هەولێر، مەسعودى مەلا هەمزە : لە درێژەى نمایشەکانى وەرزى هەولێری شانۆیی، بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیری و هونەر- بەڕێوەبەرایەتى شانۆی هەولێر شانۆگەرى “فرێم- گوڵبژێرێک لە گرێیەکانى شکسپیر”، لە هۆڵی گەلى شارى هەولێر نمایش دەکا. ئەم شانۆگەرییە کە کاتژمێر 5ى ئێوارەى رۆژانى 21و22و23/9/2010 لە هۆڵی گەلى شارى هەولێر نمایش دەکرێ.
گرێیەکانى شکسپیر پوختەیەکە لە شانۆگەرییەکانى “هاملێت، لیرشا، ئۆتێللۆ، ماکبێس، رۆمیۆ و جولێت، ریچاردی سێ، قەیسەر”ى نووسەرى بەناوبانگى جیهانى شکسپیر کە لەلایەن دیار عومەر ئامادەکراوەو هەر خۆشی دەرهێنانى بۆ دەکا وهەریەک لە “گێلاس ناسر، مەسعود عوسمان، دڵشاد شەهاب، هۆشەنگ عادل، زەردەشت جەلال، بارزان ئاراس، هاوکار سەعدی، رێکان ئەحمەد”وەکو ئەکتەر لە نمایشەکە بەشدارن.
لە لێدوانێکیدا دیار عومەر دەرهێنەرى شانۆگەرییەکە گوتى: فرێم شانۆگەرییەکە لە کۆمەڵێک دەقی زۆر دیارى جیهانى شکسپیر ئامادەم کردووەو دووەم نمایشی وەرزى هەولێری شانۆییە، کە بەڕێوەبەرایەتى هونەرى شانۆی هەولێر سازیدەکا”.
دیار عومەر گوتیشی”: لەو کارەدا هەوڵمداوە دەقەکانى شکسپیر و ئامادەکردنەکەى بەشێوەیەک بێ کە لەگەڵ ئەمڕۆ بگونجێ و بینەر چێژی لێ وەربگرێ”.
شایانى باسە لەو شانۆگەرییەدا مەهدى حەسەن و یوسف عوسمان وەک یاریدەدەرانى دەرهێنەر و هەڤاڵ جەوهەر وەک بەڕێوەبەرى شانۆ کاردەکەن.