کازیوە ساڵح: “خەڵکێکی زۆر بە دیار دەسەڵاتەوەن ، بەڵام خەڵکێکی کەم بە دیار نیشتمانەوەن” گاندی
لە ناو کورددا قسەکردن لە سەر ژن و کارەساتە قوڵەکان کەرەستەن نەک ئامانج، کەرەستەیەکی بەهاداریش نین ، کەرەستەی پڕۆپاگەندەن. لە گەڵ ئەو ژمارە کەمەی کورد لە دەرەوە بەراورد بە کۆمێنێتەکانی دی هەندەران و دانیشتوانی کوردیش لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان دەبوو بێ کێشەترین کۆمێنیتی بوونایە . لە گەڵ ئەوەشدا ڕێژەی کوشتنی ژنانی کورد بە دەستی نێرینەی خێزانەکەیان یەکەمی لیستی تاوانەکاندا وەستاوە. لە کاتێکدا ئەگەر وەکو کوشتنە فیزیکیەکان ، ڕیزبەندی کوشتنە دەروونی و ڕۆحیەکانی ژن بکرایە، کورد دەبوو بە شکێنری ژمارەی پێوانەیی. ئەم هاوکێشەیە بۆ کارەساتە گەورەکانیشمان ئەوانەی دەبوو پیرۆزبکرێن بە هەمان بێ حورمەتی کوشتنەوەی بەرهەم دێتەوە. .
کوشتن و بەرهەم هێنانی دووبارە کوشتنەوەی کوژراوەکانمان ئیتر ڕاچەنین دروست ناکات بووە بە کلتور. لە دەرەوە کە یادەوەری کارەسات و جینۆسایدەکانمان ئەبێت دڵمان ڕانەچەنێت کە نەچووین ، چوونکە ئەزانین کراوە بە کەرەستەی خواستی دەسەڵاتداری و خۆ دەرخستنی گروپێک نەک کاری ڕاستەقینە. کە ژنێک ئەکوژرێت ئیتر ئێمە بە دوای بکوژەکەیدا وێڵ نین ئەزانین کوردە. پێویستە بە دوا چیرۆکەکەیشیدا ون نەبین و بزانین هەرچی بێت چیرۆکی دروستکراوی بکوژ بۆ کوژراو ، تەنانەت ئەگەر ڕاستیش بێت ئەوە تەنها یەک دیوی چیرۆکەکەیە، دیویەکی دی کە بە شاراوەی جێهێڵدراوە کەلێنێ کەمبودی نەتەوەیی و هەروەها ترسە لە ون بوون، ترسە لە گۆڕان و شارستانیەت، بەڵام ئەم ترسانە کێشەی سایکۆلۆژییە و پێی ئەوترێتPost- Migration Stress Disorder . واتە شۆکی پاش پەنا هەندەیی. بۆ ئەوە کەسانەی لە وڵاتانێکی پڕ شەڕو ئاژاوەو و نیگەرانییەوە هاتوون، یان چەساوە بوون وەکو کورد، ئێجگار سەخترە، چونکە ئەو خۆی بە گرێێ یان بە کێشەی شۆکی پاش کارەساتەوە Post-Traumatic Stress Disorder وە هاتووە ، پاش ماوەیەک خەمۆکیشی سەربار ئەبێت.
کورد بوون بەسە بۆ ئەوەی کەسی ئالودە بوو باوەڕی بە سەردانی پزیشکی دەروونی نەبێت و بە شیوازی خۆی چارەسەری ئەو هەستانە بکات کە ئەم دۆخە یان نەخۆشێ بۆی دروستکردووە. .
