راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی : زۆربەی گۆرانیبێژەکان لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک خەریکی سازکردنی ئاھەنگن بۆ سەری ساڵ، ھیچ ساڵێک بەھێندەی ئەمساڵ ئاھەنگ ساز نەکراوە، بەڵام ئەمساڵ بەپێچەوانەی ھەموو ساڵەکانی دیکە کەمترین ئاھەنگ لەدەرەوەی وڵات سازکراوە. ھونەرمەندەکان ھۆکاری ئەوە بۆ “روودانی شەڕ لەئاھەنگەکانی تاراوگە” دەگێڕنەوە، بۆیە رێگەیان پێنادەن ئاھەنگ سازبکەن”. عەزیز وەیسی دەڵێت “یەک ئاھەنگی من نییە لەدەرەوەی وڵات شەڕی تێدا نەکرابێ، ئێستا وایلێھاتووە خێزان ناتوانێت بێتە ئاھەنگەکان، جگە لەوەش ھونەرمەند لەدەرەوەی وڵا ناتوانێ لەدوو ئاھەنگ زیاتر ئەنجام بدات، من ئەمساڵ لەکوردستان شەش ئاھەنگ ئەنجام دەدەم”.
کۆمەڵێک ھونەرمەند لەساڵی ٢٠١١ بەرھەمەکانیان دەنگدانەوەی ھەبوو، لۆکە و میرە بەئەلبوومێکی دینی بەناوی “اللە اکبر” کە لەمانگی رەمەزان بڵاویان کردەوە دەنگدانەوەیەکی گەورەیان دروستکرد، ھونەرمەند ھەڵکەوت زاھیر ئاوازدانەری ئەلبوومەکە رایگەیاند “بەنیازن بۆ ساڵی داھاتووش گۆرانی دینی بکەن”. ھەروەھا لۆکە بەگۆرانییەکی فارسی بەناوی “چی چی” بۆ ماوەیەکی زۆر مایەوە، کە ریزبەندی یەکەم ئافرەتە گۆرانیبێژی کوردی بەدەستھێنا کە بتوانێ بە فارسی گۆرانی بڵێت و کلیپی بۆ بکات.
ھەروەھا عەدنان کەریم بەئەلبوومی “خاتوون” و چۆپی فەتاح بە ئەلبوومە مەقامییەکەی “شارا” دوو لەبەرچاوترین بەرھەمی ھونەری بوون، عەزیز وەیسی بەگۆرانی “نازە مەکە” کە بەدوێت لەگەڵ نارینا کوردی تۆماریان کرد، ھەروەھا ئەیوب عەلی بەئەلبوومە بێناوەکەی و بەکلیپی “دەسووتێم”. نازدار بەگۆرانییە کرمانجییەکەی “لێ لێ”. موژدین بەکلیپە نیمچەرووتەکەی لەمیدیا عەرەبی و تورکیا باس کرا، لەچاوپێکەوتنێکی پێشووی لەگەڵ (سڤیل) گوتی “ساڵی ٢٠١٢ بەھەمانشێوە کاری تر دەکەم، چاوەڕێی ئەو کۆمپانیایە دەکەم کە بڕیارە سپۆنسەری بکات”. ئەژدەر بە بەرنامە ھونەرییەکەی “ئەژدەر شۆ” کە لەکەناڵی کۆڕەک پێشکەشی دەکرد دەنگدانەوەیەکی گەورەی ھونەری دروستکرد، ئەژدەر ئەوەی راگەیاندووە لەساڵی ٢٠١٢ لەکەناڵێکی دیکە بەرنامەکەی دەستپێدەکاتەوە.
ئەمساڵ ٢٧ ئەلبووم و ٨٦ کلیپ بڵاوکرایەوە، ھەروەھا پێنج دراما و ٤٢ شانۆگەری نمایش کراوە، جگە لەچەندین کۆنسێرت و چالاکی ھونەری، بەڵام دانا عەبدولجەبار دەڵێت “ساڵی ٢٠١١ بۆ من ساڵێکی خۆش نەبوو، بەڵام بەوەش دڵخۆشم توانیم ئەمساڵ کۆنسێرتێک ئەنجام بدەم و جەماوەرێکی زۆری تێدا ئامادە بێت”. ھەروەھا عەزیز وەیسی دەڵێت “ئەمساڵم بەدڵ نەبوو، چونکە توندوتیژی زۆری تێدا ئەنجام دراوە، بارودۆخەکە بۆ ھونەرمەندان خۆش نەبوو، ھیوادارم لەساڵی ٢٠١٢ قەرەبووی ناخۆشییەکانی ئەمساڵ بکەینەوە”. خانمە ھونەرمەند ھێڤی دەڵێت “ئەمساڵ فریا نەکەوتم بەرھەمم ھەبێت، زەحمەتییەکانم زۆرتر بوون، ھەرچۆنێک بێت لەساڵی تازە کارەکانم تەواو دەکەم”.
ساڵی ٢٠١٠ چۆپی فەتاح بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستھێنا و ساڵی ٢٠١١ی بۆ کارە ھونەرییەکانی تەرخانکرد، بۆیە ئەمساڵ بووە “ساڵی زێرین” بۆ چۆپی فەتاح، وەک خۆیشی دەڵێت “بۆمن ساڵێکی باش بوو بۆ کارە ھونەرییەکانم، چونکە دووربووم لەخوێندن، لەوانەیە ساڵی داھاتووشم بۆ کارە ھونەرییەکانم تەرخان بکەم، چونکە ھێشتا دڵنیا نیم ئەمساڵ دەست بەخوێندنی ماستەرەکەم دەکەم یان نا”. گوتیشی “دوو ئەلبوومم بۆ ساڵی ٢٠١٢ دەبێت، بەڵام لەوانەیە ھەر ئەلبوومێک بڵاوبکەمەوە”. دڵنیا قەرەداخی بێئەوەی باس لەھۆکارەکەی بکات گوتی “ھەر ئەوەندە دەڵێم ئەمساڵ بۆ من ساڵێکی زۆر ناخۆش بوو، ھەمیش نەمتوانی کارەکانم بکەم”. ھەروەھا ئافان جەمال دەڵێت “لەبەرئەوەی نەمتوانی لەساڵی ٢٠١١ ھیچ کارێکی ھونەری بکەم و جگەلەوەش باوکم و پورێکم لەدەستدا، ساڵی ٢٠١١ بۆ من خۆش نەبوو”.
ئەگەرچی وەک ئەو ھونەرمەندانە خۆیان ئاماژەیان بۆ کردووە، کە ٢٠١١ ساڵی ناخۆشی ھونەرمەندان بووە، بەڵام چەند کچە ھونەرمەندێک لەمساڵدا دەرکەوتن، دیارترینیان مۆنیکا، مەھلێت، فرمێسک”. ھەڵکەوت زاھیر دەڵێت “بۆ ساڵی ٢٠١٢ سێ کچی دیکەی نوێ لەلای منەوە دەردەکەون و ئەلبوومیان بۆ دەکەم، چاوەڕێی سەرکەوتنی زۆر گەورەیان لێدەکەم”.
ئەوەی لەساڵی ٢٠١٢ روودەدات و چاوەڕوانی دەنگدانەوەی گەورەیان لێدەکرێ، بریتیتن لە کلیپەکەی مۆنیکا، ھەروەھا حەمکۆی ٢٠١٢ کە دەست بە تەمسیلی کۆمیدی دەکاتەوە، لۆکە دەیەوێ ساڵی ٢٠١٢ ریکۆر بشکێنێ دوو ئەلبووم پێکەوە بڵاوبکاتەوە، ئەلبوومێک سۆرانی و ئەوی دیکە کرمانجی دەبێ، درامای بەشی سێیەمی گەردەلوول، کە چەندین ئەکتەری نوێ لەم بەشەدا بەشدارن و باسی پێشمەرگە و کەسایەتییەکانی ھەولێریش دەکات، ھەروەھا دەرھێنەر ناسر حەسەن کە دوو ساڵە خەریکی درامایەکی ١٠٠ ئەڵقەییە بەناوی “کەرکووک٤” دەیەوێ زۆرترین بینەری ساڵی ٢٠١٢ بۆ دراماکەی ئەو بێت، ھەڵکەوت زاھیر ھەوڵدەدات ساڵی ٢٠١٢ پەخشی کەناڵەکەی بکاتەوە، کە دوو ساڵە باسی دەکات، ئەگەر ئەمساڵیش نەیتوانی بیکاتەوە، واز لەپرۆژەی کەناڵ دێنی، رەوەند سەلاح بەنیازە ٢٠١٢ گۆانییەکی ئیستحراجی بکات و زوو بڕواتە ناو خەڵک و تەنانەت منداڵیش گۆرانییەکە لەبەر بکەن، بەناوی “عەشقێک بۆ ھەمیشە”.
نوێترین بەرھەمی ھونەری کە لەساڵی ٢٠١٢ نمایش بکرێ، پەخشکردنی دوو کلیپی تازەی شەھێن تاڵەبانییە لەکەناڵی ھەولێر، کە ئامادەکراوە لەیەکەم رۆژی ساڵی تازە پەخش بکرێ، بەڵام گەورەترین گۆڕانکاڕیش ئەوەیە ئەمساڵ پڕۆگرامی سەری ساڵ لەکەناڵ چوار و کۆڕەک بەبێ ئەڤین و ئارامۆ بەڕێوە دەچێ، کەسێکی دیکە پێشکەشی دەکات، کە سیروان تۆفیقە و ھەر یەک لە ھانی و رۆزبێ و بڵند ئیبراھیم و ئاڤان عوسمان لەئاھەنگەکە بەشدارن، لەبەرئەوەی ئەمساڵ دووجار ئەڤین و ئارامۆ لەکەناڵ چوار و کۆڕەک دوورخرانەوە و گەڕانەوە، دواجار دوورخرانەوە، کەواتە ئەمساڵ ساڵێکی ناخۆش و بەکێشە بوو بۆ ئەڤین و ئارامۆ، چاوەڕوانی ئەوەش دەکرێ ئیدارەی تازەی کەناڵ چوار و کۆڕەک لەمەودوا کلیپەکانی لۆکە و دەشنێ و ناسلی و میرا پەخش بکات، کە پێشتر لەلایەن ئەڤین و ئارامۆ پەخش نەدەکران، ئەگەر ئەوە رووبدات، یەکێک لەگۆڕانگارییە تازەکانی ساڵی ٢٠١٢ دەبێت بۆ ھونەرمەندان و کۆتایی بە دژایەتی دوو لایەن دێت.