دەزگای موزیک و کەلەپووری کورد دەزگایەکی ھەروەک لە پێناسەکەیدا ھاتووە دەزگای موزیک و کەلەپووری کورد، دەزگایەکی ھونەری ئەکادیمیە بۆ کۆکردنەوەو لێکۆڵینەوەو لێتۆژینەوەو پاراستنی کەلەپووری نەتەوایەتی، و دروستکردنی پردی پەیوەندی کلتووری لە نێوان گەلی کوردستان و گەلانی ناوچەکەو جیھان،
ئامانجی سەرەکیشی نووسینەوەی زانستیانەی ناسنامەی ھونەری و کەلتووری و پاراستنی خەرمانی ئاوازو میلۆدی و تێکستە کەلەپوورییەکانە لە ئەرشیفی تایبەتدا، بەردەوامیش لە گشت بوارەکانی موزیک و کەلەپووری رەسەندا لێتۆژینەوەی قووڵ بە ئاکام دەگەیێنێ. ئەم دەزگایە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراوە و ئەرکێکی گەورەی نەتەوایەتی گەورەی کوردی لە ئەستۆوە کردووە ئەویش بە ئەرشیف کردنی موزیک و گۆرانی کوردی لە ناوچەکانی کوردستان و پارچەکانی تری کوردستان، بەشێوەیەک کە تەواو ئامادە کراو بێت لەبارەی(بابەت ، قۆناغی مێژوویی و لایەنی کۆمەلایەتی و ریتم و مەقام و ئامێرەکان). بە شێوەیەک ھەر توێژەرێک بتوانێ بۆ کاری ئەکادیمیی و ھونەریی سوودی لێ وەربگرێت . تاکو ئێستا لەم دەزگایەدا نزیکەی ٣٥٠٠ CD و DVD و قەوان و رێڵ و بەکرە، کۆکراوەتەوەو بەردەوامیش کاری لەسەر دەکرێت. (ھەنگاو ئەنوەر) بەرپرسی ئەم دەزگایە وەڵامی چەند پرسیارێکی ” ھەولێر “ی دایەوە.
**مەبەست لە کۆکردنەوەی ئەرشیفی نەتەوەیی بۆ موزیک و گۆرانی کوردی چییە ؟
__ مەبەستمان لەوەیە فراوان کردنی ئەرشیفی دەزگا ببێتە ئەرشیفێکی نەتەوەیی نیشتیمانی گەورە، لەرێگەی کۆکردنەوەی مەیدانی ھەموو ئەو گۆرانیانەی تاکو ئێستا لەلای کەسانی بە تەمەن پارێزراوەو لەگوندو ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەژین، ھەروەھا کۆکردنەوەی بەرھەمی سەرجەم گۆرانیبێژو دەنگبێژانی کۆن و نوێ. ھەروەھا بۆ ئەوەی ئەرشیفی دەزگا تەنیا کۆکردنەوە نەبێت، ھانی موزیکناسان دەدات بۆ نووسینەوەی نۆتەی ئەو موزیک و گۆرانییانەی لە بەشی ئەرشیف رێکدەخرێن، ئەویش نووسینەوەی نۆتەی ھەر گۆرانییەک کە بەپێی سیستەمێک بۆ نۆتەی ھەر گۆرانییەک لەگەڵ نووسینەوی تێکستی گۆرانییەکان بە پیتی لاتینی و عەرەبی.
* کاری ستۆدیۆی دەزگا چییە؟
__ رۆژانە بەشێوەیەکی بەردەوام لە ستۆدیۆی دەزگا، کاسێتەکان دەخرێنە ناو کۆمپیوتەرو دەنگەکانیان پاک دەکرێنەوەو دەخرێتە سەر CD و تەنیا لە ساڵی ٢٠٠٧، (٢٤٧) کاسێت خراوەتە سەر CD و ساڵی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ زیاتر ٤٠٠ کاسێت کاری لەسەر کراوەو لە ساڵی ٢٠١٠ توانراوە ٤٧٢ سەعات پاک بکرێتەوەو بخرێنە سەر CD و بەردەوامیش کاری لەسەر دەکرێ بۆ بە نۆتەکردن و نووسینەوەی تێکستەکانیان، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو سیستەمەی کاری پێ دەکرێت باش نییە، بۆیە پێویستیمان بە سێ (sound system)ی پروفیشناڵ ھەیە بۆئەوەی کارەکان بەشێوەیەکی زۆر باش بەرێوەبچێت، کە ئەمەش لە توانای دارایی دەزگا نییە.