بەر لەوەی باس لەوە بکەم ئالودە بوو چۆن نەشارەزایانە هەوڵ ئەدات ئەم نەخۆشێیەی بە سەر خەڵکی تردا بسەپێنی، دەرکەوتەکانی شۆکی پاش کارەسات ئەخەمە ڕوو کە پێک هاتووە لە : توڕەیی زۆر ؛ گومان و باوەڕنەبوون؛نکولیکار؛ هەست بە کەمی، شەرم و گوناه و گلەییکردن لە خۆ؛ دڵ تەنگی و بێ ئومێدی. کاتێک مرۆڤێک بەو هەموو شکستییەوە دەچێتە هەندەران لەوێش تووشی فۆبیا ئەبێت ؛ فۆبیا لە هەموو شت ؛ گومان و نوکلیکردن هێندە زیاد ئەبێت لای ئەگات بە ئاستی تێکچوونی کۆنترۆڵ و کردار لێرەوە زۆر کەس ڕوو ئەکاتە مادە هۆشبەرەکان؛ ترس لە ونبوونی و فەنا بوونی شوناس و لێرە هەموو متمانە بە خۆ بوونێک لە دەست ئەدەن و ڕێزی خوددیان لا نامێنێت. دیارە هەر کام لەو دیاردانە بە پێی هۆشیاری وتێگەشتن لە ژیان کاریگەری لە سەر تاک ئەبێت. لەم وتارەدا باس لەوانە ئەکەین کە ئالودەی بوون، بۆیە مەرج نیە کەسێک ئەگەر ناوێکی گەورە بوو ئەم دەردەی نەبێت و توانبێتی زاڵ بێت بە سەریدا هەوەکو چۆن مەرج نیە مرۆڤێکی ساکار و تەنانەت نەخوێندەواریش زاڵ نەبووبێت بە سەریدا. مرۆڤێک تا چەند ئەتوانێت خەڵکی خۆش بوێت و خاک ، وڵات ، شتێک بکات بە خۆشەویستێکی گەورە لە ژیاندا و ئەم شتە وابکات زۆرترین وزەی پۆزەتیڤ بهێنێتە ژیانییەوە ئەوەندە زاڵ ئەبێت بە سەریدا، زۆر جار ئەوانەی ئەم واتایە دەدۆزنەوە گرێ یان دۆخە دەروونیەکان پێچەوانە ڕێچکە دەگرێت و دەبێت بە سەرکەوتن و تایتمەندی.
کەسانێک تا ئەو ئاستە ترس لە شارستانیەت وکلتوری جیاواز تووشی ئیفلیجیان ئەکات و ئەیانخاتەوە ژێر پێستی خۆیان، ئەوانەن کێشەکەیان لە دۆخ دەرچووە بە نەخۆشی ؛ ئەوانەن نەخۆشی ناوبراو تووشی ئیفلیجی عەقڵی کردوون، واتە ئیفلیج بوونی دەروونی ڕێگەی بە گەشەسەندنی عەقڵی لێگرتوون ، ئەم کەسانە ناتوانن لە ناو نێو کۆمەڵگە نوێیکەدا خۆیان بدۆزننەوە ، ناتوانن هیچ کاریگەریەک دروست بکەن؛ بۆیە جاریەکی دی دەست ئەکەنەوە بە خۆدروستکردنەوە لە نێو کۆمەڵگەکەی خۆیاندا . لە سەر خاکی غوربەت مەملەکەتێکی بچووکراوەی وڵاتەکەی بۆ خۆی دروست ئەکات ؛ لە ناو ئەو وڵاتەشدا کۆمەڵگەیەک دروست ئەکات کە لە خەڵکی ئەو وڵاتەکەی خۆی پێک هاتوون و گرنگە لای ئەندامەکانی ئەو کۆمەڵگەیە هاوشیوەی خۆی بن، لە ڕووی کلتوری و سایکۆلۆژییەوە ؛ جۆرە عەقڵیەتێک بەو کۆمەڵگە دروستکراوە ئەبەخشێت کە زۆربەی کات لە گەڵ کێشە دەروونیەکانی ئەودا وێک دێتەوە ، بەڵام مەرج نیە لای ئەوان بوونی هەبێت. ئەمانە هەوڵ ئەدەن لە لای یەکەوە بژین ، لە گەڕەکێک تەنانەت پێیان بکرێت لە کۆڵانێکیشدا ئەژین. لە چ ساڵێکدا وڵاتی خۆیان بە جێ هێشتووە پاش چەندین دەیەش لە وڵاتی دووەمەدا هەر لەو ساڵەدا دەژین و کردار و قسە ئەکەن، کە وڵاتی خۆیان تیا جێهێشتووە. واتە ئەو پێشکەوتنانەی خەڵکانی وڵاتەکەی خۆیان بە دی ئەهێنن ئەمانە لێی بەبەشن و لە پێشکەوتنی ئەو وڵاتەش تێدا دەژین لایەنە ڕوکەشەکە نەبێت هەر بێ بەشن. ئەم جۆرە لە هیچ لایەنێکی خوێندەواری، کار و پیشە و کلتوردا سەرکەوتوو نین لە دەرەوە، کارییان دەبێت بە چاودێری ئەندامانی کۆمێنتی خۆیان و ئەتککردنی تاکە سەرکەوتووەکانی. لێرەدا ئەتکار ، یان ئەو کەسانەی تەنها لە بازنەی ئەتککردندا ئەسوڕینەوە ، ئەتکی تاک، خاک ، نیشتمان و تەنانەت ئەو سیستمەش ئەکەن کە خزمەتی ئەو ئەکات ، جگە لەو نەخۆشیانەی باسم کردووە دەردێکی دیشیان هەیە پەیوەندی بە مناڵییەوە هەیە و لە بابەتێکی سەربەخۆدا سەبارەت بە سایکۆلۆژیای ئەتکەر باسی ئەم بەشەیان ئەکەم و دێمەوە سەری.
ئەوانەی کە ئەکەونە کاتیگۆری دۆخەکانی شۆک و ناجێگری پاش پەناهەندەیی، دوای کارەسات و کەمبودیی نەتەوەیی لایان ئەبێت بە نەخۆشی، مەکۆی کارەکانیان ئەخنە بۆتەی یەکێک یان چەند دانەیەک لەم فاکتەران ، شۆڤینی کلتوری ؛ شۆڤێنی عەشایەری؛ شەیدایی تێبینیکردن یان دیار بوون، کەمبودی نەتەوەیی و کەمسەری بەرانبەر خزمەتکاری ئەو نەتەوانەی کوردییان گەیاندووە بە سەرجەم کارەساتە گرنگەکانمان. دەستگرتن بە باڵای کارەسات گرنگەکانی و جینۆسایدەکانی کوردەوە بە شێوەیەکی بە زیانی دۆزەکە کۆتایی دێت نەک خزمەت.
پێویستە سەرەتا ئەوە تێبگەین کە شۆڤێنی و نەتەوەیی و نیشتمان پەروەری سێ کۆنسێپتی جیاوازن. هەموو مرۆڤێک کە لە وڵاتی خۆی دوور ئەکەوێتەوە، ڕۆحی نەتەوەیی باڵا ئەبێت. بەڵام گرنگە ئەو تاکە بزانێت کام ڕۆحی نەتەوەیی ؟ ئەوەی نابووتی ئەکات یان ئەوەی جوانی ئەکات؟ ژمارەیەکی زۆری نەتەوە ڕۆژهەڵاتیەکان بە تایبەت ئەوانەی ڕووبەڕووی شەڕ و کێشە سیاسیە گەورەکان بوونەتەوە کاتێک دەچنە دەرەوە تووشی گرێێ شووناسی نەتەوەیین. گرنگ نیە تاکەکە چەپە یان ڕاست، ئاینداری توندڕەوە یان علمانی،ئەوەی شوناسی خۆی لە دەرەوە بۆ ناوەوە نەک بە پێچەوانەوە ئەبینێت،. واتە لە میانەی ڕەزامەندی خەڵکەوە بۆ ڕەزامەندی خود بینی تووشی ئەم گرێیە ئەبێت. لە کاتێکدا دیدەبینی ئەم تاکە مەرج نیە هیچ ڕاست بێت، ئەوەی ئەو پێی وایە کۆمێنێتەکەی خۆی، یان ئەو گروپەی لە دەورین پێیان خۆشە و بە چاندنی لە ژیانی خۆیدا، ئەوانی ئەو مەبەستێتی چەپڵەی رەزامەندی بۆ ڵی ئەدەن ، ئەکرێت تەنها وەهمێک بێت لە مێشکی ئەودا و لای کۆمێنێتەکە بوونی نەبێت.
