھونەریی تایبەت بۆ وێنەگرتنی دیمەنەکانی ئەم زنجیرە درامایە لە شاری سلێمانی دروست دەکرێت، بە شێوازێکی کارەکانی ئەو درامایە بەڕێوەدەچێت، ھەموو ھەوڵ و ماندوو بوونێکمان بۆ ئەوەیە کارێکی نایاب بھێنینە بوون”.
( دەروێش) دەربارەی ئەرکی بەرھەم ھێنانی زنجیرە درامای (رۆژمێری شارێک) ئاشکرای کرد : “ئەم زنجیرە درامایە، بەرھەمێکی ھاوبەشی تیپی شانۆی “سالار”ـو وەزارەتی رۆشنبیری ولاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، سەرجەم بودجەی دیاری کراوی ئەو بەرھەمە بریتیە لە (٢٣١٦٩٠٠٠٠) دووسەدو سی و یەک ملیۆن وشەش سەد ونەوەت ھەزار دینار، لەلایەن (بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای ھەولێر)ـەوە دابین کراوە کە جێگای سوپاسن و ئەو پاڵپشتیەی ئەوان بۆ ئەو بەرھەمە مانای ئەوەیە جارێکی دیکە خەم خۆرانی ھونەری درامای کوردیی دەیانەوێ بینەری کورد بھێننەوە دیار بەرھەمە نایاب و ڕەسەنەکان”.
لەبارەی ستافی بەشدار بووی ئەو زنجیرە درامایە دەرھێنەری دراماکە (ئەرسەلان دەروێش) رایگەیاند : ” زنجیرە درامای (رۆژمێری شارێک) لە (٢٥) ئەڵقە پێکھاتووە، ستافێکی ھونەریی کارامە لەپشتی کامێراوە بەشداریی کاری بەرھەم ھێنانی دەکەن، کە پێکھاتوون لە ھەریەک لە ھونەرمەندان (یونس حەمەکاکە، زانا تەقیەدین، دانا سەڵاح) وەک یاریدەدەرانی دەرھێنەر، (حشمەتی نارنجی ) لە بەڕێوەبردنی وەێنەگرتندا کار دەکات، ھەروەھا ( پێشەوا عومەر) لە بەڕێوەبردنی ھونەریدا ھاوکارە، ھونەرمەندی موزیکژەنی بە ئەزموون (غەمگین فەرەج) وەک موزیسیان و شاعیر (د.ئاراس عەبدولکەریم) ھۆنراوەی گۆرانیەکانی ئەو زنجیرە درامایەی داناوە، ھەروەھا (سەرکەوت حەمە سەعید، سرووە عەبدولڕەحمان، ئاشنا رەئوف، قادر فەرەجی، تاڕق یاسین، کاوە تۆفیق، نعمەتی نارنجی، ھۆگر مەحمەد فوئاد، باوان محەمەد، رزگار محەمەد ) ھاوکاری ستافی بەرھەم ھێنانی ئەو درامایە دەکەن”.
ئەو ئەکتەرانەی لەو زنجیرە درامایە تازەیە بەشدارن دەرھێنەری (رۆژمێری شارێک) ئاشکرای کرد و گوتی : “ئەو ھونەرمەندانەی بەشداریی کاری نواندنی زنجیرە دراماکە دەکەن زیاتر لە سەد ئەکتەر رۆڵەکانی بەرجەستەدەکەن، وەک (ئەحمەد سالار، یونس حەمە کاکە، عەبدولی حەمە جوان، شاناز عەبدولکەریم، کامەران رەئوف، پێشڕەو حسین، ئیسماعیل قادر، بەدیعە دارتاش، کاوەی ئەحمەد میرزا، یاسین قادر بەرزنجی، ژیان ئیبراھیم خەیات، زاھیر عەلی ، شلێر کۆیی، ئاشتی عوسمان دانش، حەمە عەلی خان، ھاوڕێ قادر رەشید، کاردینا محەمەد، نیشتیمان عەبدوڵڵا، دیدار عومەر، شانۆ عومەر، کاردۆ عەزیز، ئاشتی کەمال، ھەنار عومەر، شیبا ئسماعیل، سەرکەوت حەمە سەعید، پشکۆ عەلی، فەرھاد عەبدوڵڵا، ئەنوەر قادر رەشید، مۆفەق عارف لھۆنی، مەریوان ئیبراھیم، بەکر مەعروف، مەریوان عومەر شەربەتچی، عەتا حەمە ساڵح، رێزان فەرەج، بەیان مەحموود، ئاشنا رەئوف، بەیان زەریفی، چێنەر ئەحمەد سالار، سرووە عەبدولڕەحمان، ماھیر عەلی، شوان ھیوا، ماردین سەباح، دانا سەڵاح، پێشەوا عومەر، ھونەر ئەحمەد سالار، لۆنا تاڕق، رۆزا ئومێد، باوان محەمەد، رزگار محەمەد، رەنوو ساماڵ ، لانۆ تارق، نامۆ مۆفەق، زرنگ مەریوان، رەنج رزگار، ئاریۆس محەمەد، رێباز رەئوف، شۆرش عەبدولرەحمان، ئەحمەد لەتیف، وەلید عارف، بەیان عەلی، زانا عەلی، شنیان حسێن، خوشکان عومەر، لەنیا زاھیر، ئاڵا عوسمان، رۆژان عوسمان، ئومێد بێبەش، کوردستان عوسمان و چەند ھونەرمەندێکی تر) لە رۆڵە سەرەکی و ناوەندیەکاندا لەو درامایە رۆڵیان دەبێت”.