**ھەوڵتان نەداوە کۆنفرانسێکی زانستی موزیکی ساز بکەن؟
__ ھەوڵ دەدەین لە داھاتوودا چەند کۆنفرانسێک بۆ لێکۆڵینەوەو لێتوێژینەوەی موزیکی کوردی لەسەر ئاستی ھەر چوار پارچەی کوردستان ئەنجامبدەین، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین کۆبوونەوەی ئامادەکاری کراوە، بە ئامادەبوونی موزیکناسانی گەورەی کورد، بۆ دانانی پڕۆژەو بەرنامەی کۆنفرانس. ئەگەر بتوانین بووجەی پێویست دابین بکەین لەم ساڵدا ئەم کۆنفرانسە ئەنجام دەدەین.
** تا چەند بایەخ بە بڵاوکراوەی زانستی موزیکی ئەدەن ؟
__ بۆ ئەو بوارانەی کە تا ئێستا لەلایەن دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە رۆشنایی پێویستی نەخراوەتەسەر(دەزگای موزیک و کەلەپووری کورد) مانگانە کتێبێکی دانسقە بۆ لایەنێک لەلایەنەکانی شاراوەی کەلەپوور و کەلتووری کوردی تەرخان دەکات. ئەم کتێبانە وەکو سەرچاوەیەکی گرنگ دەناسرێ بە تایبەت لەبواری گەڕان و کۆکردنەوەی زانیاریی و ناساندنی بوارەکانی تایبەت بە موزیک و ئەدەب و زمان و کەلەپوور و پرۆگرامی پەروەردەیی و ھەمەجۆر، تاکو ئێستا (٤٦) کتێب چاپکراوەو ھەندێکیان پرۆگرام و سەرچاوەی سەرەکی خۆیندنە لە بەشی موزیکی کۆلیژو پەیمانگەکانی کوردستان دەخوێندرێن. جگەلەمەیش گۆڤاری (چلاواز)، کە گۆڤارێکی مانگانەی تایبەت بە موزیک و گۆرانییە و دەزگای موزیک و کەلەپووری کورد دەریدەکات. گرنگی بە نووسینەوەی (نۆتە و دەق)ی موزیکی گۆرانی ڕەسەن و فۆلکلۆری و میللی کوردی دەدات. ھەروەھا ئەزمون و کارە ھونەرییە بەرزەکانی ھونەرمەندانی موزیسیەنی کورد لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان بڵاودەکاتەوەو گرنگی دەدات بە توێژینەوەو لێکۆڵینەوە لەسەر موزیک و گۆرانی، کە لەلایەن لێکۆڵەرانی کورد و بێگانە لەسەر موزیک و گۆرانی کوردی دەنووسرێ، لە بوارەکانی (فۆرم و مەقام و ریتم و ئامێرەکان)و ئەو لێکۆڵینەوە ئەکادیمیانەی تایبەتن بە موزیکناسی و توێژینەوەی مەیدانیی و شیکاریی لەسەر موزیک و تیۆرەکانی موزیک و خوێندنیان لە کۆلیژو پەیمانگەکانی تایبەتمەند. لەگەڵ ئاریشەکانی پەیوەست بە ژیانی موزیکی لە کوردستان. تاکو ئێستا مانگانە بەشێوەیەکی بەردەوام دەردەچێ و (٥٨) پەنجاو ھەشت ژمارەی کەوتۆتە بەر دەستی خوێنەران. بەڵام پێویستی بەزیاتر پشتگیری کردنە بۆئەوەی بگاتە ئەو ئاستەی کە خەونی ھەموومانە.