زۆر کەس شۆڤێنی کلتوری بە شۆڤێنی نەتەوەیی ئەزانێت یان لێکیان جیاناکاتەوە. زۆربەی ئەوانەی دەردی شۆڤینی کلتورییان هەیە خەڵکی خۆیان خۆش ناوێت، زۆرێک لەمانە بەرانەبەر بە نیشتمانی خۆیان دەبن بە سیخوڕ و بە کرێگیراوون. لە بەنەمادا ئەم جۆرە ڕێگرە لە بەر پێشکەوتنی نەتەوەیی و مۆرڤایەتیدا. شۆڤێنی نەتەوەیش بە شێوەیەکی دی درەدە بەلآم بابەتی ئەم وتارە نیە . بەڵام شۆڤێنی کلتوریی و عەشایەری بەردەوام هاوشانن . کاتێک پیاوێکی کورد ژنێکی خێزانەکەی ئەکوژێت لە بەر ئەوەی پەیوەندی لە گەڵ کەسێکی بێگانە هەبووە بە ناوی شەرەفەوە ، ئەو شەرەفەی هەندەرانێکە مەرج نیە هەمان شەرەفی ڕۆژهەڵاتێکە بێت. هەندرانێکە ئەزانێت بەو کارەی شەرەفی نەتەوەو وڵاتەکەی لە جیهاندا ئەشکێنێ؛ کەواتە شەرەفی نەتەوەکەی نیە. ئەزانێت ئەو ئەندامانەی خێزانەکەی پاش مەرگی کوژراو لەو وڵاتانەدا دەبن بە مایەی بەزەیی هاوڵاتیان ونێچیر میدیاکان و بە شیوەیەک کاریگەری ئەبێت لە سەرییان کە ژیانی کەسسیان ئەفەوتێنێت ئەم خالەش لای مرۆڤی عەشایەر گرنگە ، کەواتە شەرەفی خێزان نیە؛ ئەزانێت خۆی ئەبێت بە مایەی گاڵتەی هاوڵاتیان و تاوانبار لە یاسادا، درک بەوە ئەکات کە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی وڵاتەکەی خۆی گاڵتەیان بە عەقڵێک دێت کە لە وڵاتێکی مۆدێرن و ئازاددا کۆیلانە ئەژی و زۆرێکیش بە بێ شەرەف سەیری ئەکات ، کەواتە شەرەفی خۆشی نیە. هەموو ئەمانە ئەزانێت، بەڵام کردارەکەی بۆ رازیکردنی ئەو کۆمەڵەیە لە دەوری خۆی دروستی کردووە ، چوون ئەو کۆمەڵەسەرچاوەی شوناسە وەهمی و ساختەکەی پێ بەخشیوە کە خۆی تیا بە پیاو، بە مرۆڤ تیا ئەبینێت و لە دەرەوەی ئەو بازنە بچووکە هەست بە نابووتی و بێ شوناسی خۆی ئەکات. ژن لای ئەمانە ئەبێت بە ئامانج، چوون خاوەنی سەرمایەیەکی عەقڵی باڵاترن نین لەوەی لە وڵاتانی دەرەوە شەرەف بۆ نەتەوەکەیان لە ڕێگەی باڵاکرنی کارەکتەرەوە، یان زانست، داهێنان ، خوێندەوار بوون هەر شتێکی دی سوودی مرۆڤایتەی تێدا بێت بەرهەم بهێنن. بۆیە ئەمانە بۆ مانەوە و تێبینیکردنیان لە لایەن خەڵکەوە هەمیشە پێویستیان بەوەیە چیرۆک بخولقێنن. ئەو بایەخ و تێ بێنێ ئەگەر بە شیوەیەکی خراپیش بێت ئارامی دەروونی بەو کەسانە ئەبەخشێت کە ئالوودەی ئەو بارە سایکۆلۆژیەن، لێرەوە وەکو هەر هۆزێکی عەقڵ نەزۆک شەرەفی نیشتمان لە نێوان ڕانی ژنێکدا بەرهەم ئەهێنن، بەڵام هەندێ جار ئامادەشە هەر هەمان شەرەف بخاتە ژێر دەست بکوژەکانی بۆ ئەوەی لاقەی بکەن بەر لە کوشتنی وەکو لە زۆر کەیسدا ڕوویدا .