توانا تەھا / زنجیرەی سێھەم: بە پێی ڕووپێوێک کە لەلایەن ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتییەوە کراوە، ساڵی ٢٠٠٧، (٨،٢٤٦) منداڵ لە پارێزگای ھەولێر کاریان کردووە، ڕووپێوەکە لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک ئەنجام دراوە و ھەولێر ڕێژەی (٥٥.٤%)ـی منداڵی کارکەری لەخۆ گرتبوو کە بەرزترین ڕێژەیە لەچاو سلێمانی و دھۆک کە ٢٧.٣% و ١٧.٢% بوون، لێپرسراوی ناوەندی دراسات و لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاماژە بە عەقڵییەتی خێزانەکانیان دەکات وەک سەرەکیترین ھۆکار لە پشت کارکردنی منداڵان”. ھەژاری، ھۆکاری کارکردنی بەشێکە لە منداڵەکان، بەڵام بەرنامەی “چاودێریی خێزان”ـی سەر بە وەزارەت، مانگانە بە بڕی (٣٠) ھەزار دینار، یارمەتی (١٢٦٩٩) خێزان لە سنووری پارێزگای ھەولێر دەدات.” ئەم یارمەتییە لەناو خەڵکدا بە “فەقیرانە” ناو دەبرێت”. سەرەڕای نەبوونی ئاماری ساڵەکانی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩، بە پێی لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی کار و کارووباری کۆمەڵایەتی، لە کاتی پشووی ھاویندا، ژمارەی منداڵە کارکەرەکان، بە بەرزترین ڕێژەی خۆی دەگات.
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، لە راگەیاندراوەکەیاندا بۆ بەرچاوی راگەیاندنەکان دووپاتی دەکاتەوە کە “بۆ باشترکردنی بارودۆخی منداڵان، چالاکیی بەردەوامیان ھەیە. (فەرھاد عوسمان)، سەرپەرشتیاری سێکتەری پاراستنی منداڵ لە منداڵپارێزی کوردستان، رای گەیاندووە “ھاوینان خولی فێرکردنی کۆمپیوتەر، موزیک، شانۆگەری دەکەینەوە. زستانانیش بۆ بەردەوامبوونی منداڵە کەم داھاتەکان لە خوێندن کار دەکەن”. (فەرھاد) پێی وابوو: “ھۆکاری کارکردنی منداڵان، کەمیی ھۆشیارییە لە خێزان دا.”
ھاوینان دەرفەتی کارکردنی منداڵەکانە
بە پێی ئامارەکانی منداڵپارێزی کوردستان، ھاوینان ڕێژەی منداڵانی کارکەر (٥٠%) زیاد دەکات. بە پێچەوانەی تێڕوانینی گشتیی خەڵکیش، ڕێژەی (٣٠%) منداڵان، بە ھۆی ھەژارییەوە کار دەکەن. لە ڕووپێوییەکەی ساڵی ٢٠٠٧ـیش دەر کەوتووە کە (٢٦%)ـی منداڵانی کارکەر، واتە (٢،١٤٦) منداڵ لەبەر ھەژاری کار دەکەن.
لە ڕووپێوییەکەی ساڵی ٢٠٠٧، (٨٣%)ـی منداڵانی کارکەر، واتە (٦،٤٨٨) منداڵ، حەز دەکەن کار بکەن و (١٦،١%)ـی منداڵانی کارکەر، واتە (١،٣٢٦) منداڵ، حەز ناکەن کار بکەن”. لە لایەکی دیکەوە، لە شوێنە قەرەباڵغەکانی ناو بازاڕەکانی کوردستان، تێبینی زۆربوونی ئەو منداڵە دەستفرۆشانە دەکرێت کە خەڵکی کەم دەرامەتن لە خێزانە دابڕاوەکاننء بێ ناسنامەکانن، کە لە خواروی عێراق، موسل، ئێران، ھاتوونەو دابەشی سەر شارەگەورەو بچووکەکانی کوردستان بوونەو بە شێوەی جیاجیا ژیان بەسەر دەبەن.
بەندی (٣٢) لە ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: “منداڵ دەبێت پارێزراوبێت لە چەوساندنەوەی ئابووری و ھەر کارێک مەترسیدار بێت یان ڕێگربێت لەبەردەم خوێندن، یان زیان پێگەیەنەر بێت بە گەشەی تەندروستی، فیزیکی، ڕۆحی، ئەخلاقی یان کۆمەڵایەتی.
گەورەکان قسەی دەکەن
ساڵانە لە شارەکانی کوردستان دەیان ڤێستیڤاڵی جۆراو جۆر بۆ منداڵان رێک دەخرێن، بەداخەوە لەم کاتانەشدا کە بەناوی منداڵەکان ئەم کاروچالاکییانە دەکرێن رۆڵیان پشت گوێ دەخرێتء گەورەکان لە پێشەوەی ئاھەنگەکان دادەنیشنء ھەر گەورەکانیشن قسەی خۆیان دەکەن، زەلامی گەورە، لە پۆستء دەسەڵات، قسەی گەورەی زل دەکەن، لەبڕی ئەوەی گوێ لە داخوازی منداڵان بگرن کەچی کەشێکی وادەرەخسێنن، کورسی دانیشتن لەبەر گەورەکان بەر منداڵان ناکەوێ، دیارە جیاوازییەکی وردیش ھەیە، منداڵ رەنگە کورسیی ھەر بۆ ئەوەندە خۆش بوێ کە بە ئاسوودەییەوە سەیری کارتۆن و شتی وا بکات، ئەوەش زۆر جیاوازە لەو کورسی خۆشویستنەی ئەوان، کەچی ھیچ نرخێک بۆ منداڵەکان دانانێن، بگرە لەوەش کوشندە تر. زۆرێک جار رۆڵی ئەم رێکخستنەی ڤێستیڤاڵء چالاکییە دەخرێتە ئەستۆی پەروەردەکان لەکوردستان، یاخود پەروەردەکان بەم کارە ھەڵدەستن، کەچی ئەوانیش نای کەنە نامەردی ھەرچی منداڵی خواپێداو باخچەی ساوایانء قوتابخانە نموونیەیەکانن لەھۆڵەکانیان دەکەنء لەبەردەم مێزی رازاوی دایکء باوکیان سەمادەکەنء منداڵەکانی سەرشەقامیش بەحەسرەت رۆژێکی وەھا بەچاوی خۆیان نابینن ء نەیاریەکء نەباوەشێکی گەرم دەیان گرێتەخۆ، کە بەقرچە قرچی گەرمای نیوەڕۆی مانگی تەمووز دەگەیتە ترافیک لایتەکانی شار و چەند منداڵێکی قژو سیما سووتاو ھانات بۆ دێنن و لێت دەپاڕێنەوە کلینکسێک یان بنێشتـێکیان لێ بکڕیت، ئیتر دەزانیت ئەم گۆمی کارەساتە چەندە قووڵە، کێ ھەیە ھەست بەئازارەکانی ئەوان نەکا، لەشوفێرەکان ببپرسین یان لە رێبوارەکان یاخود لە پۆلیسەکانی ھاتووچۆ کە ئازاری ئەم منداڵانە چەندە مەزنە.