دیـــدار نانـــەکەلی: ماوەیەکە گەیشتوومەتە ئەو رایەی کە گازاندە و رەخنەی ھاوڵاتی بە ئەستەم بە گوێی دەسەڵاتدارانی ئەو ووڵاتە دەگات ,ھەربۆیە چاوەرێی دەرفەتیک بووم تا رووبەروو درک بە ھەقیقەتی نادیــاریان بکەم.
ئەو رۆژە ئەو دەرفەتە ھاتە کایەوە و لە تەلەفۆنێکدا ھەلی دیداری سەرۆکیان پێم راگەیاند.
ھەر بۆیە بۆ ئەو دیدارە دەگمەنەی ژیانم کەوتمە ھەوڵدان بۆ وەبیرھێنانەوەی ھەموو ئەو پرسیار و سەرنجانەی لە ماوەی تەمەنم لەسەر کار و جولانەوەی بەڕێوەبردنی ووڵات و خەمساردیەکانی دەرھەق بە گەنج بۆم دروست ببون .
لە رێگای چوونم بۆ حزووری سەرۆک ھاتەوە یادم کە بۆ گەیاندنی پوختەی گازاندەکانی شەقام ئەتەکێتی قسەکردنم بەجۆرێک شیرین بکەم تا لە درێژدادریم وەرس نەبن. چونکە ئەوان تازە دڵیان نەرم بووە و ئامادەییان نیشانداوە بۆ گوفتارە دووبارەکانی ھاوڵاتی گوێراگرن. لەگەل گەیشتنم بۆ ھۆڵی چاوەروانی ، کەسێک پێشوازی لێکردم و پێی راگەیاندم کە ماوەی دیدارم لەگەڵ سەرۆک زۆر کورتە و لەگەڵ تەواو بوونی کاتەکەم دەبێ لە ھۆڵی پێشوازی دەربچم..بۆیە ھەموو بیرکردنەوەکانم ئاڵۆز بوون . کاتی بینینم ھات و چوومە ئەو ژوورەی کە سەرۆک تێدا خەڵک دەبینێت و کارەکانی لێ رایی دەکات. لەوێ بۆیەکەم جار دوور لە شاشەی تەلەفزیۆن و رۆژنامەکان سەرۆکی ووڵاتی خۆمم بینی کە ھەمیشە بە باوکی میللەت ناوزەند دەکرا.
بەرێزیان سەرقاڵ دەھاتنە بەرچاو. ھەرچەند لە ژوورەکەدا نەکۆمپیوتەر نە تەلەفزیۆن نە رۆژنامە بەدی نەدەکرا، بۆیە تا تەواو لێیان نزیک نەکەوتمەوە ئاگاداری من نەبوون . بە بینینم ھاتنە سەر پێ و بە دەست گوشین بەخێرھاتیان کردم.
لەو شوێنە کە خۆم زۆر بە نامۆ دەھاتە بەرچاو بە بێ دەنگی دانیشتم.
بۆ ئەوەی دڵنیابم لەوەی ئاراستەی گفتوگۆکان بەرەو چ ئاقارێک ھەنگاودەنێ، ھیچ قسەیەکم نەکرد. بەڵام خەریک بوو ئەو کاتە ھەر دەرۆیی و جەنابیان ھیچ ئاماژەیەکیان نەدا بۆ ئاراستەی قسەکانمان و ھەستم کرد کە ویستی گوێگرتنیان زیاترە لە قسەکردن.بۆ ئەوەی کە کاتم بە فیرۆ نەروا. زۆر سوپاسیانم کرد بۆ ئەو دەرفەتەی بە گەنجێکی ووڵاتی خۆی داوە تا رازی دڵی بۆ سەرۆکی بدرکێنێت.
جەنابیان بە سەرلەقاندن ئاماژەیدا کە لە قسەکردن بەردەوام بم.بۆیە لە سەنگەری گەنجی بەشخوراوی ووڵاتەکەم ھاتمە مەیدان و لەسەر چەند تەوەر گفتوگۆکانم بە ھەناسە برکێ و دەنگێکی ھێمن دەست پێکرد و گووتم:
قوربان خۆتان دەزانن کە گەنج داینەمۆی بونیاتی ھەر کۆمەڵگایەکی شارستانی و تەندروستە بۆیە کارکردنی دەسەڵاتی بەرێوەبردنیش بەھەمان شێوە پێویستی بە ھەستیاری مامەڵە کردنە.