ئەمانە هەمووی بۆ رازیکردنی ئەندامەکانی ئەو نێشتمانە بچووکەیە بۆ خۆی دروستی کردووەو کەمبودیە نەتەوەییەکەی بەو شیوەی خۆی ئاوەزەمەندیەتی پڕ ئەکەنەوە، ئەنداماکانی هەموو هاوشیوەی خۆین و هەمان شۆڤێنی کلتوری ونەخۆشی دەروونی بەرهەم ئەهێینەوە . لێرەوە بە هۆی دۆڕانی خۆیان لە دۆزینەوەی شوناسدا ، شوناسی ژنێک ئەکوژێت و شوناسی نیشتمانێکیش ئەتک ئەکات بە ناوی لە پێناوی نیشتماندا ، هەوەکو چۆن داعش ئاینەکەی ئەتک ئەکات بە ناوی لە پێناوی ئایندا. ئەوانەشیان خۆیان لە ئاستی بەرگەگرتنی زیندان نابینین، یان بەرانبەر ئەو ژنانەی دی لە بازنەی دەسەڵات خێزانەکانیاندا نین بیانکوژن، دەیان کوشتنی ڕەمزی بەرانبەر بەرهەم ئەهێنن. یەکێک لەو هەزاران نموونانە، هەموو کوردێک ساڵی دەیان جار گوێێ لێ ئەبێت ئەگەر پیاوێکی کورد ژنێکی بێگانەی خواستبێت شانازی پیوە ئەکەن و موراعاتی مادام ئەکەن کە لە کلتوری کوردی تێ ناگات، بەڵام ئەم هاوکێشەیە بۆ ژنێک کە هاوسەری بێگانەیەک بێت تەواو پێچەوانە دەبێتەوە. مرۆڤی ئالوودە بوو پیاو بێت یان ژن گەورەترین کارەساتی ژیانیان ئەوەی ژن بە سەرکەوتووی ببینن، چوون ئەو کات خۆیان لە ژن بە کەمتر ئەزانن و خۆ لە ژنیش بە کەمتر زانین لە عەقڵی شۆڤێنی کلتوریدا ژن بوونەوەرێکی بێ عەقڵ و بێ بەهایە هێشتا لە ئەوی پیاو سەرکەوتووتر بێت بۆی کارەساتە.
لە پاڵ ئەمەدا ئەوانەی هەمان دەردییان هەیە شەیدایی دیاربوون و دەسەڵاتیان کردووە بە ئامانج بۆ هێور بوونەوەی دەروونی ناجێگیریان جۆرە کوشتنێکی دییان سازکردووە کە کاریگەری نەگەتیڤی لە ژن کوشتنەکە زیاترە. ئەویش ئەوەیە دەبن بە مۆتکەی کارەساتە گەورەکان و جینۆسایدەکانی وەکو ئەنفال و هەڵەبجە و جینۆسایدەکانی کورد بە گشتی. هەموو ئامانجیشیان دەبێت بە گرتنی چەند وێنەیەک نەک خزمەتکردنی راستەقینە بە بۆنەکە. وێنەیەک بۆ یادگاری نا ، بۆ یەک تێربوونی ئەو هەستی کەمسەرییە لایەتی ، پیشاندانی وەکو خاڵی تێبینی ودانپیانانیان لە لایەن کۆمەڵگە دروستکراوەکەی خۆیان. دووەم بۆ پێشاندانی دەسەڵاتدارانی کوردستان بە ئومێدی بە دەستهێنانی دەسەڵات، چوون جگە لە یارییە سیاسیەکان ،گەشتن بە دەسەڵات بەشێکی گەورەی ئەو هەستە پڕ ئەکاتەوە.