• لەبورای پەرەپێدانی توانای کادیرانی ھونەری کارەکانتان لە چ ئاستێکە؟
لەم بوارەدا بەپێی بەرنامەیەکی رێکوپێک دوو مانگ جارێک وۆرکشۆپێک بۆ یەکێک لە بوارەکانی زانستی موزیک لەسەر دەستی کەسانی پسپۆر ئەنجام دەدەین بەتایبەتی زۆر ھەوڵ دەدەین کە مامۆستاکان لە وڵاتانی وەکو ئەمریکاو بەرتانیا بانگھێشت بکەین، بەپێی تایبەتمەندی وۆرکشۆپەکە و پێویستی پسپۆریەکە ئەمە جگە لە مامۆستا ناوخۆی کوردستان. بۆ ئەمەش چەندین جار مامۆستاو کەسانی پسپۆرمان لە ئەمریکاو بەریتانیاو زانکۆی ئەمریکی لە لوبنان بانگھێشت کردووە و نوێترین زانستی سەردەمیان لە وۆرکشۆپەکان گوتۆتەوە، ھەوڵیشمان داوە قوتابیانی وۆرکشۆپەکە لە ھەموو پارێزگاکانی کوردستان بن بۆ ئەوەی سوودەکەی بۆ ھەموو لایەک بێت و ھەموو پێداویستیەکانیان لەلایەن دەزگاوە بۆ دابینکراوە، لەمەشدا بەرێز نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێر بە سوپاسەوە زۆر ھاوکارمان بووە. ئەمە جگە لە ئەنجامدانی چەندین توێژینەوەی زانستی و ھاریکاری و دەستگرتنی بەھرەمەندانی ئەم بوارە بۆ پەرەپێدانی بەھرەکانیان بەشێوەیەکی زانستی ئاست بەرز، ھەر بۆ نمونە پار ساڵ ٢٠ توێژینەوەی زانستی بە ھاوکاری بەشی موزیکی پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی ھەولێر لەلایەن قوتابیانی بەھرەمەند ئەنجامدرا، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی ئەم قوتابیانەش دوو وۆرکشۆپیان لە دەزگاکەمان بۆ رێکخرا کە چەندین مامۆستای زانکۆ لەپسپۆری تایبەتمەند وانەیان تێدا گووتەوە، تا ئێستاش ئەم توێژینەوانە کاریان لەسەر دەکرێ بۆ تەواو کردنیان و دواتر دوای پێداچوونەوەو ھەڵسەندیان بە مەبەستی ھاندانیان بۆیان بڵاو دەکەینەوە.
• یەکێک لە کێشەکانی ئەمڕۆی خوێندنی موزیک لە کوردستان نەبوونی سەرچاوەی زانستیە بە زمانی دایک و میتۆدەکانی فێربوونی ئامێرەکانی موزیکە، ئایا ھیچ ھەنگاوێک لەم لایەنەوە نراوە؟
لە بەرنامەی ساڵی ٢٠١١ دا بڕیاردراوە گرنگی بدەین بە وەرگێڕان و چاپکردنی ئەو کتێبانەی کە بۆ ئەمڕۆی موزیکی کوردی گرنگن. لە سەرچاوە زانستییەکان و ئەو کتێبانەی کە بێگانەکان لەسەر موزیکی کوردی نووسیویانە، لە زمانی بیانییەوە بۆ سەر زمانی کوردی. ھەروەھا لەساڵی رابردوو دەزگاکەمان لەسەر دەستی ھونەرمەندانی دڵسۆزی ووڵاتەکەمان بەشێوەیەکی جددی کاریکردووە بۆ دانانی میتۆدی ئامێرەکان. ساڵی رابردوو میتۆدە ئامێری باڵەبان بەچاپ گەیشت، ئەم ساڵیش لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی گەورەدا کۆمەڵێک میتۆد بە چاپ دەگات و دەکەوێتە بەردەست قوتابیان و فێرخوازانی ھونەر لە کوردستان.