سەرۆکی ووڵات پرسی : گەنج پێویستی بە چیــــــە؟
بەو پرسیارە زۆر خۆشحاڵ بووم ،چونکە وام ھەست کرد کە ئەو دەرگایەم بۆ کرایەوە کە خۆم دەمویست پێدا تێپەڕم.بۆیە دەستم بە قسەکانم کردوو گووتم: گەنج لە ووڵاتی ئێمەدا کراوە بە ئامراز نەوەک مەبەست.. گەنج پەڕۆی دەستی حیزبەکانە و ھەر رۆژەی بە ڕەنگێک دەیشەکێنن. گەنج ھەر رۆژەی دەنگێکە ھەر دەنگێک زەبرو زەنگێکە. گەورەترین کێشەی گەنج لەو ووڵاتە لە دەستدانی ئینتیمای نیشتیمانیە و دوورکەوتنەوەیە لەو گەوھەرەی لەھێز و بیرکردنەوەی گەنج دایە. بەھۆی ئەوەی لە ووڵاتەکەم گەنج بۆ ھەموو مەبەستێک بەکارھێنرا. چونکە دەزگا و دامەزراوە بەناو زانستی و مەعریفیەکانی وەکو زانکۆ نەوەک نەیانتوانی ئاستی مەعریفی و زانستی و رۆشنبیری تاک بەرەو پێش ببەن بەڵکو بەپێچەوانەوە زانکۆ بۆتە ھۆکارێک بۆ نائومێدکردنی گەنج و تاکی کوردستان لە بەرەوپێش چوون و لەگۆڕنانی خەونی جیاوازی قۆناغەکان. بەھۆی ئەوەی گەنج خاوەن بەرھەم و دەست رەنگینی خۆی نیە لەسەر رووی گۆڕانکاریەکان. کوا کارخانە و پیشەسازی ووڵات، کوا ھۆکار بۆ بەگەر خستنی توانای پەنگ خواردووی لاوی ووڵاتەکەم. کوا رێگا بۆ رووبەرووبونەوەی مەترسیدارترین ڤایرۆسی کوشندەی لەناوبردنی گەنج کە بۆشایــــی کات و روح و ھەست و بیرکردنەوەیە. چونکە دامەزراندن بۆتە رێگای دڵنیایی کات بەفیرۆدان و بێ بەرھەمی لەنێو دەزگا حکومیەکان.بۆیە پێویستە دەست رەنگینی و بەرھەمی خۆماڵی لەسەر دەستی گەنج بێت لەنێو گەورەترین کارگە و کارخانە پیشەسازی و بازرگانیەکانی ووڵات، جەنابی سەرۆک پێم بلێن کوا ئەو دەرفەتە؟
کوا رێگای رۆشنبیربوونیان لە پەروەردە و زانکۆ و سینەما و شانۆ و میوزیک و ھونەر؟ ھەموو ئەوانەی باسمان کردوون لەو ووڵاتە لە
قەیرانی قوڵدانین؟
کوا دەنگی راستەقینەی گەنج لە بڕیاری سیاسی، کوا بایەخی کۆمەڵایەتی ، کوانێ خەونی ئایندەی ، لەکوێن ھەنگاوەکان بۆ بونیاتی سایکۆلۆژیەتی دروستی کۆمەڵایەتی . کوانێ سیاسەتی ستراتیژی حەوانەوەی گەنج و
ھاوبەشی خەمتان بۆ ئایندەی. کوا باوەشی پڕ لە سۆزی بێ جیاوازی بیرکردنەوە و ئایدۆلۆژی . کوانێ ئەرک کوا مافی . کوا سایەی سەرتاسەری.. بەمن بڵێ کێیە بەرپرسی؟
کوا ئاراستەی رێگای راستی . کێ لەخەمی لە رێ لادانە و کێ بەلارێدا دەیانبات. کێ فریادرەسی رەشبینیە. کێ فریشتەی تەنگەتاوی.
کێ فوو لەو خەڵوزە کوژاوە دەکا و گر بەردەداتە پوش و پەڵاش.
کێ زنجیری زمان و شەختەی گومان رادەمالێت. متمانەی گەنج زیندوو کاتەوە..
بۆ ئەو بارودۆخە ناھەمووارەی گەنجی ووڵات سەرۆک خەمخۆرتر لەوەی درکم پێدەکرد توانای گوێگرتنی نەما و گەرووی پاک کردەوە بۆ وەڵامدانەوەم بەر لەوەی ھەر قسەیەک بکات ، زەنگی مۆبایلەکەم لێیدا و لەو خەوە قوڵە بەئاگای ھێنام. ھەر چەند لە یەکەم دیداری سەرۆک وەڵام بۆ ھەموو ئەو کێشانە بەرھەم نەھات. بەڵام لە راستیدا من ھەر چاوەرێی وەڵام نەبووم، چونکە ئەگەر وەڵامێک ھەبووایە لە ھەقیقەتی ٢٣ ساڵ تەمەن دەبوو، نەوەک لە خەوێکی زڕاو..