لەوە دەرچێت ئەوانەی ئامانجیان بە ڕاستی خزمەتکردنی ئەو دۆزە بێت، کۆمەڵێ ڕاستی هەیە درکی پێ ئەکەن. لەوانە، بە پێی سەرچاوە زانستیەکان لەوانە دیمۆگرافیک وەڵد نزیکەی ٢٧٠٠٠ بیست و حەوت هەزار ئەتنیکی جیاواز لە دنیادا هەیە ، هەر یەک لە وڵاتانی خوارووی ئەمەریکا وئەروروپا لە نێوان ٣٠٠-٤٠٠ ڕەچەڵەک و ئیتنیکی جیاوازی تێدا ئەژی. ئەگەر ئەوانەی جینۆسایدەکانیان کردووە بە ئامراز نەک ئامانج ، هەوڵ بدەن ساڵی تەنها ٣ سێ ئەتنیکی نوێ بکەن بە ئامانج بۆ بەشداری پێکردن یان ئامادە بوونی یادەوەریەکانی هەڵەبجە و ئەنفال و جینۆسایدەکانی کورد بە گشتی هەنگاوی گەورە دەنرێت لە دانپیانان و بە جینۆسایدناساندن و بە جیهانیکردنی ئەم کێشە چارەنووسازانەدا. هەموو کۆمێنێتی کوردی لە دەوری ئەو دۆزە کۆ ئەکەنەوە ؛ یادەوەریەکان ناکەن بە پرسەی خێزان و ئەزموون لە چالاکی ئەو نەتەوانەی دی وەرئەگرن کە هەمان کارەساتیان بە سەر هاتووە؛ ڕازیکردنی عەرەب و تورک و فارس و پاڕانەوەی بەشداری و لێبوردنیان نابێت بە غەمیان، تەنها کەسێک مافی ئەو لێبوردنەی هەبێت کەس و کاری شەهیدانی کوردستانە، ئەوەشی مافی پێکەوە ژیانی هەیە و ئەزموونی تاڵی لەم باریەوە چەشتووە خەڵکی کەرکوکە، نەک خەڵکی ژێر سایەی وڵاتانی ئازادی و ئاشتی. بەڵام ئایە لێبوردەیی و پێکەوە ژیان لە تەک بکەری جینۆسایددا لە کام قۆناغدا ئەکرێت؟ کارەسات نیە خەڵکانێک تەنانەت نازانن جینۆساید چەندین قۆناغی جیاوازی هەیە بەر لە ڕوودانی ؛ پاش جینۆسایدە فیزیکیەکەش بە هەمان شیوە شەش قۆناغی دی دێتە پێشەوە دوا قۆناغیان لێبوردەییە کە پاش قەرەبووکردنەوە و داواکاری سیاسی و فەرمی بکەری جینۆساید لە جینۆسایدکراو دێت .
