مەسعودی مەلا هەمزە : بە ئامادەبوونی كۆمەڵێك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و شاعیران و نووسەران و رۆشنبیران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هونەرمەندی گۆرانیبێژ هەڤاڵ نوێترین ئەلبوومی خۆی بەناوی گومانە جوانەكان راگەیاند. لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا نوێترین كلیپی هونەرمەند پێشكەشی ئامادەبووان كرا، كە ئەو كلیپە یەكێكە لە گۆرانییەكانی ئەلبوومە نوێكەی و لەلایەن كەناڵ 4 و كۆڕەك تیڤیەوە بەرهەم هاتبوو، هونەرمەند عادل ئاكرەیی كاری دەرهێنانی بۆ كردبوو.
دواتر لە وتەیەكی كورتیدا هەڤاڵ لەبارەی ئەلبومەكەیەوە دواو گوتی: نوێترین ئەلبوومم “گومانە جوانەكان”ە كە 8 تراك لەخۆ دەگرێ و لە شیعری شاعیران “سەركەوت رەسول، هەردی قادر، رەشید رواندزی، قەهار شێخانی، سەردار جاف، سەردار مام عەبدوڵڵا، فەهمی نەبی” پێكهاتووە، ئاوازەكانیشی لەلایەن هەریەك لە:”زیرەك حەمەدەمین، بڕوا پیرداود، هەڵدێر محێدین، زیرەك شێرزاد، خۆشەوی هیرانی، سەردار مام عەبدوڵڵا”وە دانراون.
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا هەڤاڵ سوپاسی هەموو ئەو كەسانەی كرد كە یارمەتیان داوە، بەتایبەتی ئەڤین ئاسۆ و ئارامۆ و شاعیری بەتوانا سەركەوت رەسول و عیرفان زەنگەنەو كۆمەڵێك كەسی دیكەی دڵسۆز”.
هەر لەو كۆنگرەیەدا كە كۆمەڵێك لە ئەندامانی پەرلەمان لە فراكسیۆنە جیاجیاكان ئامادەبوون هەڤاڵ داوای لەو ئەندام پەرلەمانانە كرد بە زووترین كات كار بۆ دەركردنی یاسای پاراستنی مافی هونەری هونەرمەندان بكەن، لە بەرامبەردا ئەوان بەڵێنیان دا ئەو پرۆژەیە بكەنە خەمی خۆیان و كاری بۆبكەن.
شیاوی گوتنە ئێستا ئەلبوومە نوێكەی هەڤاڵ لە تۆمارگاكانی كوردستان دەست دەكەوێ.