لە رووی یاساییەوە تاچەند کارەکانی ئێوە لەگەڵ یاسای وەزارەتی رۆشنبیری یەکانگیرە بۆ ئەوەی وەزارەت ھاوکاریکردنی دەزگایەکی وەکو دەزگای موزیک کەلەپووری کورد بە ئەرکی سەرشانی خۆی بزانێ؟
بەھەموو شێوەیەک ھەوڵمانداوە کە لەچوارچێوەی بەرنامەی کاری وەزارەتی رۆشنبیری و حکومەتی ھەرێمی کوردستان کارەکانی خۆمان ئەنجام بدەین، بەڵام دیارە لە ھەموو شوێنێک کەسانێک ھەن کە بەپێی شێوازی بیرکردنەوەی خۆی کارەکان بەرێوە دەبات. لەمەشدا کێشەکە وەزارەتی رۆشنبیری یان یاسای وەزارەتی رۆشنبیری نییە، بەڵکو نەبوونی سیاسەتی کلتوورییە لە ھەرێمی کوردستان کە لەپەرلەمان بڕیاری لەسەر درابێت و ئاڕاستەی حکومەت دیاری بکات لەبەرەو پێش بردنی کلتووری نەتەوەیی لەھەموو بوارەکاندا بۆ ئەمەش چەندین نمونەی زیندووی وڵاتانی پێشکەوتوو ھەن کە ئاراستە گشتییەکانی سیاسەتی کلتووری وڵاتەکانیان دیاری کردووە لەماوەی زیاتر لە نیو سەدە، ھەر بۆ نمونە وڵاتی سوید لە چوارچێوەی سیاسەتی کلتووری خۆی ھاوکاری پڕۆژە ھونەریەکان دەکات و لە ھەمان کاتدا خەڵکیش ئازادە چ ھونەرێک بەرھەم دەھێنێ، بەڵام مەرج نییە ھاوکاریان بکات. بۆیە داوا لە رێزدار جەنابی سەرۆکی کوردستان دەکەم کە لیژنەیەکی باڵای تایبەت دابنێ بۆ داڕشتنی پرۆژە یاسایەک بۆ ستراتیژیەتیی سیاسەتی کلتووری لە کوردستان و ئەزموونی وڵاتانی تریش لەم بوارەدا لەبەرچاو بگیرێ.
ھەر بۆیە کە باسی پێداچوونەوەو دانانی لیژنە دەکرێت ھەموومان بە خودی وەزارەتیشەوە ترس دایدەگرێ لەسەر ئەوەی نا کە بێلایەنە یان نا لەکارەکانی، بەڵکو پێوەرەکان چین بۆ ھاوکاری ھەر پرۆژەیەک؟ یان میزاجی من و ئەو بریاری یەکلاکەرەوە دەبێت!. ئەگەر نا ھەر لە بەندی یەکەمی ماددەی دووەمی یاسای وەزارەتی رۆشنبیری، سەبارەت بەو ئەرکانەی لە ئەستۆی وەزارەت دایە، دەڵێ:(پارێزگاری ڕسەنایەتی رۆشنبیری کوردستانی و کارکردن لە پێناو پەرەپێدانی ………………….ھتد، و پەیوەندی رۆشنبیری لە نێوان گەلی کوردستان و گەلانی ناوچەکەو جیھاندا ببەسترێ.) ناوەرۆکی ئەم بەندە بەشێکە لە ئامانج و کارو چالاکییەکانی دەزگاکەمان کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پاراستن و زیندوو ڕاگرتنی ڕەسەنایەتی موزیک و کەلەپووری کوردییە، لەڕێگەی لێکۆڵینەوەو لێتۆژینەوە مەیدانی و زانستییەکاندا کە کادیری پسپۆر ئەنجامی دەدات، بۆ خستنە ڕووی بنەماو بەڵگە زانستییەکانی ڕەسەنایەتی موزیک کەلەپووری کوردەواری. کارەکانیشمان شایەدی راستی ئەم قسانە دەدەن، کە چەندین جار لیژنە بە مەبەستی بەدواداچوونی کارو چالاکییەکان سەردانی دەزگاکەمانیان کردووە ئەوانیش شایەدی ئەم راستیە دەدەن.
ھەست دەکرێت کە بوودجەیەکی کەمتان ھەیە بەلام پرۆژەیەکی زۆر ئەنجام دەدەن؟
ئێمە باوەڕمان بە توانای خۆمان ھەیە لە بەدیھێنانی ئامانجی دەزگاکەمان، ئەگەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکارمان بێت و رێگری لەبەردەم کارەکانمان نەکرێت ئەوا دەتوانین بە ئیمکاناتێکی کەم کاری کوالێتی بەرز و پرۆژەو بەرنامەی جۆراجۆر جێبەجێ بکەین.
ئاریان دەرگەڵەیی