كارۆخ مەلائەسعەد: لەگەڵ تەواو بوونی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و هاتنی جەژن، (لۆكە زاهیر) بە هەوادارنی دەنگی دەڵێت (لە بیرم كەن.
پرسیاری ئێمە بۆ ئەو خاتوونە گۆرانیبێژە ئەوەیە ئایا كارێكی ئەستەم و هەواڵێكی دڵ تەزێن نابێت بۆ خۆت و لایەنگرانت كە لەو جەژنەدا پێیان بڵێی لە بیرم كەن، لە بری ئەو لەبیركردنە باشتر نەبوو بڵێیت هەرگیز لە بیرتان ناكەم؟ لە مبارەیەوە (لۆكە زهیر) بۆ “هەولێر” گوتی: “ بێگومان ماچە سڵاوی خۆم ئاراستەی تەواوی عاشقانی دەنگم دەكەم و ئومێدیش دەكەم هاتنی ئەو جەژنە پڕ بێت لە خێر و خۆشی و بەرەكەت بۆ هەرتاكێكی كورد و كوردستانەكەمان.
من بۆ ئەو ڕۆژەیش گۆرانیی (لە بیرم كەن) دەكەمە كلیپ و پێشكەشی ئارەزوومەندانی دەنگمی دەكەم.”
گوتیشی: “ئەو گۆرانییە لە ئاوازی هونەرمەند (هەڵكەوت زاهیر)ـە و تێكستی (ئەحمەد مەحموود)ـە.
هاوكات ئێستایش كاری كلیپیمان بۆ هەمان گۆرانیی بە كۆتا هێناوە كە تێیدا (یووسف لەشكری) دەرهێنان و وێنەگرتنی بۆ كردووە، بۆیە پەیامم بۆ لایەنگرنم ئەوەیە كە لە بیریان ناكەم و لە جەژندا گۆرانیی و كلیپی تازەم بۆ بەرهەم هێناون و بڵاوی دەكەمەوە.”
ئەو گۆرانیبێژە ئاماژە دەدات، كە ئەو حەز ناكات لە گۆرانیگوتن زیاتر وەكو هیچ شتێكی دیكە دەربكەوێت و نایەوێت ببێت بە پێشكەشكار لە تەلەڤزیۆنەكان و دەیەوێت لە بواری گۆرانیی دا زیاتر خزمەت بكات.ئەو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بە هەوادارانی دەنگی دەڵێت: “هەر پرسیارێكیان لە من هەبێت دەتوانن لە ڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە ئاڕاستەی بكەن و ئەویش ئامادەیە وەڵامیان بداتەوە.”