ساتێک گوێ لەوانە بگریت بۆ دروستکردنی شوناس دەستیان بە باڵا ئەنفال وهەڵەبجە گرتووە ، یەکێک ئەڵێت جینۆساید تەنها کارەساتێکی مرۆییە، یەکێک ئەڵێ سیاسییە و ..تد ، هەر یەکەوە بە باری خۆیدا ئەڕێستێت. لە کاتێکدا جینۆساید سیاسی، کلتوری، سایکۆلۆژی، ئابوری، یاسایی ،بایۆلۆجی و مرۆییەوە ،هەر هەموویان بە یەکەوە کار ئەکەن و هەر یەکەشیان بە بێ ئەوی دی ئیفلیج بوون بە پرۆسەی جینۆسایدەکە ئەبەخشێت. خەڵکیک تەنانەت لەم خاڵە ساکارانەدا تێگەشتنیان سەبارەت بە جینۆساید نەزۆکە، هەر بەوە ناوەستن، ئەیانەوێت مایە پۆچێ بکەن بە بەشی خەڵکانێکی پسپۆڕ و سەرجەم کۆمێنێتەکە. لە گەڵ ئەوەی یادەوەریەکان ئەبێت بە شوێنی گوتار خوێندنەوەی نوێنەرانی حزبی ،هەر مێژوویەکیش دی سەبارەت بە جینۆساید لە لایەن خەڵکانێکەوە لە خۆیان شارەزاتر یان سەرکەوتووتر تۆمارکرابێت پشتگۆێ ئەخەن و پاش چەندین ساڵ هەنگاوێکی هاوشێوە ئەنێن و هەموو ساڵێک پیشانمان ئەدەنەوە. بۆ نموونە لە کەنەدا ساڵی ٢٠٠٤ کەسێکی دی پەیوەندی بە سەرۆکی کەنەدا و وەزیری بەرگرییەوە کردووە سەبارەت بە جینۆسایدەکانی کورد و ئەوان ئەو کاتە بە تاوانی دژە مرۆڤایەتی ناوزەدییان کردووە و نامەکانی هەردوو لایەن لە لایەن ڕێکخراوی چاکەوە بلاو کراوەتەوە و هەتا ئێستا لای کەسەکە ماون، گروپێک لە ٢٠١٢دا داواییان لە پەڕلەمانی کەنەدی کردووە بە جینۆساید بیناسێنێت و ئەوانیش وەکو هەمیشە وتویانە تاوانی دژە مرۆڤایەتییە. ئەمانە ئەگەر دڵسۆزییان بۆ کێشەکە هەبوایە نەک بۆ ناساندنی ئەم کارە ساکارەی خۆیان هەموو ساڵێک پێمان نیشان بدەنەوە ، دەیانگووت لە ساڵی ٢٠٠٤دا بە پێی ئەم بەڵگەیە دەسەڵاتی باڵای کەنەدی بە تاوانی دژە مرۆڤایەتی ناساندووە پاش هەشت ساڵ و لە کاتێکدا هەموو جیهان ئەوەی پێی دەوترێت ‘کارەساتی کورد’ییان بە جینۆساید ناساندووە، بە تەنها کەنەدا و پەڕلەمانی کەنەدی هەمان قسەی ڕابردووی خۆیان دووبارە ئەکەنەوە ،ئەوەی پەڕلەمانی کەنەدی کردوویەتی هیچ ئازایەتێکی و نوێکاریەکی تێدا نەبووە و..تد. ئایە ئەگەر مەبەستیان دڵسۆزی بێت بە دۆزەکە ئەمەیان کاریگەرترە یان ئەوەی هەموو ساڵێک وێنەی سەد بارەی خۆیانمان پیشان بدەنەوە؟.
