سەرچاوەیەكی هونەری بە”هەولێر”ـی ڕاگەیاند، نووسەر و ڕۆژنامەنووس (نازم دڵبەند) كاكڵی ئەو گۆشە ڕۆژنامەنووسییانەی كە ماوەیەكە لەسەر كەسایەتییە جوانەكانی هەولێر دەیانووسێ، لە دووتۆی شانۆنامەیەكدا بەشێكیان بە ناوی شانۆنامەی “چایخانەی عەبۆ”ـی تەواو كردووە و لە چەند ڕۆژی داهاتوویشدا بە بەشداریی زۆرینەی هونەرمەندانی حەفتاكانی سەردەمی (شانۆی زێڕین)، كاری پڕۆڤەكردن دەست پێ دەكات.
لە لە پێوەندییەكدا، نووسەر ئەم هەواڵەی پشتڕاست كردەوە و گوتی: “من و برا هونەرمەندەكانی حەفتاكانم دەچینەوە (چایخانەی عەبۆ) بۆ گێڕانەوەی بەشێكی زیندووی دیكەی كەسە جوامێرەكانی ئەم شارە.
ئەم شانۆنامەیە پڕۆژەی درامایەكی درێژە و هەر لە ئێستایشەوە سكێچی یەكەمی سیناریۆكانم داناوە و دوای نماییشكردنی، دەست بە نووسینی دیالۆگەكان دەكەم.”
(دڵبەند) گوتیشی: “لەم شانۆنامەیەدا، لایەنە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕووناكبیری و گۆڕانكارییە مێژووییەكان بە تایبەت لە حەفتەكان دەخەینە ڕوو و باسیش لەو كەسانە دەكەین كە ئەمڕۆ بۆ شارەكە بوونەتە ڕەمزێك و هەمیشە ناویان دێت.
لەم درامایەدا باس لە سادەیی و ڕاستگۆیی و غەریبنەوازیی هەولێرییان دەكەم.
باس لە پێكەوەژیانی چەند خێزانێك لە حەسارەكانی (خانەقا) و خانووە گەورەكانی (سەعدووناوە) و (تەعجیل) و (تەیراوە) دەكەم.
باس لە (قەڵات) دەكەم كە بەیانیان چۆن خەڵكی بۆ كەسابەت دەهاتنە خوارەوە و ئێوارانیش سەردەكەوتنەوە. باس لە هونەرمەندان و وەرزشكاران و خانەوادە بازرگانەكانی ناو قەیسەریی هەولێر دەكەم…بەهەر حاڵ ئەوە بیرۆكەی ئەو درامایەیە كە لە ئاییندەدا تەواو دەبێت و ئەوەی دەیشمێنێتەوە و پێویستە بیڵێم،خەمی گەورەم دەرهێنەرێكی درامایی پڕۆفیشناڵە و ئەو لایەنەی بەرهەمی دەهێنێ.
لەبارەی بودجەی ئەم شانۆنامەیشەوە، ئەوا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی شانۆی هەولێر بوودجەی بۆ دابین كراوە.”
ئاریان دەرگەڵەیی