دیـــدار نانەکەلی/ ھەولێر: بەمەبەستی قسەکردن لەسەر رەوتی ئەمڕۆی شانۆی کوردی و دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی قەیران و کێشەکانی شانۆ، لە بیرۆکەی فازیل جاف و بە پاڵپشتی و سەرپەرشتی وەزارەتی رۆشنبیری و سەندیکای ھونەرمەندان بە ئامادەبوونی دیارترین شانۆکارەکانی کوردستان و شارەزایانی بوارەکە یەکەمین (دیداری شانۆی کوردی) بۆ ماوەی ٣ رۆژ بەڕێوەچوو. بەڵام دەرکەوت کە بەشداربووەکان ئەوەندەی رەخنە و قسەیان لەسەر مەراسیمی دیدارەکە ھەبوو،ئەوەندە قسەیان لەسەر ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکەیان نەبوو کە چارەسەرکردنە کێشەکانی شانۆی کوردی بوو.
بۆیە زۆربەی شانۆکارانی ئامادەبووی دیدارەکە پێیان وابوو کە ئەو مەراسیمە بۆئەوە سازکراوە کە ناوی چەند کەسێکی پێ بەرزبکرێتەوە و بەسەر شارەزایانی بوارەکەی فەرزی بکەن.
رەخنەیەکی دیکە کە لەسەر دیدارەکە ھەبوو، پەیوەندی پتەوی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵابوو بە بواری شانۆ ، کە زۆربەی سەرنج و تەوەرە سەرەکیەکان لەسەر ئەکادیمیەتی کارەکەبوو کە لە رێگەی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە دەگەیشتنە ئامانج، کەچی ئەو وەزارەتانە نوێنەریان لەو دانیشتنە نەبوو ،چونکە بە شێوەیەکی فەرمی داوای بەشداربوون و ئامادەبوونیان لێ نەَکرابوو تا نوێنەریان لەوێ سەرنجی شانۆکارەکانیان ھەڵسەنگاندبا ، بۆیە ھەموو ئەو قسانەی لەو بارەیەوە کران ھیچ بایەخێکی ئەوتۆی بۆ شانۆی کوردی نەبوو ، بەڵکو بە بۆچوونی ئامادەبووان کاتی زۆری دیدارەکەی بەھەدەر برد.
ئەو سیمینارەی کە لە مەراسیمی دیدارەکەدا زۆرترین قسەی لەسەر کرا و تێیدا رەخنەیەکی زۆر لە وەزارەتی رۆشنبیریی و شانۆکاران گیرا، لە گفتوگۆی ھونەرمەند سەباح عەبدوڵڕەحمان دا بوو، کە پێیان وابوو سیستەمی ھاندان و کارکردنی وەزارەتی رۆشنبیری بۆ ھونەری شانۆ وێرانە و لەوپەڕی بێ سەروبەری دایە ، لەو ئەنجامەشدا زۆربەی شانۆکاران گەندەڵ بوونە و تەنھا بۆ پارە کاردەکەن و چاویان لە داھێنان و کاری جوان نیە. چونکە تا ئیستا وەزارەتی رۆشنبیری لە رێگەی بەرێوبەرایەتی شانۆوە تەنھا زانیوویەتی پارە خەرج بکات و نەیتووانیووە ھەڵسەنگاندن و پێوەری ھەبێت بۆ چاودێریکردنی کارەکان . لە بەرامبەریشدا قسەکانی ئەو ھونەرمەندە رەخنەی لێگیراو رەتکرایەوە، چونکە بە بۆچوونی ھیوا سوعادی بەڕێوبەری ھونەری شانۆ و چەند شانۆکارێکی دیکە، ھونەرمەند سەباح عەبدەلڕەحمان کاتێک دەیتووانی کە ئەوەندە بە زەقی رەخنە لە وەزارەت بگرێت کە بەدەربێت لە گەندەڵیەکان و کێشە ھەڵپەسێردراوەکان و لەسەر ئەو سیستەمەی کە بە گەندەڵ ناوی دەبات کاری نەکردبا. لەبەر ئەوەی ئەو ھونەرمەندە بەر لە ئێستا خۆی بەرێوبەری بەرێوەبەرایەتی شانۆ بووە و دەسەڵاتی ئەوەیان پێداوە کا چاکسازی بکات و دۆخەکە بەرەو باشترببات کە نەوەک نەیکردووە بەڵکو لە شوێنی ئەوەی رێزلێنان بۆ داھێنەرەکانی شانۆ رێکبخات، مەراسیمی رێزلێنانی بۆ وەزیرێک کردووە کە ھەموومان دەزانین بۆ چ مەبەستێک بووە.
بە ھەمان شێوە ھونەرمەند سەعدون یونس پێی وابوو کە ئەو شانۆگەریانەی لە دەرەوەی ووڵات نمایش دەکرێت تەنھا بۆ گەشت و پارەیە و ھیچ بینەرێکیان نیە، بەڵام بۆ وەڵامدانەوەی رەخنەکانی سەعدون یونس چەند شانۆکارێک پێیان وابوو کە ئەو ھونەرمەندە ئاگاداری ھیچ کارێکی شانۆیی نەبووە لە دەرەوە و ناوەوەی ووڵات، بۆیە بۆی نیە قسە لەسەر مەسەلەیەک بکات بەبێ زانیاری دروست، تەنانەت سەعدونیان بە ھونەرمەندێکی غروور و خەمسارد ناوزەند کرد.