کرداری بێزەوەر و ناپرۆفێشناڵی ئەوانەی ئالوودە بوون بە ئەم دەردی تێبینی و کەمبودییە وایکردووە دوو گرنگترین توێژی کۆمەڵایەتی هێندە لێوەیان دوور بێت کە یەکتر نەناسن. هەر زانکۆیەکی دەرەوە لانی کەم پرۆفیسۆرێکی کوردی تێدایە،گەر زیاتر نا، هەر یەکەیان لە بەشێک لە مێژوو و کارەساتەکانی ڕۆژهەڵات بە گشتی پسپۆڕن، کۆرسی هەندێک لەمانەم بینیوە ئەو شیوەی ئەوان کێشەی کوردییان خستوەتە نێو وانەکانیانەوە و هەر سێ مانگ جاریەک ٣٠سی خوێندکاری نوێ پڕ زانیاری ئەکەن سەبارەرت بە دۆزی کورد هیچی لە پێشمەرگایەتی کەمتر نیە. بەڵام هەمان پرۆفیسۆر ناتوانێت هیچ نا هەمان وانە بۆ کۆمێنێتەکەی خۆی بڵێتەوە. یەک لە بەر ئەوەی خەڵکێک بەو شێوەی لە سەرەوە باسمان کردوون لە بنەمایا لە ئاستێکدا نین نە بتوانن خەڵکە سەرکەوتووەکان ببینن، نە مەرجیشە لێیان تێبگەن، بەو بەڵگەی ئەگەر لێیان بپرسیت بۆ کارێکی لەوشیوە ناکەن ، کۆمێنێتەکەیان ئەگەمژێنن، گوایە تەنها لە چەقەنە و هەڵپەڕکێ و یاپراخ خواردن تێ ئەگەن و ئامادە نین بێن وگوێ لە بابەتێک بگرن کە لێێوەی فێربن. دووەم ئەو کەسانە خۆشیان دوور ئەگرن بۆ ئەوەی بێ حورمەتیان پێ نەکرێت و یان بێ حورمەتی بە خەڵک و یان بە دۆزی کورد بریندارییان نەکات. . جگە لەم توێژە ، چێنی لاوان لەم جۆرە گروپانە دوورن نەک تەنها لە بەر ئەوەی دوو نەوەی جیاوازن .نەوەیەکی لاو لە دەرەوە پێگەشتوون، لەبەر ئەوەی لە وڵاتانێکدا پێگەشتوون ڕێزی هەموو چین و توێژ و ئاین و نەتەوە و کلتوریەک ئەگرن، کاتێک دێنە نێو ئەو جۆرە گروپانەوە،ئەگەر بە شێوازیەکی مۆدێرن و پرۆفێشناڵ مامەڵە بکەن، ئەم لاوانە لە بری ئەوەی کاری خۆبەخشی بۆ ئۆرگانێکی دیکە بکەن بۆ کۆمێنێتی ونەتەوەکەی خۆیانی ئەکەن. بەڵام هەر یەکێک لەم لاوانە یەکجار هاتە ناو کۆبوونەوەکانەوە مۆراڵی نەوی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە و کار و ئەرکی مرۆییان بەرانبەر بە یەک وایان لێ ئەکات دووبارەی نەکەنەوە، چوونکە ئەوان لە ناو کۆمەڵگا و کلتوریەکدا ناژین ومامەڵە ناکەن ئەو نەزمە نەوێیان پێ پەسەند بێت، تەنانەت ئەگەر لە ماڵەکەی خۆشیاندا ناساغێکی بە گرێ و کۆدە نەکراوەکانی ناجێگیری پاش پەناهەندە و شۆکی پاش کارەسات هەبێت، هێشتا ئەوە پەسەند ناکات لە خەڵکێک نزیک بێتەوە کە ئەتکی پیرۆزترین دۆزی خۆی بکات، نەک تەنها بۆ نەتەوەی خۆی ، بۆ هیچ نەتەوەیەک ئەوەی پەسەند نیە و ئەو پێێ ئەڵێت وزەی نەگەتیڤ، ئەو وزەی لە قۆناغی سەرەتاییەوە فێرکراوە نزیکی ژیانی خۆی نەکاتەوە. باوەڕم بەو وتەی ئیسماعیل بێشکچی هەیە کە ئەڵێ: بۆ ئەوەی کورد ببێ بە خاوەنی خۆی دەبێ دوو کاری گرنگ بکات “خاڵە لاوازەکانی ڕابوردوی خۆی بزانێ و هەڵیان بسەنگێنێت.. یەکێتی نەتەوەییان هەبێ و کاری بۆ بکەن” گرنگ نیە چەندمان هەوڵ ئەدەین خاڵە لاوازەکانی سەرکردە سیاسی وکۆمەڵایەتی ، ڕۆشنیری وکلتوریەکانمان هەڵئەسەنگێنێت، گرنگە لەوە تێبگەین ئەکرێت شۆڕش و پێشکەوتن لە زیندانەوە دەست پێ بکات بەڵام مەحاڵە لە نەخۆشخانەی عەقڵیەوە دەست پێ بکات.