لە بارەی ناوەرۆکی زنجیرە درامای (رۆژمێری شارێک) (ئەرسەلان دەروێش) گوتی : “چەند تەوەرێکی گرنگ دەگرێتە خۆی، بەڵام ھەێڵی سەرەکی داستانەکەش حیکایەتی ئەوینداریی نێوان (شیرین، ھەنار عومەر)ـو (دلێر- پێشڕەو حسێن)ـە،
بۆ وێنەگرتنی دیمەنەکانی ئەم زنجیرەیە ھەوڵمداوە ستۆدیۆیەکی خاکەڕاو کاتی دروست بکەین، کە بە ھەوڵی دڵسۆزانەی ستافە ھونەرییەکە و بە ھەمئاھەنگی کارگەی جگەرەی سلێمانی ئەنجام دراوە و من سوپاسیان دەکەم، بۆ ھاوکارییە بەجێیە”.
دەربارەی نمایش ئەو بەرھەمە لە رێگەی کامە تەلەفزیۆنەوە دەبێت و لە ئێستادا دراماکە چەندی وێنەی بۆ گیراوە ؟ دەھێنەر (ئەرسەلان دەروێش) گوتی : “لە ئێستادا بەردەوام خەریکی کاری وێنەگرتنین و لە ٥٠% کارەکان بەرەو تەواو بوونە، ئەو درامایە بۆ مانگی رەمەزان نمایش ناکرێت و نامەوێ لەو مانگەدا وەکو نەریتێک ئێمە درامایەکی تازە تەنیا لەو مانگە پیرۆز و جوانە پێش کەش بکەین، بەڵکو دەمەوێ دوای مانگی رەمەزان نمایش بکرێت، وەکو زۆربیە بەرھەمەکانی دیکەمان تەنیا لەیەک تەلەفزیۆن نمایش ناکرێت، بەڵکو لەوانەیە لە چەند تەلەفزیۆنێک نیشانی بینەران بدرێت”
لە کۆتایی دا ھونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش) ئەوەشی گوت : “ئومێدەکەم بتوانین تین وگوڕێکی زیاتر بەو رەوتە ھونەرییە بدەین، کە لەبواری درامای کوردیدا لە ئارادایە و لەپاڵ ھەنگاوە جدییەکانی ئەم بوارە، ھەنگاوی فراوانتر و کاریگەرتر لە میانەی ئەم زنجیرە درامایەوە بنێن، بەم بۆ نەیەشەوە دەبێت سوپاسی ھەموو ئەو دڵسۆزانە بکەین کە ھاوکاری وپشتیوانیان کردووین، بەتایبەتی (وەزارەتی رۆشنبیری ولاوان، بەڕێوەبەرایەتی سینەمای ھەولێر، کارگەی جگەرەی سلێمانی، مۆزەخانەی کاک فریاد، ماڵی کاک محەمەد سەعید خەفاف، دەزگا حکومی و حزمەتگوزاریەکانی شاری ھەولێر، سلێمانی و کۆیە) بەتایبەتیش دەزگاکانی راگەیاندنی کوردیی، کە بەردەوام لە بەدواداچوونی قۆناغەکانی کارەکەماندان، ھیوادارم کارەکەمان لە ئاستی چاوەڕوانی ھەموواندابێت”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا