لەدرێژەى بەردەوامیى پرۆژەى بەنەتەوەیی کردنى سێوى مێخەکڕێژ، بڕیارە لە کۆتایی مانگى چوار تا سەرەتاى مانگى پێنج سێو مێخەکڕێژ بکەن. لەبارەى بەڕێوەچوونى ئەو پرۆژەیە لە بەلجیکا سەیوان سەعیدیان گوتى: ساڵانە لەوڵاتى بەلجیکا و لە شارى ئانتوێرپین فێستیڤاڵی هونەرى عەشق بەڕێوەدەچێ، کە لە سەرەتاى مانگى 4 دەستپێدەکات و تا مانگى 5 بەردەوام دەبێت. لە هەر رۆژێکیشدا چالاکییەکى هونەرى بەڕێوەدەچێت.
بۆ ئەمساڵ پرۆژەى “سێوى مێخەکڕێژ” لەو فێستیڤاڵەدا بەشدار دەبێت و لە رۆژانى 30/4/2010 و 1/5/2010 لەهۆڵی وێرخۆیس لە کاتژمێر 1،30ى پاشنیوەڕۆ تاکو 7ى ئێوارە بەڕێوەدەچێت. هەروەها کورتە فیلمى “ئەو سێوەى کە دڵی من بوو” لە دەرهێنانى ناوبراو نمایش دەکرێ و خەڵکى ئەو شارەش لەو رۆژەدا سێو مێخەکڕێژ دەکەن و پێشکەشی یەکتری دەکەن، لەگەڵ کردنەوەى پێشانگاى فۆتۆگرافی فۆتۆگرافەرانى کورد، پرۆژەکەش لەژێر ناوى “Een applel voormiji oogappel” و بەسەرپەرشتى کارزان عەلى بەڕێوەدەچێت. شایانى باسە یەکەمینجارە پرۆژەیەکى هونەرى کوردى لەم فێستیڤاڵەدا بەشدار دەبێت.
ناو نیشان:
Werkhuys، Zegelstraat 13، Borgerhout (Literair Salon) ، antwerpen