مەسعودى مەلا هەمزە : لە درێژەى نمایشەکانى وەرزى هەولێری شانۆیی، بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیری و هونەر- بەڕێوەبەرایەتى شانۆی هەولێر شانۆگەرى وێستگەى چاوەڕوانى لە نووسینى مەهتابی مەلا عوسمان و دەرهێنانى دلڤین موحسین بۆ ماوەى 3 رۆژ لە کاتژمێر 4ى ئێوارە لە هۆڵی گەلى شارى هەولێر نمایش دەکا.
ئەم شانۆگەرییە کە تەواوى ستافە سەرەکییەکەى پێکهاتووە لە کچان و ژنانى شانۆکار لە رۆژانى سێشەممە 30/11/2010 و 1و2/12/2010 نمایشدەکرێ. لەم شانۆگەرییەدا هەریەک لە “هێرۆ مەولودى، سایە حوسێن، دلڤین موحسین” وەکو ئەکتەر و نمایشکار لە شانۆییەکە بەشدارن.
لە لێدوانێکى تایبەتدا دلڤین موحسینى دەرهێنەر وتى”ئێمەى ئافرەتە شانۆکارەکان بە هاوکارى پیاوانى شانۆکار خەریکى کارکردنین لە شانۆگەری وێستگەى چاوەڕوانى، کە ستافە سەرەکییەکەى ئافرەتن”.
دلڤین وتیشی ئەم شانۆگەرییە لە رۆژانى 30/11و1و2/12/2010 لە هۆڵی گەلى شارى هەولێر نمایش دەکرێ و ناوەرۆکى شانۆگەرییەکە باس لەو ئافرەتانە دەکا کە لە دواى جەنگەکان وەک قوربانى ماونەتەوە و کێشە جیاجیاکانى هەر خێزانێکى کوردی تیایە.
شایانى باسە کچان و ئافرەتە بەشدارەکانى ئەم شانۆگەرییە بەر لەو کارە چەندین ئەزموونى جوانى شانۆییان هەیە.